داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵی وەرزشی 10:30 + 13:00 شيكارى وەرزشی + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
ئه‌ندازه‌ 21:00 24:00
پرد 10:10
هەواڵى سياسى 10:00 + 12:00 + 14:00 + 17:00 + 18:00 + 19:00 + 20:00 + 22:00 + 23:00 + 23:45
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

لەبارەی هەڵکوتانە سەر دەزگای ستاندەر..

هاوژین عومەر کەریم

دەزگای ستاندەر هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، یەکێک بووە لەو دەزگا گرنگانەی توانیویانە خاوەنی چاوێکی تیژ و دەنگێکی دلێر و بیرێکی فراوان و بوێرییەکی زۆر بن بۆ لێکدانەوە و شرۆڤەکردنی بارودۆخی سیاسی و ئابووریی و دۆخی پڕ لە قەیرانی هەرێمی کوردستان..

کارەکتەرەکانی پشت ئەم دەزگایە، هەمیشە کەسانی خاوەن هەڵوێست و بوێر و پەیامدار بوون، بەتایبەتیش خاوەندارەکەی، کە بریتییە لە مامۆستا مەسعود عەبدولخالق و ئەندامانی دیکەی وەکو کاکە فەرمان ڕەشاد.

ئەو ڕەفتارەی کە دوێنێ (چوارشەممە) هێزە ئەمنییە بەناوحکومییەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر نواندیان، لە هەڵکوتانە سەر بارەگای دەزگاکە و داخستنی و ڕێگرییکردن لە سازکردنی سیمینارێکی تایبەت بە ئاڵۆزییەکانی شەنگال، تا ئەوپەڕی دواکەوتوویی و لەرزۆکی و شپرزەیی ئەو دەسەڵاتە دەسەلمێنێت، هەروەک بوویە شانازییەکی دیکەش بۆ دەزگای ستاندەر و ئەندامەکانی..

ئەگەر ئەو سیمینارە بە هێمنی و دوور لەو ڕەفتارەی هێزە ئەمنییەکان بەڕێوە بچوایە، تەنها ئامادەبوان سەداکەیان دەبیست و دەنگۆیەکی ئەوتۆی لێنەدەکەوتەوە، بەڵام ڕەفتارە نەشیاوەکەی ئەو دەسەڵاتەی هەولێر، کاردانەوەی جیاواز و خراپتری بۆ خۆی هێنایە ئارا، بەوەی دەیان جاری دیکە ئەو دەزگایەی گەورەتر کرد لە دڵی کەسانی ئازادیخواز و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

ئەو دەسەڵاتە بە ڕەفتار و هەڵوێستەکانی دەیسەلمێنێت، کە دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک لە حوکمڕانی، خاوەنی هیچ بەهایەکی جوانی فەرمانڕەواییکردن نییە، پەرلەمان لەکار دەخات، شەڕی کوردکوژیی دەکات، سەروەت و سامان بەتاڵان دەبات، هەڵبژاردن دوادەخات، ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێک دەدات، دەروازەکانی ئازادیی بەرتەسک دەکاتەوە، فرەلایەنیی سیاسی تێکدەدات.. سەرتاپای ڕەفتارەکانی هیوابەخش نین و خۆی جاڕی مەرگی خۆی دەدات..

ئێستا لە هەرکاتێکی دیکە زیاتر پێویست دەکات کە لە پێناوی ئایندەی گەشی ئەم هەرێمە، فشاری جەماوەریی و سیاسی و ڕێکخراوەیی لەسەر ئەم دەسەڵاتە خێڵەکییە دروست بکەین، تاوەکو ناچار بە بەخۆداچوونەوە و خۆڕاستکردنەوەی بکەین.. چی دیکەش ڕەوا نییە خەڵک و هێز و ڕێکخراوەکان دەستەوستان دانیشن بەرانبەر ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی بەتایبەت لە شاری هەولێر ڕوودەدەن، هەر لە تیرۆرکردن و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و پەکخستنی دامودەزگاکان و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و هتد..

ئەگەر دەسەڵات پێی وایە بەو ڕەفتارانەی دەنگی ناڕەزایی لەسەر ئاستی جەماوەر و ڕێکخراوەکان کپ دەکات و کەشێکی لەبار بۆ خۆی دەڕەخسێنێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە بەهەڵە تێگەیشتووە.. دەسەڵاتێک ناتوانێت تا سەر بەردەوام بێت ئەگەر هەمیشە لە شەڕدا بێت لەگەڵ هەموو کەسایەتی و کارەکتەرە ئیجابییەکانی نێو کۆمەڵگەکەی خۆی و تەنها خۆشیی لە کەسە هەلپەرست و دواکەوتووەکان بێت..

99 جار خوێندراوەتەوە
16/03/2017

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە