Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

1

عومه‌ر گوڵپی

پێشوازی‌ له‌ مالیكی‌ له‌لایه‌ن دوو هێزی‌ سیاسییه‌وه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا كه‌ ئاستی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌م دوو هێزه‌ له‌گه‌ڵ ڕكابه‌ره‌كه‌یاندا ئاستێكی‌ باشی‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین زۆر خراپه‌، هه‌ربۆیه‌ شتێكی‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ كه‌ پێشوازییه‌كه‌ ببێته‌ مایه‌ی‌ ناڕه‌زایی‌ هه‌م بارزانی‌‌و هه‌م حزبه‌كه‌ی‌، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، چ به‌ ئاشكرا بیڵێن یان بیشارنه‌وه‌.

له‌ چه‌ند ساڵی‌ ڕابردوودا مالیكی‌ كرایه‌ ڕه‌مزی‌ دژایه‌تی‌ به‌غدا بۆ كورد‌و هه‌رێمی‌ كوردستان، ڕاستییه‌كه‌شی‌ به‌و جۆره‌ نه‌بوو، به‌ به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌پاش مالیكیش په‌یوندییه‌كانی‌ هه‌رێم‌و به‌غدا هه‌ر ئاسایی‌ نه‌بوونه‌ووه‌و كێرڤی‌ ئاڵۆزبوونه‌كه‌یان به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ هه‌ر له‌ هه‌ڵكشاندابوو .

قسه‌ی‌ ڕاست ئه‌وه‌یه‌، كه‌ نابێت سیاسه‌تی‌ گه‌ل‌و وڵات له‌سه‌ر بنه‌مای‌ نه‌ دۆستایه‌تی‌ كه‌سێك‌و نه‌ دوژمنایه‌تیشی‌ دابمه‌زرێت، ئه‌گه‌ر وامان كرد ئه‌وه‌ كێشه‌كانمان زیاتر لێ‌ ئاڵۆز ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ له‌ دونیای‌ سیاسه‌تدا نوێنه‌رایه‌تی‌ خۆیان ناكه‌ن، به‌ڵكو نوێنه‌رایه‌تی‌ حزب‌ یان گه‌ل‌و حكومه‌ت‌و دامه‌زراوه‌كانیان ده‌كه‌ن.

له‌ ماوه‌ی‌ ڕابردوودا كێشه‌ی‌ عێراق كرایه‌ كێششه‌ی‌ سه‌ددام، بینیمان له‌پاش سه‌ددام‌و به‌بێ‌ حسابكردن بۆ ئه‌و ژێرخانه‌ی‌ سه‌ددام‌و به‌عسی‌ له‌سه‌ر وه‌ستابوو عێراق بوویه‌ چ جه‌هه‌ننه‌مێك، ئه‌گه‌رچی‌ ڕووخاندنی‌ رَژێمه‌كه‌ی‌ كارێكی‌ ئێجگار به‌ بایه‌خ بوو، هه‌روه‌ها لیبیاو هه‌روه‌ها میسرو سوریاش، باسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌سه‌كان ڕۆشتن، به‌ ڕۆشتنیان نه‌وه‌ك كێشه‌كانیان نه‌برد، به‌ڵكو پاش خۆیان دونیایه‌ك به‌ڵاو كێشه‌یان به‌جێهێشت .

بۆیه‌ باش وایه‌ پێشوازی‌ له‌ مالیكی‌ به‌ شتێكی‌ نۆرمه‌ڵ وه‌رگرین ئه‌گه‌رچی‌ كاته‌كه‌ی‌ نا ئاساییه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر كه‌لێنێك له‌ نێوان ئه‌م سێ‌ هێزه‌، پارتی‌‌و یه‌كێتی‌‌و گۆڕان، هه‌بێت، ئه‌وه‌ به‌بێ‌ پێشوازی‌ له‌ مالیكی‌ چاره‌سه‌ر نابێت، هه‌روه‌ها به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌.

ڕاستتر وایه‌ بڵێین چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم، هه‌ر به‌ده‌ستی‌ كاره‌كته‌ره‌كانی‌ كورده‌، نه‌وه‌ك كه‌سێكی‌ تر، هه‌روه‌ك بۆ ئاڵۆزكردن‌و گه‌وره‌كردنی‌ كێشه‌كانیش هیچ دوژمنێك هێنده‌ی‌ ناحه‌زی‌‌و دوو به‌ره‌كی‌‌و كێبه‌ركێی‌ ناشه‌ریفانه‌ی‌ هێزه‌ كوردییه‌كان كاریگه‌ریی‌ نابێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئێسته‌ هه‌یه‌.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین ئه‌گه‌ر پارتی‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ی‌ زۆر پێناخۆشه‌، وه‌ك دیاره‌، ئه‌وه‌ با بزانێت به‌ لێدوان‌و قسه‌ی‌ ئاگرینی‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان ناتوانێت هیچ شتێك باش بكات، به‌ڵكو پێویسته‌ خێرابكات له‌ شكاندنی‌ ئه‌و به‌سته‌ڵه‌كی‌ په‌یوه‌ندییه‌ی‌ نێوان خۆی‌‌و هێزه‌ سیاسییه‌كان، چونكه‌ دڕدۆنكی‌‌و دووره‌ په‌رێزی‌ به‌رهه‌می‌ باشی‌ نابێت‌و ئامانجی‌ هیچ هێزێكی‌ سیاسی‌ ناهێنێته‌ دی‌، هه‌میشه‌ هێزه‌كان به‌ گفتوگۆو سازشكردن ده‌توانن به‌رنامه‌و خه‌ون‌و خولیاكانیان بێننه‌ دی‌، ئه‌مه‌ بۆ هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانیش ڕاسته .

1531 جار خوێندراوەتەوە
19/07/2016

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە