داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
ژێرخان 10:10 شه‌و، ته‌نها رۆژانی شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان
بەیانی 4:27
نیوه‌ڕۆ 11:54
عه‌سر 2:59
ئێواره‌ 5:48
خه‌وتنان 6:58

کۆمەڵی ئیسلامیی و تۆمەتی پاشکۆیەتیی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان!!

هاوژین عومەر کەریم


ئێستا و لە سەروبەندی قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە چۆنێتیی چارەسەرکردنی قەیرانەکان، هەندێک ئەندام و هەواداری هێزەکانی نەیار بە پرۆژە و دیدگا سیاسی و یاساییەکانی هەریەک لە کۆمەڵی ئیسلامیی و بزووتنەوەی گۆڕان، بە دوو زاراوە گوزارشت لە شەڕی سارد و جەنگی سیاسیی خۆیان بەرانبەر ئەم دوو هێزە دەکەن، لە لایەک بزووتنەوەی گۆڕان بە هێزێکی عیناد ناوزەد دەکەن، لە لایەکی دیکەش پێیان وایە کۆمەڵی ئیسلامیی بووەتە پاشکۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەنگاو و هەڵوێستە سیاسییەکانیدا.

هەرچی تایبەت بە بزووتنەوەی گۆڕانە، لە ناساندنی وەک بزووتنەوەیەکی عیناد و وەڵامدانەوەی ئەو بانگەشەیە، ئەرکی ئەندام و لایەنگرانی خۆیەتی هەڵوەستەی لەسەر بکەن و لێکدانەوەی بۆ بکەن. هەرچی تایبەت بە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و وەسفکردنیەتی بە هێزێکی پاشکۆ، ئەرکی ئێمەمانانی ئەندامی ئەم هێزە سیاسییە ئیسلامییەیە ڕەتی بکەینەوە و بە چەند وشەیەکی کەم بێبنەماییەکەی ئاشکرا بکەین.

سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین کە هەرێمی کوردستان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە، بەرەیەک پارتی دیموکرات ڕێبەرایەتیی دەکات و هاوبیر و هاوهەڵوێستی خۆی لەسەر ئاستی حیزب و لایەن و کەسایەتیی هەیە، بەرەکەی دیکەشیان بزووتنەوەی گۆڕان ڕێبەریی دەکات و پێشم وایە لەسەر ئاستی هێز و لایەنی سیاسیی، تەنها کۆمەڵی ئیسلامیی دیدگا و بیروبۆچوونە سیاسییەکانی لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیە پێکدێتەوە و یەکانگیر ماوەتەوە، بەتایبەتیش سەبارەت بە قەیرانەکانی هەرێم و چۆنێتیی چارەسەرکردنیان، ئەمە لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی ڕۆشنبیر و ئاقڵمەند و دەستەبژێری ئەم گەلە. لە ڕووی لۆژیکییەوە، هیچ ڕاست و دروست نییە پێمان وابێت یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو، ڕێبەریی ئەم دوو بەرەیە دەکەن، ئەوەش شتێکی سروشتییە، بەوپێیەی هەریەک لە پارتی و گۆڕان هێزی یەکەم و دووەمی هەرێمن و هەریەکەشیان هێزی یەکەمی بەرەکەی خۆیانن.

ئەوانەی لە ڕق و قینی سیاسییەوە کۆمەڵی ئیسلامیی بە پاشکۆی بزووتنەوەی گۆڕان وەسف دەکەن، خۆیان لە کۆمەڵ باشتر دەزانن کە بانگەشە و تۆمەتەکەیان هیچ ئەسڵ و فەسڵێکی نییە، بەڵکو تۆمەتەکەیان لە شپرزەییەکی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە لە ئێستادا مامەڵە و گوتاریی سیاسیی ئەو جۆرە هێز و لایەنانەی پێ دەناسرێتەوە.

ئەوانەی دەیانەوێت هەڵوێست و بیروبۆچوونە فیکریی و سیاسییە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵ شارەزابن، هەر لە ساتەوەختی ڕاگەیاندنیەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، بەتایبەتیش سەبارەت بە دۆخی سیاسی و فەرمانڕەوایی لە هەرێم و چۆنێتیی ئیدارەدانی وڵات و ئەو هەموو گەندەڵی و تاڵانکارییەی لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئەنجام دراون، با هیچ نەکەن جگە لە کارێکی بچووک، کە خۆشمان یارمەتیدەرێکی باشیان دەبین لەوبارەیەوە. ئەو کەس و لایەنانە ئەگەر ئامادەن ئەو کارە بکەن، با بێن هیچ نەکەن جگە لە خوێندنەوەی ئەدەبیاتە نووسراو و دۆکیومێنتە نەگۆڕ و ئەرشیفکراوەکانی وەکو (ڕۆژنامەی کۆمەڵ ۲٠٠۱ ـ ۲٠۱۲)، کتێبی (بنەما فیکرییەکانی کۆمەڵ ۲٠٠۱)، پێشتریش ژمارەکانی (ڕۆژنامەی ڕێگای یەکبوون ۱۹۹۹ ـ ۲٠٠٠). بەڵگەنەویستیشە کە هەموو ئەو دۆکیومێنتانەی سەرەوە، تەمەن و مێژوویان بۆ زۆر پێش ئەم قەیرانانەی ئێستا دەگەڕێنەوە و ئەوکات هیچ یەکێک لە بزووتنەوەی گۆڕان و تەنانەت ڕۆژنامە و بڵاوکراوە ئەهلی و سەربەخۆ و ئازادەکانیش بوونیان نەبوو.

لێرەوە دەتوانین بە دەنگێکی بەرز بانگی هەموو ئەو کەس و لایەنانە بکەین کە لە پشت تۆمەتی پاشکۆبوونی کۆمەڵەوە وەستاون، با بێن و بەم ئۆفەر و تەحەددییەی ئێمە ڕازیی بن، تا بزانن هەڵوێستەکانی ئێستای کۆمەڵ، لە گیرفانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەرهێنراون، یان بیروباوەڕی سیاسی و فیکریی و بنەڕەتیی ئەم حیزبەن و لە بوێریی و سەرڕاستی و دڵسۆزیی بۆ دین و ژینی خەڵکەوە سەرچاوەیان گرتووە؟! دوای ئەوەش دەچین و لاپەڕە ئەرشیفکراوەکانی خۆشیان هەڵدەدەینەوە و بەراوردکارییەکی زانستی و مەنهەجی لە نێوان هەردووکیاندا دەکەین، تا بزانین ئایا کۆمەڵی ئیسلامیی ڕاستگۆ بووە لەگەڵ پەیام و بانگەشە سیاسییەکانی خۆی، یان ئەوانەی تۆمەتی پاشکۆیەتیی دەدەنە پاڵ؟!

کۆمەڵی ئیسلامیی لە دروستبوونیەوە ئەو هێزە بووە، هەریەکێک (بە ئیسلامیی و عەلمانییەوە) ماڵی سووتابێت، کەس و ئەندامی بەناهەق شەهید کرابێت، پەراوێز خرابێت، یان ڕێگریی لێکرابێت، یان و هەزار یانی دیکەی بە ناهەق بەرانبەر کرابێت، یەکەم لایەن بووە پاڵپشتیی کردووە و هاوسۆزیی خۆی بۆ دەربڕیوە، بەڵام زۆریش بوون ئەوانەی (لە عەلمانی و ئیسلامیی) نەیان دەوێرا تانانەت ئیمزایەکیش بۆ پشتگیریی لە ئازادبوونی مامۆستا عەلی باپیر و هاوەڵانی لە زیندان بکەن.

بێگومان بەڵگە و قسەی دیکەی زۆر هەن بیسەلمێنن کە کۆمەڵی ئیسلامیی هێزێکی پاشکۆ و شوێنکەوتە نییە، چ بە هۆی بیروباوەڕیەوە بێت، یان بە هۆی بەرچاوڕوونییەکەی بێت لە سیاسەتکردن و گەڵاڵەکردنی نەخشە سیاسییەکانی، بەڵام ئەم تاکە تەحەددایە بەسە بۆ ئەوەی بە هۆیەوە بتوانین سەرلەبەری ئەو بانگەشەیە هەڵبووەشێنینەوە.

هێزی سیاسیی دەبێت هێزی واقیعیی بێت، نابێت پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییەکان وەکو پەیوەندیی نێوان دوو کەسی لوتبەرز بێت، نابێت لەخۆڕازییبوون و لوتبەرزیی وا لە هێزی سیاسی بکات دان بە پاشەکشەی سیاسیی خۆی لە قۆناغێکی مێژوویی و بەرەوپێشچوونی هێزی دیکەدا نەنێت، سیاسەت واقیعبینانە دەکرێت، هەموانیش دەرفەتی هەستانەوەیان هەیە.

لە کۆتاییشدا دەبێت ئەوە بزانین، هیچ یەکێک لەم دێڕانە مانای ئەوە ناگەیەنن کە ئێمە بۆ دوورخستنەوەی تۆمەتی پاشکۆیەتی، بێین و خۆمان لە بزووتنەوەیەکی وەکو گۆڕان دوور بخەینەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئێمە ئەگەر لەگەڵ بیر و دیدگا و بانگەشەی سیاسیی خۆمان ڕاست دەکەین، پێویستە لەم دۆخەدا دەست لەو بزووتنەوەیە بەرنەدەین و هاوهەڵوێستی بین لە هەوڵە سیاسییەکانی بۆ دژایەتییکردنی گەندەڵی و گۆڕانکارییکردن لە سیستمی سیاسی و فەرمانڕەوایی لە هەرێمی کوردستان، بە بەئامانجگەیشتنی پرۆژە سیاسی و یاساییەکانی گۆڕان و کۆمەڵ، ئیسلامییەکان لە پێش ئەوانی دیکەوە سوودمەند دەبن.

هەروەک ئەم دێڕانە مانای ئەوەش ناگەیەنن کە ئێمە هیچ ڕایەڵە و هێڵێکی پەیوەندییمان لەگەڵ برا ئیسلامییەکانی دیکەماندا نییە و نەماوە، ئەوە هەرگیز کارێکی قەبوڵکراو و مایەی بەرژەوەندیی دین و دنیامان نییە. دەبێت هەموومان فێری ئەوە ببین کە  دەکرێت لە سیاسەتکردنماندا لە قۆناغێکی مێژوویی دیارییکراودا لەوانی دیکە جیاواز بین، بەڵام ناکرێت بەوهۆیەوە و بۆ هەتاهەتایە زەڕبێک بەسەر یەکدیدا بهێنین.

418 جار خوێندراوەتەوە
15/06/2017

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە