Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

بۆچی کوشتنی جەمال خاشقچی هەموو جیهان دەهەژێنێت

نەوشیروان حوسێن سەعید


بۆچی کوشتنی جەمال خاشقچی هەموو جیهان دەهەژێنێت کەچی کوشتنی هەزاران یەمەنی هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆی لێناکەوێتەوە؟


بەشێک لە وەڵامەکە ئەمەیە:

هەر بەوجۆرەی سەدان و بگرە هەزاران کەس لە دەریای ئیجەدا خنکان و هیچ کاردانەوەیەکی بەدوای خۆیدا نەهێنا، کەچی خنکانی 'ئایلان' هەموو جیهانی هەژاند. 

هەر بەوجۆرەی کوشتن و داپڵۆسینی هەزاران کەس لە تونس بە سادەیی تێدەپەڕی، کەچی کاتێک موحەمەد بوعەزیزی گڕی لەجەستەی خۆی بەردا، بەدوایدا وڵات هەژا و کۆتایی بە دەسەڵاتی بن عەلی هێنرا.

هەر بەوجۆرەی کە هەزاران کەس لە شەڕی ناوخۆدا کوژران و هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆی لێنەکەوتەوە، کەچی کوژرانی سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی بووەتە پەڵەی عار بە ناوچەوانی دەسەڵاتی کوردییەوە.

هەر بەوجۆرەی کە هەزاران ئێزیدی بونە قوربانی دەستی داعش، کەچی تەنها چیرۆکی 'نادیە موراد' جیهانی هەژاند.

بەڵام ئەوە بەشێکی وەڵامەکەیە و هێشتا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە قوربانی هەر قوربانییە و ستەم هەر ستەمە، ئەی بۆچی هەندێکجار کوژرانی کەسێک کاردانەوەی زیاتری لێدەکەوێتەوە لە کوژرانی هەزاران کەس؟ ئایا ئەمە دوو ڕووییە یان چی؟

بەشێکی دیکەی وەڵامەکە ئەمەیە:

مێشکی مرۆڤ ناتوانێ لە مردنی هەزاران و ملیۆنان کەس بە باشی تێبگات، بەڵام زۆر بەباشی لە مردنی کەسێک تێدەگات. هەر لەبەرئەوەیە کە ڕۆژنامەنووس و پەیامنێرەکان بۆ ئەوەی گەورەیی کارەساتێک پیشانی بینەر و خوێنەر بدەن، دەچن تەرکیز دەخەنە سەر پیشاندانی چیرۆکی پڕئازاری یەکێک لە قوربانییەکانی ئەو کارەساتە. جارێک ستالین بە ئەفسەرێکی هاوڕێی ئەڵێ: 'مردنی یەک کەس تراژیدییە، بەڵام مردنی یەک ملیۆن کەس تەنها مەسەلەی ئامارەوە هیچی تر.

لە شەڕی ناوخۆدا هەزاران کەس کوژران، بەڵام چونکە ژمارەکە زۆر بوو، شتەکە بووبووە مەسەلەی ئامار و لای هەموومان ئاسایی بووبووەوە کە ئەمڕۆ لە فڵان شوێن ئەوەنە کوژرا و لە فلان شوێنی تر ئەوەنەی تر.

 بەڵام کە سەردەشت عوسمان کوژرا، هەموو ڕاچڵەکین، بۆ؟ چونکە هاوسۆزییەکی فراوان دروستبووبوو کە گەنجێک لە کۆتا ساڵی زانکۆی و بەو هەموو خەونەی کە هەیبوو، شایانی ئەوەنەبوو لەسەر چەند ڕەخنەیەک، بەو شێوە تراژیدییە لەناوببرێت. هەمانشتیش بۆ کاوە گەرمیانی ڕاستە.

هەر ئەو هاوسۆزییە بەردەوامەش بوو کە وایکرد خێزانەکەی 'شیرین' بگاتە پەرلەمان بە بێ 'کۆتا'، لەکاتێکدا پێش ئەو، ئافرەتی بەتواناتر هەبوون و خۆیان کاندیدکرد و بە 'کۆتا'ش دەرنەچوون.

چەندین توێژینەوەی دەرونناسی گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە مرۆڤ زیاتر تووشی کاردانەوەی عاتیفی دەبێت بۆ یەک مردن نەک چەندین مردن، بەمانایەکی دیکە، هەتا قوربانییەکان زۆرتربن، هاوسۆزییەکە کەمتر دەبێتەوە.

جا گەمژەیی دەسەڵاتداران ئەوەیە لەم خالە سایکۆلۆجییە تێناگەن. هەر بۆیە کەسێکی وەکو بن سەلمان دیارە پێیوابووە کە مادام جیهان بۆ کوژرانی هەزاران هاوڵاتی یەمەنی نەهاتۆتە دەنگ، حەتمەن بۆ کوشتنی خاشقچیش نایەتە دەنگ و مەسەلەکە بە سادەیی تێدەپەڕێ.

بەکورتی، کە جیهان بۆ کوشتنی تراژیدی ڕۆژنامەنووسێک دەهەژێت و کەچی کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نییە بۆ کوژرانی هەزارانی دیکە، مەسەلەکە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بەمخاڵەوە هەیە، یانی مەرج نییە مەسەلەکە هەموو جارێ دووڕوویی بێت یان ئەوەبێت کە خوێنی قوربانییەک لە خوێنی هەزاران قوربانی دیکە بە نرخترە.

* بۆ نووسینی ئەم پۆستە، سوودم لە نووسینێک وەرگرتووە کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە ڕۆژنامەی نیۆرکتایمز بڵاوبویەوە لەژێر ناونیشانی How One Journalist‌s Death Provoked a Backlash That Thousands Dead in Yemen Did Not

891 جار خوێندراوەتەوە
20/10/2018

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە