Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

ئەرکى کۆمسیۆن و کۆمسیاران

عومه‌ر گوڵپی

ڕاستە کۆمسیۆن لە نوێنەرانى پێنج حزبى سیاسى پێکدێت، بەڵام ئەمە ماناى ئەوە ناگەیەنێت کە ئەوان وەک حزبەکانیان کاربکەن و هەڵوێست وەربگرن، نابێت و ناکرێت هەڵویست و لێکدانەوەى سیاسى حزبەکانیان تەبەنى بکەن، ئەوان دەزگایەکى گەورەى نیشتیمانى بەڕێوە دەبەن کە ئومێدى لێدەکرێت بە شێک بێت لە ئاشتى کۆمەڵایەتى، وەکچۆن سوێندیان خواردووە، پێویستە بێلایەنانە کاربکەن و نوێنەرایەتى هەموو خەڵک بکەن بەوانەى دەنگیانداوەو بەوانەشى دەنگیان نەداوە، بەوانەى دەنگیان بە حزبێک داوە یان ئەوانەى بە سپى و چووچەڵ دەنگیان داوە، پێوێستە پارێزەرى دەنگى حزبەکانى دەسەڵات و ئەوانەش بن کە ئۆپۆزسیۆنن یان دەبن، چونکە ئەوە ئەرکى ئەوانە.

تەزویرى ئەمجارەى هەلبژاردنەکان وەک قۆپیەو فێڵى تەلەبە تەمبەڵەکان وایە لەبەردەست ئەو مامۆستایەى دڵنیایە لەوەى خوێندکارەکەى قۆپیەى کردوە، بەڵام ناکرێت و نابێت هیچ لێپێچینەوەیەک بکات مادەم لە کاتى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکان هیچ بەڵگەیەک قۆپیە بسەلمێنێت نەگیرابێت، بۆیە ئەرکى ئێستەى کۆمسیۆن ئەوە نییە وەک سیاسییەک لێکدانەوە بکات بۆ دەنگى پارتى و یەکێتى، ڕاستە ئەوان بە پێى پیشینەى چوارساڵى ئیدارى و سیاسى خەڵک سزاى داون و وەک خوێندکارێکى تەمبەڵ دەبوو ئێستە نمرەیەکى خراپ وەرگرن، بەڵام ئەمە لێکدانەوەی سیاسییەو لێکدانەوەى پیشەییانەو یاسایییانەو بێلایەنانە ئەوەیە کە کۆمسیۆن بە پێى یاساکانى خۆى کاربکات بۆ ئەوەى دەنگى ڕاستەقینە بە دەنگى ڕاستەقینە بناسێنێت و دەنگى تەزویریش بە تەزویر.

پێویستە کۆمسیۆن کاربکات بۆ ئەوەى ئەو صندوق و بنکەو وێستگانەى دەستدریژییان کراوەتە سەر، سنوریان تێدا بەزێنراوە، یاسایان تیا پێشێلیکراوە، تەزویریان لەسەر ئەنجامدراوە لێپێچینەوەى یاسایاییان بەرانبەر بگرێتە بەر بەپێى ڕێکارەکانى بەردەستیان، پێویستە کۆمسیۆن و کۆمسیاران لە سکاڵاکان بپێچێتەوەو و ئەنجامێک بخاتە بەردەست میللەت کە زۆرترین دڵنیایى بدات بەوەى کۆمسیۆن لە یەکەم ئەزمونیدا سەرکەوتوو بوەو ئەوەى توانیویەتى کردوویەتى تا پرۆسەیەک بەرێوەبەرێت زۆرترین متمانەى هەبێت بە پێى پێوەرەکان.

داواکارى حزبە سیاسیەکان و لایەنگرانیان لە کۆمسیاران بەوەى ئەنجامەکانى کۆتایى لەلایەن کۆمسیارەکانەوە واژۆبکرێت یان نا، داوایەکى هەڵەو نایاسایی و زیادەیە، چونکە ئەوان پێویستە بێلایەنانە کاربکەن، چونکە سوێندیان خواردووە پیشەییانە و بێلایەنانە مامەڵە بکەن، بێجگە لە چوارچێوە یاسایییەکان نابێت ڕابکێشرێنە ناو هیچ لێکدانەوەو بڕیارێکى سیاسى، چونکە ئەوە لە قازانجى کوردستان نییە بە هەموو پێکهاتە و کارەکتەرە سیاسیى و حزبەکانیەوە، پێویستە هەموو لایەنەکان هاوکارى کۆمسیۆن بن تا دەنگ و ئیرادەى ڕاستەقینە لە دەنگى تەزویرو فرت و فێڵ جیابکاتەوە، نەوەک شتێکى تر.

1513 جار خوێندراوەتەوە
06/10/2018

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە