Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

1

عارف قوربانى


ئه‌گه‌ر تا ئه‌وكاته‌ی‌ كاك نه‌وشیروان له‌ ژیاندا بوو، ناته‌بایی‌ سیاسی‌ و ئه‌و شێواوییه‌ له‌ نێووماڵی‌ كورد و تێكچوونی‌ یه‌كڕیزی‌ میلله‌ته‌كه‌مان كارێكی‌ خراپ بووبێت، ئه‌وه‌ له‌ دوای‌ كاك نه‌وشیروان مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و دۆخه‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌بێته‌ مه‌ترسی‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی‌ كوردستان. چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا سه‌ره‌ڕای‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ كاك نه‌وشیروان له‌ شێوازی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ هه‌رێم و حوكمڕانیه‌كه‌ی‌، به‌ڵام ئه‌و پیاوێك بوو خۆی‌ به‌ یه‌كێك له‌ به‌دیهێنه‌رانی‌ ئه‌م ئه‌زمونه‌ و به‌ كۆڵه‌كه‌ی‌ پارێزه‌رانی‌ ده‌زانی‌، به‌ چاوێكی‌ پڕ له‌ ئومێدیشه‌وه‌ ده‌یڕوانیه‌ ئاینده‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ رێگه‌ی‌ له‌ زۆر مه‌ترسی گرتبوو كه‌ هه‌ڕه‌شه‌بن بۆ سه‌ر ئه‌زمونی‌ كوردستان. 
هێشتنه‌وه‌ی‌ دۆخی‌ كوردستان له‌ناو هه‌مان ئه‌و بازنه‌یه‌ی‌ وا بۆ دوو ساڵ ده‌چێت تیایدا گیری‌ خواردووه‌، له‌گه‌ڵ هاتنه‌پێشی‌ ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ چاوه‌ڕوانكراوانه‌ی‌ وه‌ك لێكه‌وته‌ی‌ كۆتایی‌ سیناریۆی‌ داعش دێنه‌پێش، نه‌مانی‌ كاك نه‌وشیروانیش له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌، ده‌رگای‌ كوردستان به‌ كراوه‌یی‌ بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌ مه‌ترسیداره‌كان ده‌خاته‌ سه‌رپشت. بۆ ئه‌وه‌ی‌ كوردستان ئاماده‌بێت بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی‌ مه‌ترسیه‌كان و قۆستنه‌وه‌ی‌ ده‌رفه‌ته‌كانیش، پێویستی‌ به‌ رێكخستنه‌وه‌ی‌ ناو ماڵه‌كه‌ی‌ هه‌یه‌. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئاماده‌یی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا یارمه‌تیده‌ر نه‌بووبێت بۆ ئاشتی‌ و یه‌كڕیزیی‌ كورد، ئایا نائاماده‌یی‌ ئه‌و خزمه‌ت به‌ ئاشته‌وایی‌ ده‌كات.؟ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ دوو رۆژی‌ دوای‌ كۆچه‌كه‌یدا هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌ خودی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیشه‌وه‌ له‌ گوتار و به‌یاننامه‌كانیان هیوای‌ ئه‌وه‌ ده‌خوازن ئه‌م كۆسته‌ گه‌وره‌یه‌ ببێته‌ مایه‌ی‌ ئاشتی‌ ناو ماڵی‌ كورد.

راسته‌ نه‌وشیروان مسته‌فا لایه‌نێكی‌ گرنگی‌ هاوكێشه‌كان بوو، ده‌توانرا به‌ پێكهاتن له‌گه‌ڵ ئه‌و، به‌شێكی‌ زۆر له‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بن. به‌ڵام خۆ كاك نه‌وشیروان هۆكاری‌ هه‌موو ناته‌بایی‌ و ئاڵۆزیه‌كانی‌ كوردستان نه‌بووه‌ تا به‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی‌ ئه‌و چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌ بكرێت ئیتر ئاشتی‌ و ئارامی‌ له‌ كوردستان به‌رقه‌رار ده‌بێت، چاوه‌ڕوانیه‌كی‌ له‌و جۆره‌ پێش هه‌ر شت زوڵمه‌ له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كرێت. نزیك به‌ دوو ساڵی‌ رابردوو زۆر رووداو هاتنه‌پێش و ده‌كرا بكرێن به‌ ده‌رفه‌ت بۆ ئاشتی‌ و به‌شێكیان په‌یوه‌ندیان به‌وه‌وه‌ هه‌بوو. زۆر كه‌س و به‌نده‌ش چه‌ندین جار پێشنیازی‌ ئه‌وه‌مانكرد بارزانی‌ ده‌ستپێشخه‌ری‌ بكات، به‌ سه‌ردانیكردنی‌ ماڵی‌ ركابه‌ره‌كه‌ی‌، به‌ كردنه‌وه‌ی‌ ده‌رگای‌ ماڵه‌كه‌ی‌ ئه‌و، ده‌رگا بۆلێكنزیكبوونه‌وه‌ و ده‌ستپێكردنی‌ گفتووگۆ بۆ چاره‌ی‌ كێشه‌كان بكاته‌وه‌، نه‌یكرد. واتا ده‌كرا رووداوه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ كاك نه‌وشیروان له‌ نه‌خۆشكه‌وتنی‌، له‌ نه‌شته‌رگه‌ریی‌، له‌ كۆچی‌ هاوژینه‌كه‌ی‌، له‌ دواجاری‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ بكرایان به‌ ده‌رفه‌ت بۆ كردنه‌وه‌ی‌ گرێكوێره‌كان، كه‌ ئه‌وكاتانه‌ نه‌كران و هه‌موو ده‌رفه‌ته‌كان تێپه‌ڕین، ئایا ئێستا له‌ كوێدا ده‌توانرێت نه‌وشیروان مسته‌فا بكرێت به‌ ده‌رفه‌تی‌ ئاشته‌وایی‌.؟

ته‌نها شتێك كه‌ ئه‌ویش ئه‌گه‌رێكی‌ لاوازه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بارزانی‌ دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ له‌ كۆڕبه‌ندی‌ ئابوری‌ جیهانی‌ له‌ ئوردن، بچێته‌ ماڵی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا و له‌ نزیكه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشی‌ له‌ خانه‌واده‌كه‌ی‌ و حیزبه‌كه‌ی‌ بكات و له‌وێ‌ داوای‌ ئه‌وه‌ بكات با له‌م ماڵه‌وه‌و ئه‌م كۆسته‌ بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تی‌ تێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ پڕ له‌ كه‌ندو كۆسپه‌، به‌ داوه‌تكردنی‌ گۆڕان بۆ سه‌ر مێزی‌ گفتووگۆ و جۆرێك له‌ دڵنیایی‌ پێدانی‌ پێشوه‌خته‌ به‌ سازشكردن بۆ یه‌كتری‌ و ده‌ستبه‌رداربوون له‌و ئینكارییه‌ سیاسیه‌ی‌ بووه‌ته‌ هۆكاری‌ چه‌قبه‌ستنی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ له‌ كوردستان، ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ نه‌ك مردنی‌ كاك نه‌وشیروان نابێته‌ ده‌رفه‌ت بۆ ئاشتی‌، به‌ڵكوو بارودۆخه‌كان ئاڵۆزتر ده‌كات و روداوگه‌لێك دێنێته‌پێش ده‌بێته‌ ته‌گه‌ره‌ی‌ گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م هه‌ر ده‌رفه‌تێك كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ كۆتایی‌ شه‌ڕی‌ داعش بۆ كورد دروست بێت.
وه‌ك چۆن پێشتر چاوه‌ڕێكردن له‌وه‌ی‌ كاك نه‌وشیروان ده‌ستپێشخه‌ری‌ بكات و پرۆژه‌یه‌كی‌ هه‌بێت بۆ رێكخستنه‌وه‌ی‌ ناو ماڵی‌ كورد، چاوه‌ڕوانیه‌كی‌ هه‌ڵه‌بوو. چونكه‌ نه‌ ده‌كرا ئه‌و له‌سه‌ر حسابی‌ سازشكردنی‌ گۆڕان ئه‌و كاره‌ بكات له‌كاتێكدا ده‌سه‌ڵات له‌ شوێنێكی‌ تربوو. ئێستاش چاوه‌ڕوانیكردنی‌ ئه‌وه‌ی‌ كۆچی‌ دوایی‌ كاكه‌ نه‌وه‌ ده‌رگا بۆ ئاشته‌وایی‌ بكاته‌وه‌، چاوه‌ڕوانیه‌كی‌ بێ‌ بنه‌مایه‌، ئه‌وه‌ی‌ پێشتر و ئێستاش ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ده‌رفه‌ت دروستبكات بۆ ئاشبوونه‌وه‌ی‌ نێوان لایه‌نه‌كان و كردنه‌وه‌ی‌ ده‌رگای‌ گفتوگۆ و گرتنه‌به‌ری‌ رێگه‌ی‌ رێكخستنه‌وه‌ی‌ ناو ماڵی‌ كورد، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌. چونكه‌ لایه‌نێكی‌ گه‌وره‌ی‌ كێشه‌كانه‌ و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات لای‌ ئه‌وه‌، كه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ كێشه‌كانیش په‌یوه‌ندیان به‌ ده‌سه‌ڵات و شێوازی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌ڵام گرفته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ پارتی‌ توشی‌ غروری‌ سیاسی‌ هاتووه‌، ئه‌و غروره‌ به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌رچاوی‌ لێڵ كردووه‌ دیمه‌نه‌كان وه‌ك خۆیان نابینێ‌. ئه‌وه‌ی‌ مایه‌ی‌ مه‌ترسی‌ گه‌وره‌شه‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی‌ كوردستان، سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ له‌و غروره‌ سیاسیه‌وه‌ گرتووه‌.

ئه‌گه‌ر پارتی‌ و هه‌ر لایه‌كی‌ تریش گره‌ویان له‌سه‌ر مه‌رگی‌ كاك نه‌وشیروان بوو، پێیان وابوو دۆخی‌ ته‌ندروستی‌ به‌ره‌و مه‌رگی‌ ده‌بات و دوای‌ خۆی‌ گۆڕان ناتوانێ‌ به‌رده‌وام بێت. بڕیاری‌ ناشتنی‌ ته‌رمه‌كه‌ی‌ له‌ گرده‌كه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و چاوه‌ڕوانیه‌ بوو، به‌ هه‌موو لایه‌كیان ووت گۆڕان به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌و ویستوویه‌تی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌ بمێنێ‌ بۆیه‌ وه‌سیه‌تی‌ كردووه‌ له‌ باره‌گای‌ سه‌ره‌كی‌ رێكخراوه‌كه‌ی‌ بینێژن، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئاماده‌گی‌ به‌رده‌وامیی‌ خۆی‌ له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ی و رێگری‌ له‌ هه‌ر لادانێك له‌ پره‌نسیپه‌كانی‌ گۆڕان.

ئه‌گه‌ر پێشتر پارتی‌ بۆ ماوه‌یه‌ك گومانی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌بوو گۆڕان جۆرێكه‌ له‌ یاریی‌ نێوان تاڵه‌بانی‌ و نه‌وشیروان و به‌و هۆیه‌وه‌ پێی‌ هه‌زم نه‌ده‌كرا، كه‌ له‌وه‌ش دڵنیابوو تێگه‌یشتنه‌كه‌ی‌ هه‌ڵه‌یه‌، دواتر پێی‌ وابوو ده‌رئه‌نجامی‌ پێگه‌ و كاریگه‌ری‌ خودی‌ نه‌وشیروان مسته‌فایه‌ و ناكۆكیه‌ سیاسیه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی‌ له‌ ده‌ور كۆكردۆته‌وه‌و به‌ كۆتایی‌ خۆی‌ كۆتایی‌ دێت. ده‌ركه‌وت ئه‌و تێگه‌یشتنانه‌ هه‌ڵه‌ن، ده‌بێت پارتی‌ له‌و راستیه‌ تێبگات گۆڕان وه‌ك واقیعێك و وه‌ك پێویستیه‌كی‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ ستراتیژیه‌تی‌ خۆیدا پێ‌ بنێته‌ قۆناغی‌ قبوڵكردنی‌ گۆڕانه‌وه‌. كه‌ پێشتر پارتی‌ ئه‌مه‌ی‌ نه‌كردووه‌ و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ گۆڕانی‌ پێ‌ هه‌زم نه‌كراوه‌. به‌ تایبه‌تیش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌یانزانی‌ ره‌وشی‌ ته‌ندروستی‌ به‌جۆرێكه‌ ژیانی‌ به‌رده‌وام نابێت، یاریان به‌ كات ده‌كرد، وه‌ك چاوه‌ڕوانیه‌ك و گره‌وێك له‌سه‌ر مه‌رگی‌ خۆی‌ و به‌دوایدا مه‌رگی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌.

ئێستاش به‌ دور نازاندرێت پارتی‌ كاتێكی‌ زۆر به‌دیار چاوه‌ڕوانی‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ یه‌كێتیی‌ و گۆڕانه‌وه‌ بكوژێت و درێژه‌ به‌و دۆخه‌ خراپه‌ بدات، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و چاوه‌ڕوانیانه‌ش بێ‌ ئاكام ده‌مێننه‌وه‌. گۆڕان ده‌مێنێته‌وه‌ و پێویسته‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ بكرێت. ئێستا ئیتر به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ لای‌ پارتیه‌ ماڵی‌ كورد رێك ده‌خاته‌وه‌، یان وێران.

3233 جار خوێندراوەتەوە
22/05/2017

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە