Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

1

عومه‌ر گوڵپی




هه‌ڵه‌ تێمه‌گه‌ن، هه‌ژاره‌كان، مه‌به‌ستم ئه‌و كه‌سانه‌ نییه‌ به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ داراییه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی‌ كێشه‌ بوونه‌ته‌وه‌، مه‌به‌ستم ئه‌وانه‌ش نییه‌ كه‌ ئێسته‌ به‌هۆی‌ نیوه‌ مووچه‌و دواكه‌وتنییه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی‌ گرفت له‌ بژێوی‌ ژیانیان بوونه‌ته‌وه‌، مه‌به‌ستم هه‌ژاره‌كانه‌، ته‌ماشای‌ خواری‌ خواره‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ بكه‌ن.

له‌ ده‌ورووبه‌ری‌ خۆت ورد به‌ره‌وه‌، ئه‌وانه‌ ده‌بینی‌، شوێنیان جیاوازه‌، ماڵه‌كانیان جیاوازه‌، ژماره‌ی‌ منداڵه‌كانیان زۆرن، جۆری‌ ئیشه‌كانیان ده‌زانی‌، ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن كه‌ هیچ كه‌سێكی‌ تر نایكات، ببینه‌ زۆرینه‌یان له‌ نۆبه‌ی‌ نه‌شته‌رگه‌ریدان، زۆرینه‌یان به‌لای‌ كه‌مه‌وه‌ مانگی‌ جارێك سه‌ردانی‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ر به‌هۆی‌ كه‌می‌‌و خراپی‌ جۆری‌ خواردن‌و نه‌بوونی‌ شوێنی‌ پاك‌و خاوێن‌و ته‌ندروست‌و نه‌بوونی‌ هوشیاری‌‌و نزمی‌ ئاستی‌ هوشیارییانه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی‌ به‌ر له‌ قه‌یرانی‌ داراییش هه‌ژاربوون، به‌ڵام ئێسته‌ ژماره‌یان زۆرتر بووه‌ .

هه‌ژاره‌كان، مه‌به‌ستم له‌وانه‌یه‌ كه‌ هیچ واسیته‌كارێك ناناسن، خزمی‌ هیچ ده‌ستڕۆیشتوویه‌ك نین، نه‌ ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مان‌و نه‌ وه‌زیرو نه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتتی‌‌و نه‌ مه‌كته‌ب سیاسی‌ حزبه‌كان نین، ته‌نانه‌ت ئه‌وان له‌ ڕێكخراوی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نیش نین‌و هیچ سه‌ندیكایه‌كیشیان نییه‌، ئه‌وان میدیاكاریش نین‌‌و ناتوانن كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر میدیایه‌ك دروست بكه‌ن به‌ دروسكردنی‌ هه‌واڵێك یان ڕاپۆت‌و به‌رنامه‌و ڕیپۆرتاجێك .

قورس نییه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت بیاندۆزینه‌وه‌، ئه‌وان هه‌زارانن، یه‌ك‌و دوان نین، به‌ جل‌و به‌رگیان، به‌ ڕه‌نگ‌و بۆیان، به‌ شوێنی‌ نیشته‌جێبوون‌و ته‌نانه‌ت به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ چرچ‌و لۆچی‌ ده‌م‌و چاویان كه‌ به‌ ئاشكرا چیرۆكی‌ كه‌سه‌رو نه‌هامه‌تییه‌كانیانی‌ له‌سه‌ره نووسراوه‌، ئاسان ده‌ناسرێنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئێمه‌دا ته‌واو فه‌رامۆش كراون مه‌به‌ستم خێرخوزان نییه‌، مه‌به‌ستم كار‌و پڕۆژه‌ی‌ فه‌رمی‌‌و حكومییه‌، به‌رنامه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ بۆ ژیانی‌ ئه‌وان نییه‌، نامه‌وێت بڵێم به‌ناوی‌ ئه‌وانه‌وه‌ نییه‌، نه‌خێر، مه‌به‌ستمه‌ بڵێم بۆ ئه‌وان نییه‌، ئه‌گه‌رنا زۆرینه‌ی‌ باڵه‌خانه‌و یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبوون‌و پڕۆژه‌و شوقه‌كان به‌ناوی‌ ئه‌وانه‌وه‌ وه‌رگیراون، له‌نێو دێڕی‌ گوتاری‌ حزبه‌كاندا ئه‌وان نزیكن له‌ عه‌رشی‌ پاشاوه‌، له‌نێو به‌رنامه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی حزبه‌كاندا پاشا خۆیانن، ته‌نانه‌ت زۆرجار ماڵه‌كانی‌ خودای‌ به‌ به‌زه‌ییش به‌ناوی‌ ئه‌وانه‌وه‌ دروست ده‌كرێن، دروست ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ژاره‌كان نوێژی‌ تیا بكه‌ن.

ئێسته‌ ئه‌و هه‌ژارانه‌، له‌م وڵاته‌ی‌ زه‌مه‌نێك سه‌ر زمان‌و بنی‌ زمانی‌ شۆڕشگێڕه‌كانی‌ دوێنێ‌‌و بازرگانه‌كانی‌ ئه‌مڕۆی حكومه‌تێك بوو بۆ ئه‌وان، له‌و وڵاته‌ هیچ پشتیوانییه‌ك ناكرێن، ته‌نها شتێك بۆ ئه‌وان هێڵراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ ئازادی‌ هه‌ڵیبژێرن كاركردن بۆ په‌یدا كردنی‌ نانێكی‌ وشك بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ برسا نه‌مرن یان ده‌ستپانكرنه‌وه‌ له‌م به‌رپرس‌و له‌م ده‌زگاو له‌و ده‌وڵه‌مه‌ند‌و هیچی‌ تر، ئه‌وان ته‌نها ئه‌م گه‌وره‌ترین بژارده‌یه‌یان هه‌یه‌.

هیچ وڵاتێك ناتوانێت باس له‌ پڕه‌نسیپ‌و به‌ها بكات ئه‌گه‌ر هه‌ژاره‌كانی‌ هێنده‌ی‌ كوردستان فه‌رامۆش كردبێت، له‌ كوردستان تاكه‌ هاوكارییه‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كه‌به‌شێكی‌ زۆری‌ ده‌چووه‌ گیرفانی‌ هه‌ژاره‌كانه‌وه‌ بڕدراوه‌، له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2016 ه‌وه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ یه‌ك هه‌ژار‌و نه‌دار، بێوه‌ژن، منداڵی‌ بێ‌ سه‌رپه‌رشت، پیرو په‌ككه‌وته‌، حكومه‌ت یه‌ك دیناری‌ بۆ خه‌رج نه‌كردوون .

له‌ دۆخی‌ گه‌نده‌ڵیدا هه‌ژاره‌كان هه‌ژارتر ده‌كه‌ون، له‌ دۆخی‌ قه‌یراندا هه‌ژاره‌كان بێنازتر ده‌كه‌ون، له‌ هه‌ر حاڵه‌تێكدا هه‌ژاره‌كان ته‌نیان‌و ژیانیان خراپتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ته‌ده‌خول نه‌كات‌و خۆی‌ لێیان نه‌كات به‌ خاوه‌نیان، ئه‌م ته‌ده‌خووله‌ش له‌ كاتی‌  قه‌یرانه‌كان به‌هاكه‌ی‌ زیاتر ده‌بێت نه‌وه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، هه‌ژاره‌كان له‌ هیچ وڵاتێكی‌ دونیا ژیانیان باش نییه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت به‌ جیدی‌ پڕۆگرامی‌ نه‌بێت بۆیان، به‌رنامه‌ی‌ نه‌بێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ بژێوی‌ ژیانیان له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، به‌تایبه‌ت پێداویستییه‌ فسیۆلۆجییه‌كان، په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی‌، ئه‌گه‌ر وای‌ كرد ئه‌وه‌ حكومه‌ت به‌ ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ خۆی‌ هه‌ستاوه‌، ئه‌گه‌ر وای‌ نه‌كرد (وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئێسته‌ له‌ كوردستان هه‌یه‌) ئه‌وه‌ بزانه‌ مافی‌ مرۆڤ له‌ خرپترین دۆخیدایه‌، له‌وه‌ خراپتر كه‌ خه‌ڵكانێك ئاتاجی‌ كڕینی‌ نان‌و پێداویستی‌ ژیانی‌ ڕۆژانه‌ی‌ خۆیان‌و منداڵه‌كانیان بن؟ له‌وه‌ زیاتر كه‌سایه‌تی‌ بشكێنرێت‌و له‌م به‌رپرس‌و له‌و به‌رپرس‌و له‌م ده‌وڵه‌مه‌ندو له‌و ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌ست پانبكاته‌وه‌ بۆ كرێ‌ خانووه‌كه‌ی‌، بۆ نانی‌ منداڵه‌كانی‌، بۆ چاره‌سه‌ری‌ پزیشكی‌، له‌وه‌ زیاتر؟

لێره‌ حكومه‌ت پاره‌ی‌ نییه‌ بۆ هه‌ژاره‌كان، به‌ڵام نووسینگه‌ی‌ به‌رپرسه‌ گه‌وره‌كان زۆر میهره‌بانن، ده‌یان هه‌ژار نۆبه‌یان گرتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌یان بگاتێ‌ چاره‌سه‌ری‌ پزیشكی‌ بۆ خانه‌واده‌كانیان وه‌رگرن، سه‌ره‌یان گرتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پاروویه‌ك نانیان لێ‌ به‌ربێته‌وه‌و بیخه‌نه‌ ده‌می‌ منداڵه‌كانیان، سه‌ره‌یان گرتووه‌ له‌ به‌رده‌م نووسینگه‌ی‌ به‌رپرسه‌كان، له‌به‌رده‌م كۆمپانیای‌ به‌رپرسه‌كان، له‌به‌رده‌م ڕێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كانیاندا، له‌به‌رده‌م دووكانه‌ سیاسییه‌كانیاندا، سه‌ره‌یان گرتووه‌ له‌به‌رده‌م لوتفی‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ هۆكاری‌ هه‌ژاری‌ ئه‌مانن، ئه‌مه‌ چیرۆكی‌ هه‌ژاره‌كانه‌، چیرۆكی‌ مردن.

1940 جار خوێندراوەتەوە
09/06/2016

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە