Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

1

عومه‌ر گوڵپی


ڕزگار، منداڵێكی‌ ته‌مه‌ن نۆ ساڵی‌ ئاساییه‌، هیچ كێشه‌یه‌كی ته‌ندروستی‌ نیه‌، نه‌ جه‌سته‌یی‌‌و نه‌ ده‌روونی‌‌و ژیریی، بگره‌ زۆر زیره‌ك‌و ئاقڵ‌و بیر تیژه‌، ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌و گوناهی‌ ئه‌م منداڵه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ نێو خانه‌واده‌یه‌كی‌ هه‌ژار له‌ دایكبووه‌، تاوانه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وو خێزانه‌ هه‌شت كه‌سییه‌كه‌یان به‌ ئاسانی‌ نانی‌ ڕۆژانه‌یان ده‌ست ناكه‌وێت، ئه‌ویش‌و براكه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پاروه‌ نانی‌ ڕۆژانه‌یان په‌یدا بكه‌ن ناچارن پاش گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ مه‌كته‌ب بچنه‌ بازاڕو بنێتشت‌و شتی‌ ساده‌و ساكار بفرۆشن، من لێم پرسی‌ ئه‌مڕۆ چیت فرۆشت؟ وتی‌: بنێشت، بایی‌ چه‌ند؟ چوار هه‌زار، خۆی‌ به‌ چه‌ندت كڕیوه‌؟ به‌ دوو هه‌زارو پێنجسه‌د، واته‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌فه‌یه‌كی‌ خواردووه‌ نزیكه‌ی‌ هه‌زارو پێنجسه‌د دیناریشی‌ بۆ ماوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێویستی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ پێدابین بكات.

به‌ داخه‌وه‌ هه‌ژاری‌ ئه‌م منداڵ‌و خێزانه‌ بووه‌ته‌ به‌ڵا بۆیان، خه‌ڵكانێك بۆ كات به‌سه‌ربردن، ڕابواردن‌و چێژو خۆشی‌ خۆیان ئه‌م منداڵه‌ به‌كارده‌هێنن، ڤیدیۆی‌ لێ‌ تۆمار ده‌كه‌ن‌و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاویده‌كه‌نه‌وه‌، وشه‌ی‌ نه‌شیاوی‌ فێرده‌كه‌ن، ته‌نها له‌ به‌رابنه‌ر پێدانی‌ پێنج هه‌زارو ده‌ هه‌زار دینار، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر لای‌ ڕزگاری‌ بێ‌ گوناهی‌ په‌پوله‌، ئاسایی‌ بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌و ئه‌وه‌ی‌ پێخۆشه‌‌و بژارده‌ی‌ خۆیه‌تی‌، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ دۆخی‌ ژیانی‌ به‌و جۆره‌یه‌، دایك‌و باوكی‌ هه‌ژارو نه‌خوێنده‌واریش به‌ هه‌مانشێوه‌ به‌هۆی‌ ده‌ستكه‌وتنی‌ پاروویه‌ك نانه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ ئه‌م منداڵه‌یانه‌وه‌ دۆخه‌كه‌یان قبوڵكردووه‌.

ئه‌زیزانی‌ ده‌ربه‌ندیخان، مرۆڤ دۆستان‌و خاوه‌ن ویژدانه‌كان: ده‌زانن ئه‌وه‌ی‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م منداڵه‌ ده‌كرێت تاوانێكی‌ گه‌وره‌یه‌ به‌رانبه‌ر ئێسته‌و ئاینده‌ی‌ ئه‌و منداڵه‌؟ ده‌زانن به‌كارهێنانی‌ منداڵ به‌و جۆره‌و به‌هۆی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ قورس‌و خراپه‌ی‌ ژیانیه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ یاسا زه‌مینی‌‌و ئاسمانییه‌كانه‌؟ ده‌زانن هیچ ویژدانێكی‌ زیندوو ئه‌مه‌ ناكات؟

من له‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌پرسم كه‌ ئه‌م كاره‌ده‌كه‌ن: ئایا ئه‌گه‌ر منداڵێكی‌ خۆیان بوایه‌ به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرد؟ ئایا ڕێگه‌ ده‌ده‌ن منداڵی‌ نۆ ساڵ‌و ده‌ ساڵی‌ خوشك‌و برای‌ خۆیان ببێته‌ بابه‌تی‌ یاریی‌‌و كات به‌سه‌ربردن‌و گاڵته‌وگه‌پ‌و مه‌زه‌ی‌ ناو مه‌جلیس‌و گه‌عده‌كانی‌ خه‌ڵكی‌؟ (كه‌ ئێمه‌ ئه‌مه‌ به‌ ڕه‌وا نابینین بۆ هیچ منداڵێك) ئه‌ی‌ جیاوازی‌ ئه‌م منداڵه‌و منداڵه‌كانی‌ خۆتان چییه‌؟ با من پێتان بڵێم ئه‌وه‌ی‌ جیاوازییه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئه‌م منداڵه‌ به‌بێ‌ ویستی‌ خۆی‌، له‌ خێزانێكی‌ هه‌ژاری‌ سوننه‌ مه‌زهه‌بی‌ خه‌ڵكی‌ ڕوومادی‌ له‌ دایكبووه‌و ئێست بارودۆخی‌ شه‌ڕو ماڵوێرانی‌‌و نه‌بوونی‌ كردوویانه‌ته‌ میوانی‌ شاری‌ ده‌ربه‌ندیخان.

ئه‌زیزان: ئه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ به‌ نه‌زانی‌‌و نه‌شاره‌زایی‌ به‌رانبه‌ر منداڵ‌و مافه‌كانی‌، به‌رانبه‌ر ئێسته‌و ئاینده‌ی‌ منداڵ ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن، تكایه‌ لێگه‌ڕێن ئاینده‌ی‌ ئه‌م منداڵه‌و هیچ منداڵێكی‌ تری‌ له‌مجۆره‌ وێران مه‌كه‌ن، تكایه‌ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ له‌ پێناو پارویه‌ك ناندا دێنه‌ بازاڕ خراپ سودیان لێوه‌ر مه‌گرن، مه‌یان كه‌نه‌ بابه‌تی‌ چێژو خۆشییه‌كانی‌ خۆتان‌و واز له‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ بێنن، تاوانێك به‌ پێوه‌ره‌ زه‌مینی‌‌و ئاسمانییه‌كان تاوانێكی‌ گه‌وره‌یه‌.

هه‌روه‌ها به‌ تایبه‌ت ڕوو له‌ خه‌ڵكی‌ خۆشه‌ویستی‌ ده‌ربه‌ندیخان ده‌كه‌م، ڕووم له‌ مامۆستایانی‌ ئاینی‌، ڕۆشنبیران‌و ڕێكخراوه‌كان‌و به‌رپرسانی‌ حكومی‌ ئه‌و شاره‌ خۆشه‌ویسته‌یه‌، ئه‌م بابه‌ته‌ به‌هه‌ند وه‌ربگرن‌و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن مافی‌ ڕزگارو هه‌ر منداڵێكی‌ تری‌ وه‌ك ڕزگار به‌و ساناییه‌ پێشێل بكرێت، بیپارێزن با له‌منداڵی‌ خۆیدا بژی‌، بیپارێزن با له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی‌ قوتابخانه‌و كۆڵانیدا یارییه‌كانی‌ خۆی‌ بكات، لێگه‌ڕێن با وه‌ك خۆی‌، له‌گه‌ڵ خه‌م‌و ئازاره‌كانی‌ خۆیدا گه‌وره‌ بێت، ڕێگه‌ مه‌ده‌ن هیچ كه‌س بۆ له‌تێك نان، له‌تاو سكی‌ برسی‌ به‌كاریبهێنێت‌و منداڵی‌ بدزێت، ته‌مه‌ن‌و منداڵیه‌ك كه‌ ئه‌گه‌ر دزارو له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ی‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌سته‌مه‌ بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ بۆی‌ بگه‌ڕێته‌وه‌‌و كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی‌ له‌ داهاتوودا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ ئێسته‌ی‌ ده‌بێت.

ئه‌زیزان: ڕزگار میوانی‌ شاره‌كه‌تانه‌، بیپارێزن له‌ ده‌ستی‌ گه‌نجی‌ هه‌رزه‌، بیپارێزن له‌ خه‌ڵكی‌ نه‌شاره‌زا به‌ ماف‌و په‌روه‌رده‌ی‌ منداڵ، بیپارێزن له‌ برسێتی‌‌و نه‌بوونی‌، تكایه‌ بیپارێزن‌و ڕێگه‌ مه‌ده‌ن هیچ كه‌س بۆ كات به‌سه‌ربردن ده‌ستی‌ بچێته‌ ئه‌م گوناهه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌ و ڕزگارو منداڵه‌كانی تر بكاته‌ بابه‌تی گاڵته‌و گه‌پ، چونكه‌ ئه‌وو سه‌رجه‌م منداڵان و منداڵانی‌ ئاواره‌ شایسته‌ی ژیانی باشترن.


1174 جار خوێندراوەتەوە
27/01/2018

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە