داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵی وەرزشی 10:30 + 13:00 شيكارى وەرزشی + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
ئه‌ندازه‌ 21:00 24:00
پرد 10:10
هەواڵى سياسى 10:00 + 12:00 + 14:00 + 17:00 + 18:00 + 19:00 + 20:00 + 22:00 + 23:00 + 23:45
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

تیرۆر هەڕەشە گەورەكەی بەردەرگای هەموو ماڵێك!

شه‌ریف وه‌رزێر



    تیرۆر، كە بە مانای هەڕەشەو تۆقاندن و ڕەشەكوژیی و بەزۆر سەپاندنی بیروڕاو ئیرادە دێت، مێژوویەكی لەمێژینەی هەیەو هەمیشە چەكی دەستی ستەمكاران و بێ بەندوباران و خۆسەپێنان بووە دژ بە هەق و ئازادیخوازان و هەموو ئەوانەی وەك ئەوان بیریان نەكردۆتەوەو تەسلیمیان نەبوون، ئەو راستییە وەك رۆژی روون دەدرەوشێتەوە، كە سەرلەبەری مێژووی مرۆڤایەتی چاخ لە دوای چاخ بەو بەڵایەوە گیرۆدە بووەو هیچ كەسێكی ئازاد و ئازادیخواز نەماوە بەجۆرێك لە جۆرەكان نەكەوێتە بەرخەشمی دنیای تاریكی تیرۆرەوە، لەسەروو هەموانیشەوە پێغەمبەرانی خودا (درودی خوایان لێ بێ) كە هەرچەندە بە پەیامی نوور و هەقیقەتیشەوە هاتوون، بەڵام بەهەموو شێوەیەك لەلایەن فیرعەون و خۆبەخوازانەكانەوە، كەوتوونە بەر ڕەهێڵەی زەبرو زەنگ و هەڕەشەو رەشەكوژیی و گرتن و راونان و دەرپەڕاندن! دیارە تیرۆر لە دنیای ئەمڕۆشدا وەك دیاردەیەكی جیهانیی و بێ ناسنامەو بێ ئایین و شوێن، بۆتە مۆتەكەی مرۆڤایەتیی و تاوان لەدوای تاوانی لێدەبێتەوە.

 بێگومان تیرۆر یەك شێوەو جۆری نییەو بەڵكو  تیرۆری كەسیی و مافیایی و دەوڵەتیی و هەروەها تیرۆری فكریی و دەروونیی و جەستەیی و تاكیی و گشتییش هەیە، بێگومان هەركام لەو جۆرە تیرۆرانە، بۆ ئاشتی كۆمەڵایەتی و ژیانی تاك و كۆمەڵ و مرۆڤایەتی بە گشتیی، یەك لەیەك  ترسناكترن، بەڵام ئەوەی لە هەموان مەترسیدارتر و بێ ئامانترەو هەرگیز بە كەمەندی یاساو دادگاوە نابێ و هەمیشە وەك بەرزەكی بانان بۆی دەردەچێ، یاخود سیناریۆی ناماقوڵ و بێ مەعنای بەدوادادێن و زۆر جاران كەسانی بێتاوانی تێدادەكرێنە جەللاد و تاوانبار!! تیرۆری دەوڵەتیی و دەسەڵاتە! بێگومان نموونەی هەموو ئەو جۆرە تیرۆرانە، لە سەرانسەری دنیادا زۆرن، بەداخەوە لە كوردستانی ئێمەشدا، تیرۆر بە هەموو جۆر و شێوازەكانیەوە، بۆتە دیاردەوهەڕەشەی گەورەی بەردەرگای هەموو ماڵێك، ئەوەتا وێڕای تیرۆری ئیرادەی میللەت و هەژموونی دەسەڵات و خۆسەپاندن،  هەر رۆژە و هەواڵی تیرۆركرانی رۆژنامەنووسێك، زانایەك، یان خاوەن پیشەو چین و توێژێكی دی، دەبێتە هەواڵی میدیاكان و، پاشان كەیسێكی یاسایی رەزاگران و بێناز و بێ ئەنجامیی بەردەمی دادگاكان !!

 لێرەدا بەمەبەستی وەبیرهێنانەوەو دەچڵەكین و هەستكردن بە شەرمەزاریی و نیشاندانی مەترسیداریی دۆخەكە، كە تێیدا جگە لە تیرۆركران، دەیان زانای ئایینی لەسەر گوتنی هەق تووشی لادان و بێڕێزیی و چەرمەسەریی هاتوون و، هەروەها رۆژنامەنووسانیش بە دەیانیان رووبەڕووی هەڵكوتانەسەر و رێ لێگیران و دەستبەسەرداگرتنی كامێڕا وكەل و پەلەكانیان بوونەوە، لێرەدا ژمارەیەك لە قوربانیانی دەستی ڕەشی تیرۆر لە (زانایان و رۆژنامەنووسان)ی ئەم هەرێمە، دەخەینەوە پێش چاو، كە یاساو دادگا لە ئاقار كەیسی هەركامێكیاندا، بەتایبەت لە هەمبەر دەستەڕەشەكانی پشت تاوان و تیرۆرەكانەوە، دەستەپاچەو كۆڵەوار ماوەتەوەو! ئەنجامە راست و دروستەكان، كورد گوتەنی: بوونە بەردی بن گۆمێ و، پرسیاری بێ وەڵام و مەتەڵ!!
تیرۆری زانایان

یەكەم: مامۆستا مەلا عومەری تیمار

   عومەر مستەفا قادر، ناسراو بە: مامۆستا مەلا عومەری تیمار، ساڵی 1952  لە گوندی مەلا ئۆمەری سەربە ناحیەی سورداشی قەزای دوكان لەدایكبووە، خێزاندار بووە، مامۆستایەكی دیار و وتاربێژێكی كاریگەر و رۆشنفكر بووە،  سەعات یەك و نیوی  شەوی 20 لەسەر 21 ی رەمەزان - 21/6/1984  لە نێو ماڵی خۆیاندا لە تیمار تیرۆركراوە. لە 26/6/1984 لە كۆبوونەوەیەكی زانایانی كوردستان و جەماوەرییدا لە چوارقوڕنە، ئەم تاوانە گەورەیە ڕیسواو شەرمەزار كرا.

شایانی باسە مەلا مستەفای باوكیشی لە ساڵی 1966 لەلایەن رژێمی بەعسەوە  لە سەروچاوە گوللەباران كراوەو شەهید بووە.

دووەم: مامۆستا مەلا ئەحمەدی سینەمۆكی

   حەمەد نەبی رەسوڵ، ناسراو بە: مامۆستا مەلا ئەحمەدی سینەمۆكی،  ساڵی 1954 لە گوندی سینەمۆكەی بناری قەندیل - ی سەر بەناحیەی سەنگەسەر لەدایكبووە، خێزاندار بووە و خاوەنی 2 كوڕ و 3 كچ بووە، زانایەكی بەرجەستەو پێشمەرگەی دێرین و وتاربێژی مزگەوتی (صەڵاحەددین)ی چوارقوڕنەو  بەرپرسی مەڵبەندی 3ی بزووتنەوەی ئیسلامیی ئەوكات بووە، شەوی 7 لەسەر 8ی /1/1993 لەبەردەم ماڵی خۆی لە چوارقوڕنە و دوای گەڕانەوەی لە نوێژی خەوتنان تیرۆركراوە.

سێهەم: مامۆستا عەبدولڕەحمان گەناوی

  عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان، ناسراو بە مەلا عەبدولڕەحمانی گەناوی، ساڵی 1938 لە گوندی (گەرمكان)ی بەری ئاسۆسی دیوی پشدەر لەدایكبووە، خێزاندار بووە، جێگری سەرۆكی  یەكێتی زانایانی ئیسلامیی كوردستان بووە، وتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتی عومەری كوڕی خەتاب بووە لە هەولێر، 26/11/1994 لەكاتی نوێژی بەیانی لە میحڕابەكەیدا، دەستی تیرۆری گەیشتۆتێ و بەخەستی زامدار كراوەو، رۆژی 6/12/1994 هەر لە هەولێر بەو هۆیەوە گیانی سپاردوە و شەهید بووە و لە مزگەوتەكەی خۆیدا نێژراوە.

چوارەم: مامۆستا عەبدوڵڵای قەصرێ

   عەبدوڵڵا رەسوڵ ئەحمەد، ناسراو بە: مامۆستا عەبدوڵڵای قەصرێ، ساڵی 1968 گوندی (نێوخان)ی دۆڵی (باڵەییان)ی سەر بە شارۆچكەی قەصرێی  هەولێر لەدایكبووە، خێزاندار بووەو خاوەنی 4 كوڕ و 2 كچ بووە، زانایەكی كاریگەر و وتاربێژێكی سەركەوتوو وئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان بووە، ئێوارەی رۆژی 4/3/2003 لەگەڵ چوار هاوەڵیدا بە ناوەكانی (دلێر حەسەن ئیسماعیل- شێخ توانا، مەحەممەد ئەمین مەحەممەد رەسوڵ - سیروان، ئەحمەد حەسەن ئەحمەد- مەلا ئەحمەد، عەبدولجەبار مەحەممەد پیرۆت - عەبدولجەبار پیرانی) لە كاتی گەڕانەوەیان لە سلێمانیەوە بەرەو رانیە، لە ناو ئۆتۆمبێلێكی جۆری لاندكرۆزەردا، لە بازگەی (تاسڵوجە)ی سلێمانی، كرانە ئامانجی دەستێكی رەش و تیرۆركران.

پێنجەم: مامۆستا مەحەممەد سەنگاوی

  مەحەممەد رەزا مەحەممەد، ناسراو بە: مامۆستا مەحەممەد سەنگاوی،  ساڵی 1963 لە گوندی مەسۆی بەرگەچی سەر بە  ناحیەی سەنگاو لەدایكبووە، خێزاندار بووەو خاوەنی 3 كوڕ و 2 كچ بووە، زانا و نووسەر و ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵ و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق  بووە لە یەكەمین خولی دوای رووخانی رژێمی بەعس،  لە 12 ی رەمەزانی 1427 بەرانبەر 5/10/2006  لەگەڵ (سەڵاح ئیسماعیل حسێن)ی پاسەوانیدا، بە دڕندانەترین شێوە لە بەغدا تیرۆرركراوە.

شەشەم: مامۆستا رەمەزان شكور

   رەمەزان شكور مەحەممەد حسێن، ناسراو بە: مامۆستا رەمەزان شكور، ساڵی 1976 لە گەڕەكی شۆڕیجەی شاری كەركووك لەدایكبووە، خێزاندار بووەو خاوەنی 4 كوڕ و 2 كچ بووە، زانای ئاینی و وتاربێژێكی دیار بووە، سەعات 9 و چل و پێنج دەقیقەی شەوی سێشەممە 29/1/2013 لەكاتی گەڕانەوەی لە (پەیمانگای پێشنوێژ و وتارخوێنان) لە ناوچەی (چیمەن)ی نێوان كەركووك و قەرەهەنجیر، لەلایەن چەند چەكدارێكەوە تیرۆركراوە.

حەوتەم: مامۆستا وشیار ئیسماعیل

  وشیار ئیسماعیل مستەفا، ناسراو بە: دكتۆر وشیار + مامۆستا وشیار، ساڵی 1976 لەدایكبووە، خێزاندار بووەو خاوەنی 4 منداڵ بووە، زانایەكی بەرجەستەو وتاربێژی مزگەوتی (عومەر بندیان) ی هەولێر و، بەرپرسی ناوەندی بانگەواز و زانایانی هەولێری یەكگرتووی ئیسلامیی  بووە، شەوی 22/11/2016 لە ناو ماڵی خۆی لە گەڕەكی (شادی) شاری هەولێر لەلایەن چەند چەكدارێكەوە تیرۆركراوە.
  
هەشتەم: مامۆستا مەحمود عوسمان

    مەحمود عوسمان مەحەممەدئەمین، ناسراو بە مەلا مەحمود، لەدایكبووی پارێزگای هەولێرە، قوتابی دكتۆرا و پێش نوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی سلێمان مەحەممەد بووە لە گەڕەكی سەیداوای هەولێر،  خێزاندار بووە و خاوەنی 3 منداڵ بووە، سەعات 11 ی شەوی 31/1/2017 لەنێو ماڵی خۆیان لە گەڕەكی منارەی شاری هەولێر تیرۆركراوە.

تیرۆری رۆژنامەنووسان

یەكەم: سۆرانی مامە حەمە   
  لە ساڵی 1986 لەدایكبووە، ئەندامی كارای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و دەستەی نووسەرانی گۆڤاری لڤین بووە، خێزاندار نەبووە،  لە شەوی 21/22/7/2008 لە گەڕەكی شۆڕیجەی شاری كەركووك لە بەردەم ماڵەكەی خۆیدا، لەلایەن 3 كەسەوە  تیرۆركراوە.

دووەم: دكتۆر عەبدولستار تاهر
    عەبدولستار تاهر شەریف، ناسراو بە: دكتۆر عەبدولستار، ساڵی 1934 لە كەركووك لەدایكبووە، كەسایەتیەكی سیاسی و مامۆستای زانكۆ بووە، خێزانداربووە و خاوەنی 5 كچ و 3 كوڕ بووە، رۆژی 5/3/2008 لە كەركووك لە تەمەنی 75 ساڵیدا تیرۆركراوە.

سێهەم: سەردەشت عوسمان 
   سەردەشت عوسمان حەسەن، ناسراو بە: سەردەشت عوسمان، ساڵی 1987  لە گەرەكی (كرێكاران)ی شاری هەولێر لەدایكبووە، لە قۆناغی چوارەمی بەشی زمانی ئینگلیزی بووە لە زانكۆی سەڵاحەددین و خاوەنی چەندان نووسین و كاری رۆژنامەوانیی بووە، رۆژی 4/ 5/ 2010 لە كاتێكدا كە توێژینەوەی دەرچوونەكەی پێ بووە بۆئەوەی بیداتە زانكۆ، لەبەردەم زانكۆی سەڵاحەددین لەلایەن چەند كەسێكەوە ڕفێندراوەو دوای چەند رۆژێك تەرمەكەی لە شاری موصڵ دۆزراوەتەوە

چوارەم: كاوە گەرمیانی
   كاوە مەحەممەد ئەحمەد، ناسراو بە: كاوە گەرمیانی، ساڵی 1981  لە كەلار لەدایكبووە، سەرنووسەری گۆڤاری ڕایەڵ بووە، شەوی 5/12/2013  لە كەلار لەنێو حەوشەی ماڵی دایكیدا لەلایەن چەند چەكدارێكەوە دەستڕێژی لێكراوەو تیرۆركراوە، خێزاندار بووەو دوای خۆی بە 17 رۆژ و لە  22/12/2014 تاقە كوڕەكەی بەناوی (ئامەد) لەدایكبووە.

پێنجەم: ویداد حسێن 
  ویداد حسێن عەلی، ناسراو بە: ویداد حسێن،  ساڵی 1988 لە  پارێزگای دهۆك لەدایكبووە، لە ئاژانسی رۆژ نیوزی سەر بە پەكەكە كاری كردووە،  13/8/2016 لە گەڕەكی (ماڵتا)ی دهۆك لەلایەن دوو كەسی دەمامكداری دەمانچە بەدەستەوە، لە تەمەنی 28 ساڵیدا رفێنراوەو دوای چەند سەعاتێك تەرمەكەی لە نێوان  شارۆچكەی سێمێڵ و دهۆك دۆزراوەتەوە.


شەشەم: شكری زین الدین رێكانی
  شكری زین الدین رێكانی، ساڵی 1976 لەدایكبووە، خێزاندار بووەو خاوەنی 9 منداڵ بووە، وێنەگری كەناڵی (كەی ئێ ئێن) بووە، رۆژی هەینی 2/12/2017 دوای چوار رۆژ لە ونبوونی و لە تەمەنی 40 ساڵیدا،  تەرمەكەی لە ئامێدی دۆزراوەتەوە.





381 جار خوێندراوەتەوە
05/03/2017

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە