Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

سەرانی بڕیاربەدەستی کورد داماون ئەگەرنا زلهێزەکان دەزانن چی دەکەن !

عەبدولستار مەجید


کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بە گشتی و خۆرئاوای کوردستان بەتایبەتی، بڕیارێکی بەپەلە و سەرپێی نیە وەک ئەوەی سەرانی بڕیار بەدەستی کورد لێی تێگەیشتوون و پێیانوایە ئەمریکا "خەنجەری ژەهراوی داوە لە پشتیان" ! 

بەڵکو دەرەنجامی دەیان ڕێکەوتنی ژێربەژێر و دەستەبەرکردنی سەدان بەرژەوەندی سیاسیی و ئابوریی گەورەیە بۆخۆیان، لە کاتێکیشدا ئەنجامدراون، کورد خۆی بەکوشتداوە و خۆی گوتەنی "بە نوێنەرایەتی جیهان شەڕی تیرۆر ئەکات !!"

چۆن دەکرێت موقەددەرات و بڕیاری چارەنوسی میلەتێکت گرتبێتە دەستی خۆت، بەڵام لە گەمەی زلهێزەکان نەزانیت و ئێستاش بە هەمان عەقڵیەتی خێڵەکی و بە موستەڵەحاتی کۆمەڵایەتیی تەعبیر لە نیگەرانیی و پەشیمانیی و هەڵخەڵەتاویی خۆت و ئاراستەی گۆڕانکارییەکان بکەیت و هەر بەو زمانە و لۆژیکەش لەگەڵ زلهێزە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکان مامەڵەت کردبێت ! 

شتێکی تازە نیە کە زلهێزەکان، بەتایبەتیش ئەمریکا و ڕوسیا و لە پشت ئەوانیشەوە ئیسرائیل، کورد وەک کارتی فشار لەململانێکانیان لەگەڵ یەکتر، یان وەک شەڕکەر بۆ پاراستنی ئەجێندا و بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن و دوای قوربانیدان و خوێنێکی زۆر، بەدەستی بەتاڵەوە بیکەنە دەرەوە و ئەوانیش بە زمانێکی دیبلۆماسیی و سیاسیی پێمان بڵێن "بەڕاستی کورد شەڕکەرێکی ئازان" ! 

کارەساتەکە ئەوەیە سەرانی بڕیاربەدەستی کورد دڵیان زۆر بەو قسەیە خۆشە بێئاگا لەوەی کە دیوی دووەمی ئەو گوزارشتە ئەوەیە کە "ئێوە تەنها بۆ شەڕ باشن و هی ئەوە نین بەشداری دەستکەوتەکانی دوای شەڕ بن !" 

میلەتێک بڕیار بەدەستەکانی ئاوەزی ئەوەیان نەبێت عیبرەت لەو هەموو ملشکاندن و پشت تێکردن و فرۆشتن و یاریپێکردنەی زلهێزەکان وەربگرن کە لەسەردەمی ڕەحمەتی قازیی محەمەدەوە بەردەوامە و لە ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم و شەڕی داعش لە عێراق و ئێستاش لە خۆرئاوای کوردستانیشدا بە ڕوونی دەردەکەوێ، بۆ ئەوە ناشێن دڵیان پێخۆش بکرێت ! 

ئەوە هەڵەی ئەوان نیە کە بەردەوام چاویان لەبەرژەوەندی خۆیان و خەڵک و وڵاتی خۆیانە، ئەوە دەستڕۆیشتووەکانی کوردە کە لە مشتێک ئاودا دەکەونە مەلەکردن و بێ هیچ گرەنتییەکی فەرمیی و بەبێ وەرگرتنی هیچ بەڵێن و بێ هیچ ڕێکەوتنێکی نوسراو، خوێنی خەڵکی کوردستان دەکەنە سوتماکی شەڕی پاراستنی بەرژەوەندی زلهێزەکان !

531 جار خوێندراوەتەوە
20/12/2018

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە