داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

لە نێوان ھیچنەکردن و شۆڕشدا

ئاراس فه‌تاح

 

لەدوای شکستە نیشتیمانییەکەی ڕیفراندۆم و شکستەکەی مێژووییەکەی شانزەی ئۆکتۆبەرەوە ھەرێمی کوردستان لەدۆخێکی چەقبەستوویی سیاسیی و داوەشانی ئابووریی و دابەشبوونی کۆمەڵایەتیی و داڕزانی ئەخلاقیی و پەراوێزکەوتنی ئیقلیمیی و نێونەتەوەییدا دەژی. دەشێت زۆرینەمان باوەڕمان وابێت کە ئەم دۆخە نابێت بەردەوام بێت و مانەوەی بەم شێوەیەش درێژەدانە بەم مۆدێلە لە دەسەڵاتدارێتی سیاسیی و ئیداریی و ئابووری و حەتمییەتی روبەڕوبوونەوەی داوەشانی گەورەترو ترسناکتر. پرسیارەکە بۆ ئێمە ئەوەیە: دەبێت چی بکرێت و چ کەرەسەیەک لەبەردەستدایە بۆئەوەی سەرەتایەکی نوێی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی دەستپێبکات؟

بەبڕوای ئێمە لە نێوان ھیچنەکردن و ڕاپەڕیندا و لەنێوان بەزین و ڕۆمانسییەتی شۆڕشگێڕییدا، یاخود لەنێوان شکستگەرایی و رادیکالیزمێکی ناعەقلانییدا، چەندین کردەی ستراتیژیی گرنگ ھەیە کە دەتوانرێت ھەنگاوی بۆ بنرێت. بۆئەم مەبەستەش پەیامەکەمان بۆ ئەو ھێزە سیاسییانە ڕوون و راستەوخۆبوو؛ ھیچ ھێزێک لە ھەرێمی کوردستاندا بەتەنھا دەرقەتی ئەم ھەموو کاولکاریی و وێرانەییە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییە نایەت کە پارتی و یەکێتی بەپلەی یەکەم بەرھەمیانھێناوە و ھیچ ھێز و گروپێکیش ناتوانێت بەتەنھا خۆی بکات بە فریادڕەسی ئەم دۆخە و وێنایەکی وەھمییمان لەسەر خۆی و کۆمەڵگاکەمان بۆ بەرھەمبھێنێت.

لەگەڵ کاک رێبین ھەردی ھاوڕێم و بە نوێنەرایەتییکردنی ھەندێ نووسەر و رۆشنبیر سەردانی ھەریەک لە یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و ھاوپەیمانی، بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێمان کرد. ئێمە بەڕاشکاوی پەیامی خۆمانمان پێگوتن: بەردەوامیی نائومێدیی و بنبەستیی سیاسیی لەم وڵاتەی ئێمەدا دەرئەنجامەکەی بەم شێوەیە دەبێت: گەر دوێنێ نائومێدیی خۆپیشاندەران گەیشتە ئەوەی نەک تەنھا بارەگای پارتی و یەکێتی، بەڵکو بارەگای زۆرینەی حیزبەکان بسوتێنرێت، سبەی ھاوڵاتیان دەنگەکانیشیان لە کاتی ھەڵبژاردندا دەسوتێنن. بۆیە پێویستە سەرەتایەکی نوێ بێتەکایەوە کە بتوانێت ھیوایەکی نوێ بەم کۆمەڵگا شەکەتە ببەخشێت. سیاسەت چەندە دروستکردنی چوارچێوەیەکی گشتییە بۆ مۆدێلێک لە حوکمڕانێتی باش و پێکەوەژیانێکی ئارام و دوور لە ناتوندوتیژیی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی، ھێندەش دروستکردنی ھیوایە.

کۆتاییھێنان بەم مۆدێلە سوڵتانییە کە بەرپرسیاری پلەیەکی ئەم شکست و وێرانە مێژووییی و سیاسیی و ئابووریی و ئەخلاقییەیە و تا ئەمڕۆش لەسەر شەرعییەتی شۆڕشگێڕێتی و ناشەرعییەتی بەکارھێنانی توندتوتیژیی دەژی، پرسی پلە یەکی سیاسەتە لە وڵاتی ئێمەدا. لەمڕۆشدا ئەم خەمە سیاسیی و کۆمەڵایەتییانە بوون بە داخوازی ھەر ھێزێکی سیاسیی نوێ کە لەدوای ئەزموونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دێتە ناو کایەی سیاسەتەوە. بۆئەوەی تاک و گروپەکانی کۆمەڵگای ئێمەش شانسێکی تریان ھەبێت بەشێوەیەکی مەدەنیی سزای ئەم حوکمڕانێتییە بەد و خراپە بدەن و سنوورێک بۆ گەندەڵیی و تاڵانکاریی و شکستی مێژوویی ئەم مۆدێلە لە ”دەسەڵاتی خۆماڵیی“ بھێنرێت، پێویستیان بە ھیوایەکی نوێی و چوارچێوەیەکی سیاسیی نوێیە. ئەو خاڵەی ئێمە باوەڕمان پێیەتی ئەوەیە کە ھەموو ھێزەکان بەیەک ڕادە بەشدار نین لە دروستکردنی ئەو وێرانە گەورەیە لە ھەرێمی کوردستاندا، بە ئەندازەی یەکتریش بەرپرسیار نین لە بەرھەمھێنانی ئەو شکستە سەراپاگیرە. بۆیە ھێشتا لەناو کایەی سیاسیی کوردستاندا ئەگەری ھەندێک کاری سیاسیی گرنگ ھەر ھەیە و ھەر ماوە.

بەبڕوای ئێمە کۆبوونەوەی ھێزە رەخنەییەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی لەناو بەرەیەکی نوێدا سەرەتایەکی تازە و کردەیەکی سیاسیی گرنگە. بێگومان ئێمە ئەو راستییە دەزانین کە دروستکردنی ئەم ”بلۆکە مێژوویی“ە یان ئەم بەرەیە لە یەک لیستدا بۆ ھەڵبژاردنەکان، مانای لەدایکبوونی فریادڕەسێکی چینایەتیی یان نەتەوەیی یان ئایینی نییە بۆ ھەموو ئەو کێشانەی کە بیست و شەش ساڵە کەڵەکەبووەو و کۆمەڵگای ئێمەی پڕوکاندووە، بەڵکو ھیوایەکە بۆ ئەگەری دەستکاریکردنی نەخشەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە کۆمەڵگای وێرانبووی دوای ریفراندۆمدا و بۆئەوەش ئەم ھێزانە بتوانن لۆکاڵییبوونی گوتاری سیاسیی تێپەڕێنن و لەئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق و نێودەوڵەتییدا وەک ئەلتەرناتیڤی دوو پارتە حوکمڕانییەکەی کوردستان ببینرێن و مامەڵەبکرێن.

ئێمە قسەی نھێنی و پەیامی شاراوەمان نییە و نەبووە، لە ھەموو شوێنێک و لەگەڵ ھەر کەسێکدا دابنیشن بەرگرییمان لەو دیدگایانە کردووە کە ساڵانێکە دەینووسین و کاری بۆدەکەین. لەم دانیشتنانەشدا خەمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دیدی ڕەخنەیی خۆمان بەڕاشکاوی بەو ھێزانە گوتووە. ماوەیەکی درێژیشە لە نووسین و چاوپێکەوتن و قسەکردنەکانمان و بەیاننامەشدا لەدایکبوونی ئەم بلۆکە مێژووییەمان بە زەرورەتێکی ھەنووکەیی کۆمەڵگای کوردستان زانیوە. نەک تەنھا لەبەرئەوەی ھێزی شۆڕشکردن لە دونیای ئێمەدا ھەم لاواز و ھەم زۆر لۆکاڵیی و ئاڵۆزە بە حومکی شوناس و جوگرافیای دەسەڵات، بەڵکو لەبەرئەوەی کۆمەڵگای ئێمە ماندووە و بێمتمانەیی تاک و گروپەکانی بە حیزبەکان چووەتە ئاستێکی مەترسیدارەوە کە ئەگەری گەورە ھەیە بایکۆتی ھەموو بەشدارییەکی سیاسیی بکات.

ئێمە لەمڕۆدا دروستکردنی ئەم بلۆکە مێژووییە یان ئەم یەک لیستییە بە تەنھا رێگایەکی عەقلانیی دەزانین بۆئەوەی ببێت بە دەرەچەیەک بۆ ئەم چەقبەستییە سیاسیی و پەشۆکانە کۆمەڵایەتیی و ھەژانە ئەخلاقییە. لەمەشدا ئێمە ڕۆڵی خۆمان وەک ھەم وەک ڕۆشنبیر و ھەم وەک ھاوڵاتی دەبینین و نامانەوێت چاودێر و بێدەنگبین، بەڵکو دەمانەوێت کارایانە لەناو رووبەری گشتییدا ئامادەبین. ھەر کەس و ھێزێکیش جگە لە وەھمی ئایدیۆلۆژیی و دیدگای سەروومێژوویی، رێگایەکی واقیعیی باشتر و مۆدێلێکی گونجاوتری پێیە بۆئەوەی کۆمەڵگای ئێمە لەم دۆخە ڕزگاری بێت، دەتوانێت پێشنیاری بکات و کاری بۆ بکات. ھەر دیدگایەکی عەقلانیی و پراکتیکیی تر لەدەرەوەی ئەم پێشنیارەی ئێمە ھەبێت، یەکەم کەس دەبین بەرگریی لێبکەین و پشتیوانیی بکەین.


284 جار خوێندراوەتەوە
15/01/2018

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە