Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

1

سه‌ربه‌ست نه‌ریمان


رۆژی 3 ی ئایاری هه‌موو ساڵێك له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ وه‌ك رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی ده‌ستنیشانكراوه‌، دیاریكردنی ئه‌و رۆژه‌ش بۆ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی هێمایه‌كی روونه‌ بۆئه‌وه‌ی هێشتا ئاسته‌نگی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م كایه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی و ئازادی رۆژنامه‌نووسی بوونی هه‌یه‌، گه‌رچی له‌ وڵاتێكه‌وه‌ بۆ وڵاتێكی دیكه‌ رێژه‌ی پێشێلكارییه‌كانی دژ به‌ رۆژنامه‌نووسان ده‌گۆڕێت و هه‌روه‌ها پانتاییه‌كانی ئازادی رۆژنامه‌وانیش له‌ كیشوه‌رێك بۆ كیشوه‌رێكی دی و له‌نێوخۆی یه‌ك كیشوه‌ریشدا له‌ وڵاتێك بۆ وڵاتێكی دی جیاوازه‌و به‌رزو نزمی زۆر به‌دیده‌كرێت.

ده‌ستنیشانكردنی 3 ی ئایار وه‌ك رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی دوای راگه‌یه‌ندراوی مێژوویی" ویندهۆك" دێت كه‌ به‌هاوكاری یونسكۆ و له‌كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك له‌ رۆژنامه‌نووسانی ئه‌فریقی له‌ وڵاتی نامبیا له‌ 3 ی ئایاری 1991 دا بڵاویانكرده‌وه‌ و دواتریش نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئه‌و رۆژه‌ی به‌فه‌رمی وه‌ك رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی ناساند.

راگه‌یه‌ندراوی ویندهۆك جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی به‌دینایه‌ت به‌بێ ده‌سته‌به‌ركردنی ژینگه‌یه‌كی ئازاد بۆ كاری راگه‌یاندن و سه‌ربه‌خۆ كه‌ به‌رمه‌بنای فره‌ ره‌نگی و ئاراسته‌ جیاوازه‌كان بێت، وه‌ ئه‌م مه‌رجه‌ش دیسانه‌وه‌ وابه‌سته‌یه‌ به‌ ده‌سته‌به‌ری ئاسایش و پاراستنی رۆژنامه‌نووسان له‌میانه‌ی به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانیان له‌ رووماڵ و گواستنه‌وه‌ی زانیاری، هه‌روه‌ك ئه‌مه‌ش به‌دینایه‌ت ئه‌گه‌ر گره‌نتی پاراستنی مافی رۆژنامه‌نووسان نه‌كرێت له‌چوارچێوه‌ی یاسای ده‌وڵه‌تاندا له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و پێشێلكاریی و تاوانانه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ رۆژنامه‌نووسان ئه‌نجامده‌درێت و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و جێبه‌جێكاری وڵاتان پێویست ده‌كات كه‌ ده‌ستبه‌جێ لێكۆڵینه‌وه‌ی وورد و خێرا بكه‌ن له‌هه‌ر خروقات و پێشێلكارییه‌ك كه‌ به‌رانبه‌ر رۆژنامه‌نووسان و میدیاكاران له‌لایه‌ن هه‌ر ده‌سته‌و گروپێكه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێت.. 


له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی تێكه‌ڵاوبوونی ده‌سه‌ڵاته‌كان" یاسادانان" جێبه‌جێكردن" دادوه‌ریی" به‌یه‌كتریی و هه‌روه‌ها هه‌یمه‌نه‌ی حزب به‌سه‌ر ته‌واوی كایه‌ هه‌ستیاره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه‌، كایه‌ی رۆژنامه‌نووسیش دابڕاونیه‌ له‌كۆی كایه‌كانی دیكه‌و درێژكراوه‌ی هه‌مان ئه‌و پاشاگه‌ردانی و فه‌وزایه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی حزب یاخود گروپی ده‌سترۆیشتووی نێو حزبه‌ حكومڕانه‌كان له‌ بیست و حه‌وت ساڵی رابردوودا خوڵقاندوویانه‌.

له‌ هه‌رێمێكدا كه‌ سیسته‌مه‌ ئابورییه‌كه‌ی ناچێته‌ ژێر هیچ پێناسه‌یه‌كی فه‌لسه‌فه‌ی ئابوری و، بازاڕ له‌ژێر قۆرخكاری و كۆنترۆڵی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی حزبدایه‌، هێزی پێشمه‌رگه‌و ئاسایش و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و هێزی دژه‌ تیرۆر هێزی حزبین و ئینتیمایان بۆ دوو حزبی دیاریكراوه‌و هه‌موو فه‌رمانێكیش له‌و دوو هێزه‌وه‌ وه‌رده‌گرن، له‌ هه‌رێمێكدا كه‌ حزب هه‌مه‌كاره‌یه‌و جڵه‌وی دادگاو په‌رله‌مان و حكومه‌تی له‌ده‌ستدایه‌، ناكرێت چاوه‌ڕێ بین كایه‌ی رۆژنامه‌نووسی و راگه‌یاندن به‌پیشه‌ییانه‌ و دوور له‌ ده‌ستتێوه‌ردان و فشارخستنه‌سه‌رو به‌كارهێنانی بۆ خزمه‌تی ئه‌جێنداكانی حزب كاری خۆی بكات و چاودێرێكی بوێرو ووردی ده‌سه‌ڵات و داموده‌زگاكانی بێت، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێین له‌گه‌ڵ زیادبوونی ژماره‌ی كه‌ناڵ و رۆژنامه‌و رادیۆو ناوه‌نده‌ میدیایی و رۆژنامه‌وانییه‌كان بۆ سه‌دان و زیاتریش به‌ڵام هێشتا دۆخی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی له‌وپه‌ڕی خراپیدایه‌، ساڵ دوای ساڵ ئاماری پێشێلكارییه‌كان له‌به‌رانبه‌ر رۆژنامه‌نووسان له‌ هه‌ڵكشاندایه‌، رۆژنامه‌نووس تیرۆرده‌كرێت، ده‌ستگیرده‌كرێت و ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێت، رێگری له‌ رووماڵی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ده‌كرێت و جیاكاری گه‌وره‌ ده‌كرێت له‌نێوان كه‌ناڵی سه‌ر به‌لایه‌نێكی ئۆپۆزسیۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات و سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتن، زانیاری نادرێت به‌ رۆژنامه‌نووسان و ئاستنه‌گی زۆر بۆ ده‌ستگه‌یشتنی رۆژنامه‌نووس به‌ زانیاری له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ دروست ده‌كرێت، سه‌رباری ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كه‌ل و په‌لی رۆژنامه‌وانی رۆژنامه‌نووسان و سوكایه‌تی پێكردن و هه‌راسانكردنیان.

به‌پێی ئامارێكی فه‌رمی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان له‌ماوه‌ی ساڵی 2008 – 2018 ) 1475 پێشێلكاریی به‌رانبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسان ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ تیرۆركردن و لێدان و رفاندن و هه‌ڕه‌شه‌و ئه‌شكه‌نجه‌دان و زیندانیكردن و جۆره‌ها پێشێلكاری دیكه‌ له‌خۆده‌گرێت و زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌و پێشێلكاریانه‌ش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و داموده‌زگاكانیه‌وه‌ ده‌رهه‌ق به‌ رۆژنامه‌نووسان ئه‌نجامدراون.

له‌كاتێكدا یادی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی ده‌كه‌ینه‌وه‌، لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ دۆسیه‌ی تیرۆركردنی عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف و سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ و سه‌رده‌شت عوسمان و كاوه‌ گه‌رمیانی و ویداد حسێن بێ ئاكام بوون و تاوانباران و ده‌ستی پشتی تیرۆركردنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ ئاشكرانه‌كراون و هیچ ئاماژه‌یه‌كیش به‌دیناكرێت بۆ ئاشكرابوونی تاوانباران و به‌سزاگه‌یاندنیان، هه‌رئه‌مه‌شه‌ رۆژ دوای رۆژ ئه‌و گومانه‌ ده‌كاته‌ یه‌قین كه‌ ده‌سه‌ڵات خۆی ئه‌نجامده‌ری تاوانی كوشتن و تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووسانه‌ و هه‌رئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ دوای چه‌ندین ساڵ هێشتا زانیاری و سه‌ره‌داوه‌كانی ئه‌و دۆسیه‌یانه‌ له‌ تاریكی دا هێڵراونه‌ته‌وه‌.

685 جار خوێندراوەتەوە
03/05/2018

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە