سه‌رۆك كۆماری توركیا و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییان ئه‌نجامدا و له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان ڕێككه‌وتن.
نوسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، سه‌رۆك كۆماری توركیا و حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییان ئه‌نجامدا و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان كرده‌وه.
به‌پێی به‌یاننامه‌كه سه‌رۆكی توركیا پشتیوانی ولاَتهكهی بۆ عێراق ده‌ربڕیووه و جه‌ختی له‌سه‌ر سه‌روه‌ری عێراق و یه‌كپارچه‌یی خاكه‌كه‌ی كردۆته‌وه و ڕایگه‌یاندووه كه ولاَتهكهی سه‌رجه‌م تواناكانی له شه‌ڕی دژی داعش ده‌خاته به‌رده‌م عێراق.
هاوكات له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا باس له سه‌ردانه‌كه‌ی بینالی یه‌ڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا بۆ به‌غدا كراوه كه بڕیاره له كانوونی دووه‌می داهاتوو ئه‌نجامی بدات و به ده‌رفه‌تێكی گرنگ بۆ بیروڕاگۆڕینه‌وه و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌كانیان داناوه.
له‌ماوه‌ی ڕابردوودا به‌هۆی هاتنی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی عێراق و جێگیربوونیان له نزیك شارۆچكه‌ی باشیكی سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا، ناكۆكی كه‌وته نێوان توركیا و عێراق و حه‌یده‌ر عه‌بادیش ئه‌ردۆگانی به داگیركا‌ر ناوبرد.
621 جار خوێندراوەتەوە
31/12/2016