ئێرەیی و ساختەکاری
عومهر محهمهد
ڕۆژی 31/5/2016 لەشاری هەولێر “زانکۆی ئەربیل ” سەنتەری خوێندنی جینۆساید ” کۆنفرانسێکی لەمەڕ جینۆساید سازکرد، کە ماوەی یەک ڕۆژی خایاند، لە پانێڵی یەکەمی ئەو کۆنفرانسەدا، باسێکم پێشکەشکرد بەناونیشانی "شۆکی هەڵەبجەو ئەنفال".
ئامانجی باسەکەم نیشاندانی دوو شۆکی جیاواز بوون، یەکیان لە (هەڵەبجە)و ئەوی دیكهیان لە (ئەنفال)دا، کە لەهەڵدانەوەی گۆرەکاندا "هویە" پێناسەکانیان دۆزرانەوە، بەڵام خۆیان زیندوو بوون، لەناو باسەکەمدا بەراوردێکم کردبوو لە نێوان تیمی نێودەوڵەتی و تیمێکی خۆماڵیدا کە گۆریان هەڵدابووەوە، ئاستی شارەزایی و وریایی تیمە خۆماڵیەکەم باسکردبوو، دەستکەوتەکانیانم خستەڕوو، کە لەکۆی (٣٠) تەرم (٢٤)یان ناسرانەوەو کەلوپەلەکانیشیان یاداشت و پۆلین کردبوون، بری تێچوی ئەم کارە گرنگە تەنها ٥٠٠٠,٠٠٠ پێنج ملیون دیناری تێچووە.
کەچی تیمێکی بیانی کە دادگای باڵای تاوانەکان هێنابوویان و دوو گۆریان لە حەزەری پاریزگای موسڵ و لە پارێزگای سەماوە هەڵدایەوە، بە هەردوکیان ١٣٠٠٠,٠٠٠$ سیانزە ملیون دۆلار تێچوو، بەبێ ئەوەی تەرمەکان بناسرێنەوە، تەنها زانرا خەڵکی ناوچەی دوکان و گەرمیانن.
من هیچ سوکایەتیەکم بە تیمە نێودەوڵەتیبەکە نەکردبوو، تەنانەت شارەزایشیانم بەکەم نەگرتبوو، تەنها ئەم بەراوردەم کردبوو، کەچی کوردە چالاکوانەکانی ئەنفال لەبری دەستخۆشی هەستان تانەیان لێدام و ویستیان دیسانەوە کاری خۆماڵی بەکەم بگرن و شەرعیەت بەو تەندەرلێدان و بزنزە بدەن کە دەیانەوێت بەنرخی گران ئێسک و پروسکی ئەنفالکراوەکانیشمان پێ بفرۆشنەوە! لەوەش ناخۆشتر وایان بۆ حاکم _محهمەد عورێبی) وهرگێڕا کەوا من وتوومە: دادگاکە پارەی عێراقی بەهەدەرداوەو تیمەکە نەزان بوون!! هەرچەندە رێگەیان نەدا من وەڵامی (محهمەد عریبی) بدەمەوە، کە وتی: ئەو برە پارەیە هیچ نییە بۆ هەڵدانەوەی وەها کارێک کە بۆ دۆسێی نەتەوەیەکی ستەملێکراوی وەکو کورد قازانجی هەیە، بەڵام دوایی تێمگەیاند کە تۆیان بەهەڵە تێگەیاندووەو من تەنها بەراوردێکم کردووە نەک سوکایەتی بەدادگاو کاری هەڵدانەوەکە .. بەهیوام ئەمەش نەکەن بە گۆڵمەزەکەی گریگۆری ستانتۆن.
ههروهها کاک زەمان عەبدە لە موداخەلەیەکدا وتی: ئەو بەڵگەیەی ١٨ کچەکە هیچ بنەما ( ئهسڵ و ئهساس)ێکی نییە، چونکە من و عارف قوربانی هەمووشتێکمان ساغکردووەتەوەو زۆر گەراین هەتا ئەو کەسەمان دۆزییەوەو دەستگیرمان کرد کە بەڵگەنامەکەی ساختەکردووە!!
من وهكو خۆم نازانم کاک عارف قوربانیش ئەم قسەیە پشتراست دەکاتەوە یان نا، بەڵام هەروەک لەوێ وەڵامم دایەوە:
دەی مادام وایە لەسەرچی وەستاون و ناوی کەسێک ئاشکرا ناکەن کە ئابروی میللەتێکی بردووە؟ بۆچی ئامادەن کەرامەتی خەڵکی بشکێنن و ناوی ساختەکارێکی ئاوا ترسناک دەشارنەوەو بەناوی پاراستنی کەرامەتەوە ناوی ئاشکرا ناکەن؟
عومهری محهمهد ـ خاوهن و سهرنووسهری ساڵنامهی ئهنفالستان
1356 جار خوێندراوەتەوە
01/06/2016
هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە