Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

1

سه‌روه‌ر حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د


دۆناڵد ترامپ‌و ستافی ئیدارە نوێیەكەی، لە 20ـی یەنایەری ئەم ساڵەوە، لە كۆشكی سپی دەستبەكاربوون، لە ماوەی مانگێكدا هەندێك بڕیاری لە ئاستی ناوخۆ‌و دەرەوەی وڵاتەكەی دەركرد، كە دەنگدانەوەی فراوان‌و ناڕەزای هەندێك لە وڵاتانی دیكەی لێكەوتەوە، وە بوو بە جێگای مشتومڕی ناوەندە سیاسی‌و میدیایەكان. لە میانەی ئەم وتارەدا قسە لەسەر داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، لە سەردەمی ئیدارەی نوێ بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترامپ دەكەین، چونكە كارەكتەر‌و دامەزراوە فەرمی‌و نافەرمیەكانی ئەو وڵاتە ڕۆڵی گرنگ‌و بەرچاویان هەیە، لە پرۆسەی دروستكردنی بڕیار‌و وەرگرتنی هەڵوێست لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا، كەلە دیارترینیان ئەمانەن:
یەكەم: دامەزاوەی سەرۆكایەتی ئەمەریكا: ئەم دامەزراوەیە لە لوتكەی دەسەڵاتی سیاسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دێت، كە سەرۆك‌و جێگر‌و یاریدەدەرەكانی سەرۆك‌و نوسینگەی كۆشكی سپی دەگرێتەوە، كە ڕۆڵێكی گرنگ‌و بەرچاویان لە داڕشتنی سیاسەت‌و بڕیار‌و هەڵوێستی دەرەوەی ئەمەریكا هەیە. ئەمەش لە لایەكەوە بۆ دەسەڵاتە فراوان‌و كردەییەكانی سەرۆك دەگەڕێتەوە، كە سیستەمی سەرۆكایەتی وڵاتەكەی پێی بەخشیوە، لە لایەكی دیكەشەوە بۆ پێگەی مەزنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی دەگەڕێتەوە بە هەموو بەشەكانیەوە لە ئەمەریكا. لێرەدا كەسایەتی سەرۆك‌و دید‌و تێڕوانینی خودیی‌و كەسی ڕۆڵ دەبینێت لە پرۆسی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەدا. لە ئێستادا سەرۆكی ئەم دامەزراوەیە كەلە هەمانكاتدا سەرۆكی وڵاتیشە دۆناڵد ترامپە، كەبە كەسایەتیە جیاوازییەكەیەوە ناسراوە، كە بێگومان ڕەنگدانەوەی دەبێت لەم پرسەدا _پرسی داڕشتنی سیاسەت‌و بڕیار‌و هەڵوێستی دەرەوەی ئەمەریكا_. 
دووەم: كۆنگرێسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا: دەسەڵاتی یاسادانان لە ئەمەریكا لە دوو بەش پێكدێت، كە بریتیین لە ئەنجومەنی نوێنەران كە ژمارەیان 435 ئەندامە، لەگەڵ ئەنجومەنی پیران كە ژمارەی ئەندامەكانی 100 كەسە، كۆنگرێسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، دەسەڵاتەكانی یاسادانانی لە نێوان هەر دوو ئەنجومەنەكەدا دابەشكردووە، بە جۆرێك ئەنجومەنی پیران هەڵدەستێت بە كێشانی نەخشەی سیاسەتی گشتی وڵات‌و ئەنجومەنی نوێنەرانیش بە ئەركی چاودێری‌و نوێنەرایەتی گەل‌و داننان‌و دەركردنی یاساكان هەڵدەستێت. وە لە بواری داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەشدا كۆنگرێسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ڕۆڵێكی زۆر گرنگی هەیە، بە تایبەت لە بواری ڕەزامەندی دەربڕین لەسەر واژۆكردنی پەیماننامە‌و ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتیەكان‌و ڕاگەیاندنی شەڕ‌و جەنگ‌و ڕەزامەندی دەربڕین لەسەر پەسەندكردنی كاندیدەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە دامەزراندنی باڵوێز‌و سەفیرەكاندا، وە هەروەها جوڵاندن‌و ڕەوانەكردنی هێزی سەربازی بۆ دەرەوەی سنورەكانی وڵات، پێویستی بە وەرگرتنی ڕەزامەندی كۆنگرێسە.
سێیەم: وەزارەتی دەرەوە ئەمەریكا: وەزارەتی دەرەوە، بە جێبەجێكاری سەرەكی بڕیار‌و ڕاسپاردە‌و هەڵوێستی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا دادەنرێت‌و ڕۆڵێكی زۆر چالاك‌و بەرچاوی هەیە لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی، وە هاوكاریەكی زۆر باشی سەرۆكە لە ڕووی پێدانی زانیاری‌و ئامۆژگاری‌و دیاری كردنی ئەو پرس‌و پێشهاتانەی كە پێویستە وڵاتەكەی هەڵوێستی لە بەرامبەردا وەربگرێت. ئەمە سەرباری ئەوەی ڕێكخستنی سیاسەتی دەرەوە‌و پەرەپێدانی پەیوەندییە دیبلۆماسیەكان هەر لە ڕێگەی ئەم وزارەتەوە دەبێت. لە ئێستادا "رێكس تیلەرسۆن"، كەبە پیاوی نەوتەكە ناسراوە، پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی بەدەستە، كەلە هەمانكاتدا سەرۆكی كۆمپانیای زەبەلاحی نەوت‌و گازی ئێكسۆن مۆبیلە. تیلەرسۆن لە بزنسمانێكی گەورەوە كراوە بە دیپلۆماتی ژمارە یەك، لە كابینەكەی ترامپدا، بۆیە پێشبینی ئەوە دەكرێت كە پرسە سیاسیە جیهانیەكان لە دیدی وزەوە ببینێت نەك بەها باڵا جیهانییەكان.
چوارەم: وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا ناسراو بە پەنتاگۆن: پەنتاگۆنیش یەكێكی دیكەیە لەو كارەكتەرە فەرمیانەی كە ڕۆڵی هەیە لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، كەلە ڕێگەی پێدانی ڕاوێژ‌و زانیاریەكانی بە دامەزراوەی تایبەتمەندتر بە سیاسەتی دەرەوە _وەك دامەزاوەی سەرۆكایەتی‌و وەزارەتی دەرەوە_ ڕۆلی خۆی دەبینێت لە بواری خۆیدا كە بریتیە لە زانیاری سەربازی لەسەر سوپا‌و هێزی وشكانی‌و ئاسمانی وڵاتەكەی. لە ئێستادا "جێمس ماتس" لە ئیدارەكەی ترامپدا ئەم وەزارەتە دەبات بەڕێوە، وە یەكێكە لەو ژەنەراڵە دەگمەنانەی كە لە شەڕدا ئازا‌و لە دەرەوەی بەرەكانی جەنگ كەسێكی خوێندەوارە، وە كاریگەری بەرچاویشی دەبێت لەسەر ئەدای ئیدارەكەی دۆناڵد ترامپ لە چوار ساڵی ئایندەدا.
پێنجەم: ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا: ئەم ئەنجومەنە بە ژوورە ڕەشەكەی نێو داڕێژەرانی سیاسەتی ئیدارەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ناسراوە، وە ئەم ئەنجومەنە وەك دامەزراوەیەكی فەرمی بە دەستەی ڕاوێژی سەرۆك دادەنرێت لە بواری ئاسایشی نیشتیمانی‌و سیاسەتی دەرەوە، چونكە خودی سەرۆكی وڵات سەرۆكایەتی كۆبونەوەكانی دەكات، بە ئەندامێتی هەریەك لە وەزیری دەرەوە‌و دارایی‌و بەرگری‌و یاریدەدەری سەرۆك بۆ كار‌وباری ئاسایشی نیشتیمانی، ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش، بەهێزترین پۆستی ئیدارەی ئەمەریكایە‌و سەرپەرشتی سیاسەتی ئیدارەكە دەكات‌و ناڕاستەوخۆ وەزارەتی دەرەوە‌و بەرگری‌و سی ئای ئەی بەڕێوەدەبات‌و ئاراستەیان دەكات.
شەشەم: ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ناسراو بە سی ئای ئەی: ئەم دەزگایە ڕۆڵێكی چالاك دەگێڕێت لە خستنە ڕووی دید‌و تێڕوانینی خۆی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە‌و بەرگری لەسەر پرسە دەرەكیەكان، وە ئەم دەزگایە لە بواری هەواڵگری كاردەكات‌و وە لەو بوارەشدا زانیاری ورد دەدات بە بەرپرسە باڵاكانی وڵات بۆ وەرگرتنی هەڵوێست‌و داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە. لە ئێستاشدا ئەم دامەزراوە گرنگە لەلایەن "مایك پۆمپیۆ"، بەڕێوە دەچێت، كەبە كەسێكی توند بەرامبەر بە گروپە ئیسلامیە توندڕەوەكان ناسراوە. 
حەوتەم: گروپەكانی فشار‌و بەرژەوەندی: گروپەكانی بەرژەوەندی‌و فشار، بە كارەكتەری نافەرمی هەژماردەكرێن لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا. وە لە دیارترینن ئەو گروپانەش خۆی دەبینێتەوە لە لۆبی یەهودی _ڕێكخراوی ئایپاك_‌و كارگە زەبەلاح‌و گەورەكانی دروستكردنی چەك. ئەم گروپانەی فشار‌و بەرژەوەندی لە هەر كاتێك بیانەوێت بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ‌و نافەرمی كاریگەری دروستدەكەن لەسەر بڕیار بەدەستانی دروستكردن‌و داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە.
هەشتەم: ڕاگەیاندن‌و ناوەندەكانی توێژینەوە: ڕگەیاندنەكان بە تێكڕای جۆرەكانیاوە _بینراو‌و بیستراو‌و خوێندراو_، لەگەڵ ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە‌و توێژینەوە، كارەكتەری نافەرمین لە پرۆسەی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەییەكی بەرچاویان هەیە لە مەیدانەكەدا.
لێرەوەیە دەكرێت بڵێین دروستكردنی بڕیار‌و هەڵوێست لە سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بە تەنها لەلایەن یەك كارەكتەر‌و دامەزراوەوە داناڕێژرێت‌و بەڕێوە ناجێت، بەڵكو كۆمەڵێك كارەكتەر‌و دامەزراوەی فەرمی‌و نافەرمی بەشدار دەبن لەم پرۆسەیەدا‌و هەریەكەشیان بە پێی سەنگ‌و قورساییان ڕۆڵ‌و كاریگەریان دەبێت. بۆیە دەبێت لە كاتی شرۆڤەكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا تەواوی ئەو كارەكتەر‌و دامەزراوانەمان لە پێشچاوبێت بۆئەوەی خوێندنەوەی دروست بۆ هەڵوێست‌و بڕیاری سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بكەین.
ئەمانە ئەو دامەزراوانە بوون، كە ئەمەریكا لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا پشتیان پێدەبەستێ‌، بۆیە پێمان وایە دید‌و سیاسەت‌و ستراتیژییەتی ئیدارەی ترامپ‌و كۆمارییەكان، جیاواز دەبێت لە هەشت ساڵی ئیدارەی ئۆباما‌و دیموكراتەكان. ئەمەش لە لایەكەوە بۆ جیاوازی داڕشتنی سیاسەت‌‌و ستراتیژیەت‌و ئامرازەكانی جێبەجێكردنی سیاسەتی ناوەوە‌و دەرەوەی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە لە نێوان هەردوو پارتی سەرەكی _دیموكرات‌و كۆماریەكان_، لەلایەكی دیكەشەوە بۆ جیاوازی كارەكتەرەكانی نێو ئیدارەی ترامپ دەگەڕێتەوە كە جیاوازتر لە كارەكتەری ئیدارەكانی پێشتر دەردەكەون، كە دەكرێت بڵێین ئەم ئیدارە نوێیە لەسەر بنەمای لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیە ئابوریەكانی ئەمەریكا لە دونیای ناوەوە‌و دەرەوە دەڕوانێت.


1232 جار خوێندراوەتەوە
26/02/2017

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە