Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

هه‌موو شتێك له‌پێناو مانه‌وه‌دا

مەعروف مەجید


 
كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان وه‌كو هێزێكی‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ هه‌ڵقولاَوی‌ ناخی‌ جه‌ماوه‌ر، له‌سه‌رجه‌م پرۆسه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌رێم و ناوه‌ند ، به‌بێ‌ سڵه‌مینه‌وه‌ به‌ باوه‌ر بون به‌ خۆی و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی‌ بێ‌ دودڵی‌ و به‌شداری‌ كردووه‌ .

ئه‌وه‌ی‌ وای‌ كردووه‌ كۆمه‌ڵ نه‌ترسێت و متمانه‌ی‌ به‌خۆی‌ هه‌بێ‌ ده‌نگی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆی‌ بووه‌ دوور له‌ ساخته‌كاری‌ ، وه‌كو حزبه‌كانی‌ تری‌ ده‌سه‌لاَت نه‌بووه‌ كه‌ پێش بانگه‌شه‌كان ده‌ست بكات به‌ كرینی‌ خه‌ڵك و ته‌خشان و په‌خشانكردنی‌ سه‌روه‌رت و سامانی‌ ولاَت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ حزبی‌ و كه‌سێتی‌ .

 ته‌نانه‌ت وای‌ لێهاتووه‌ پرۆژه‌كانی‌ حكومه‌تیش چوار ساڵ راده‌گیرێت و به‌ چه‌ند مانگێك پێش هه‌ڵبژاردن هه‌ر رۆژه‌و به‌ناوێك ئه‌نجام ده‌درێن .
به‌ گه‌واهی‌ دۆست و نه‌یاره‌كانی‌ ده‌نگهێنانی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ به‌رهه‌می‌ ماندوو بون و هه‌ڵویسته‌ نه‌گۆره‌كانی‌ كۆمه‌ڵ بووه‌ كه‌ ئه‌و كاتانه‌ی‌ له‌ ده‌سه‌لاَت، یان له‌ ئۆپۆزسیۆن دابوو بێت ، بۆ هیچ ساتێكیش ئاماده‌ نه‌بووه‌ پشت له‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی‌ خۆی‌ بكات، ئه‌گه‌ر نا بۆ پاشگه‌زبونه‌وه‌ له‌ هه‌ڵویسته‌كانی‌ ده‌یتوانی‌ وه‌كو خه‌ڵكانی‌ تر سامانێكی‌ زۆر به‌ ده‌ستبهێنێت هه‌م بۆ حزب و هه‌م بۆ ئه‌ندامه‌كانی‌ له‌ ناو حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ئیداره‌ خۆجێییه‌كان. 

یه‌كێك له‌و كارانه‌ی‌ كه‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان له‌سه‌رجه‌م هه‌ڵبژاردنه‌كاندا شانازی‌ پێوه‌ ده‌كات، نه‌بونی‌ ساخته‌كارییه‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌نگه‌كانیه‌تی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ، سه‌ره‌رای‌ ئه‌وه‌ی‌ مه‌ترسی‌ كه‌م بونه‌وه‌ی‌ ده‌نگه‌كانیشی‌ هه‌بوبێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵ پێی‌ وابووه‌ به‌ ده‌ستهێنانی‌ كورسییه‌ك به‌ ده‌نگی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆی‌ له‌ ده‌یان كورسی‌ ته‌زویر باشتر و گرنگتره‌. 
له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 30ی‌ ئه‌یلول و هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ پێشووش ئه‌گه‌ر به‌وردی‌ ته‌ماشای‌ ئه‌نجامه‌كان بكه‌ین، پارتی‌ و یه‌كێتی‌ هه‌ر یه‌كه‌یان له‌ زۆنی‌ خۆیان به‌ ساخته‌كاری‌ و قۆرخكردن و ترس و هه‌ره‌شه‌كردن و پێدانی‌ ئیمتیازاتی‌ خه‌یاڵی‌ به‌ ئه‌ندامانی خۆیان‌و به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی‌ حزبه‌كانی‌ دیكه‌، وایان كردووه‌ زۆرترین ده‌نگ به‌ ده‌ستبهێنن، ئه‌گه‌ر نا هه‌ر یه‌كه‌یان له‌ زۆنی‌ به‌رانبه‌ر هێنده‌ی‌ ده‌نگی‌ لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ بگره‌ كه‌متریش ده‌هێنن، كه‌واته‌ ئه‌و راستیه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ حزبێكی‌ ناوچه‌یین و به‌هۆی‌ پاره‌ و سامان و قۆرخكردنی‌ پۆسته‌ حكومییه‌كان له‌ ژێر ده‌سه‌لاَتی‌ خۆیان ده‌توانن بمێننه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نا هیچ كات له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌رێم به‌گشتیی ئه‌و ده‌نگانه‌ به‌ ده‌ستناهێننه‌وه‌ .
وه‌ك چۆن له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 12ی ئایاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانیشدا به‌ ته‌زویری‌ ئه‌لكترۆنیی نه‌خشه‌ی‌ سیاسییان گۆڕی‌و ده‌نگی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ جه‌ماوه‌ریان ساخته‌ كرد، به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌نگی‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌و پشتیوانیی جه‌ماوه‌ر بۆ ئه‌م لایه‌نه‌، به‌ دیوه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌یدا ده‌رنه‌كه‌وت. 

هه‌ڵبژاردنی‌ 30ی‌ ئه‌یلول ئه‌و راستییه‌ی‌ بۆ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ و ئه‌ندامه‌كانی‌ دووپات كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌رای‌ هه‌ره‌شه‌ و سزادانی‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ و ترس و تۆقاندن كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان حزبێكی‌ كوردستانییه‌ و له‌سه‌ر بیروباروه‌ری‌ ره‌سه‌نی‌ ئیسلامی‌ كوردی‌ به‌رده‌وامیی به‌ پڕۆژه‌ی‌ سیاسیی خۆی‌ ده‌دات و بووه‌ته‌ جێگای‌ متمانه‌ی‌ هاولاَتیانی‌ كوردستان و هیچ كات بۆ مانه‌وه‌ی‌ خۆی‌‌و بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌نگی ساخته‌، په‌نا ناباته‌به‌ر هێنانی‌ هێزی‌ بێگانه‌ و دژه‌ كورد، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی‌ ئێستا ده‌یكه‌ن.

هه‌وڵ دان بۆمانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌لاَت به‌ هه‌ر جۆرێك بێت، رێك دووباره‌كردنه‌وه‌ی‌ هه‌مان سیاسه‌تی‌ سه‌دام حسێن سه‌رۆكی‌ له‌ناوچووی‌ عیراقه‌ كه‌ ده‌یوت هه‌موو شتێك ده‌كه‌ین له‌پێناو مانه‌وه‌و سه‌ركه‌وتندا. 


1004 جار خوێندراوەتەوە
01/10/2018

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە