Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

1

عارف قوربانى


لە رۆژانی سەرەتای گەڕانەوەمانەوە بۆ کەرکوک و لە دەستپێکی گفتووگۆکانی چارەسەری کێشەی ئەو شارە، لە کێشمەکێشی ناسنامەکەی لەنێوان بۆچوونی کورد و عەرەبدا کە کورد دەیوست کوردستانی و عەرەبیش دەیانویست عیراقی بێت، بەشێوەیەکی فەرمی لە لایەن بەرەی تورکمانی و بە پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا پرسی (بە هەرێمکردنی کەرکوک)ی وەک پرۆژەیەک بۆ چارەسەر خستەڕوو. بەڵام لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و تەنانەت لەلایەن عەرەبەکانیشەوە رەتکرایەوە. 

ئەوە بوو ئەو رێوشوێنە دەستوریی و یاساییە کرایە نەخشە رێگە کە لە پرۆسەیەکی ئەڵقەبەندی سەرجەم عەرەبی هاوردە بگەڕێندرێنەوە ناوچەکانی خۆیان و کورد و تورکمانە دەرکراوەکانیش بگەڕێندرێنەوە شارەکە، موڵک و ماڵی داگیرکراو و فەرمانبەری دورخراوە لەکار بگەڕێنەوە و پاش ئاساییبوونەوەی، ئەوکات ریفراندۆمێک ئەنجام بدرێت بۆ دیاریکردنی ناسنامە و چارەنوسی شارەکە، دانیشتوانەکەی بڕیار بدەن کەرکوک کوردستانی بێت یان عیراقی.

لێرەدا پێویست بە سەرلەنوێ خستنەوەڕووی ئەو رەخنانە ناکات کە ئاراستەی سەرکردەکانی کورد کران بەوەی رازی بوون ناسنامەی خاک ببەسترێت بە دڵی دانیشتوانەکەیەوە. زۆرینەی خەڵکی کوردستان نەک ئەو پرۆژەیەیان وەک نەخشەڕێگەی چارەسەر نابینی، بەڵکوو پێیان وابوو تاوانێکی گەورەشە کورد بەو شێوازە لە رێگەی چارەسەر رازیی بووە، چونکە مەترسی لەدەستچوونی بەشێک لەخاکی ئەو ناوچانە دەکرا کە بەهۆی سیاسەتی پاکتاوی رەگەزییەوە دیموگرافیایان گۆڕابوو.

سەرکردایەتی سیاسی کوردستان وەک ئەو رێگە هەڵەیەشیان پەسەندکرد، ئێجگار کەمتەرخەمیش بوون لە جێبەجێکردنی ئەو رێوشوێنانەی بۆی گیرابوونەبەر، بۆیە چارەنوسی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کەوتنە مەترسیەکی گەورەوە. بەتایبەتیش دوای ئەوەی ئەو ماوەیەی وەک کاتی دەستوری بۆ جێبەجێکردنی بەندو بڕگە دەستوریەکانی ئاساییکردنەوە دیاریکرابوون تێپەڕین و دۆخەکەش هەر وەک خۆی بوو.
لەو کاتەشەوە بەشێوەی فەرمی و لابەلا چەندین رێوشوێنی تر وەک پرۆژە بۆ چارەسەری کێشەی ئەو ناوچانە خراونەتەڕوو، بەڵام هەموو پرۆژەکان لەلایەن کوردەوە رەتکراونەتەوە. تەنانەت پرۆژەی نەتەوەیەکگرتووەکانیش فەرامۆش کرا، کاتێک لە کۆتایی 2007 پێشنیازی ئەوەیانکرد کەرکوک بۆ ماوەی 2 ساڵ لە بەغدا دابڕێت و وەک قۆناغی راگوزەر نەخرێتەوە سەر هەرێم، لەژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکاندابێت وەک دڵنیایی لە پاراستنی مافی مرۆڤ، نەتەوەیەکگرتووەکان خۆی سەرپەرشتی ناردنەوەی هەموو عەرەبی هاوردە بکات و ئەرکی نیشتەجێکردنەوەی ئاوارە کوردەکان بگرێتە ئەستۆ و دوای ئەو دوو ساڵە راپرسی بکرێت بۆ بڕیاردان لە چارەنوسی کەرکوک. نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ هەریەک لە بەڕێزان تاڵەبانی و بارزانی کۆبوونەوە، سەرئەنجام کورد ئەو پرۆژەیەشی رەتکردەوە، لە ترسی ئەوەی چی دڵنیاییەک هەیە دوای ئەوو دووساڵە ئەنجامی راپرسیەکە بە قازانجی پرۆژەی کوردی دەبێت.

ئەمە دەرخەری راستیەک بوو سەرباری هەڵەو کەمتەرخەمی کورد لە ئاستی کێشەی کەرکوک، بەڵام تاڵەبانی و بارزانی وەک دوو سەرکردەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد کە ئەرکی رابەرایەتی ئەم قۆناغەیان لە ئەستۆ بوو، جگە لە دڵنیایی گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هەموو رێگەیەکی تریان رەتکردەوە. تەنانەت هەلی دروستبوونی دەوڵەتی کوردیان کردە قوربانی کەرکوک و بەبێ کەرکوک ئامادەی ئەوە نەبوون تەنانەت گفتووگۆی ئەو پێشنیازە بکەن هەرێمی کوردستان بەو سنورە ئیدارییەیەوە دەوڵەت رابگەیەنێت و حکومەتی عیراقی لە نەتەوەیەکگرتووەکان وەک یەکەم دەوڵەت دانی پێدابنێت.  

ئەو هەڵوێستانە لە کاتێکیشدا بوون کورد دەرفەتی کۆنترۆڵکردنی کەرکوکی نەبوو، وە مەترسی لەسەر کەرکوک لەپەرەسەندندابوو، سەرکردایەتی کورد دەستبەرداری خاوەندارێتی نەبوون. ئێستاو بە دیاریکراوی دوای هاتنی داعش کۆمەڵێک دەرفەت بۆ کورد رەخساووون لەڕووی ئیداریی و سیاسیی و سەربازیی و ئابوریی و ئەمنیەوە کەرکوکی کۆنترۆڵ کردووە و ئێستا کەرکوک بە هەموو پێوەرێک لەدەستی کورددایە، هەموو چاوەڕوانیەکانیش لە عیراق و بەدیاریکراوی بۆ دوای داعش ئەوەیە کە عیراق بەو شێوەیە نامێنێتەوەو ئەگەری هەڵوەشانەوەی لەمانەوەی زیاترە، چی حیکمەتێک لەوەدایە ئێستا کورد داوا بکات کەرکوک بکرێت بە هەرێمێکی سەربەخۆ.

بێگومان لەوتارێکی وادا جێگە و دەرفەتی خستنەڕووی زۆر راستی شاراوە نابێتەوە کە دەکرێت دواتر قسەیان لەبارەوە بکرێت، بەڵام ئەوەی بۆ ئێستا پێویستە ئەوەیە کە دەبێت بەرچاوی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ئەوانەی ئەو پرسە وەک نەخشەڕێگەی چارەسەر دەبینن رۆشنبکرێتەوە، کە بەهەرێمکردنی کەرکوک گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر ستراتیژیەتی دۆزی کورد وەک نەتەوە لەم ناوچەیە، وە هەڕەشەیە لەسەر جیۆپۆلەتیک و جوگرافیای کوردستان بەگشتی و بە دیاریکراویش گەورەترین مەترسیە لەسەر کوردەکانی دانیشتووی کەرکوک.

جێگەی داخە بەهۆی نەبوونی ستراتیژێکی کوردانە لە ئیدارەی هەرێمەوە بۆ پرسی کەرکوک، وە بەهۆی فەرامۆشکردن و بایەخپێنەدان و مامەڵەی نەشیاوی هەرێم لەگەڵ دانیشتوانی ئەو ناوچانە، ئێستا نائومێدی و گومانی خەڵک لە پاشەڕۆژیان، دیدێکیان لا دروستکراوە کە وەک هاوڵاتی قازانج دەکەن لە جێبەجێکردنی پرۆژەی بەهەرێمکردنی کەرکوک. لەکاتێکدا زەرەمەندی یەکەم کوردی کەرکوک دەبن.

ئەگەر بەشێوەیەکی سەرپێییانەش ئاماژە بە هەندێک لەو مەترسیانە بکەم بەدەر لە لەدەستچوونی خاکێکی زۆری کوردستان و پەلکێشکردنەوەی بەغدا بۆ قووڵایی هەرێم و هەڕەشە لە ئایندەی پرۆژەی نەتەوەیی، لە ئێستاشدا کورد دەکاتە پاشکۆی عەرەب و تورکمان لە کەرکوک. 

دەبێت ئەو راستیە وەکوو خۆی ببینین کە ئێستا کورد پێگەی لە کەرکوک بەهێزەو ئیدارەی شارەکەی بە دەستەوەیە، بەهۆی قارەمانێتی پێشمەرگەو خوێنی شەهیدەکانی و پێگەی سیاسی هەرێمی کوردستانەوەیە. لە رووی ژمارەشەوە بەشێکی زۆر لە کوردی کەرکوک کە لە شارەکانی تری هەرێم نیشتەجێن، بۆ هەڵبژاردنەکان دەچنەوە کەرکوک و رێژەیان بە نزیک 25% دەنگدەرانی کوردە. 

کەرکوک بکرێت بەهەرێمی سەربەخۆ هەیمەنەی هەرێمی کوردستانی لەسەر نامێنێت و رێژەی دەنگیشی کەم دەبێتەوە. ئەوکات پێکهاتەکانی کەرکوک داوای حوکمی شەراکەتی راستەقینە دەکەن کە لەپرۆژەی بڕیارلێدراوی پێشتری ئەنجومەنی پارێزگادا لە 2/12/2007 بۆ هەریەک لە نەتەوەکان رێژەی 32% دیاریکراوە. 

ئەمە سەرباری ئەو مەترسیانەی تر بەهۆی گەشەی رێژەی عەرەب و لێشاوی ئێستایان، نزیک بە یەک ملیۆن عەرەب لە کەرکوکەو لەلایەن بەغداوە پشتیوانی دەکرێن، لە پرۆسەی ئازادییەوە، کۆبۆنی خۆراک بنەمای دەستنیشانکردنی دانیشتوانی هەر شارێک بوو، ئێستا بەغدا ئەوەی هەڵوەشاندۆتەوە پشت بە بەڵگەی نیشتەجێبوون دەبەستێت، بڕیاریشی داوە هەر عەرەبێک 3 ساڵ لە کەرکوک بێت مافی ئەوەی هەیە نفوسەکەشی بهێنێت بۆ کەرکوک.

هەروەها مەترسی ئەوەش هەیە لەچوارچێوەی کردنەوەی رێگەی پەڕینەوە لە ئێرانەوە بۆ سوریا کە شیعە کاری لەسەردەکات لەداهاتووی نزیکدا عەرەبەکانی دیالە و تکریت و تا موسڵ هەموویان رابگوێزرێن بۆ کەرکوک و ئەوەش دڵنیایی ئەوە دروست دەکات لە داهاتوودا کەرکوک دەبێت بە هەرێمێکی عەرەبی و چارەنوسی کوردی کەرکوک لە کوردەکانی بەغدا باشتر نابێت.

1651 جار خوێندراوەتەوە
06/06/2016

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە