Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

سه‌رۆككۆماری عێراق و ڕۆڵی وڵاتان

سه‌ڵاح سالار




هه‌موومان ئه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ دانانی هه‌ر داشێك له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شه‌تره‌نج و دامه‌ی عێراق به‌بێ ڕۆڵی ئێران و ئه‌مریكا نابێت، هه‌روه‌ها وڵاتانی دیكه‌ی هه‌رێمیی و نێوده‌وڵه‌تییش كه‌م و زۆر كه‌وچێك له‌و شۆربایه‌ ڕاده‌ده‌ن.

به‌پله‌ی یه‌كه‌م ئێران هێزی سه‌ره‌كییه‌ له‌وه‌ی ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران ده‌بینێت، ئه‌مریكا هیزی دووه‌مه‌ و یان ده‌بێت دانوستان له‌گه‌ڵ ئێران بكات بۆ سه‌رخستنی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌.

له‌دانانی مام جه‌لالدا ئێران و ئه‌مریكا نیوه‌ به‌ نیوه‌ هاوبه‌ش بوون و هیچیان لارییان له‌و سه‌رۆك كۆماره‌ لێهاتووه‌ نه‌بوو. به‌ڵام له‌ دانانی فوئاد مه‌عسووم و به‌رهه‌م ساڵحدا ئێران مه‌عسوومی هه‌ڵبژارد و ساڵحی بێهیوا كرد، چونكه‌ به‌رهه‌م ساڵح به‌ ئه‌مریكایی هه‌ژمار ده‌كرا و فوئاد مه‌عسوومیش به‌وێنه‌ی ناوه‌كه‌ی خۆی به‌لایانه‌وه‌ مه‌عسووم بوو، هه‌روه‌ها سه‌ركرده‌یه‌كی لاواز و گوێڕایه‌ڵیش بوو.

ئێران سروشتی وایه‌ كه‌سی بزێو و یاخیی خۆش ناوێت، حه‌كیمی ده‌ردانی ده‌وێ. به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان بۆچی ئێران ڕۆڵی هه‌بوو له‌ دانانی به‌رهه‌م و لادانی فوئاد حسێندا؟ ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌ ده‌بێت به‌ شوێنی وه‌ڵامه‌كه‌یدا بگه‌ڕێین.

ئێران ده‌زانێت ئه‌م به‌رهه‌مه‌، به‌رهه‌مه‌ به‌هێزه‌كه‌ی جاران نییه‌، شكست و لاوازیی و بێهیواییشی بینیوه‌، هه‌روه‌ها وانه‌ی ژیانی زیاتر وه‌رگرتووه‌ و ده‌زانێت بێ ئێران و ئه‌مریكا هیچی بۆ ناكرێت، ناتوانێت لایه‌نی دانه‌یه‌كیان بگرێت و له‌وی دیكه‌یان بێمنه‌ت ببێت. بۆیه‌ ئه‌مه‌ بۆ ئێرانییه‌كان زۆر گرنگه‌.

ده‌گوترا فوئاد حسێن شیعه‌یه‌ و نه‌رمه‌ و ئه‌گه‌ری زیاتری هه‌یه‌، ئه‌مه‌ ڕاسته‌ چانسی باشه‌ بۆ كه‌سێك ئێران ئاوڕی لێبداته‌وه‌، به‌ڵام ئێران ڕوانینێكی دوورتری هه‌یه‌ و كه‌ هاته‌ كایه‌ی سیاسییه‌وه‌ شیعه‌ و سوننه‌ زۆر كێشه‌ نیه‌، گرفت ئه‌وه‌یه‌ لۆبی كوێ پشتگیرییان ده‌كات و تا چه‌ند پشكی به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران ده‌پارێزێت؟

خاڵی جه‌وهه‌ریی جیاوازیی به‌رهه‌م ساڵح و فوئاد حسێن، به‌ته‌نیا خودی خۆیان نین، به‌ڵكو باكگراوه‌ندی سیاسیی خۆیان و هێزه‌كه‌ی پشتگیرییان ده‌كان و ده‌سته‌ هه‌رێمیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی ده‌عمیان ده‌كات.

به‌ تێروانینی ئێرانییه‌كان به‌رهه‌م ساڵح كه‌سایه‌تییه‌كی ئه‌مریكییه‌ و وه‌كو قوتابییه‌كی ژیری جه‌لال تاڵه‌بانیی فێری ئه‌وه‌بووه‌ له‌پاڵ خۆرئاواییه‌كه‌یدا ئێرانییش بێت و هیچ كات بیر له‌وه‌ نه‌كاته‌وه‌ ده‌ستی ئێران له‌ عێراق ببڕێت.

به‌ڵام فوئاد حسێن، ئه‌گه‌ر چی شیعه‌ش بێت و به‌ دوو پشتیش بگاته‌وه‌ به‌ ئێلی مه‌له‌كشایی له‌ پارێزگای ئیلام، وه‌ك چۆن میدیای ئێران ئه‌م ماوه‌یه‌ ئه‌وه‌یان ده‌وروژاند، به‌ڵام به‌بڕوای ئێران ئه‌م سیاسه‌تمه‌داره‌ ئیسرائیلییه‌، نه‌ك ئه‌مریكایی، یان ئه‌وروپایی. چونكه‌ ئێران هه‌میشه‌ پارتی تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌هێزی له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا هه‌یه‌ و ئه‌وه‌شی كانیدی پارتیی بێت ئه‌و تۆمه‌ته‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لای ئێران مه‌قبوول نه‌بێت، مه‌گه‌ر هیچ به‌دیلی نه‌بێت وله‌ناچارییدا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكات.

هه‌روه‌ها به‌ده‌ر له‌مانه‌ش مامه‌ڵه‌ی پارتی و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئێراندا و ڕاده‌ی به‌هێزی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و دوو حزبه‌ش ئاسانتر هێزه‌ عێراقییه‌كان یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌ له‌ دیاریكردنی كاندیدی دڵخوازی خۆیان بۆ سه‌رۆكی وڵات.

بۆیه‌ من ڕام وایه‌ ئه‌م هۆكارانه‌ وایان كرد ئه‌مجاره‌یان ئێران به‌رهه‌م ساڵح سه‌ربخات بۆ سه‌ر كورسیی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق و ڕكابه‌ره‌كه‌ی بنێرێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر.

6374 جار خوێندراوەتەوە
03/10/2018

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە