داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 10:00 + 12:00 + 14:00 + 17:00 + 18:00 + 19:00 + 20:00 + 22:00 + 23:00 + 23:45
هەواڵی وەرزشی 10:30 + 13:00 شيكارى وەرزشی + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان
بەیانی 3:17
نیوه‌ڕۆ 12:17
عه‌سر 4:05
ئێواره‌ 7:29
خه‌وتنان 8:44

بودجەی هەرێم و مانگای هۆڵەندی

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا


ڕەنگبێت بەبینینی ناونیشانێکی لەو شێوەیە بۆ نووسینێک توشی تێڕامان بیت و راستەوخۆ بڵێیت: مانگای هۆڵەندی و بودجەی کوردستان، کوجا مەرحەبا.

هەموان باش دەزانین کە لەگەڵ ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسدا و دروستبوونی حکومەتی نوێی دوای سەدام حسێنی دیکتاتۆر، ساڵانە بودجەیەکی زەبەلاح لەناوەندەوە هەناردەی هەرێم دەکرا، تاوەکو دروستبوونی ناکۆکی و ململانێی نێوان هەرێم و بەغدا لەساڵی ۲۰۱٤ دا.

حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەوەی نەیتوانیبوو لەو پارە زەبەلاحەی لەناوەندەوە ڕەوانەی هەرێم دەکرا ژێرخانێکی پتەوی ئابووری بونیاد بنێت، نەیشی توانی تەنها چەند ملیار دۆلارێک لە گەنجینەکانیدا هەڵبگرێت بۆ فریاکەوتن و رووبەڕووبونەوەی لەحاڵەتێکی لەو شێوەیەدا کەتێیکەوت، کورد واتەنی پارەی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش بەکار بهێنێت.

لەگەڵ سەرهەڵدان و دەرکەوتنی قەیرانی داراییدا لەسەرەتاکانی ساڵی ۲۰۱٤ داو بەدیاریکراویش لە بەرواری ۱۱ـ ۲ ـ ۲۰۱٤ بەنووسراوی ژمارە ۱۰۱٨ حکومەت چەند فەرمانێکی دەرکرد بەمەبەستی کەمکردنەوەی خەرجی و دەرماڵەو وەستاندنی پڕۆژەکان و گەڕاندنەوەی سەرجەم داهاتی وەزارەتەکان بۆ وەزارەتی دارایی.

بەو حاڵەشەوە حکومەت بەداهاتی نەوت کە لە۲۲ـ٥ـ۲۰۱٤ وە بەسەربەخۆ دەستکرا بەفرۆشتنی و داهاتی ناوخۆو ئەو پارەشی کە لەحکومەتی ناوەندەوە هاتووە بۆ هەرێم، کەبڕەکەی ۲ ترلێۆن و۲٨۰ ملیاردینارە، جا توانرا موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم بدرێت.

لە۱۰ـ ۱۱ـ ۲۰۱٤ دا ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت و غاز بانگهێشتی پەرلەمانکران کە پێکهاتبوون لەسەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیی و وەزیرەکانی دارایی و پلاندانان و سامانە سروشتییەکان ئەوان لەو ڕۆژەدا دڵنیاییاندا بەپەرلەمان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە لەسەرەتای ساڵی ۲۰۱٥ وە لەهەرێمی کوردستاندا شتێک نامێنێت ناوی قەیرانی دارایی بێت و کۆتایی بەو قەیرانە دێت و ماڵئاوایی لێدەکەین.

کەچی ساڵی ۲۰۱٥ هات و نەک کۆتایی بەقەیرانی دارایی نەهات، بەڵکو قەیرانەکە زیادیکردو چەندین قەیرانی تریشی بەدوادا هات و باروگوزەرانی خەڵکی هێندەی تر قورستربوو.

لەساڵی ۲۰۱٥ بەبودجەی نەوت و داهاتی ناوخۆو ملیاردێک دۆلاری قەرزی تورکیاو دوو ترلیۆن و٤۰۰ ملیاردی بودجەی هاتوو لەناوەندەوە، ئه‌نجا حکومەت توانی هەشت موچە بداتە فەرمانبەرو موچەخۆرەکانی کە ژمارەیان تاساڵی ۲۰۱٥ گەیشتبوە یەک ملێۆن و ٤۰۰ هەزارو ۲۱۱ کەس، کەئەم ژمارەیە بۆ هەرێمێکی پێنج ملیۆنی نەک تەنها سەیرە، بەڵکو سەمەرەشی تێپەڕاندوە.

واتا گەرقەرزی تورکیاو پارەی هاتوی ناوەند نەبوایە، ئەوا حکومەت پێنج مانگیش توانای  پێدانی موچەی نەدەبوو لەوساڵەشدا.

لەسەرەتای ساڵی ۲۰۱٦ شدا کە پەرلەمان پەکخرابوو، حکومەت فرسەتی هێناو سیستمێکی ناوازەو عەجیب و غەریبی هێنایە ئاراوە، کەسیستمی پاشەکەوتی موچەبوو، واتا سەرجەم فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم جگە لەهێزەکانی پێشمەرگەو زێرەڤانی و دەزگاکانی ئاسایش و ناوخۆ و هەندێ دەزگای تر، کەخۆیان بەپێویستیاندەزانی و کاروبارەکانیانی تێدا ڕایی دەکرا، سەدی پانزە تا سەدی حەفتاو پێنج لە موچەکانیان دەبڕدران، بەبیانوی پاشەکەوت، گوایە بۆیان پاشەکەوت دەکرێت.

وەحکومەت بەڵێنیشیدا کە پێدانی نیوە موچەو چارەکە موچە هەرگیز دواناکەوێت و هەموو ۱۰ی مانگێک دابەشدەکرێت، بەڵام نەک حکومەت ڕاستگۆ نەبوو، بەڵکو درۆیەکی شاخداریشی کرد، چونکە ئه‌وه‌ مانگی ئەیلولە هێشتا سەرەتایە لەپێدانی موچەی مانگی تەمموزی۲۰۱٦و پێشبینی باشبونیشی لێ ناکرێت.

لێرەوە دەگەڕێمەوە بۆ ناونیشانی بابەتەکە و جیاوازییەک دەکەین لەنێوان بودجەی هەرێم و داهاتی مانگای شیردەری هۆڵەندی.

وڵاتی هۆڵەندا خاوەنی ٥۰۰ سەد هەزار مانگای شیردەرە، هەریەک لەو مانگایانە ڕۆژانە ۲۹ لیتر شیر بەرهەمەکەیەتی، واتا لەساڵێکدا ٥ ملیاردو۳۰۷ لیتر شیربەرهەم دێنن، حکومەتی هۆڵەندا هەر یەک لیتر شیربە یەک دۆلار دەفرۆشێت و هەناردەی دەرەوە ی دەکات، واتا حکومەتی هۆڵەندا ساڵانە ئەو داهاتەی کەتەنها لەڕێگای مانگای شیردەرەوە دەستی دەکەوێت بریتییە لە ٥ ملیاردو ۳۰۷ ملێۆن دۆلار، گەر بێتو ئەو داهاتە دابەشی ۱۲ مانگی ساڵی بکەین مانگانە دەکاتە ٤٤۲ ملێۆن و۲٥۰ هەزار دۆلار، کەموچەی مانگانەی سەرجەم فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم بەم سیستمە ناوازەیەی هەرێم پەیڕەوی دەکات، کەمترە لەو داهاتەی حکومەتی هۆڵەندا کە مانگانە لەو ڕێگەیەوە دەستی دەکەوێت.

کەچی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەفرۆشتنی ٥۰۰ بۆ ٦۰۰هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، بەبۆری و ئاشکراو دەیان هەزار بەرمیلی تر بەتانکەرو بەنهێنی و چوار دەروازەی نێودوڵەتی و باج و ڕسومات و چەندین سەرچاوەی کۆکردنەوەی داهاتی تر، کەچی نەک نەیتوانیوە موچە بۆموچەخۆرەکانی دابین بکات، بەڵکو لەپێدانی نیو موچەو چارەکە موچەکەشدا شکستی هێنا، بۆیە چیتر ناکرێت ناوێکی زەبەلاحی وەک حکومەتی لێ بنرێت، بەڵکو لەچارەکە حکومەتیش کەمترەو باشترە دان بە شکستی خۆیدا بنێت و ماڵئاوایی بکات.

چونکە حکومەتێک نەتوانێت لەهەرێمێکدا کە سەرزەوی و ژێر زەوییەکەی پڕ پڕی بێت لەسامانی سروشتی وکانزایی و .. هتد، نەتوانێ هێندەی تەنها مانگا شیردەرەکانی هۆڵەندا داهات بۆ هاوڵاتیانی دابین بکات، بەپێچەوانەشەوە ساڵانەش ۷۰۰ بۆ ٨۰۰ ملێۆن دۆلاری تەنها بۆ هاوردەی شیرو ماست و پەنیرو کەرە بێت، پێم ناڵێن بوون و نەبوون و مانەوەو نەمانەوەی وەک نین.


٭ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاوو لیژنەی بازرگانی و مافی بەکاربەر لەپەرلەمانی کوردستان

1179 جار خوێندراوەتەوە
05/09/2016

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە