داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
ژێرخان 10:10 شه‌و، ته‌نها رۆژانی شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان
بەیانی 4:27
نیوه‌ڕۆ 11:54
عه‌سر 2:59
ئێواره‌ 5:48
خه‌وتنان 6:58

شکستەکانی ئەمدواییە و پڕۆژەکانی بەدیل!

هاوژین عومەر کەریم

‌لە ئێستادا و دوابەدوای ئەو ڕووداو و گۆڕانکارییە مەترسیدارانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوونەتەوە و دۆزی کوردیان بۆ دەیان ساڵ بردەوە دواوە، ئەویش بە هۆی شکست و خیانەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم و ئەوەی پێی دەوترا (کۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم)، زۆرێک لە دانیشتوانی هەرێم و کەسایەتی و دەستەبژێر و ڕێکخراوەکانی، چاوەڕوانی پرۆژە و هێزی ئەلتەرناتیڤی نیشتمانیی دەکەن و بە پلەی یەکەمیش هەموو چاوەکان لەسەر هێزگەلێکی وەکو کۆمەڵی ئیسلامیی و بزووتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەک کارەکتەر و کەسایەتیی سیاسیی دیاری کوردستانن، بۆ ڕابەرایەتییکردنی پرۆسەی رزگاریی نیشتمانی و دەربازبوون لەم قۆناغە ناهەموار و دژوارە.

لەم سۆنگەیەوە، پێویستە هێزەکانی وەکو کۆمەڵی ئیسلامیی و بزووتنەوەی گۆڕان، کە بەشداری ئەو شکست و ماڵوێرانییانە نەبوون و تا ئاستێکی باش جێگەی متمانەی زۆرێک لە دانیشتوانی هەرێمن، بە هاوکاریی و هاوبەشیی کەسایەتی و هێزەکانی دیکەی کوردستان، هەوڵ و جموجووڵە سیاسی و دیبلۆماسییەکانیان خێراتر بکەن بە ئامانجی بەدیهێنانی ئەم خاڵ و ئامانجانەی خوارەوە:

یەکەم: پێکهێنانی بەرەیەکی سیاسیی نیشتمانیی پێکهاتوو لە خۆیان و ژمارەیەکی دیکە لە هێز و هاوپەیمانیی سیاسی و کەسایەتی و دەستەبژێری نیشتمانیی، وەکو هێزی ئەلتەرناتیڤ و بە ئامانجی سەرمەشقییکردنی پڕۆسەی ڕزگاریی نیشتمانی و نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی هەرێم لە ناوەوە و دەرەوە، بە تایبەت کە هەموو ئاماژە و گوتارە دیپلۆماسییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێز و تەنانەت حکومەتی ناوەندییش، بۆ ئەوە دەچن جارێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ دەزگا و کەسایەتییە ئێکسپایەرەکانی هەرێمی کوردستان نەکەن. داواکردنی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، یەک لە دیارترین بەڵگەکانی ئەو ڕاستییەن.

دووەم: گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیەکی سیاسیی لە لایەن ئەو بەرە سیاسییەی پێکدەهێنرێت، بۆ چۆنێتیی ئیدارەدانی ئەم قۆناغە ڕاگوزەر و ئینتیقالییە هەستیارەی کە هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، بە شێوەیەک پڕۆژەکە هەڵوێستی خۆی لە بەرانبەر هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکانی وەکو سەرۆکایەتیی هەرێم و ئەم حکومەتە شکستخواردووە و دروستکردنی حکومەتێکی ڕزگاریی نیشتمانیی لە کەسایەتییە نیشتمانی و تەکنۆکراتەکان، بخاتە ڕوو، تا ئەوکاتەی بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بۆ دروستکردنی نەخشەیەکی سیاسیی نوێ ئەنجام دەدرێت. هەروەها ئەو حکومەتی ڕزگارییە نیشتمانییە ئەرکی دانوستانی نێوان هەرێم و ناوەندی بکەوێتە ئەستۆ، نەک بە پێچەوانەوە.

سێیەم: مسۆگەرکردنی پاڵپشتی و چاودێریی نێودەوڵەتی و هەرێمیی، بە ئامانجی سەرخستنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە ئەلتەرناتیڤە و بەرگرتن لەو شکستە سیاسی و ئیداریی و سەربازییە یەک لە دوا یەکانەی دەسەڵاتدارانی ئێستا و ڕابردوو، بەسەر ئەم گەلە بەشمەینەتەدا دەیانهێنن. لە حاڵەتی دەستەبەرکردنی پشتیوانیی و چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ جێبەجێکردنی بەند و بڕگەکانی ئەو پڕۆژە سیاسییە نیشتمانییە، کە ئێستا لە هەرکاتێکی دیکە لەبارترە بۆ مسۆگەرکردنی ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییە، کۆمەڵگەی کوردیی دەتوانێت بە کەمترین باج سەرەتایەکی نوێ لە پرۆسەی دیموکراسی و بونیاتنانی قەوارەیەکی سیاسیی مۆدێرن دەست پێبکات، هەروەها ڕێگریی بکات لە کۆبوونەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی یەک دوو هێز، یان یەک دوو بنەماڵەدا.

ئەوەی پێویستە ئامانجی هەموو ئەو هەوڵ و دەستپێشخەرییانە بن، دەرکردنی هەموو سەرچاوەکانی هێز و خراپبەکارهێنانیان بێت لە لایەن یەک هێزی سیاسیی، یان ژمارەیەک هێز و بنەماڵەی دیارییکراو و بەخشینەوەیان بێت بە کۆمەڵگەی کوردیی بەبێ جیاوازیی. ناکرێت جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان تەسلیم بەو هێزانە بکرێنەوە بە تەنها، کە هەموو شکست و نسکۆ و پاشەکشەکانیان لە ئەستۆیە.

شکستە سیاسی و سەربازییەکانی ئەمدواییە، ئەگەر چی دژوار و بەئازاریش بن، بەڵام دەکرێت بە هاوکاریی دانیشتوانی هەرێم و هەموو هێز و کەسایەتییە نیشتمانییەکانی دیکە، بکرێنە فاکتەری هەستانەوە و قوتارکردنی ئەم قەوارە سیاسییە لە شکستی گەورەتر. گرنگە بە هۆیانەوە، هەرێمی کوردستان بکرێتە قەوارەیەکی خاوەن سوپایەکی نیشتمانیی، ئابوورییەکی بەهێز، قەزایەکی سەربەخۆ، دیموکراسییەت و دەستاودەستی دەسەڵات و حوکمێکی ڕەشید و چی دیکە پارتی و ماڵباتی بارزانی، نەتوانن ئاشتبەتاڵێکی دیکە بەسەر ئەم گەلە خێرلەخۆنەدیوەدا بهێنن.

702 جار خوێندراوەتەوە
21/10/2017

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە