داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 10:00 + 12:00 + 14:00 + 17:00 + 18:00 + 19:00 + 20:00 + 22:00 + 23:00 + 23:45
هەواڵی وەرزشی 10:30 + 13:00 شيكارى وەرزشی + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان
بەیانی 3:17
نیوه‌ڕۆ 12:17
عه‌سر 4:05
ئێواره‌ 7:29
خه‌وتنان 8:44

ڕەوایی دان بە کودەتا و پاشگەزبونەوە لە چاکسازی

د. یوسف محەمەد سادق

‌ماوەیەکە لێرە و لەوێ، لە کۆبونەوە و دیدار و دیبەیت و چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانیەکاندا، هەندێ حیزب یان سەرکردەی سیاسی و کادیری باڵای حیزبی، ئەو کاتەی لە لایەن هاوڵاتیان و ڕوناکبیرانەوە ڕوبەروی ئیحراجیی سیاسی ئەکرێنەوە، ئەکەونە پەلاماردانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیەکەی و تۆمەتباری ئەکەن بەوەی گوایا ئەمان بونە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی سیاسی و تەنانەت قەیرانی ئابوری و داراییش لە هەرێمی کوردستان. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە هۆکاری کێشەکان ڕونن. بەڵام ئەم دەربڕین و وتە ناڕاستانە هۆکاری تایبەت بە خۆیان هەیە. لەوانەیە هەندێکی لە بێ ئاگاییەوە بێت لە کارەکانی پەرلەمان لەماوەی ڕابردودا، بەڵام هەندێکیشی بۆ پینە و پەڕۆ کردنی هەڵوێستە سیاسیە لەرزۆکەکانی خاوەنەکانیان و، بۆ پەردەپۆش کردنی کێشە و قەیرانە شەخسی و ناوخۆییەکانیانە، یان ڕەنگە بۆ زەمینە ساز کردنە بۆ بەشدارییان لە تەواو کردنی ئەو کودەتایەی بەسەر پڕۆسەی دیموکراسیی هەرێمدا کراوە و، بۆ پەردەپۆش کردنی نەبونی هەڵوێستێکی ڕون و بوێریانەیە لەسەر پەکخستنی سەرچاوەی شەعیەتی حوکمڕانیی هەرێم.

سەیر لەوەدایە کە بەشێکی ئەم بەڕێزانە لەو حیزبانەن کە پڕۆژە یاسایان پێشکەشی پەرلەمان کردوە بۆ گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانیی هەرێم بۆ سیستەمی پەرلەمانیی تەواو و، ڕێخۆشکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستانەوە. هەندێک لەم بەڕێزانە لە جێگای جیاواز قسەی جیاواز و دژبەیەک ئەکەن؛ لە سلێمانی قسەیەک ئەکەن لە هەولێر قسەیەکی تر؛ لە کۆبونەوە داخراو و دوقۆڵیەکاندا قسەیەک ئەکەن، بۆ میدیا قسەیەکی تر؛ لە کاتی پێشکەش کردنی پڕۆژە یاساکانی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەڵوێستێکیان هەبو، ئێستا کە بۆ ڕێگری کردن لە پەسەند کردنی پڕۆژە یاساکانی خۆیان، پەرلەمان پەکخراوە، هەڵوێستێکی تریان هەیە؛ ڕەنگە ئەمە بێت پێناسەی ئەزمونی سیاسی لای ئەم تایپەی سیاسیەکانی کوردستان، لە کاتێکدا کە ئەمە دروست دوفاقیی سیاسیە.

ئەم جۆرە ئەزمونە سیاسیەی ئەم بەڕێزانە شانازیی پێوە ئەکەن، نەک تەنها لە خەڵکی کوردستان، بەڵکو لە بنکەی جەماوەریی حیزبەکانی خۆشیان تەریکی کردون. چونکە هەڵوێستی ئەم بەڕێزانە پێچەوانەی هەڵوێستی بنکە جەماوەریەکەیانە، هەر بۆ نمونە بڕوانن بۆ دەرەنجامی کۆنگرەی هەندێ لەو حیزبانەی لە ماوەی ڕابردودا ئەنجام دراون.
بۆ لانەدانی سەرنجی جەماوەری خۆشەویستی کوردستان لەسەرکێشە و قەیرانە بنچینەییەکان و ئەسڵی کێشەکان، ماوەیەکی زۆرە بێدەنگیمان هەڵبژاردوە سەبارەت بەو هەمو وتە ناڕەوایانەی لەم بارەیەوە کراون. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم وتە و لێدوانانە لە پروپاگەندەوە لە ئەنجامی دوبارە کردنەوەوە نەبنە ڕاستی، پێمان باشە بە چەند خاڵێک وەڵام بدەینەوە بۆ ئەوەی ڕای گشتی چەواشە نەکرێت.
١. سەرۆکایەتیی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، لەو ڕوانگەیەی کە بەئاگا بوو لەوەی قەیرانێکی ئاڵۆزکراوی لە خولی پێشوی پەرلەمانەوە بێ چارەسەرکراوی، بە میرات بۆ ماوەتەوە، کە ئەویش قەیرانی سەرۆکایەتیی هەرێم بو، بە میتۆدێکی بونیادی، هەر زوو لە مانگەکانی سەرەتای دەست بەکار بونی، دەستی کرد بە فەراهەم کردنی ئامڕازەکانی چارەسەرکردنی ئەم کێشە گەورەیە. بۆیە نزیکەی ساڵێکی رەبەق بێوچان کاری لەم پێناوەدا کرد، هەر لە:
ا. کۆبونەوەی بەردەوام لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان ، کۆبونەوە لەگەڵ لایەنەکانی کێشەکە و، کۆبونەوە لەگەڵ حیزبە سیاسیەکان هەر لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٤وە؛
ب. پەسەند کردنی یاسای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی لە ٢٣/ ٧/ ٢٠١٤ و هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنەکە لە ٢٣/ ١٢/ ٢٠١٤، بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکرێت بۆ هەر هەڵبژاردن و ڕاپرسیەک لە هەرێم؛
ج. کار کردن بۆ پەسەند کردنی یاسای ئامادەکردنەوەی پڕۆژەی دەستوری هەرێم کە پڕۆژەکە لە ١٦/ ١٢/ ٢٠١٤ خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا. بەڵام بەداخەوە ناکۆکیی فراکسیۆنەکان بە هۆی دەستتێوەردانی حیزبی و شەخسی، پەسەندکردنی یاساکەی دواخست بۆ ١٣/ ٤/ ٢٠١٥. بەم پێیەش هەڵبژاردنی لیژنەی دەستوری کەوتە ٢٠/ ٥/ ٢٠١٥؛
د. هەوڵ دان بۆ دروست کردنی مەتبەخی سیاسی و یاسایی لە فراکسیۆنە سەرەکیەکانی پەرلەمان بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەی هاوبەشی تەوافوقی لەسەر هەمواری یاسای سەرۆکایەتی لە مانگی ئایاری ٢٠١٥؛
ه. هاندانی حیزبە سیاسیەکان بۆ گفتوگۆ و ڕێکەوتن لەسەر کێشەی سەرۆکایەتی پێش کۆتایی هاتنی وادەی درێژکراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم و، دەرفەتدان بەم وتووێژانە تا ئەوپەڕی ڕادەی توانا.

بەڵام بەداخەوە، ئیرادەیەکی حیزبی ڕێگر بو لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەی سەرۆکایەتیی هەرێم بە شێوازی دیموکراسی و دەستوری و یاسایی. هەر بۆیە کۆمسیۆن تائێستاش سەرپێ نەخراوە، پرسی دەستور دواخرا، مەتبەخی فراکسیۆنەکانیش بۆ پڕۆژەی هاوبەش پەکخرا و، گفتوگۆی حیزبە سیاسیەکانیش ئێستاشی لەگەڵدا بێت بێ ئەنجام ماوەتەوە. چونکە ئەم ئیرادە حیزبیە کاری کرد بۆ ئەوەی سەرجەم ئەم ڕێکارانە پەکبخرێن بە مەبەستی ئەوەی بخرێینەوە بەردەم تولەڕێی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی. (نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی پەرلەمانمان ڕاسپاردوە تا لەچەند ڕۆژی داهاتودا پانۆرامای هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ چارەسەری پرسی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ ڕای گشتی و میدیا بخاتەڕو).

٢. کاتێک سەرجەم رێگاکانی تر پەکخران، سەرۆکایەتیی پەرلەمان داوای لە حیزبەکان کرد کە لەڕێی فراکسیۆنەکانیانەوە دیدی خۆیان سەبارەت بە چۆنیەتیی چارەسەری قەیرانی سەرۆکایەتیی هەرێم لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسای هاوبەش یان سەربەخۆ، بخەنە بەردەم پەرلەمان. بەم پێیەش پێنج فراکسیۆن، چوار پڕۆژە یاسایان بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی پێشکەش کرد، داوامان لە فراکسیۆن وحیزبە سەرەکیەکانی تریش کرد کە دید و پڕۆژەی خۆیان بخەنەڕو. لەبری ئەمە، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و جێگرەکەی، ٢٢/ ٦/ ٢٠١٥ لەڕێی نێردراو و تەلەفۆنەوە داوایان لە بەندە و بەڕێز سکرتێری پەرلەمان کرد کە پڕۆژەی فراکسیۆنەکانی تر نەخەینە بەرنامەی کارەوە. هەڵوێستی ئێمە پابەند بون بو بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و، پێشێل نەکردنی مافی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان و فراکسیۆنەکانیان بۆ خستنەڕوی پڕۆژەکانیان و، هێشتنەوەی دەرگای کراوە بەسەر هەر پڕۆژەیەکی تریشدا. دەپرسین داخۆ ئەم بەڕێزانەی ئێستا ڕەخنە دەگرن هەڵوێستیان چی دەبو، ئەگەر هاوشێوەی سەرۆکایەتیی خولەکانی ڕابردو، لەسەر داوای سەرۆکی یەک حیزب، پڕۆژە یاسای فراکسیۆن و پەرلەمانتارانمان پشتگوێ بخستایە؟ ئایا ئێستا تۆمەتباریان نەدەکردین بە پێشێل کردنی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و، لایەنداری بۆ حیزبێکی دیاریکراو و، ... تاد؟
٣. سەرۆکایەتیی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، زۆر بە هێمنی و هەستیاری و بەرپرسیارێتیەوە و، بە تەواوی لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، مامەڵەی لەگەڵ پڕۆژە یاساکانی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی کرد. لەگەڵ گرتنەبەری هەر هەنگاوێکی یاسایی، دەرفەتی دانوستانی ئاواڵا ئەکردەوە. هەربۆیەش پڕۆسەی یاساکاری سەبارەت بە هەمواری یاسای سەرۆکایەتی لەم خولەی پەرلەمان، لە پێشکەش کردنی یەکەم پڕۆژە یاساوە لە (٢١/ ٥/ ٢٠١٥) تا دانیشتنی پەرلەمان بۆ پەسەند کردنی ڕاپۆرتی لیژنەی یاسایی لە ١٩ی ئابی ٢٠١٥، نزیکەی سێ مانگی خایاند. فەرمون بەراوردی ئەم پڕۆسەیە بکەن بە پڕۆسەی یاساکاری لە خولەکانی پێشوی پەرلەمان. بۆ نمونە پڕۆسەی پەسەند کردنی دو یاسا بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ویلایەتی خولی سێی پەرلەمان و سەرۆکی پێشوی هەرێم، لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣، کە لە واژو کردن و پێشکەش کردنی پڕۆژە یاساکان لە لایەن پەرلەمانتارانەوە تا تێپەڕاندنی نایاسایی و ناپەیڕەوییان لە پەرلەمانەوە هەموی چەند کاتژمێرێکی خایاند.

٤. زۆر باسی دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان لە ١٩ی ئابی ٢٠١٥ ئەکرێت و، بە شێوەیەکی چەواشەکارییانە بە هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەکە و پەکخستنی پەرلەمان وەسف ئەکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دوای ئەو بەروارەشەوە پەرلەمان درێژەیدا بە دانیشتنەکانی و، تا ٧/ ١٠/ ٢٠١٥ شەش دانیشتنی ئاسایی ئەنجامدا. بەڵام دوای بە بنبەست گەیشتنی ٩ کۆبونەوەی پێنج قۆڵی، بە تایبەت دوای دانیشتنی ڕۆژی ٨/ ١٠/ ٢٠١٥ و بێ ئەنجام بونی و، بۆ ڕێگری کردن لە گەڕاندنەوەی پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم بۆ پەرلەمان، لە ١٢/ ١٠/ ٢٠١٥ ڕێگری لە ئێمە کرا بۆ چونەوە هەولێر و، پەرلەمان پەکخرا نەک لە دوای ١٩ی ئاب. 
سەبارەت بە کۆبونەوەی شەوی ١٨ی ئابی نێوان پێنج حیزبەکەش، دیسانەوە کۆبونەوەیەکی بێدەرەنجام بو. پاش ٣ مانگ چاوەڕێ کردنی پەرلەمان بۆ ڕێکەوتنی حیزبەکان، لەو کاتژمێرانەی کۆتایی ماوەی شەرعیەتی سەرۆکایەتیی هەرێم، حیزبەکان نەیانتوانی لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم بگەنە هیچ دەرەنجامێک. ئەگەر گەیشتون بە هەر دەرەنجامێک و تا ئێستا شاردویانەتەوە، فەرمون ڕایبگەیەنن چۆن پرسەکەیان چارەسەر کرد؟ تەنانەت نەیانتوانی بگەنە هیچ چارەسەرێکی کاتیش بۆ کێشەی نەمانی شەرعیەتی سەرۆکایەتی هەرێم لە ٢٠ی ئابی ٢٠١٥ تا گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی. تەنها لەسەر ئەوە ڕێکەوتن کە دانیشتنی پەرلەمان دوا بخەن!! تەنانەت ڕێک نەکەوتبون لەسەر شێوازی دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان.
سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە ڕۆژی ١٩ی ئاب بۆ نزیکەی ٤ کاتژمێر لە وتووێژی بەردەوام بو لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان. زۆر بە سادەیی سەرۆکی فراکسیۆنەکان ڕێکنەکەوتن لەسەر دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان، هەندێکیان دژی دواخستنی دانیشتنەکە بون، هەندێکیان لەگەڵ دواخستن بون بەڵام ئامادە نەبون بە تەنیا داوای دواخستنی دانیشتنەکە بکەن. هەر بۆیەش هیچ داوایەکی ڕەسمی بۆ دواخستنی دانیشتنەکە پێشکەش بە سەرۆکایەتی نەکرا. سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش بۆ پاراستنی بێ لایەنیی خۆی و، نەسەپاندنی هیچ ئیرادەیەکی دەرەوەی پەرلەمان بەسەر پەرلەمانتاران دا، بڕیاریدا دانیشتنەکە ئەنجام بدرێت، بە تایبەت کە دانیشتنەکە نائاسایی بو و لەسەر داوای پەرلەمانتاران بو، نەک دانیشتنێکی ئاسایی لەسەر داوای سەرۆکایەتیی پەرلەمان. حیزبەکان ئەگەر ئەیانویست کۆبونەوەی پەرلەمان دوابخرێت، ئەبو فراکسیۆنەکان ڕازی بکەن بە دواخستنی دانیشتنەکە، لە کاتێکدا کە ئەو شەوە ٥ حیزبەکە هیچ پەرلەمانتارێکیان لە شاندی دانوستانەکانیان دانەنابو و، هەر ئەمەش هۆکاریی توڕەیی فراکسیۆنەکانیان بو.

دوای نەبونی نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان، سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ دەرفەتدانەوە بە دانیشتنی حیزبەکان بۆ ڕێکەوتن، ڕاپۆرتی پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی نەخستەوە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی دواتری پەرلەمان. بەڵام پاش بە بنبەست گەیشتنی گفتوگۆی لایەنەکان، بۆ ڕێگری لە هەنگاوی داهاتوی پەرلەمان، پەکیانخست.
٥. باس لەوە ئەکرێت کە پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم بەدەست پەرلەمانەوە شکاوە. ئێمە لێرەوە بە هەموانی ڕادەگەیەنین پڕۆژە یاسای هەمواری چوارەمی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم ئێستاش بۆ پەسەند کردنی لە پەرلەمان ئامادەیە، ئەو فراکسیۆنانەی پڕۆژە یاساکانیان پێشکەش کردوە، زۆرینەی پەرلەمان پێک دەهێنن، فەرمون ئێستاش یان ڕیکبکەون لەگەل لایەنەکەی تر، یان با پەرلەمانتارانیان ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بن لە هەر شوێنێکی کوردستان بۆ پەسەند کردنی بە پێی پەیڕەو و یاسای پەرلەمانی کوردستان.
٦. هەمو ئەوانەی لەسەرەوە باس کران دەرخەری ئەوەن کە کێشەکە لە پەرلەمان و سەرۆکایەتیەکەی نیە و، بە تایبەت بەندە و برای بەڕێزم شێخ فەخرەدین سکرتێری پەرلەمان،بە هاوکاریی زۆرینەی هەرەزۆری فراکسیۆن پەرلەمانتارانی کوردستان، کارمان بۆ یاساسەروەری و چارەسەری قەیرانی سەرۆکایەتیی هەرێم بە یاسا کرد.
ڕاستە، ئێمە ئەزمونمان نیە لە کاری نایاسایی، ئەزمونمان نیە لە گەندەڵی، ئەزمونمان نیە لە پینەوپەڕۆ و چاپلوسی کردن. ئەزمون دەرەنجامی بوێرییە، ئەگینا ئەزمون چ مانایەکی دەبێت ئەگەر ئازایەتی کارکردن بۆ یاساسەروەری و هێنانەکایەی چاکەی گشتیی لەگەڵ نەبێت. ئاخر خۆ ئەزموندار زۆرن لە یاساشکێنی و وێران کردن و ئەنجامدانی گەندەڵی. بەڵێ ئێمە گەنجین و ئەمەش جێی شانازیمانە کە لەم تەمەنەدا ، لەم ساتەوەختە هەستیارەی مێژوی وڵاتمان، شانمان داوەتە بەر بەرپرسیارێتیە گەورەکانی گەلەکەمان. چیدی ئەو ڕۆژگارە تێپەڕی کە تەمەن نیشانەی ئەزمون بێت. ئەزمون خەسڵەتی تایبەتی خۆیی هەیە و، وەک هەر چەمکێکی تر لە دونیای ئەمڕۆدا گۆڕانی بەسەردا هاتوە.

هەمو ئەو قسانەی بە پێچەوانەی ئەمەوە ئەکرێن بێ ئینسافیەکی گەورەیە، کە یان لە بێ ئاگایی و نەشارەزاییەوەیە یان لە خۆگێلکردن و هەوڵدان بۆ چەواشەکاریی ڕای گشتی و بۆ شانخاڵی کردنەوە لە بەرپرسیارێتیەوەیە. کێشەکان لای ئێمە نین و لە شوێنێکی ترەوە سەرچاوەیان گرتوە!!
بۆ نمونە ئەپرسین ئایا ئەکرێت هەمو ڕێکارێکی دیموکراسی بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات پەکبخرێت و ڕێی هەڵبژاردنی گشتنی و هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ لە پەرلەمان پەکبخرێت و، بە بیانوی نەبونی سەرۆکی نوێ، بە ناشەرعی سەرۆکەکان بەردەوام بن لە پێگەکانیان و، هەموان ئەشهەدو بیللا بکەن؟ ئایا ئەکرێت هەر حیزبێکی دەسەڵاتدار هەڵوێستی حیزبێکی تری بە دڵ نەبو، بارەگاکانی دابخات و بیانسوتێنێت و، کادیرە هەڵکەوتوەکانیان تیرۆر بکەن و، هەموان بێدەنگی هەڵبژێرن؟ ئایا ئەکرێت تاکە یەک حیزب هەژمونی بەسەر پایتەختدا هەبێت و، ئەگەر کارێک یان پڕۆژەیەکی پەرلەمان یان حکومەت یان هەر وەزارەتێکی بە دڵ نەبو، دایبخات؟ داخۆ هەر بەڕاست ئەگەر هەر بەڕێزێک پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمی بە هەڵبژارن لەناو خەڵکەوە یان لە پەرلەمانەوە بردەوە، یان حیزبێک یان ئیئتیلافێک زۆرینەی هەڵبژاردنی بردەوە، ئایا دەسەڵاتی ڕادەست ئەکرێت؟ تاکەی بە بیانویی ئەزمونەکەمان و ساوایی و ناسکیەکەی، ئێمە ئەبێت چاو لە حوکمی یاسا و شەرعیەتی یاسایی و دیموکراسی بپۆشین و، پینەوپەڕۆ بکەین، بەڵام لەولاشەوە بەبەرچاومانە دونیا پێشدەکەوێت و ئێمەش هەر بەرەودوا؟ بۆ نمونە هەر سەیری ئەو عێراقە بکەن کە ئیددیعای ئەوە ئەکرا چاو لە ئەزمونی هەرێمی کوردستان بکات، لە ناوجەرگەی شەڕی دژی تیرۆردا ئاڵوگۆڕ لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ئەکرێت، لە پەرلەمانەوە وەزیری بەرگری و دارایی متمانەیان لێوەردەگیرێتەوە، کەس ناتوانێت دەستوەربداتە کاروباری پەرلەمانەوە و پەکی بخات.
دیسانەوە ئەپرسین ئایا تاکەی ئەبێت داهاتی ئەم هەرێمە دیار نەبێت؟ ئایا تاکەی نەوت و گاز ئەفرۆشڕێت و، هەندێک دەبنە ملیاردێر و، خەڵکی کوردستانیش برسی و قەرزار ئەکرێن؟ ئایا تاکەی ئەبێت پەیوەندیەکانی هەرێم شەخسی و حیزبی و نهێنی بن؟ کێ لە ئێوە ئاگاداری سەفقە دەیان ساڵیەکانی بواری وزە و ئاسایشن لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ؟
ئەمانە کێشە بنچینەییەکانی وڵاتی ئێمەن بەڕێزان، کە پێویستە پێکەوە بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە هەوڵی چارەسەری بنەڕەتییان بدەین، چونکە بەردەوام لە ئێستا و لە داهاتو، لەگەڵ ئەم دەستەیە یان دەستەیەکی تری سەرۆکایەتیی پەرلەمان، لەم خولە یان لە خولێکی تری پەرلەمان، بەیانی یان دە ساڵی تریش، هەر سەرچاوەی ئاڵۆزی و ناسەقامگیریی سیاسی و ئابوریی وڵاتمان ئەبن و، دێنەوە ڕێمان. ئێوە هەموتان باش ئەمە ئەزانن هەر وەک چۆن لە کۆبونەوە دوقۆڵییەکاندا باسی ئەکەن، هەموتان ئەزانن دەستگرتنی بەڕێز مەسعود بارزانی بە کورسیەکەیەوە و، قۆرخکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری سەرچاوەی کێشەکانە. بەڵام ئەگەر جورئەتی سیاسیی باس کردنی ئەمانەتان نیە، تکایە لە شوێنێکی تر پینە و پەڕۆی هەڵویست و کارەکانتان مەکەن. دۆخی هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە سەرکردەی ئازا و ڕاستگۆ و خاوەن پڕەنسیپ هەیە، نەک شەن کردن لە هەر شوێنێک با هات!!
بەڕێزان پێتان خۆش بێت یان نا، بە ئاگاییەوە بێت یان لە بێ ئاگاییەوە، ئەم وتانەتان ئەچێتە خانەی ڕەوایی دان بەو کودەتایەی بەسەر شەرعیەت دا کراوە و، ڕێخۆشکەرن بۆ بەردەوامیدان پێی. بە ڕاستی ئەمەش ئەو گومانەمان لا دروست ئەکات کە ڕەنگە پەکخستنی پەرلەمان، رەزامەندیی بێ دەنگ (ضمنی) یان لانی کەم ئاگاداریی هەندێک لایەن و سەرکردەی حیزبیشی لەگەڵ بوبێت. لە کاتێکدا کە دەبو هەموان بە یەک دەنگ بێ دودڵی، پەکخستنی پەرلەمان کە ماڵی هەمو هاونیشتیمانیانە بە هەمو دەنگ و ڕەنگ و حیزب و پێکهاتەکانیانەوە، بە تاوانێکی گەورە تەماشا بکەن. دەبو هەموان بە بارزانییان بوتایە کە پەرلەمان تەنها موڵکی تۆ و حیزبەکەت نیە و، مافی پەکخستنیت نیە!!

ئێستاش فەرمون با هەمومان جەخت لەسەر ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات بکەینەوە. ئێمەش لەگەڵتان هاوکار ئەبین با هەر سێ سەرۆکایەتیەکان بە ڕێی دیموکراسی و لە چوارچێوەی یاسا بگۆڕدێن. فەرمون لەپێناو ئاڵوگۆڕی یەکەمجاری ئاشتیانەی پۆستی سەرۆکی هەرێم، لە پێناو هێنانەکایەی حکومەتی نیشتیمانی، کە لە بری شاردنەوەی، داهاتەکان شەفاف بکات و، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر هاوڵاتیان دا دابەشی بکات، با سەرۆکایەتیی پەرلەمان بگۆڕدرێت. دیسانەوە فەرمون پەسەند کردنی پڕۆژە یاساکانی ئێوە بۆ بە پەرلەمانی کردن و بە سیستەم کردنی هەرێمی کوردستان، چ قوربانیەکی تری پێویستە لە لایەن ئێمەوە، بە وازهێنانیشمانەوە، هەر ئامادەین، بە مەرجێک لە چوارچێوەی یاسادا بن.
لە کۆتایی دا بە پێویستی ئەزانم زۆر سوپاسی هەمو ئەو هاوڕێ و هاونیشتیمانیە خۆشەویست و ئازیزانە بکەم کە لەم چەند ڕۆژەی دوایی و، بە درێژایی ماوەی دەستبەکاربونمان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، پشتیوانیان لێ کردوین بۆ مومارەسە کردنی ئەزمونێکی نوێی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان. بەڵێن بە هەموان ئەدەین کە هەمو هەوڵی خۆمان بدەین بۆ ئەوەی لە جێی چاوەڕوانیەکانی ئەوان بین. بە هیوای ئەوەی هەموان لە کەشێکی ئارام و دور لە شکاندن و ناوزڕاندن بیروڕا و ڕەخنەکانی خۆمان بخەینە ڕو.
هیوادارین ئەگەر هەڵە تێگەیشتنێک هەبوبێت، بەم ڕونکردنەوە بڕەوێتەوە و، ئەمە دواجار بێت ناچار بین لەم بارەیەوە بدوێین.

1460 جار خوێندراوەتەوە
10/02/2017

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە