داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
ژێرخان 10:10 شه‌و، ته‌نها رۆژانی شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان
بەیانی 4:27
نیوه‌ڕۆ 11:54
عه‌سر 2:59
ئێواره‌ 5:48
خه‌وتنان 6:58

با ڕێگریی لە پەڕینەوەی ئاگرەکەی حەلەب بکەین!

عەبدولستار مەجید

*عەبدولستار مەجید

ئەوەی لە شاری حەلەب ڕوودەدات, کارەساتێکی مرۆیی ھێندە گەورە و بە ئازارە، مێژووی مرۆڤایەتی تا ئەم ساتە بەخۆیەوە نەدیوە, کە بەداخەوە یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتی و ئیقیلیمیەکان لەسەر ساحەی سوریا، خەڵکی بێ تاوان و مەدەنی دەبنە قوربانی و باجەکەی دەدەن، باجێک کە جەستەی ھەر تاکێکی حەلەبی پڕکردووە لە برین, برینێک کە ساڕێژبوونی ئێجگار ئەستەمە و وەستاندنی ئەو نەزیفە بە ئازارەش, بەڕاستی بووە بە مەحاڵ.

ئەوەی سوریا بە گشتی و شاری حەلەبی گەیاندووە بەمڕۆژە ناخۆش و ڕەشە، بەرژەوەندی زلھێزەکان و سیاسەتی دڕندانەی ئیقلیمیە, کە نایەڵێت میلەتانی ستەمدیدە بە ئارامی و دوور لە شەڕ و خوێنڕشتن بژین.

تۆ بڕوانە ئەم زلھێزەکان و ئەوانەی شەڕی بەوەکالەت بۆ بەرژەوەندی ئەوان دەکەن، ئەم ناوچەیەیان کردووە بە چ دۆزەخێک کە شارستانێتی سەدان ساڵەی ئەم ناوچەیەیان کردووه‌تە مشتێک خۆڵەمێش و گۆمێک خوێن.

بارودۆخی ھەریەک لەو وڵاتانەی ئاگری شەڕ و کاولکاریی تێیدا ھەڵایساوە، دەرەنجامی بەبنبەست گەیشتنی چارەسەری سیاسیانەیە، کە خەڵکی ناچار بە پەنابردن بۆ توندوتیژیی کردووە.

کوردیش (لە ھەر چوار پارچەکە) کەمتری لەو قوربانیانی و خوێنەی ئێستا لە ناوچەکە دەڕژێت و دەدرێت، نەداوە، بۆ نمونە: ئێمە کە لە ھەرێمی کوردستان قەوارەیەکی سیاسیمان ھەیە، خەریکە بەھۆی ناکۆکی و ھەوڵدان بۆ ملشکاندن و دەستبادانی یەکتر، ڕیسەکەمان لێدەکاتەوە بە خوری و ئەوەی دەیان ساڵە خەباتی لە پێناودا دەکەین، خەریکە سیاسیەکانمان دەیدەن بە ئاودا.

پێگەی جوگرافی ھەرێمی کوردستان کەوتووه‌تە شوێنێکەوە کە ھەر چواردەوری دەکوڵێت و ئاگربارانە، کە ئەگەر نێوماڵی خۆمان بەم شپرزەیی و دابەشبوون و ناکۆکی و لەیەک دوورکەوتەوە بەردەوامبین، دوور نییە ناوچەکەی ئێمەش ببێتە بەشێک لەو دۆزەخە.

بۆیە پێویستە ھەرچی زووە ھێزە سیاسیەکان لە بری دەست ماچکردنی بێگانە، سازش بۆیەکدی بکەن و ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی لەو وەیشوومەیەی ناوچەکەی گرتوەتەوە دووربخەنەوە، چونکە ئەو دەرفەتەی ئێستا بۆ ئێمە ھاتووه‌تە پێش، بە درێژایی مێژوو بۆ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد نەھاتووه‌تە پێشەوە و ھەڵنەکەوتووە.

دەبێ دەسەڵاتداران و ئەوانەی کاروباری خەڵکیان بەدەستەوەیە، بیرێک لە ئایندەی ئەم وڵاتە و بکەنەوە و ئەو میللەتەی بەھۆی سیاسەتی ھەڵە و گەندەڵی کەڵەکەبووی ٢٥ ساڵی حوکمڕانییەوە دڵشکاو و تۆراوە، ئاشتیان بکەنەوە و خزمەتیان بکەن، تا ببنە پاڵپشت بۆیان و بە ھەمووانەوە ئەم قۆناغە سەختە پڕ لە ناکۆکیە تێپەڕێنین و لەبەردەم خوا و پاشان مێژوودا سەربەرزانە لێی دەربچین.

ئەگەرنا بەردەوامی ئەم دۆخە ئاڵۆزە و درێژەدان بەم سیاسەتە پڕ لە نادادگەریی و ستەم و گەندەڵییە، ئایندەی ھەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە کە دوور نیە دۆخێک دروست بێت و بێتە پێشەوە، بەرگرتن لێی ئەستەم بێت!


* ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو

1633 جار خوێندراوەتەوە
17/12/2016

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە