Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

دەسەڵاتی کوردیی و گۆترەکارییەکانی!

هاوژین عومەر کەریم



لە دنیای نوێدا هەموو شتەکان پێوەری خۆیان هەیە، هیچ شتێک بە گۆترە و گۆترەکاریی ناپێورێت و هەڵسەنگاندنی بۆ ناکرێت، تەنانەت شتە نادیارەکانیش، لە بابەتی (خەمۆکی، خۆشبەتی و خۆشگوزەرانیی و هتد)، هەرچەندێک پێواندنیشیان کارێکی قورسە.

ئەگەر بتەوێت بڕیار لە سەرکەوتن یان شکست، دواکەوتن یان بەرەوپێشچوونی هەر وڵاتێک، یان کایەیەک بدەیت، دەبێت بەپێی بنەما و پێوەرەکانی خۆی ئەو کارە بکەیت، نەک بە هەڕەمەکی و گۆترەکاریی حوکمیان لە بارەوە بدەیت.

زۆرێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ساڵانە ڕاپۆرتی تایبەت بە بەختەوەرترین و خۆشگوزەرانترین وڵاتەکانی جیهان، یان ئاستی پاشەکشە و بەرەوپێشچوونی ئازادییەکان، یان شەفافترین و گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهان و هتد، بڵاو دەکەنەوە. هەموو ئەو ڕاپۆرتانەش بەرمەبنای ژمارەیەک پێوەر و بنەما ئەنجام دەدرێن، نەک بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و گۆترەکاریی. لەم سەردەمەدا مۆدیلی قسەی گشتی و گۆترەکاریی و هاشوهوش نەماوە.

ئەگەر سەیرێکی لای خۆمان و دەسەڵاتەکەی هەرێمی کوردستان بکەیت، دەبینیت کە تیایدا دوای چارەکەسەدەیەک لە دەسەڵاتدارێتیی، تا ئێستا هەموو کایەکان بە گۆترە دەپێورێن و هەموو ڕووداوەکانیش بە هەڕەمەکی لێک دەدرێنەوە، هەموو حوکمەکانیش بە سەرپێیی و میزاجییانە دەدرێن. ئەم دەسەڵاتە تا ئێستاش لە هاشوهوش و گۆترەکاریی نەکەوتووە، تا ئێستا هیچ کایەیەکمان بە شێوەیەکی مۆدێرن و ستاندار ڕێک نەخراوە، ئەسڵەن پێوەر و بنەما لە هیچ کایەیەکی ئەم هەرێمەدا ئەرزشی نییە و نەماوە. کەمێک لە سیستمەکانی وەکو مووچە و خانەنشینی و ئەژمارکردنی ساڵانی خزمەت و دابەشکردنی زەوی و ئیمتیازات و واقیعی ئازادییەکان و دیموکراسیەت و کایەی سیاسیی بڕوانیت و ورد ببیتەوە، دەزانیت چ گاڵتەجاڕییەکە!

ساڵانێکی زۆرە ئەم دەسەڵاتە کوردییە خەریکی هاشوهوش و گۆترەکارییە لە هەڵسەنگاندنی خۆیدا، کەس هەیە ئا لەم قسە سواوانەی نەبیستبێت: (ئەزموونی دیموکراسیی هەرێم تاکە لە عێراق و ناوچەکەدا، خەڵکی هەرێم خۆشگوزەرانن، فڵانە حیزب و کۆنەپەرست و تیرۆریستە، فڵانە سەرکردە کاریزمایە، یان ڕابەری ڕابردوو و ئێستا و ئایندەی کوردە)؟ تا دەگاتە دەیان حوکم و قسە و لێدوانی بێبەهای تر..

ئەم دەسەڵاتدارێتییەی هەرێم و ئەزموونی سیاسیی یەکێتی و پارتی، ئەگەر بە پێوەر و بنەما زانستییەکان هەڵبسەنگێندرێن، ڕاپۆرتی سەیر و سەمەرەیان لە بارەوە دەنووسرێت و دەبنە گاڵتەجاڕی هەموو دنیا!

ئەم حکومەتە ساڵانێکی زۆرە یاسای بودجەی نییە، ئەوە حیساباتی خیتامیی هەر باسی مەکە، ئەی کوا ئابوورییە پێشکەوتووەکەی؟ سەروەریی یاساش هەر بوونی نییە، دیموکراسییەتەکەشی شەق و شڕ بووە، خوا هەڵناگرێت شەفافیەت و ئازادیی گەیشتن بە زانیارییەکانیش فەراهەم نییە، تیایدا هاوین مووچەی زستانی پێشتر وەردەگریت و زستانی داهاتووش مووچەی ئەم هاوینەی کە تیایداین، کوڕی سەرکردەیەک بیت یان کۆیلە و دەرباری بەرپرسێکی دەسەڵاتدار، ئەوا بە چنگ نەجمەی سەرشان وەردەگریت و ناگەیتە تەمەنی چل ساڵیی، دەبیت بە ئامر لیوا.. لە پاڵ ئەم دیاردانەدا، دەتوانیت دەیان و سەدان دیاردەی دیکەش ئاماژە پێبکەیت..

دەسەڵات و ئەزموونێک ئەمە حاڵی بێت، تا ڕۆژێک زووتر لە کۆڵی هاونیشتمانییانی بەشمەینەتی هەرێم ببێتەوە و بارگە و بنەی بپێچێتەوە، هێشتا درەنگە!

114 جار خوێندراوەتەوە
05/08/2018

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە