Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

1

عومه‌ر گوڵپی



زۆرجار پۆستی‌ هاوڕێیانم له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌بینم پڕیه‌تی‌ له‌ ره‌شبینی‌، بێئومێدی‌‌و ڕه‌شككردنی‌ ژیان، زۆرێك له‌م پۆستانه‌ به‌مه‌به‌ست ڕه‌ش نه‌كراون، به‌ڵكو ئه‌م هه‌لی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ بێ‌ سانسۆره‌ی‌ تۆڕێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌یتی‌ وه‌ك فه‌یس بووك وایكردووه‌ ڕێگا زۆر ئاسان بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌رچی‌ پێمان وابوو ڕاسته‌ بڵاویبكه‌ینه‌وه‌، یان هه‌رچی‌ خه‌ڵكێك بڵاوویكرده‌وه‌ ئێمه‌ش شه‌یری‌ كه‌ین‌و جارێكیتریش بڵاویبكه‌ینه‌وه‌.

به‌ڵێ‌ دۆخه‌كه‌ به‌جۆرێكه‌ هه‌واڵه‌ ناخۆشه‌كان زیاترن، كێشه‌ ئابووری‌‌و سیاسییه‌كان ڕێگرن له‌به‌رده‌م بیركردنه‌وه‌ی‌ ئه‌رێنیدا، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش ژیان پڕیه‌تی‌ له‌ هیواو ئومێد، پڕیه‌تی‌ له‌و هه‌واڵانه‌ی‌ ده‌كرێت دڵمان پێیان خۆش بێت، به‌ڵام به‌مه‌رجێك ته‌ركیزمان له‌سه‌ریان بێت‌و بڵاویان بكه‌ینه‌وه‌و ڕوومان به‌ره‌و ئه‌وێ‌ وه‌رچه‌رخێنین.

به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هه‌واڵی‌ خۆش، باش، ژیان به‌خش، به‌شدارده‌بیت له‌ جوانكردنی‌ وێنه‌كه‌، هێوركردنه‌وه‌ی‌ دڵ‌و ده‌روونی‌ هاوڕێكانت، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ دیمه‌نه‌كانی‌ كوشتن، سوتان، په‌تی‌ سێداره‌و چه‌ندان هه‌واڵ‌و وێنه‌ی‌ تری‌ خه‌مهێنه‌ر به‌شدارده‌بیت له‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌شی‌ دڵی‌ خۆشه‌ خورپه‌یه‌ك بخه‌یته‌ دڵییه‌وه‌، هانی‌ ئه‌وانه‌ش بده‌یت كه‌ دڵ‌و ده‌روونیان لاوازه‌و گرفتێكیان هه‌یه‌ هه‌نگاوێك خراپتر بڕۆن.

به‌ڕێزم: مه‌رج نییه‌ ئیدانه‌ی‌ كرده‌وه‌یه‌كی‌ خراپ پێویستی‌ به‌وه‌ بێت وێنه‌ی‌ ڕووداوه‌كه‌ خۆی‌ بهێنین‌و بڵاویبكه‌ینه‌وه‌، نه‌خێر ده‌كرێت هه‌ڵوێتست‌و هاوسۆزی‌ هه‌بێت به‌بێ‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ خودی‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ی‌ ئێمه‌ی‌ نیگه‌ران كردووه‌.

دڵنیام هه‌موومان كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ هه‌وڵی‌ خۆ كوشتن ده‌ده‌ن، ئه‌وانه‌ی‌ كۆتایی‌ به‌ ژیانی‌ خۆیان یان خه‌ڵكی‌ تر ده‌هێنن به‌ هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك، ئه‌وه‌ دوا ڕێگه‌و دوا چاره‌سه‌ر نه‌بووه‌، به‌ڵكو چه‌ندین ڕێگه‌و چاره‌ی‌ تر هه‌ن كه‌ ده‌كرا به‌ر له‌و بڕیاره‌ خراپه‌ تاقییان بكاته‌وه‌، به‌ڵام دوور نییه‌ پۆستێكی‌ ڕه‌شبینانه‌ی‌ چوارده‌وره‌كه‌ی‌، ئومێدبڕانه‌ی‌ هاوڕێكانی‌، پاڵیان پێوه‌ نه‌نابێت بۆ بیركردنه‌وه‌یه‌كی‌ له‌و جۆره‌، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ ئه‌وانه‌ی‌ په‌نجه‌یان له‌ فه‌یس بووك، سایت‌و پێگه‌‌و دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كان هه‌یه‌، ده‌ جار بیربكه‌نه‌وه‌ به‌ر له‌ پۆستكردنی‌ بیروڕاكانیان، تا دڵنیابن له‌وه‌ی‌ ئه‌وان به‌شێكن له‌ خێروخۆشی‌ بۆ خه‌ڵك نه‌وه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.


1752 جار خوێندراوەتەوە
06/08/2016

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە