Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

من‌و ئاسۆس هەردی‌و ئاوێنە

سه‌ردار محه‌مه‌د



ئەمڕۆ كە راگرتنی رۆژنامەی ئاوێنە رادەگەیەنرێت‌و دەگەڕێمەوە بۆ بیرەوەرییە دورەكان‌و ئاوڕ لە 12 ساڵی كاركردنی رابردوی ئەم رۆژنامەیە ئەدەمەوە، چەندان وێنەی رون‌و تاریك، روداوی تاڵ‌‌و شیرین، سیمای جوان‌و دزێو، لەیادەوەریمدا دێن‌و دەچن.

لەو ئێوارە پایزانەی سەهۆڵەكەو ژورە پڕ لەخرتكەو پرتكەكانی "سۆران عومەر"ەوە بگرە كە خەون‌و خولیای بڕەودان بەئەزمونی میدیای ئازاد هاندەرمان بو بۆ ئەوەی هەرچی زوە دەستپێبكەین، تا دەگات بەو خانوە خنجیلانە پڕ لەجموجۆڵەی بەرامبەر ئامادەیی بازرگانی كچان كە جێگەی هەمومانی بەباشی تیا نەدەبۆوە. تا بینا گەورەكەی پەنا ژوری بازرگانی كە لەیەككاتدا پڕ بو لەداهات‌و پڕ بو لەكێشمەكێش‌و زۆرانبازیش، ئەو شوێنەی بوە مەكۆی لێكترازانی ستافەكەو سەرەتای داكشانی ئاوێنە. تا ئەو بینایەی بەرامبەر ئامادەیی شۆڕش كە بێ‌ پارەیی تەواو تەنگی پێهەڵچنین‌و هێواش هێواش ئاوێنەی چۆڵ‌‌و كش‌و مات كرد. تا ئەم شوقەیەی سەر سۆپەرماركێتی زارا كە بێهودە چنگەكڕێمان كرد بۆ مانەوەی رۆژنامەكەو بەردەوام بونی.

لەماوەی ئەم 12 ساڵەدا، زۆرێك هاتن‌و زۆرێكیش چون، هەبون ئاوێنەیان بۆ دەسكەوت‌و مەرامێكی تایبەتی بەكارهێنا، هەشبون جگە لەهیلاكی‌و شەونخونی هیچیتریان لەئاوێنە نەدی!

بەدرێژایی ئەم 12 ساڵەو لەنێو ئەم هەمو سیمایانەی لەئاوێنەدا دەركەوتن‌و رۆشتن، هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ دو كەس بێ‌ دابڕان لەگەڵا ئاوێنە مانەوە، كە من‌و ئاسۆس هەردی بوین. لەبەرئەوە "لاف‌و گەزاف" نییە كە بڵێم پشكی شێری هۆكاری مانەوەو بەسەربەخۆیی هێشتنەوەی‌و بەردەوام بونی تا ئێستا بەر ئاسۆس هەردی‌و من دەكەوێ‌، هەروەك چۆن بەهەمانشێوە پشكی شێری خاڵە لاوازەكانیشی هەر بەر من‌و ئاسۆس هەردی دەكەوێ‌.

لەم 12 ساڵەدا، من‌و ئاسۆس هەردی سەبارەت بەچەندان كێشەی هەستیار‌و بڕگەی جیاواز رامان جیاواز بو، دەنگدانیشمان بۆ یەكلایی كردنەوەی زۆرێك لەو كێشانە تەواو پێچەوانە‌و دژ بەیەك بو، بەڵام هەمو ئەوانە تۆزقاڵێك كاریگەریی خراپیان لەسەر پەیوەندی دۆستانەی من‌و ئاسۆس هەردی نەبو، چونكە بڕوای تەواوم بەوە بوە ئاسۆس هەردی "مەعدەنەكەی ئەوەندە پاك‌و بێگەردە" هەرچۆنێك وەسفی بكەی كەمە، بەكوردییەكەی خۆمان "ئاسۆس لەو جۆرە پیاوانەیە كە بەژەهرەوە دەخورێن".

لێرەدا كە لەناخی دڵەوە سوپاسی ئەم برا ئازیزەم دەكەم بەدرێژایی ماوەی سەرنوسەریم، بەردەوام پشتیوان‌و هاوكارم بوە، دەمەوێ‌ ئەوەش بڵێم "بەداخەوە هۆكارێكی سەرەكی گەیاندنی ئاوێنە بەم رۆژە، خراپی بەڕێوەبردنی بوە".

لەكاتێكیشدا ئێمە كە ئەوە ناشارینەوە لەماوەی ئەم 12 ساڵەدا بێ‌ كێشەو گرفت‌و لەراپەڕاندنەكانی كارەكانیشماندا نمونەیی‌و بێ‌ كەموكوڕی نەبوین، بەڵام هەمو ئەمانە‌و هیچ شتێك ئەو راستیەی پێناشاردرێتەوە كە ئاوێنە دەتوانێ‌ شانازی بكات بەوەی یەكێك لەگرنگترین ئەزمونە سەربەخۆكانی میدیای كوردی بوە.

ئاوێنە ماوەی 12 ساڵە لەخانویەكی كرێوە دەردەكرێ‌‌و دەچێتە خانویەكی تری كرێوە، بەهەزار چەرمەسەری زانیاری‌و داهاتی خۆی دابین دەكا، بێ‌ ئەوەی بەخشینەوەی پارەو پۆست‌و ئیمتیاز لەگەیاندنی راستیەكان بێدەنگی بكات، هەر ئەم پیشەیی بون‌و راستگۆیی‌و سەربەخۆبونەشی، متمانەو سەرمایەیەكی رەمزی گەورەی پێبەخشی.

بۆیە ئێستا كە هەر كاربەدەستێكی سیاسی‌و بازرگانێكی گەورەی ئەم وڵاتە دەیەوێ‌ رۆژنامە‌و ماڵپەڕی گوێڕایەڵ‌‌و زمانحاڵی تایبەت بەخۆی هەبێت، راگرتنی ئاوێنە ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ لەدەستدانی یەكێك لەگرنگترین روبەرە ئازادەكانی كۆمەڵگەی كوردی. ئاوێنە لەبری ئەوەی نوێنەرایەتی بەرژەوەندی سیاسی‌و ئابوری چەند ماڵباتێك بكا‌و میدیای فڵانە كاربەدەست‌و فیسارە بازرگان بێت، بڵندگۆی ئەو دەنگانە بوە كە لەكۆمەڵگەی ئێمەدا پەراوێزو خەفە كراون، هەر ئەمەش وایكردوە توشی چەندان كێشەو هەڕەشە بێتەوە.

سەرباری ئەوەش ئاوێنە هیچ كاتێك بەرامبەر بەپێشێلكاریەكانی مافی مرۆڤ‌و ئازادییەكان‌و لەدەرخستنی دۆسیەكانی گەندەڵییدا، میدیایەكی شەرمن‌و بێدەنگ نەبوە، تەنانەت ئەگەر بەزیانی خۆشی شكا بێتەوە. لە 2 ساڵی رابردودا، ئاوێنە لەنێو هەمو میدیا بینراوو نوسراوو بیستراوو ئەلكترۆنیەكانی هەرێمی كوردستاندا، زۆرترین كاری لەسەر دۆسیەی گەندەڵی‌و پێشێلكردنی یاسایی كردوە‌و لەپلەی یەكەمدا بوە، بەپێی ئەو روماڵەی لەلایەن رێكخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی بەهاوكاری رێكخراوی NEDی ئەمەریكی كراوە. بەپێی راپرسییەكی مەیدانیش كە لەلایەن رێكخراوی IMSی دانیماركییەوە لەكوردستان ئەنجامدراوە، رۆژنامەی ئاوێنە لەروی خوێنەرەوە لەپلەی یەكەمدا بوە‌و زۆرترین خوێنەری هەبوە.

ئاوێنە وەك رۆژنامەیەكی سەنگین هەرگیز كاری لەسەر گەمژاندنی رای گشتی نەكردوە، وەك ئەو میدیایانەی ئەوەندە رویان قایمە "پرۆفشنالی بون" دەكەنە پەردەیەك بۆ داپۆشینی لایەنگرییان‌و شاردنەوەی ئەجندای حزبی‌و سیاسییان. ئاوێنە لەپرسە نیشتمانیەكان‌و لەو جەنگە گەورانەدا كە سەدان ساڵە لەدژی كورد بەردەوامن، سەربازی داكۆكیكردن لەمافە پێشێلكراوەكانی گەلی كوردستان بوە. ئاوێنە بەردەوام بڵندگۆی ئەو هێزە كۆمەڵاتیانە بوە بەبزوێنەری گۆڕانكاریی دادەنرێن لەجیهانی ئەمڕۆدا كە گەنجان‌و ژنانن‌و خوازیاری سەرلەنوێ‌ بنیاتنانەوەی كوردستانن لەسەر بنەمای یەكسانی‌و دادپەروەری‌و دیموكرسی‌و ئازادی. هاوكات ئاوێنە هەمیشە كاری بۆ پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوەو ئایین‌و ئاینزا جیاوازەكان كردوەو هەوڵیداوە كلتوری لێبوردەیی لەكوردستان قوڵتر بكاتەوە.

بەدڵنیایی هەر ئەم شێوە كاركردنەش وایكردوە كە لەدیدی "دۆست‌و دوژمن"ەوە ئاوێنە وەك رۆژنامەیەكی سەنگین‌و كاریگەر سەیر بكرێت. هۆكاری سەرەكی ئەوەش بوە كە ساڵی 2008 ئاسۆس هەردی خەڵاتی "جوبران توینی" پێببەخشرێت كە یەكێكە لەخەڵاتە دیارو گرنگەكانی ئازادی رۆژنامەگەری‌و منیش لەساڵی 2014دا وەك یەكێك لە"100 پاڵەوانی زانیاری لەجیهاندا" لەلایەن رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنورەوە بەبۆنەی یادی ئازادی رۆژنامەوانی جیهانیەوە دیاریبكرێم.

ئێستا لەم پەنجەرەیەوەو لەم دوا هەناسانەی ئاوێنەدا راستگۆیانەو بەگەرمییەوە بەهەمو ئەوانەی لەم 12 ساڵەدا هاوكارمان بون دەڵێم: سوپاس. 
سوپاس بۆ خوێنەرانی ئاوێنە...
سوپاس بۆ هەوڵ‌و كۆششی هەمو ئەو هاوڕێ‌ رۆژنامەنوس‌و پەیامنێر‌و هەواڵساز‌و دیزاینەرو هەڵەچن‌و فۆتۆگرافەرو کارمەندو پارێزەرانەی لەسەرەتای دامەزراندنی ئاوێنەوە تا ئەمڕۆ لەچەند قۆناغی جیاوازدا لەئاوێنە كاریان كردو درێژەیان دا بەژیانی ئەم رۆژنامەیە. 
سوپاس بۆ هەمو ئەو نوسەرە دیار‌و نادیارانەی بەوتارو شیكاریەكانیان ئاوێنەیان گەورەتر كرد‌و شكۆو قورساییەكی زیاتریان پێبەخشی. 
سوپاس بۆ ئەو بەڕێزانەی لەساڵانی رابردودا، خۆبەخشانە بونە ئەندامی بۆردی چاودێری ئاوێنەو مەبەستیان بو ئاوێنە پێشبكەوێ‌‌و سەربەخۆیی خۆشی لەدەستنەدات.
سوپاس بۆ هەمو كارمەندانی بەڕێزی چاپخانەی كوردستان كە چەند ساڵێكە هەمو شەوانی دوشەممانێك بەدیار دواكەوتنی ئامادەكردنی دوا لاپەڕەكانی ئاوێنەوە ئازاری چاوەڕوانی‌و شەونخونی دەكێشن‌و قەرزاریشیان بوین. 
سوپاس بۆ هەمو كەسایەتییە بەڕێزانەی لەدو ساڵی رابردودا هاتنە نێو پڕۆژەی هاوڕێیانی ئاوێنەوەو خوازیاری ئەوە بون لەرێگەی هاوكارییەكانیانەوە ئەم پەراوێزە لەئازادی بپارێزن.

لێرەدا بەپێویستیشی دەزانم پۆزش بۆ هەمو ئەو بەڕێزانە بهێنمەوە كە ستافی ئاوێنە بون‌و لەم چەند ساڵەی رابردودا رۆژێك لەرۆژان بەرامبەریان توند بوبێتم.. لەڕاستیدا مانەوەو بەردەوامبونی ئاوێنە بەستافێكی زۆر كەم‌و بەتوانایەكی ناچیزو لەدۆخێكی ناتەندروست‌و لەهەلومەرجێكی نایەكساندا بۆ كێبڕكێ‌ لەگەڵ میدیاكانی تردا، بەرپرسیارێتییەكی ئەوەندە گەورە بوە كە بەردەوام پێویستی بەچاوپۆشی نەكردن لەهیچ جۆرە كەمتەرخەمییەك بوە.

248 جار خوێندراوەتەوە
07/06/2018

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە