داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵی وەرزشی 10:30 + 13:00 شيكارى وەرزشی + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
ئه‌ندازه‌ 21:00 24:00
پرد 10:10
هەواڵى سياسى 10:00 + 12:00 + 14:00 + 17:00 + 18:00 + 19:00 + 20:00 + 22:00 + 23:00 + 23:45
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی پاره‌ ، ڕه‌خنه‌ی جدی و لوتکه‌ی کۆیلایه‌تی

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح

‌  

هه‌ندێک نووسه‌ری جدی، ڕێزم بۆیان..
به‌شێک له‌ ڕۆژنامه‌نووسانی به‌ناو ئازاد، مامۆستای زانکۆ، نووسه‌ر، که‌وتوونه‌ته‌ ڕه‌خنه‌ی توند له‌ ئێمه‌ بۆ ناوی ئه‌وانه‌ ئاشکرا ناکه‌ین که‌ پاره‌یان بردووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌..
ته‌نانه‌ت چه‌ندین به‌رپرس ته‌له‌فون ده‌که‌ن و ده‌ڵێن: ناو بڵاوبکه‌ره‌وه‌. 
شوقه‌کان هی کێن؟ 
جاری ئه‌و به‌ڵگانه‌ی بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی پاره‌ لای منه‌ سه‌دجار له‌و شوقانه‌ زیاتره‌ که‌باسی ده‌که‌ن. 
دۆخه‌که‌یان گه‌یانده‌ ئه‌وه‌ی که‌سێک نووسیویه‌تی حه‌قه‌  عه‌لی به‌ردباران بکرێت.. 
٢٧ ساڵه‌ دزی لێده‌که‌ن، که‌لیمه‌ قسه‌ ناکات، به‌رده‌وام له‌به‌رده‌ست و به‌ر ماڵی ئه‌م به‌رپرسه‌ فاسیدانه‌دایه‌. 
ئێستاش به‌ فیتی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی که‌ ساڵانێکه‌ ئه‌م وڵاته‌ ده‌ڕوتێننه‌وه‌، که‌وتوونه‌ته‌ په‌لاماردان بۆ داخستنی دۆسییه‌ی بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی پاره‌.  
 ساڵێکه‌ هاوار ده‌که‌ین، ده‌ڵێین ٤٠٠ په‌ڕه‌ به‌ڵگه‌م لایه‌ پاره‌ براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، بڕیاری دادگای تێدایه‌. 
له‌ ڕێگای بانکه‌کانه‌وه‌ براوه‌، کامتان که‌لیمه‌ قسه‌تان کردووه‌.. 
بۆ سه‌لماندنی بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی پاره‌، چه‌ندین به‌ڵگه‌م  ده‌ستکه‌وتووه‌ له‌ ڕێگای یاساییه‌وه‌ کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ین، له‌ پێناوی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی حه‌قی میلله‌ته‌که‌م ده‌ستمان بردووه‌ بۆ هه‌ستیارترین فایل، بێ ترس و بێ چاوپۆشی ئاماده‌بووم ژیانم دانێم، بێمنه‌تانه‌ به‌هه‌ڕه‌شه‌کانیانم وتووه:‌ بێمنه‌ت بن و من به‌رده‌وامم. 
من ناوی که‌سم نه‌هێناوه‌و ناشی هێنم، نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ترسین یان چاوپۆشی ده‌که‌ین، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شه‌ڕێکی لاوه‌کی سه‌رقاڵ نه‌کرێین. 
ده‌ی سه‌لمێنین ئه‌م پارانه‌ براوه‌، ده‌شزانین هی خه‌ڵکی کوردوستانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مانه‌ هی کام به‌رپرسن دامه‌زراوه‌ی گه‌وره‌ی ده‌وێت بۆ لێکۆڵینه‌وه‌، وه‌ک دۆسییه‌ی سکانداڵی پاناما.  
ئه‌وانه‌شی بۆ شه‌ڕی ته‌که‌تولات ئه‌م دۆسیه‌ به‌کاردێنن و ده‌یانه‌وێت به‌لاڕێیدا به‌رن کارێکی قێزه‌ون ده‌که‌ن، به‌شێک له‌وانه‌ له‌ هه‌موو که‌س گه‌نده‌ڵ ترن. 

به‌نیازی چین؟ 
ئه‌م براده‌رانه‌ باش ده‌زانن به‌رپرسه‌کانیان موڵکه‌کان به‌ناوی خۆیان ناکه‌ن و به‌ناوی که‌سانی نزیکیان ده‌که‌ن، سه‌لماندی ئه‌مه‌ له‌ دادگا قورسه‌و ئیشی ده‌وێت، وه‌ک کۆمپانیاکانی ئێره‌یان، من ١٠٠٪ دڵنیام چیان بردووه‌و چیان کڕیوه‌، به‌ڵام سه‌لماندنی یاسایی بۆ ناوی که‌سه‌کان قورسه‌و کاری ده‌وێت. ..
ئێستا ده‌یه‌وێت ناوێک بڵێم و بڕوات له‌و دادگایه‌ی خۆیان به‌ سکاڵایه‌ک پاک بێته‌وه‌ له‌وه‌ی ساڵانێکه‌ ده‌یکه‌ن. 
ده‌رفه‌تی ئه‌مه‌ ناده‌ین و ده‌مانه‌وێت له‌ ڕێگای یاساییه‌وه‌ بگه‌ینه‌ ئه‌نجام. 
ئێستا به‌ڵگه‌م لایه‌ پاره‌که‌ براوه‌ته‌ ده‌ره‌و له‌ دادگا ده‌یسلمێنم، لای تۆ بایه‌خی نییه‌!
سه‌دان به‌ڵگه‌ی دزینی داهات و پاره‌ی نه‌وت و داگیکردنی زه‌ویمان بڵاوکرده‌وه‌، لای تۆ بایه‌خی نه‌بوو!
بۆ شه‌ش ملیار دۆلاره‌که‌ی نه‌وت له‌ بانکیHSBC بوو، له‌و بانکه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌و نه‌زاندرا چی لێهات، چۆن دابه‌شکرا چیت وت..
 خۆ ئه‌وه‌ ڕێک په‌نجا هێنده‌ی نرخی شوقه‌کانه‌!
بۆ داهاتی دیارنه‌بووی سلێمانی چیت وت... داهاتی سێ مانگ، نرخی شوقه‌کانه‌! 
بۆ داهاتی ئه‌و نه‌وته‌ی که‌ هه‌موویمان ئاشکرا کرد چیت وت؟ سه‌د هێنده‌ی نرخی شوقه‌کانه‌! 
بۆ پاره‌کانی بانکی کوردستان چیت وت؟ 
بۆ داگیرکردنی زه‌وی گشتی چیت وت؟
بۆ سه‌دان دۆسییه‌ی دیکه‌ی گه‌نده‌ڵی چیت وت؟ 
خێره‌ بۆ ژماره‌یه‌ک شوقه‌ که‌ زۆر زۆر که‌متره‌ ١٪ ئه‌وانه‌ی لێره‌ به‌ به‌رچاوته‌وه‌ ده‌کرێت، ده‌ڵێییت ناو بڵێ؟ هه‌ر به‌ڕاست نازانن کێ چی کردووه‌؟ 
دڵنیام تۆ باش ده‌زانیت ئه‌م به‌رپرسانه‌ پاره‌ی میلله‌ت ده‌دزن و ده‌یبه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، دڵنیایی ئه‌م پارانه‌ هی خۆتان و هاونیشتیمانیه‌کانتانه‌، به‌ڵام کۆیلایه‌تیت ڕێگای هه‌ڵوێستی لێگرتوویت، که‌منیش ده‌مه‌وێت شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان بکه‌م ده‌ته‌وێت ده‌ستم بگریت. 
دڵنیابن نه‌ له‌که‌س ده‌ترسم و نه‌ چاوپۆشی له‌که‌س ده‌که‌م، به‌ڵام ده‌مه‌وێت هه‌موو کاره‌کان به‌شێوه‌ی یاسایی بێت، بیانوو ناده‌مه‌ ده‌ست که‌ به‌رپرسێک ٢٧ ساڵه‌ دزی ده‌کات و ئێستا موڵکی به‌ناوی چه‌ند که‌سێکه‌وه‌ کردووه‌، بچێته‌ دادگاو خۆی پاک بکاته‌وه‌، ده‌مه‌وێت به‌وردی له‌سه‌ر ئاستی عێراق و نێوده‌وڵه‌تی بیسه‌لمێنین چی براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌. 
پێشتر سه‌دان به‌ڵگه‌م دابه‌ داواکاری گشتی ده‌سته‌ی ده‌ستپاکی، به‌رهه‌می نه‌بوو. تۆ چیت وت؟ 
به‌رده‌وامم و به‌رهه‌میشمان ده‌بێت، ئه‌م شه‌ڕه‌ ده‌که‌م ئه‌گه‌ر به‌ته‌نیاش بم، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌ممان هه‌بێت پێویستمان به‌ پشتیوانیه‌..
به‌هیوام دڵسۆزه‌کانی نیشتیمان به‌ده‌نگ بێن و پشتی یه‌ک بگرین. 


2845 جار خوێندراوەتەوە
18/05/2017

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە