داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
ژێرخان 10:10 شه‌و، ته‌نها رۆژانی شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان
بەیانی 4:27
نیوه‌ڕۆ 11:54
عه‌سر 2:59
ئێواره‌ 5:48
خه‌وتنان 6:58

چۆن وا بکەین، لە بری دەنگ، ڕۆح بە سەربەخۆیی بدەین؟

عەبدولستار مەجید

 

ئەم ڕۆژانە ئەوەی زۆر باسی دەکرێت و ساحەی سیاسی و شەقام و ماکینە ئیعلامییەکانیشی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، پرسی ڕیفراندۆم و ڕاپرسییە لەو بەشەی کوردستان کە پێیدەوترێت باشوری کوردستان .

بەداخەوە لەکاتێکدا باس لەم پرسە دەکەین و ھەرێمی کوردستان بەرەوپیری دەڕوات، ناوخۆی وڵات و نێوانی ھێزە سیاسیەکان لەوپەڕی ھەنجن ھەنجنی و دابەشبوونێکی قوڵدایە کە کاریگەری نێگەتیفیشی کردوەتە سەر تەونی کۆمەڵایەتی و، ڕیفراندۆم و بەرە و سەربەخۆیی چوون لەبری ئەوەی یەکمان بخات، خەریکە ھێندەی دیکە لەیەکمان دووردەخاتەوە و، مێژووی دابەشبوونی میرنشینە کوردیەکان بەسەر جەمسەربەندی عوسمانیی و سەفەوییەکان دووبارە دەکاتەوە .

قەیرانی تاقەت پڕوکێنی دارایی و زیادبوونی ھەژاریی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاریی و ئیفلیج بوونی گوزەرانی خەڵک و خەمساردی حکومەت لە ئاست چارەسەرکردن و دیاریکردنی وادەیەک بۆ کۆتاییھێنان بەو دۆخە کارەساتبارە، لە پاڵ پەکخستنی دامەزراوە نیشتمانییە گرنگەکانی وڵات، ھێندەی دیکە دۆخی سیاسی ناوخۆی ئاڵۆز و ئاستی بێمتمانەیی نێوانیانی زیاتر کردووە و، کار گەیشتووەتە ئاستێک خەڵکێک بڵێت من ژیان و ئازادی و کەرامەتم پارێزراو نەبێت، دەوڵەتم بۆچیە ؟

گرنگە دەسەڵاتی سیاسی ئەم ھەرێمە، ناڕەزایەتی خەڵک و گلەیی ھێزە سیاسیەکان و ھۆشداریی دۆستانمان لەبەرچاوبگرێت و بە چاوی کەم سەیری نەکات و بە دوور لە چاوی حزبیی و تەونی بەرژەوەندیە حزبییەکانەوە لێی بڕوانێت .

ئاخر ئەگەر ھەر میللەتێکی ژێر دەستەی وەک کورد کە قوربانی نەماوە نەیدات بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاربوونی، کە ڕۆژی ڕیفراندۆمی بۆ دیاریکرا، ئەو بڕیارە دەکاتە ڕۆژی نیشتمانیی و ئاھەنگ و شایی و لۆغان شەقام و کۆڵانەکان دەتەنێت، بەڵام ئەم ڕووداوە بۆ میللەتی ئێمە تەواو پێچەوانەیە، خەڵک نەک دڵی پێیخۆش نیە، بگرە خەمبارییەکی ترسناکیش باڵی بەسەریدا کێشاوە وەک بڵێی چاوەڕێی کارەساتی زیاتر و قەیرانی قوڵتر بکات !.

ڕیفراندۆم و وەرگرتنی ڕای خەڵکی کوردستان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، پرسێکی سیاسی و یاساییە و خەونی لە مێژینەی ئەم میللەتەیە و ھیچ ھێزێکی سیاسی (ئەگەرچی ناکۆکیش بن) نەیار نیە لەگەڵ ئەو خەون و مافە گەورەیە، بەڵام ڕەنگە ناکۆکی لەسەر میکانیزمەکانی بەرەو ڕیفراندۆم ھەبێت .

ناکرێت ئێمە چاومان لە ئاسۆیەکی گەش بێت بۆ خەڵکی کوردستان و، بمانەوێت بەرەو سەربەخۆیی بیانبەین، بەڵام ھێشتاش نەمانتوانیبێت خۆمان لەو گرێ دەروونیانە ڕزگار بکەین کە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەیەتی و پۆست و کورسی بۆی دروستکردووین!. بە جۆرێک خەریکە ھەموو ئایندەی ئەم میللەتە و خەونە لە مێژینەکەی دەکەینە قوربانیی لە پێناو ئەو گرێ دەروونیە و ھێشتاش وازمان لە دەست بادانی یەکتر و مەرج و مەرجکاری نەھێناوە .

ھەرێمی کوردستان بەپێی دیفاکتۆ و بەپێی دەستوری ھەمیشەیی عێراقیش، قەوارەیەکی سیاسی نیمچە سەربەخۆیە کە خاوەنی پەرلەمان و حکومەتی خۆیەتی، ئێ ناکرێ گەورەترین دەزگای شەرعی ئەم ھەرێمە کە پەرلەمانی کوردستانە قفڵێکی گەورەمان لە دەرگاکەی دابێت و داوای یەکڕیزیش لە ھێزە سیاسیەکان و بەشداریی گەرموگوڕیش لە خەڵکی کوردستان بکەین، ھەنگاوی یەکەمی ئاشتبوونەوە بە ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسی و خاوکردنەوەی گرژییەکان و گەڕانەوە بۆ دامەزراوە شەرعی و نیشتمانیەکان دەستپێدەکات .

ئێمە ئەگەر دەمانەوێت بە جدی ڕیفراندۆم بکەین و چاویشمان لە پشتوانی وڵاتانی جیھان و تەنانەت ئیقلیمیشە، پێویستە ھەنگاوی سەرەتا لە داڕشتنەوەی بناغەی یەکڕیزی ناوخۆییەوە دەست پێبکەین کە ئەویش خولقاندنی کەشێکی لەبارە بۆ ئاشتەوایی سیاسی و دەستھەڵگرتن لە ڕقە شەخسی و حزبییەکان تا ھەمووان ببینە قەڵغان و داکۆکیکاری ئەو پرۆسەیە !.

لەوەگەڕێ کە ٢٦ ساڵە ئەزموونی حوکمڕانی کوردی کەموکورتی زۆری ھەیە و نەمانتوانیوە پایەکانی دەوڵەتداریی لەسەر ئەرزی واقیع قایم بکەین، بەڵام با ئیتر ئەمە کۆتایی ئەو ئەزموونە تاڵەی ڕابردوو بێت و بە دەستی خۆمان ستەم لە خۆمان نەکەین و ناوماڵی خۆمان درز تێنەخەین .

ئەوەی لەم خۆبواردن و دەستپێشخەرییەی ئاشتەواییدا ڕۆڵی گەورە و پشکی گەورە و ئەرکی گەورەی دەکەوێتە سەرشان، ئەوانەن کە خاوەن پێگەی قورس و ھێز و ناوچەی نفوزن، بەرپرسیارێتی ھەر شکست و لەبارچوونی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان لە ئەستۆی ئەوانەدایە کە چاویان تەنھا خۆیان و دەورووبەرەکانی خۆیان دەبینێت .

ھەموومان لەگەڵ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییداین، بەڵام بەو مەرجەی کە لە دامەزراوە نیشتمانیی و شەرعییەکانی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرەکانی خەڵکی کوردستان بڕیاری لەسەر بدەن و یاسا و ڕێسای تایبەت بۆ ئەنجامدان و ڕێکخستنی دەربکرێت تا چوارچێوەیەکی دەستوریی و یاسایی وەربگرێت، ئەمە ڕێگەی ئاسایی و یاسایی و بەرە و یەکخستنی ناوماڵی خۆمان و قایمکردنی ڕیزەکانمانە، تەنھا بەم ڕێگایەش دەتوانین وا بکەین نەک دەنگ بەڵکو ڕۆحی خۆشمانی پێ بدەین !.

 

<a fb:like:layout="button_count">


836 جار خوێندراوەتەوە
18/06/2017

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە