داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 10:00 + 12:00 + 14:00 + 17:00 + 18:00 + 19:00 + 20:00 + 22:00 + 23:00 + 23:45
هەواڵی وەرزشی 10:30 + 13:00 شيكارى وەرزشی + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان
بەیانی 3:17
نیوه‌ڕۆ 12:17
عه‌سر 4:05
ئێواره‌ 7:29
خه‌وتنان 8:44

كێ‌ پارێزگاری‌ سلێمانییە؟‌

د. ئیسماعیل نامیق


رونكردنەوەیەكی‌ یاسایی‌ لەسەر ئەو گێچەڵانەی‌ بە پارێزگاری‌ سلێمانی‌ دەكرێن:
پێش هاتنی‌ وادەی‌ ئاڵۆگۆڕكردنی‌ پۆستەكانی‌ حكومەتی‌ خۆجێی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و هەڵەبجەو ئیدارەكانی‌ گەرمیان‌و راپەڕین، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لەڕێگەی‌ ئەو كەناڵانەی‌ كە بە ملیۆنەها دۆلار لە قوتی‌ خەڵكی‌ لەم كاتی‌ قاتو قڕیەدا دەكات بە قوڕگیاندا، هەوڵێكی‌ گەورەی‌ بێبەرهەمی‌ دا، تا بەخەڵكی‌ برسی‌ بڵێ‌ ئەوەتا یەكێتی‌ رازی‌ نابێت پۆستی‌ پارێزگاری سلێمانی‌ بدات بە گۆڕان، كە بەهەمو پێوەرەكان بەركەوتەی‌ هەڵبژاردنی‌ گۆڕانە. لەم رێگەیەوە دەیویست كێشە گەورەو بنەڕەتییەكە لە بیری‌ خەڵك بەرێـتەوە، كە بریتیە لە تەواوبونی‌ ویلایەتی‌ بەڕێز مسعود بارزانی‌‌و رادەستنەكردنی‌ پۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێم بە كەسێكی‌ تر تەنانەت ئەگەر پارتی‌‌و لە ماڵباتی‌ بارزانیش بێت!!! بۆیە كاتێك پارتی‌ لەم هەوڵەیدا شكستی‌ هێناو ئاڵوگۆڕكردنی‌ پۆستەكان بە رێوشوێنی‌ یاسایی‌ خۆیاندا تێپەڕین، چەندین رێوشوێنی‌ ناشەرعی‌ گرتۆتەبەر بۆ تانەدان لەو ئاڵوگۆڕە، لەپێناو لەبیربردنەوەی‌ كێشە گەورەكەی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم، لەو رێو شوێنانە:

1) لەڕێگەی‌ ئەو كەناڵانەی‌ كە لە سەرەوە ئاماژەم پێكردن، هەوڵی‌ ئەوە ئەدات بەخەڵكی‌ بڵیت سلێمانی‌ سێ‌ پارێزگاری‌ هەیە!! یان سلێمانی‌ بێ‌ پارێزگارە!! یان ئەو دۆخەی‌ لە سلێمانیدا دروستبوە گۆڕان لێی‌ بەرپرسیارە!! یان ئەو دۆخە كاریگەری‌ خراپی‌ هەیە لەسەر گوزەرانی‌ خەڵكی‌!! ئەمانەو چەندین تۆمەت‌و وێنەی‌ ناشرینی‌ تر كە بەداخەوە دەیەوێت بیانلكێنی‌ بەو نوزە دیموكراسیەی‌ لەم دەڤەرەدا هەیە، تا دواجار دیموكرسیەت‌و هەڵبژاردن‌و ویستی‌ خەڵك لای‌ خەڵكی‌ ناشرین بكات‌و بەزۆر قەناعەتمان پێ‌ بكات حوكمی‌ پشتاوپشت باشترەو بێ‌ ئەرك وبێ‌ خەرجییە، پێویستمان بەوەش نیە خۆمان توشی‌ سەرئێشەی‌ هەڵبژاردن بكەین، چونكە خودا باشترین ماڵباتی‌ بۆ هەڵبژاردوین تا وەكو مەڕ بمانبەن بەڕێوە!!

2) لەڕێگەی‌ ئەو دامودەزگایانەی‌ كە دەستی‌ بەسەردا گرتون، بەردەوام هەوڵیداوە كێشەی‌ یاسایی‌‌و كارگێڕی‌ دروستبكات بۆ پارێزگای‌ سلێمانی‌!! تا گومانی‌ ئەوە لای‌ خەڵكی‌ دروست بكات فڵان كەس پارێزگارە فڵان كەس پارێزگار نیە!! یان بە خەڵكی‌ بڵێت یاسا لە پارێزگای‌ سلێمانیدا پێشێلكراوە!! وەكو ئەوەی‌ زۆر لەخەمی‌ یاسادا بێت!!

ئەوەی‌ من مەبەستمە لێرەدا بیخەمەڕو لایەنی‌ یاسایی‌ بابەتەكەیە، پشت بەست بە دەقە یاساییە كارپێكراوەكان‌و رای‌ ئەنجومەنی‌ شورای‌ دەوڵەتی‌ عێراق، دور لەهەر كارتێكردنێكی‌ سیاسی‌، بەوپەڕی‌ سینە فراوانیشەوە ئامادەی‌ هەرگفتوگۆیەكی‌ یاسایم لەسەر دروستی‌‌و یاسایبونی‌ هەر وشەیەك كە لەم رونكردنەوەیەدا هاتوە. 

پشت بەست بە میتۆدی‌ رونكردنەوە بەم شێوەیەی‌ خوارەوە بابەتەكان دەخەینەڕو:

یەكەم/ ئایا پێویستە مەرسومی‌ هەرێمی‌ بۆ پارێزگار دەربچێت؟
م18/ بڕگە3 یاسای‌ پارێزگاكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان ژمارە 3 بۆ ساڵی‌ 2009: (( مەرسومێكی‌ هەرێمی‌ بەدامەزراندنی‌ پارێزگار دەردەچێ‌ لەماوەی‌ پازدە رۆژ لە مێژوی‌ هەڵبژاردنی‌ لەلایەن ئەنجومەنەوە )). م26/ بڕگە1 لە یاسای‌ پارێزگا رێكنەخراوەكان لە هەرێمێكدا ژمارە 21 بۆ ساڵی‌ 2008 ( ئەم یاسایە لە عێراقدا جێبەجێ‌ دەكرێت نەك هەرێم ): (( فەرمانی‌ دامەزراندنی‌ پارێزگار بە مەرسومێكی‌ كۆماری‌ دەردەكرێت، لەماوەی‌ پازدە رۆژدا لە رۆژی‌ هەڵبژاردنییەوە، پاشان دەست بە كارەكانی‌ دەكات )). لێرەدا پرسیارێك لەسەر سروشتی‌ مەرسومەكە دروستدەبێت، ئایا مەرسومەكە دەرخەرە ( كاشف ) یان دروستكەرە ( منشی‌‌و )، بەو مانایەی‌ ئایا مەرسومەكە پێگەی‌ پارێزگار دەبەخشێت یان هەڵبژاردنی‌ كەسەكە لەلایەن ئەنجومەنی‌ پارێزگاوە پێگەی‌ پارێزگاری‌ پێدەبەخشێت؟ ئەنجومەنی‌ شورای‌ دەوڵەتی‌ عێراقی‌ لە بڕیاری‌ رۆژی‌ 3/ 2/ 2010 لە وەڵامی‌ نوسینگەی‌ جێگری‌ سەرۆك وەەزیراندا دەڵێت، ئەو مەرسومە سروشتێكی‌ دەرخەر ( كاشف )ی هەیە نەك دروستكەر ( منشی‌‌و ). لەسەر ئەو بنەمایەش ئەم حوكمە یاساییانە دروست دەبن:

1) دەنگدانی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگا، پێگەی‌ پارێزگار دەبەخشێت، نەك مەرسوم، بۆیە پاش دەنگدانەكە پێویستە مەرسومەكە دەربچێت، ئەگەر دەریش نەچێت دوای‌ تێپەڕبونی‌ پازدە رۆژ بەسەر دەنگدانەكەدا بە دەرچو دادەنرێت، كەواتە بەپێی‌ یاسا ئێستا دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری‌ سلێمانییە.

2) یاساكەی‌ عێراق دەڵێت دەبێت مەرسوم دەربچێت‌و پارێزگار سوێند بخوات ئەو كات دەتوانێت دەست بە كارەكانی‌ بكات، هۆكاری‌ ئەوەش لەوەدا خۆی‌ دەبینێتەوە كە بەپێی‌ یاسای‌ ناوبراو كەسانی‌ دەرەوی‌ ئەندامانی‌ ئەنجومەنیش دەتوانن ببن بە پارێزگار، بەڵام لەبەر ئەوەی‌ لە یاساكەی‌ كوردستاندا دەركردنی‌ مەرسوم‌و سوێندخواردنی‌ پارێزگاری‌ نەكردۆتە مەرج بۆ دەستكردن بە كارەكانی‌، هەروەها پارێزگار دەبێـت ئەندامی‌ ئەنجومەن بێت، لە بەرئەوەی‌ پێشتر وەكو ئەندامی‌ ئەنجومەن سوێندی‌ خواردوەو خەڵكیش پێش ئەنجومەن‌و سەرۆكی‌ وڵات متمانەیەكی‌ پێداوە، كەواتە ئەگەر مەرسومیشی‌ بۆ دەنەچێت‌و سوێندیش نەخوات لەڕوی‌ یاسایەوە، دەتوانێـت دەست بەكارەكانی‌ بكات، هەمو ئەو كارانەشی‌ دەیكات كاری‌ پارێزگارن‌و تەواو یاسایین، پشت بەست بەمە دكتور هەڤاڵ ئەبوبەكر هیچ رێگریەكی‌ یاسایی‌ لەبەردەمدا نیە بۆ دەستكردن بە كارەكانی‌.

دوەم/ ئایا لە كارلابردن‌و بەخشینی‌ پارێزگار پێویستی‌ بە مەرسوم هەیە؟ 
ئەنجومەنی‌ شورای‌ دەوڵەتی‌ عێراقی‌ لەهەمان بڕیاری‌ ئاماژەبۆكراودا دەڵێت: (( لەسەركارلابردنی‌ پارێزگار پێویستی‌ بە مەرسوم نیە، چونكە بڕیاری‌ لەسەر كارلابردن پلەی‌ كۆتایی‌ وەردەگرێت بەپەسەندكردنی‌ لەلایەن دادگای‌ فیدراڵییەوە، یان بە تێپەڕبونی‌ ماوەی‌ یاسایی‌ دیاریكراو بۆ تانوت لێدان )). پشت بەست بەم رایەی‌ ئەنجومەنی‌ شورا بڕیاری‌ بەخشینی‌ بەڕێز ئاسۆ فەرەیدون لە پارێزگاری‌ سلێمانی‌ لەڕوی‌ یاساییەوە پلەی‌ كۆتایی‌ وەرگرتوە، چونكە ماوەی‌ دیاریكراوی‌ تانوتگرتن بەسەریدا تێپەڕیوە، بۆیە بەپێی‌ یاسا ئێستا بەڕێزیان هیچ پەیوەندییەكیان بە پۆستی‌ پارێزگاری‌ سلێمانییەوە نەماوە، دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری‌ شەرعی‌ سلێمانییە.

سێیەم/ ئایا سەردار قادر پارێزگاری‌ سلێمانییە بە وەكالەت؟ 
یەكێك لەو زاراوە هەڵانەی‌ زۆر بەكاردەهێنرێت، زاراوەی‌ پارێزگارە بە وەكالەت، جا بەكارهێنانی‌ ئەمە بەمەبەست بێت یان بێ‌ مەبەست. چونكە لە یاسای‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگاكاندا دەقێك نیە باس لە بەڕێوەبردنی‌ پارێزگا بكات بە وەكالەت، ئەمە زاراوەیەكی‌ هەڵەیە پیۆیستە خۆمانی‌ لێ بەدور بگرین. بڕگەی‌1/ م20 یاسای‌ پارێزگاكانی‌ هەرێم دەڵێت:(( لە حاڵەتی‌ ئامادەنەبونی‌ پارێزگاردا یەكێك لە جێگرەكانی‌ ماوەی‌ ئامادەنەبونی‌ بۆ ئەنجامدانی‌ ئەركەكەی‌ جێی‌ دەگرێتەوە )). ئەنجومەنی‌ شورای‌ دەوڵەتی‌ عێراقیش لەهەمان بڕیاری‌ سەرەوەدا دەڵێت: (( لەكاتی‌ لە سەركارلابردنی‌ پارێزگاری‌ پێشو یەكێك لە جێگرەكانی‌ پارێزگا بەڕێوەدەبات تا ئەوكاتەی‌ بڕیاری‌ لەسەر كارلابردنەكە پلەی‌ كۆتایی‌ وەردەگرێتۆ مەرسومی‌ كۆماری‌ دەردەچێت بەدامەزراندنی‌ پارێزگاری‌ نوێ‌ۆ سوێندخواردنی‌ )). لەسەرەوە ئاماژەمان بەوەكرد كە یاساكەی‌ كوردستان مەرسوم‌و سوێندخواردنی‌ نەكردۆتە مەرج بۆ دەست بەكاربون، پشت بەست بەوە هیچ رێگریەكی‌ یاسایی‌ نیە بۆ دەستبەكابونی‌ پارێزگاری‌ نوێ‌، بەتایبەتی‌ لە بارودۆخێكی‌ وادا كە رێگریەكی‌ یاسایی‌ هەیە بۆ دەرچونی‌ مەرسومی‌ هەرێمی‌، چونكە ویلایەتی‌ سەرۆكی‌ هەرێم تەواو بوەو كوردستان ئێستا لە بۆشایی‌ سەرۆكی‌ هەرێمدایە، نەك بۆشایی‌ یاسایی‌، لەبەرئەوەی‌ یاسای‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم بونی‌ هەیە، بەڵام سەرۆكێكی‌ هەرێمی‌ یاسایی‌ بونی‌ نیە.

ئەگەر كار بە رایەكەی‌ ئەنجومەنی‌ شوراش بكەین، ئەوا تا ئەو كاتەی‌ مەرسوم بۆ هەڤاڵ ئەبوبەكر دەردەچێت، سەردار قادر كارەكانی‌ پارێزگا رادەپەڕێنێت، بەڵام نابێت پێی‌ بوترێت پارێزگار بە وەكالەت، بەڵكو هەر جێگری‌ پارێزگارە، لەبەر ئامادەنەبونی‌ پارێزگار ئەو بۆ ئەنجامدانی‌ ئەركەكانی‌ جێی‌ دەگرێتەوە.

چوارەم/ ئایا وەزارەتی‌ ناوخۆ مافی‌ یەكلایكردنەوەی‌ پۆستی‌ پارێزگاری‌ هەیە؟
لە بڕگەی‌ 1/ م18 یاسای‌ پارێزگاكانی‌ هەرێمی‌ كوردستاندا هاتوە، پارێزگار لەڕوی‌ كارگێڕییەوە بەستراوەتەوە بە وەزارەتی‌ ناوخۆوە. وەزارەتی‌ ناوخۆ مافی‌ كاندیدكردن‌و دامەزراندن‌و لابردن‌و گواستنەوەو سزادان‌و هیچ شتێكی‌ نیە بەرامبەر پارێزگار، وەزیری‌ ناوخۆش هیچ دەسەڵاتێكی‌ نیە بەسەر پارێزگاردا، جگە لەهەندێ‌ كاروباری‌ كارگێڕی‌ رۆتینی‌، بۆیە پێویستە لەسەری‌ مامەڵە لەگەڵ ئەو پارێزگارەدا بكات كە ئەنجومەنی‌ پارێزگا هەڵیئەبژێرێت. پشت بەست بەو راستییە، ئەو فەرمانە وەزاریەی‌ بەڕێز وەزیری‌ ناوخۆ لە 5/ 10/2016 دەریكردوەو تیایدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە بەڕێز ( د. ئاسۆ فەرەیدون ) پارێزگاری‌ سلێمانییە، دو پێشێلكاری‌ یاسایی‌ زۆر زەقی‌ تێدایە، ئەوانیش:

1) لە فەرمانەكەدا هاتوە: (( پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی‌ پێمان دراوە لە یاسای‌ وەزارەتی‌ ناوخۆ ژمارە 6 بۆ ساڵی‌ 2009 ))، بەڵام ئاماژەی‌ بۆ هیچ دەق‌و بڕگەیەك نەكردوە، كۆی‌ یاساكەم بەوردی‌ خوێندەوە دەقێكم نەبینی‌ دەسەڵاتێكی‌ وای‌ دابێ‌ بەجەنابی‌ وەزیر!! ئیتر نازانم جەنابی‌ وەزیر ئەو دەسەڵاتەی‌ لە كوێوە وەرگرت؟

2) وەزیری‌ ناوخۆ بەو فەرمانەی‌ یاسای‌ پارێزگاكانی‌ پێشێلكردوەو دەستدرێژی‌ كردۆتە سەر دەسەڵات‌و تایبەتمەندییەكانی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگا، چونكە بەپێی‌ یاسا ئەنجومەنی‌ پارێزگا بڕیار دەدات كێ‌ پارێزگار بێت نەك وەزیری‌ ناوخۆ!!

لەكۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم، لە جیاتی‌ ئەوەی‌ كێشە بۆ خەڵكی‌ تر دروستبكەن، هەمو بەها نیشتمانی‌‌و مۆراڵی‌‌و یاسایی‌‌و سیاسی‌و.... هتد وادەخوازن كێشەكانی‌ خۆتان چارەسەر بكەن.

998 جار خوێندراوەتەوە
22/10/2016

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە