Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

شوشكه‌ی‌ له‌ نێوان دادوه‌رو دارده‌ست دا

لەتیف فاتیح فەرەج





 
مرۆڤ كه‌ له‌ دۆسیه‌ی‌ مامۆستا سه‌لیم شوشكه‌یی‌ ورد ده‌بێته‌وه‌، به‌ خۆی‌ نییه‌ گریانی‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ دێت، ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌، كه‌ له‌ماوه‌ی‌ به‌رێدا ناشرینی‌ ئه‌وتۆیان نیشانداوین، مایه‌ی‌ له‌ سه‌ر وه‌ستان و هه‌ڵوه‌سته‌یه‌، هه‌موومان گه‌مه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شورامان بیر ماوه‌ بۆ درێژكردنه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ حوكمڕانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، له‌ كاتێكا ئه‌و بڕیارانه‌ بوونه‌ هۆی‌ زیاتر ئاڵۆزكردنی‌ دۆخی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئاخر ئه‌و بڕیاره‌ په‌یوه‌ندی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر شێواند، له‌ كاتێكدا دادگاو دادوه‌رو شوراو ئه‌و ناوانه‌ له‌ وڵاتانی‌ دنیا مایه‌ی‌ رێكخستن و دادگه‌ری‌ و یه‌كسانین ..

ئه‌و دادوه‌ره‌ی‌ بڕیاری‌ دژی‌ سه‌لیم شوشكه‌یی‌ داوه‌، به‌ به‌ دواداچوونی‌ من هه‌مان ئه‌و دادوه‌ره‌یه‌ كه‌ بڕیاری‌ بۆ گرتنی‌ كاك نه‌وشیروان مسته‌فاو مامۆستا سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د به‌ هادین ده‌ركردووه‌، له‌وه‌ ده‌چێت ئه‌م دادوه‌ره‌ به‌ڕێزه‌ یان زۆر رقی‌ له‌ ده‌نگی‌ جیاوازو ئۆپۆزسیۆن بێت، یان زۆر له‌ ژێر فه‌رمانی‌ لایه‌نێكی‌ سیاسیدا بێت، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكا بۆ كوردستان زۆر پێویست بوو دادوه‌ره‌كان و مامۆستایانی‌ زانكۆو رۆشنبیران لانی‌ كه‌م به‌ یه‌كدووری‌ له‌ حزبه‌كانی‌ كوردستانه‌وه‌ وه‌ستابان، نه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م به‌ڕێز مه‌سعوده‌، كه‌ دادوه‌ری‌ دۆسیه‌ هه‌ستیاره‌كانی‌ تۆمه‌تدانه‌پاڵ و به‌ تیرۆریست نیشاندانی‌ دڵسۆزانی‌ نیشتمانه‌ بڕیاره‌كانی‌ به‌و جۆره‌ بن كه‌ مرۆڤ وا هه‌ست بكات كه‌ له‌باره‌گای‌ حزبه‌وه‌ ده‌رچووبن.

هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌ستكراوه‌یی‌ ئه‌م دادوه‌ره‌ حزبیانه‌ بۆ ده‌ركردنی‌ بڕیاری‌ له‌و شێوانه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌و یاسای‌ تیرۆره‌وه‌ كه‌ هه‌ر دوو ساڵ جارێك له‌ بری‌ هه‌موار كردنه‌وه‌و رێكخستن یان هه‌ر هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و نه‌هێشتنی‌ ته‌مه‌نی‌ درێژده‌كرێته‌وه‌، ئه‌و یاسای‌ تیرۆره‌ بیانویه‌كی‌ باشه‌ به‌ ده‌ست هه‌ر دادوه‌رێكه‌وه‌ كه‌ بیه‌وێت خه‌ڵكی‌ پێ‌ بداته‌ دادگا، هه‌روه‌ك بیانویه‌كی‌ باشیشه‌ به‌ ده‌ست ده‌زگاكانی‌ ته‌ناهی‌ كوردستان و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌، بۆیه‌ یه‌كه‌مین كارێك ده‌بێت به‌ر له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی‌ دادوه‌ره‌كان بۆ یه‌كدووری‌ وه‌ستان له‌ حزبه‌كانه‌وه‌ بكرێت چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و یاسایی‌ تیرۆره‌یه‌، كه‌ بوارێكی‌ باش ده‌دات به‌و ده‌زگایانه‌ی‌ ته‌ناهی‌ له‌ كاتێكا خۆیان و كاره‌كانیان له‌ ژێر پرسیاردان، بۆ ئه‌وه‌ی‌ سزای‌ هه‌ر جیاوازیه‌ك بده‌ن كه‌ ده‌یانه‌وێت.

به‌ داخه‌وه‌ تا ئێستا به‌ هۆی‌ هه‌ڵه‌ یان كێماسی‌ ئه‌م ده‌زگایانه‌ی‌ ته‌ناهیه‌وه‌ چه‌ندین كه‌س بونه‌ته‌ قوربانی‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ به‌ر هه‌ستیاری‌ دۆسیه‌كان ناوه‌كان بڵاو ناكه‌ینه‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ سایه‌ی‌ ئه‌و یاسا لاستیكیه‌ی‌ كه‌ هه‌ر چۆن بیانه‌وێت یاری‌ پێده‌كه‌ن، له‌ راستیدا له‌مه‌دا دادوه‌ره‌كان ئه‌رگی‌ گه‌وره‌یان له‌ ئه‌ستۆیه‌و ناكرێت به‌ شێك بن له‌و یاریه‌ شێواوه‌، له‌ دۆسیه‌كه‌ی‌ مامۆستا سه‌لیم شوشكه‌یدا جێی‌ نیگه‌رانییه‌ كه‌ دادوه‌ره‌كه‌ له‌و چوار چێوه‌یه‌دا یاری‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ پیرۆزی‌ و بایه‌خی‌ دادگا كه‌م ده‌كاته‌وه‌، له‌ شكۆی‌ بێلایه‌نی‌ دادوه‌رو دادگاش ده‌دات.

 له‌ دۆسیه‌كه‌ی‌ سه‌لیم شوشكه‌یی و ئه‌و دۆسیانه‌ی‌ پێشتردا، كه‌ سه‌ركرده‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ پێدراوه‌ته‌ دادگا، ده‌بوو رای‌ گشتیی‌ درووست با، ده‌بوو داواكاری‌ گشتیی‌ قسه‌ی‌ هه‌با، ده‌بوو وه‌زاره‌تی‌ داد و ئه‌نجومه‌نی‌ دادوه‌ری‌ بهاتنایه‌ ده‌نگ و ئه‌و ناشرینیانه‌ هه‌ر وا به‌ بێده‌نگی‌ تێنه‌په‌ڕینایه‌، ئه‌م دۆسیانه‌ پێمان ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ و به‌شێك له‌ دادوه‌ره‌كانی‌ كوردستان، ده‌سه‌ڵاتی‌ دارده‌سی‌ و دارده‌ستن نه‌ك دادوه‌ر، له‌م باره‌یه‌وه‌ قسه‌ی‌ زۆر ترهه‌یه‌ بۆ وتن.
 

954 جار خوێندراوەتەوە
31/07/2018

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە