داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
ژێرخان 10:10 شه‌و، ته‌نها رۆژانی شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان
بەیانی 4:27
نیوه‌ڕۆ 11:54
عه‌سر 2:59
ئێواره‌ 5:48
خه‌وتنان 6:58

تەنها دەسەڵاتی مەدەنی لە داوای مەدەنییانەی هاووڵاتیان تێدەگات

هاوژین عومەر کەریم



کاتێک خۆپیشاندانەکانی ۱۷ی شوبات سەریان هەڵدا و، بە هۆی بێباکیی دەسەڵات و حکومەتیشەوە لە ئاست داواکاریی هاووڵاتیان، بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بەردەوام بوون، دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری هەرێم بە گشتی و ئیدارەی سلێمانی بە تایبەت، بە بیانووی بەلاڕێداچوونی خۆپیشاندانەکان و بوونی دەستی حیزب و کەسانی ئاژاوەگێڕ لە پشتیانەوە و سەرهەڵدانی توندوتیژیی تیایاندا، ئامادە نەبوون داواکانی خەڵک جێبەجێ بکەن، بگرە زیاتر لە دە هاووڵاتیی بێگوناهیشیان شەهید کرد، ئەوە جگە لە دەیان بریندار. هەر بەوهۆیەشەوە شاریان کردە سەربازگە و سیمای جوانی سلێمانییان شێواند، بە تایبەتیش لە شوێنێکی وەکو سەرای ئازادی.

ئێستاش کە نزیکەی دوو مانگە مامۆستایان و مووچەخۆرانی سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان بە شێوازێکی زۆر سەردەمی و مەدەنییانە و دوور لە هەر پشێوییەک، مانگرتن و خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە و داوای مافی یاسایی و ڕەوای خۆیان دەکەن، دیسان ئەم دەسەڵاتە سەرکوتکەر و بێباکەی هەرێم هیچ ڕێز و ئەرزشێکی بۆ داوای ئەو دەیان هەزار مووچەخۆرە دانەنا و خۆی لە جێبەجێکردنی داواکانیان دەدزێتەوە، لە کاتێکدا سروشتی ئەم خۆپیشاندانانەی ئێستا تەواو جیاوازە لەوانەی ۱۷ی شوبات، بە تایبەت لە ڕووی ئارامی و ئاسایشەوە. ئێستاشی لەگەڵ بێت خۆپیشاندەران هیچ بەهانەیەکی یاساییان نەداوە بە دەست ئەم دەسەڵاتەوە، بۆ دژایەتییکردن و سەرکوتکردنیان. ئەی بۆچی دەسەڵات و حکومەت سەرباری ئەوەش هەر ئامادەی جێبەجێکردنی داخوازیی خۆپیشاندەران نین؟!

ئەوانەی ئێستا لەسەر جادە و شەقامەکان خۆپیشاندان و بایکۆت و مانگرتنیان ڕاگەیاندووە، کەسانی سەرکێڵ و گێرەشێوێن نین، بەڵکو لە دیارترین عەقڵ و کەسە بەئەزموون و خزمەتکارەکانی وڵاتن، لە نموونەی مامۆستایەک کە زیاتر لە سی ساڵ نەوەی ئەم وڵاتەی پێگەیاندووە، خانەنشینێک کە چل ساڵ خزمەتی هەرێمی کوردستانی کردووە. کەچی دەسەڵات نەک وەڵامی شایستەیان ناداتەوە، بەڵکو وەک شەلاتییەک، هەرڕۆژەی بە شێوازێکی نامەدەنییانە کاردانەوە بەرانبەریان دەنوێنێت.

ئەوەی لەم سۆنگەیەوە بۆ هەموو لایەک ڕوونتر دەبێتەوە، ئەوەیە بابەتەکە پەیوەندیی بەوەوە نییە خۆپیشاندانەکان ئارام بەڕێوە دەچن یان توندوتیژن، داواکان ڕەوان یان نا، بەڵکو پەیوەندیی بەوەوە هەیە ئەم هەرێمی کوردستانە لە لایەن کەسان و گرووپگەلێکەوە بەڕێوە دەبرێت، کە فڕیان بەسەر دەوڵەتداریی و مەدەنیەت و مافی هاووڵاتیانەوە نییە، کەسانێکی خێڵەکی و تاڵانکارن و دەستیان بەسەر جومگەکانی وڵاتدا گرتووە، کەسانێکن هیچ هەستێکی مرۆییان تێدا نییە و ویژدانیان تۆپیوە.

ئەوە دەسەڵاتی شەرعی و مەدەنییە لە داوای مەدەنییانە تێدەگات و وەڵامی مەدەنییانەی دەبێت بۆ هەر جووڵانەوەیەکی مەدەنییانە، بە پێچەوانەشەوە، ئەم دەسەڵاتە چونکە دەسەڵاتێکی خێڵەکیی ستەمکار و دواکەوتووە، هەر تۆمەتی ناپاکی و پیلانگێریی دەداتە پاڵ خۆپیشاندەر و مانگرتوان و، ئامادەیی ملدانی نییە بۆ ئەو داوا ڕەوایانە و کارێکی لەو شێوەیەش بە تەنازول دەزانێت. ئەمە هەقیقەتی مەسەلەکەیە.

وڵات دەبێت خەڵکانی ئاقڵ و خاوەن ڕوشد بەڕێوەی بەرن، چونکە کارێکی هەستیار و ئەستەمە. مامەڵە لەگەڵ دانیشتوان حیکمەت و کاردروستیی زۆری دەوێت، کەسانێک پیاوی دەوڵەت و دەوڵەتمەداری ڕاستەقینە نەبن، بەکاری بەڕێوەبردنی وڵات و کۆمەڵگە نایەن، هەر داواکردنێکی ماف و ئازادی بە پیلانگێڕیی لێکدەدەنەوە.

لە هەرێمی کوردستان ساڵانێکە خەڵکی لە بوونی گەندەڵیی گەورە تێگەیشتوون، هەربۆیە بە هەموو شێوەیەک دەنگی ناڕەزایی خۆیان بەرز دەکەنەوە. بۆیە ئەگەر ئەم دەسەڵاتە بە خۆیدا نەچێتەوە و مل بۆ داوای ڕەوا و فشاری مەدەنییانەی مامۆستا و مووچەخۆران نەدات، دوور نییە بەشێک لە خەڵکی لە حاڵەتی بێهیوابوونیاندا هەڵوێستی دیکە بنوێنن، ئەوکات هەر دەسەڵات دەبێتە تاوانباری یەکەم و خۆی گۆڕ بۆ خۆی هەڵدەکەنێت.

925 جار خوێندراوەتەوە
04/12/2016

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە