داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
ژێرخان 10:10 شه‌و، ته‌نها رۆژانی شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان
بەیانی 4:27
نیوه‌ڕۆ 11:54
عه‌سر 2:59
ئێواره‌ 5:48
خه‌وتنان 6:58

کارەبای هەرێم لەکوێ باشترە ؟

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا



مانگێک پێش ئێستا، هاوڵاتیانی ئەڵمانیا سەرقاڵی ئاهانگ گێڕانی جۆراوجۆر بوون، بەهۆی ئەوەی کە بۆ ماوەی ۳۲ ساڵ تەنها بۆ خولەکێکیش تەزووی کارەبا لەو وڵاتە نەپچڕاوە، لەهیچ ماڵ و شەقام و گەڕەک و شارێکدا، ئەمە جگە لەوەی لەهەر وڵاتێکی پێشکەوتوو تێگەیشتوی دنیادا، گەر بۆ چەند چرکەیەکیش تەزوی کارەبا بەهەرهۆیەک نەمێنێت، ئەوا بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، هەر زوو داوای لێبوردن لە هاوڵاتیانی خۆیان دەکەن لەوبارەیەوە.

لەم هەرێمی کوردستانەشدا کە کورد چارەکە سەدەیەکە خۆی حکومڕانی دەکات و تاکو ئێستاش هەشت کابینەی حکومی دروستکراوە، کەچی هەر ئالەم ئان و ساتەدا هێندەی ژمارەی کابینەکان، کاتژمێری کارەبا یان هەندێكجار کەمتریش کارەبا دەدرێتە هاوڵاتیانی .. یان دەکرێت ئەوەش بپرسین گەر لەماوەی ۲٤ساڵی بوونیادنانی حکومەتی هەرێمدا، هەرساڵەو چارەسەر بۆ تەنها کاتژمێرێکی کارەبای هەرێم بکرایە، بۆ دۆخی کارەبا لەئێسادا بەو شێوەیە دەبوو ..

باشە بۆ دەبێت دوای چارەکە سەدەیەک لە حکومڕانی، دانیشتوانی ئەم هەرێمە ژیانی مرۆڤەکانی وەک چاخی بەردین تاریک و نوتەک بێت؟

ئاخەر من نازانم بۆ دەبێت لەم مەملەکەتەی ئێمەدا هێندە باسی کارەبای مۆلیدەو ڕەئیسی کرابێت، کاتێك کە منداڵێکی تازە لەدایکبوو زمانی قسەکردنی دەپژێت، لەجیاتی گڤەوبڤەو دایەو بابە، یەکەم قسەی بریتی بێت لەوەی کە "کارەبا موەلیدەیە یان ڕەئیسی".

چەندین ساڵە مژدەی باشبوونی سێکتەری کارەباو ئاو بەگوێی خەڵکیدا دەدرێت و پێیاندەوترێت گەر حکومەت نەیتوانی چارەسەر بۆ ئەم کێشانە بدۆزرێتەوە، ئەوا هەقە ئەم حکومەتە ماڵئاوایی بکات..

کەچی نەک چارەسەریان بۆ نەدۆزرایەوە، بەپێچەوانەوە قەیران و کێشەکان هێندەیتر زیادیانکردووە، بەشێوەیەک خەریکە بەتەواوەتی پڕسک لەهاوڵاتیان دەبڕێت و بەتەواوەتی نائومێدیشیان دەکات ..

بەداخەوە بەرپرسانی ئەم هەرێمە، لەبری داوای لێبوردن لەخەڵکی و داننان بەشکستی حوکمڕانی لەچارەسەرکردنی گرفت و قەیرانەکاندا، کەچی قوڕوقەپی لێکردوەو لەئاست ئەم هەموو نەهامەتیانەدا، خۆی لێکردووه‌تە کەڕڕەی شەربەت و مێشێکیش میوانی نییه.

من تێناگەم هەرێمێک کارەباکەی بەسەرەبێت، پێدانی ئاو بەسەرەبێت، موچەپێدانیشی بەچارەک و نیوە بێت، سوتەمەنی هەرنەبێت، کاری تێدا وەستابێت و .. هتد.
تۆ بڵێیت دوای ساڵانێکی دیكه‌، کەنەوەکانمان مێژووی ئەم سەردەمە دەخوێننەوە و سەیردەکەن کە ژیان لە ئەستەم نزیکبووه‌تەوەو پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیش بەسەرە دراونەتە هاوڵاتیانی، چ کۆمێنتێکیان بۆ دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە هەبێت.

لە دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بۆ دیاریکردنی ئەو وڵاتانەی کەزۆرترین گەندەڵیان تێدایە، یان کەمترین ڕێژەی گەندەڵی، عێراق هەشتەمین وڵات بوو، لەدنیادا لەڕووی زۆربوونی گەندەڵی تێیدا و سێهەمین وڵاتی جیهانیش سودان بوو، کەماوەیەک پێش ئێستا کاتێ کونسوڵگەری سودان و وەزارەتی کارەبای هەرێم پێکەوە کۆبونەوەیەکیان سازکردبوو ، وەزارەتی کارەبای هەرێم بەکونسوڵگەری سودانی وتبوو: کە دەیانەوێت سود لەئەزمون و شارەزایی وڵاتی سودان وەربگیرێت، بەتایبەت لەبواری کۆنتڕۆڵکردنی بەکارهێنانی کارەبادا.

ماوەتەوە بڵێین: هەرێمێک کە بیەوێت لەم دنیا فراوانەدا سود لەئەزمونی سێهەمین وڵاتی گەندەڵی جیهان وەربگرێت، کەسودانە، هەرێمێک کە خەڵکەکەی هەفتانە شەوێک ماڵەکەکەی بکەیتە تاریکستان بەناوی سەرەمحەویلە، هەرێمێک هێندە کارەبا نەداتە هاوڵاتیانی، تاکو مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانیان پڕی شەحن بێت، ئاخر پێمان ناڵێیت بەڕێز کارەبای هەرێمی کوردستان، لەکارەبای چ وڵات و تەنانەت کۆلکە وڵاتێکیش باشترە ..
بۆیە هەندێكجارگەر قسەکردن زیو بێت، ئەوا نەکردنی زۆرباشترە.

1349 جار خوێندراوەتەوە
16/12/2016

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە