Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

1

هاوژین عومەر کەریم




هاوژین عومەر

دوای بەسەربردنی تەمەنێکی (20 تا 25) ساڵی لە کاری حیزبی و سیاسی و ڕۆژنامەنووسییدا، هەروەها بینینی کۆمەڵێک بەرزی و نزمیی لە پڕۆسەی سیاسی و ئاشنابوون بە قۆناغی جۆراوجۆر، بۆم دەرکەوتووە کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت کە خۆیان لە سەرانی پارتی و یەکێتییدا دەبیننەوە، خاوەنی دوو خاڵ و پەڵەی ڕەشن لە مێژووی حوکمڕانی و ئیدارەدانی ئەم هەرێمەدا، ئەو دوو خاڵەش سومعەی سیاسی و متمانەی خەڵک و هێزە سیاسییەکانی دیکەشی بەو دوو هێزە دەسەڵاتدارە تووشی داڕووخانی گەورە کردووە.

بە لای منەوە، لە دیارترین پەڵە ڕەشەکانی مێژووی حوکمڕانیی دوو هێزە دەسەڵاتدارە کلاسیکییەکەی هەرێمی کوردستان، ئەم دوو خاڵەی خوارەوەن:

یەکەم: ئەو دەسەڵاتە لە چارەکە سەدەی ڕابردوودا سەلماندوویەتی کە ناتوانێت رێز لە ئیمزا و بەڵێنە دۆکیومێنتکراوەکانی خۆشی بگرێت. جا ئیمزای سەر یاسا و ڕێسا کارپێکراوەکان بێت، یان ئیمزای سەر ڕێکەوتننامە دوو قۆڵی و سێ قۆڵی و دە قۆڵییەکان بێت، چ لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکان بێت، یان عێراق و هێزەکانی دەرەوە. بۆ ئەمەش دوو نموونەی بەرچاو دەهێنینەوە، یەکەمیان یاساکانی پەرلەمانی کوردستانن، بە تایبەتیش یاساکانی وەکو یاسای درێژکردنەوەی ویلایەتی بارزانی، ژمارە (19)ی ساڵی 2013 و ئەو یاسا و بڕیارانەشی دەسەڵاتی بڕیاردان لەسەر بابەتە چارەنووسسازەکان دەدەنە پەرلەمان. نە بارزانی ڕێزی لە یاسای درێژکردنەوەی ویلایەتەکەی خۆی گرت و کورسییەکەی لە وادەی یاساییدا جێهێشت، نە مافی بڕیاردان لە بابەتە چارەنووسسازەکانی وەکو ڕیفراندۆم و هەڵبژاردن و بەپەرلەمانییکردنی سیستمی سیاسیی هەرێمیش بۆ پەرلەمان بە ڕەوا بینران. بەڵگە و نموونەی دووەمیش ئەوەیە کە ئەم دەسەڵاتە تا سەر و وەک خۆی ڕێکەوتننامەکانی لەگەڵ هێزە کوردییەکانی دیکە جێبەجێ نەکردووە و پێیانەوە پابەند نەبووە، دوایینیشیان ڕێکەوتننامەی پێکهێنانی کابینەی هەشتی حکومەت و دابەشکردنی ماف و ئەرکەکان بوو لە هەرێم و بەغدا، لە نێوان پێنج حیزبە گەورەکەدا.

دووەم: دەسەڵاتی کوردیی هەروەها بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، نەشیتوانیوە ڕێز لە شەریکە سیاسی و حیزب و لایەنە هاودید و هاوپڕۆژەکانی خۆشی بگرێت و بەرانبەریان وەفادار بێت. هەمیشە پارتی و یەکێتی، بۆ جێبەجێکردنی مەرام و ئەجێنداکانی خۆیان، باوەڕیان بە کۆمەڵێک هێزی سیاسیی دیکە هێناوە کە لەگەڵیان بن، جا بە تەرغیب بووبێت یان بە تەرهیب، بەڵێنی گەورەشیان پێداون، بەڵام کاتێک کارەکانیان بە پایان گەیشتوون و مەرامەکانیان هاتوونەتە دی، ئیدی بەڵێنەکانیان پشتگوێ خستووە و نەگەڕاونەتەوە بۆ ئەو شەریکە سیاسییانەیان و حیسابێکی ئەوتۆیان بۆ نەکردوون. نموونە و بەڵگەی ئەم حاڵەتەشمان زۆرن، بەڵام بەنموونەگرتنی ڕیفراندۆمەکەی 25ی سێپتەمبەر بەسە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە. پارتی کاتێک ویستی ڕیفراندۆم بۆ مەرامی حیزبی و بنەماڵەیی خۆی ئەنجام بدات، بەردەوام زیاتر لە (20) حیزب و لایەنی لە دەوری خۆی کۆدەکردەوە، بۆ بەجێگەیاندنی مەرامەکانی خۆی، تێکەڵی هەڵوێست و سیناریۆکانی دەکردن، بەڵام کاتێک ڕیفراندۆم ئەنجامی پێچەوانەی دا بە دەستەوە و دەسەڵات ناچار بوو بۆپارێزگارییکردن لە مانەوەی خۆی، ڕیفراندۆمەکە بێئەرزش و نابووت و سڕ بکات، یان هەڵیبووەشێنێتەوە، بە هیچ شێوەیەک نەگەڕایەوە بۆ ڕا و سەرنجی ئەو حیزب و لایەنە هاوهەڵوێستانەی، بەڵکو تەنها ئیحراجیی بۆ هێشتنەوە.

بەوپەڕی متمانەوە دەتوانین بڵێین ئەو دوو خاڵە لاواز و سلبییەی سەرەوەن کە بوونەتە مایەی سەرهەڵدان و بەردەوامبوونی ئاریشە و تەنگژە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان و دروستنەبوونی یەکڕیزیی نیشتمانیی بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو. هەر ئەو دوو خاڵەشن زۆرێک لە هێزەکانی دیکەیان ناچار بە کارنەکردن لەگەڵ پارتی و یەکێتی کردووە لە قۆناغە جیاوازەکاندا، بە تایبەتیش لە چۆنێتیی ئیدارەدانی هەرێم. ئەوان هەمیشە هێزەکانی دیکەیان لە خێردا تەریک کردووە و لە شەڕدا شەریک، ئەوەشیان تەنها لە پێناو مانەوەیان لە دەسەڵاتدا کردووە!

860 جار خوێندراوەتەوە
22/11/2017

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە