داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 10:00 + 12:00 + 14:00 + 17:00 + 18:00 + 19:00 + 20:00 + 22:00 + 23:00 + 23:45
هەواڵی وەرزشی 10:30 + 13:00 شيكارى وەرزشی + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان
بەیانی 3:17
نیوه‌ڕۆ 12:17
عه‌سر 4:05
ئێواره‌ 7:29
خه‌وتنان 8:44

ھەر دەسەڵاتێک ڕەفتاری بەعس دووبارە بکاتەوە، زو یان درەنگ ھەمان چارەنوسی بەعسیەکانی دەبێت

عەبدولستار مەجید


لە ساڵیادی کارەساتی ئەنفالدا

ھەر دەسەڵاتێک ڕەفتاری بەعس دووبارە بکاتەوە، زو یان درەنگ ھەمان چارەنوسی بەعسیەکانی دەبێت

ڕۆژژمێری ھەر ڕۆژێکی مێژووی ئەم میللەتە ھەلبدەرەوە، زامێکی قوڵ و کارەساتێکی جەرگبڕ و تراژیدیایەک دەبینی، تراژیدیایەک کە نە ئازارەکانی لە جەستەی ئەم نیشتمانەدا کۆتایی دێت، نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زلھێزانیش (کە بەبەرچاوی ئەوانەوە روویداوە و بێدەنگ بوون !) ڕووی ئەوەیان ھەیە سەیری بکەن . دوو گەورە تاوانی ترسناک و دژ بە مرۆڤایەتی کە لەسەر دەستی دڕەندەترین ڕژێمی حاکم لە عێراق دژ بە گەلی کورد کراون (کیمیایبارانی ھەڵەبجە و شاڵاوەکانی بەناو ئەنفال) بوون، کە تیایاندا بە دەیان ھەزار مرۆڤی بێتاوان شەھید و بێ سەروشوێن بوون .

ڕژێمی ڕووخاوی بەعس بۆ شەرعیەتدان بەو تاوانە مەترسیدارانەی دژ بە خەڵکی کوردستان ئەنجامیدەدا، بەرگێکی ئاینی دەکرد بە بەریدا و بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەی گەلی کوردی پێ قڕدەکرد، دەستەواژیەکی ئیسلامیی دەکردە ناونیشانی، تا ھەم لای جیھانی ئیسلامیی و عەرەبی کورد وەک میللەتێکی بێ باوەڕ و خۆشی وەک پاڵەوان بناسێنێت، ھەم لە ئاستی ناوخۆشدا ئیسلام ناشیرین بکات وەک ھۆکارێک بۆ لەناوبردنی کورد پێشانی بدات ! ڕژێمی بەعس لە زۆربەی تاوانەکانیدا دژ بە گەلەکەی خۆی و، لە دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دیکە و پەلاماردانیان، ھەمیشە ناونیشان و دروشمە ئیسلامییەکانی بەکارھێناوە، کە لە ناوەڕۆکدا ئەم ڕەفتارەی بەعس مەرام و سیاسەتێکی مەترسیدار و قێزەونی لەھەناوی خۆیدا حەشاردابوو ئەویش لەناوبردنی (دین و ژین) ی ھەموو ئەوانە بوو کە بە حوکمی ئاگر و ئاسنی سەدام و حزبەکەی قایل نەبوون ! سەدام و ڕژێمەکەی ڕۆیشتن و گەلی کوردیش مایەوە، بەڵام بەداخەوە ھێشتاش کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان بە دەست ئازار و برینەکانیانەوە دەناڵێنن و دەسەڵاتی خۆماڵیش نەیتوانی وەک پێویست ئەو برینە بە سوێیانە ساڕێژ بکات ! ئەگەر وڵاتانی دیکە ئیسلامیان بەکارھێنابێت بۆ بەرژەوەندی و بونیادنانی وڵاتی خۆیان، ئەوە دەسەڵاتی سیاسی کورد تەنانەت نەیتوانیوە ئەوەش بکات و سود لە ئاینی گەلەکەی خۆی وەربگرێت و لە سایەیدا ھەم خۆی بونیاد بنێت ھەم خەبات و کوردایەتی خۆی بکات .

ئەم جینۆسایدە لە مێژووی کورددا تۆمارکراوە و نەوە دوای نەوە بەو تاوانە قێزەون و مەترسیدارە ئاشنا دەبێت، سەدام و بەعس ڕۆیشتن و بوون بە بەشێک لە مێژوو، بەڵام بەداخەوە تا ئەم ساتەش زۆر لە کلتور و ڕەفتارەکانی لەناو ئەدەبیاتی سیاسی و حزبەکانی باشوری کوردستاندا وجودی ھەیە و مەترسیەکی گەورەیە لەسەر ئایندە و ئێستای گەلی کورد و ژیانی خەڵکی کوردستان . خوای گەورە بە ڕوون و ڕاشکاویی ھۆشدارییمان پێدەدات کە ڕەفتاری ستەمکاران دووبارە نەکەینە و پەند لەوان وەربگرین کە دەفەرموێت " وسکنتم فی مساکن الژین ڤلموا ڕنفسھم وتبین لکم کیف فعلنا بھم وچربنا لکم الڕمپال "، بەڵام پێدەچێت نغرۆبوونی ستەمکار و دیکتاتۆرەکان ھێشتا نەبوون بە پەند و وانە بۆ ئێمە، بۆیە حاڵی خەڵک و وڵاتمان بەم ڕۆژە گەیاندووە ! زۆر گرنگە کە ئەم کلتورە ڕەشە لە پرۆسەی سیاسی و ژیانی حزبایەتی و تەونی کۆمەڵایەتی ئێمە بۆ ھەمیشە لەناوببرێن، وەک چۆن خوای گەورە خاوەنەکەی کە (بەعس) بوو لەناوبرد، چونکە چی ھۆکارێک بگریتەبەر، لەکۆتاییدا ئەنجامێکی دەبێت ھاوشێوەی ھۆکارەکان.

ھەر دەسەڵاتێکی سیاسی و ھەر تاقمێکی حوکمڕان ڕەفتاری بەعس ئاسا دووبارە بکاتەوە لەگەڵ خەڵک و میللەتی خۆی، گومانی تێدا نیە زوو یان درەنگ ھەمان چارەنوسی بەعس و سەرانی ئەو ڕژێمەی دەبێت.

لەم یادە خەمناکەدا درود و سڵاو بۆ گیانی ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە کە شاڵاوی (بەناو ئەنفال)ی بەعسیەکان چرای ژیانیانی کوژاندەوە و مەرگی ئەوانی کردە زامێکی قوڵی دیکەی جەستەی ئەم نیشتمانە، خوای گەورە پلەی یەک بەیەکیان بڵند بکات و مەئوایان بەھەشت بێت .

1420 جار خوێندراوەتەوە
14/04/2017

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە