نوکتە بێتامەکەو راستییە سادەکان!
ئاسۆس ههردی
لەسەردەمی منداڵیدا نوکتەیەکی بێتامم بیستووە، رەنگە ئێوەش بەرگوێتان کەوتبێو ئەمەی من تەنها وەبیرهێنانەوە بێ:
"دەڵێن شەوێک کابرایەک دەچێتە سەر ماڵێک بۆ دزی. بە پەنجەرەی ماڵەکەدا هەڵدەگەڕێ. ئەوسا پەنجەرەکان تەختە بوونو بە گەرماو سەرماو تەڕوتووشی پاش ماوەیەکی کەم دەڕزینو بە ئاسانی دەشکان. کابرا کاتێک بەسەر پەنجەرەکەدا سەردەکەوێ بۆ ئەوەی بچێتە سەربانی ماڵەکە، تەختەکەی ژێر قاچی ورد دەبێو دەکەوێتە خوارەوە. لە ئەنجامیشدا قاچی دەشکێ. بۆ بەیانی دەچێتە لای حاکمو شکات لە خاوەن ماڵەکە دەکا. حاکمی عادلیش (!) لەبری ئەوەی کابرا بگرێ کە بەدەمی خۆی دان بەوەدا دەنێ بۆ دزی چووە، خاوەن ماڵ دێنێتە گیروگازو دەڵی دەبێ قەرەبووی قاچە شکاوەکەی بکەیتەوە، چونکە ئەگەر پەنجەرەکەی تۆ ساغ بوایە، دزەکە قاچی نەدەشکا"!
زۆرێک لەو لێدوانو شیکردنەوانەی ئەمڕۆ سەبارەت بە دۆخی سیاسیی هەرێم دەیبیستین، بەتایبەت لەلایەن قەڵەم بەدەستەکانی پارتیو یەکێتییەوە، رێک لە حوکمی ئەو حاکمە دەچێت. بۆنموونە دەڵێن: "هەتا ئۆپۆزسیۆن پەیدا نەبوو بوو، دۆخی ئابووری کوردستان زۆر باش بوو، کێشەمان نەبوو، مووچە لەکاتی خۆیدا دەدرا"!! وەک ئەوەی قاسەکەی کوردستان لەدەستی ئۆپۆزسیۆندا بووبێو ئەوان ئێمەیان بەم حاڵە گەیاندبێ! زۆر چاوقایمانە ئەو راستییە سادەیە ژێرپێ دەنێن کە لەدوای راپەڕینەوە موقەدەراتی خەڵکی کوردستان بەدەست پارتیو یەکێتییەوە بووەو هەموو ئەو قەیرانانەی ئەمڕۆ تووشی بووین، ئەنجامی بێبەرنامەیی، سیاسەتی هەڵەو گەندەڵیی ئەو دوو هێزەیە، نەک هیچ شتێکی تر.
یاخود سەبارەت بە قەیرانی سیاسیی کوردستان، لەبری ئەوەی بڵێن سەرچاوەی قەیرانەکە ئەوەیە: "سەرۆکی هەرێمێکمان هەیە بە ناهەقو نایاسایی بە کورسییەکەیەوە نووساوەو بە ئامانو زەمان ئامادە نیە بێتەخوارەوە"، بە سەرۆکە شەرعیو یاساییەکەی پەرلەمان دەڵێن: "عینادی دەکاو ئامادە نیە لەپێناوی چارەسەری قەیرانەکەدا واز لە کورسییەکەی بێنێ"!!!
بەکورتی ئەو نەخشەرێگایەی خۆی لەو راستییە سادانە هەڵە بکات، نەخشەرێگای چارەسەری قەیرانەکان نیە، بەڵکو نەخشە رێگای تەسلیمبوونە بە خۆسەپاندنو لەناوبردنی شەرعییەتو سووککردنی یاساو ئیرادەی دەنگدەرانی خەڵکی کوردستان.
776 جار خوێندراوەتەوە
10/05/2017
هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە