داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 10:00 + 12:00 + 14:00 + 17:00 + 18:00 + 19:00 + 20:00 + 22:00 + 23:00 + 23:45
هەواڵی وەرزشی 10:30 + 13:00 شيكارى وەرزشی + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان
بەیانی 3:17
نیوه‌ڕۆ 12:17
عه‌سر 4:05
ئێواره‌ 7:29
خه‌وتنان 8:44

مامۆستا عەلی باپیر: جەستەی ئومەتی ئیسلامیی نەخۆشەو کێم و جەراعەتی لێدەچۆڕێت

ئەمەی خوارەوە دەقی چاوپێکەوتنێکی بەڕێز "مامۆستا عەلی باپیر" ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانە کە ڕۆژنامەی (صوت الأمة)ی میسری لەگەڵیدا ئەنجامیداوە

 

صوت الأمة: بۆچی بە شێوەیەکی تایبەتی ناوی (کۆمەڵی ئیسلامیی)تان ھەڵبژاردووە، ئایا ھیچ پەیوەندیەکتان لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامیی میسر ھەیە، یان تەنھا لێکچوونێکە لەناوەکەدا ؟

مامۆستا عەلی باپیر: نەخێر ئەوە تەنھا لێکچوونە، کۆمەڵی ئیسلامیی ناوێکی گشتیە، ھیچ پەیوەندیەکمان لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامیی میسر نیە .


صوت الأمة: باست لەوە کرد کە لەسەرەتای دامەزراندنی "کۆمەڵ"ەکەتانەوە تێبینیتان ھەبووە لەسەر کۆمەڵی ئیسلامیی لە میسر یان ھاوشێوەکانی کە توندوتیژیی پیادە دەکەن ؟

مامۆستا عەلی باپیر: ئێمە لە مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکیدا لەسەر بەرنامەی پێغەمبەران دەڕۆین (درود و سڵاوی خوایان لەسەر بێت)، ھیچ پێغەمبەرێکم نەبینیوە بە توندوتیژیی دەستیپێکردبێت لە مامەڵەکردنی لەگەڵ کۆمەڵگە، بەڵکو لەبەرامبەر ئەوەی کە توندوتیژیی بەرامبەریان کراوە، ئەوان توندوتیژییان بەکارنەھێناوە، ئەوە ڕێبازی پێغەمبەرانە (درود و سڵاوی خوایان لەسەر بێت).


صوت الأمة: چۆن دەڕواننە بارودۆخی ئیسلام و مسوڵمانان ؟

مامۆستا عەلی باپیر: بەداخەوە ئێستا مسوڵمانان دوورکەوتوونەتەوە لە ئیسلام ھەم لە تێگەیشتنیاندا ھەم لە پراکتیکیشدا، یەکەم ھەڵە تێگەیشتی مسوڵمانانە لە دینەکەیان کە خۆی لە قورئان و سونەتتدا دەبینێتەوە، ئەمەش تەنھا ھی ئەم سەردەمە نیە بەڵکو ئەم لادان و چەقبەستویی و پاشەکشەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێکی زۆر پێش ئێستا و بەشێک لە زانایان و بیرمەندان دەیگەڕێننەوە بۆ سەدەی چواری کۆچی کە تیایدا مەزاھیبە فیقھیەکان و و ڕێباز و قوتابخانە سۆفیگەریی و ئەخلاقییەکان تەواوبوون . ئیتر لەنێو ئوممەتی ئیسلامدا پاشەکشە و دۆگمایی فیکریی ڕوویدا ئەوکاتیش زۆرێک لە زانایان بڕیاریاندا دەرگاکانی ئیجتیھاد و قوفڵ بدەن، بێگومان ئیسلام بریتیە لە جموجوڵ لە ژیاندا و زیندویەتیەکەشی لە ڕێگەی ئیجتیھادەوە دەچەسپێت، چونکە ئیجتیھاد واتە نوێگەریی و نوێکردنەوە، نوێکردنەوەش لە تێگەیشتن لە دین نەک لە خودی دین خۆیدا . چونکە دین کە خۆی لە قورئان و سوننەتدا بەرجەستە دەبێت جێگیرە و ئیجتیھادی تێدا ناکرێت. بەواتای قوفڵکردن (وەستان) لە ئیجتیھاددا لە ڕووی سودبینین و بەدەستھێنانی سود و کەڵکەکان لە وەحی دا ، ھەروەھا ئەو ئیجتیھاد و ھەڵگۆزینەی پێشینی ئەم ئوممەتە کردویەتی ئێمە لەسەریان دەوەستین لەوانەش پێشەوا موجتەھیدەکان، شوێنکەوتنی پێشین ئەوە ناگەیەنێت شوێن فەتوا و بۆچوونەکانیان بکەوین، بەڵکو شوێنیان بکەوین لەو پەیڕەوەی کە ھەیانبووە لەسەر شێوازی ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ وەحی و ئەو واقیعەی کە تیایدا بوون کە چۆن مامەڵەیان کردووە کاتێک سەیری واقیع و بارودۆخیان کردبێت و قسەیان لەسەرکردبێت . ھەروەھا قسەیان لەسەر ھەندێ شتی نوێ کردبێت کە لەسەردەمی پێش ئەواندا ڕووی نەدابێ، ئەوکاتە ئەوان گەڕاونەتەوە بۆ سەرچاوەی وەحی بۆ حوکمدان لەسەر ئەو شتە تازەیە و ئەو بارودۆخ و واقیعە .


صوت الأمة: بە بۆچونی تۆ بۆچی لەم سەردەمەدا ھەندێ کەس ئیسلام و تیرۆر پێکەوە گرێ دەدەن ؟

مامۆستا عەلی باپیر: بە دڵنیاییەوە دواکەوتوویی مسوڵمانان چ لە ڕووی دینەوە چ لە ڕووی دونیاوە دەرەنجامی دوورکەوتنەوەیانە لە وەحی و پابەندبوونیانە بە داب و نەریت و کلتور و بۆچون و قسە نەشیاو و نەگونجاوەکانی پێشوو، دەرەنجامی دەستبەرداربوونی مسوڵمانانە لە ئیجتیھاد و شوێن باوباپیران کەوتنیانە .

صوت الأمة: بەڵام بۆچی ئێستا ئەم تایپە لە ئیسلام و مسوڵمانان بە توندڕەو و توندوتیژ دادەنرێن ؟

مامۆستا عەلی باپیر: کەواتە ئەم بۆچوونە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە ؟ ئەوە دەرەنجامی ئەوەیە کە بەشێک لە مسوڵمانان لەژێر ئەو فشارانەدان کە لەلایەن ڕژێمە ستەمکار و سەرکوتکەر و تاکڕەوەکانەوە دەخرێتە سەریان، ئەو ڕژێمانەی کە دەستیان بەسەر سامان و دەسەڵاتدا گرتووە وەک دەبینین ، ئەو فشارانەی دەخرێتە سەر گەڵان و کۆمەڵگە ئیسلامییەکان لەلایەن زلھێزەکانەوە .
ئەوە دەرەنجامی ئەو فشارانەیە، لەبەرئەوە بۆ ھەموو کارێک کاردانەویەکی ھاوشێوەی ھەیە . بەشێک لە بزوتنەوە ئیسلامییەکان پەنا دەبەنە بەر توندوتیژیی، من پاساو بۆ توندوتیژیی ناھێنمەوە بەڵکو ڕاڤەی واقیعەکە دەکەم، دەڵێم ئەوە ئەنجامەکەیەتی .
بۆ نمونە داعش؛ بۆچی سەردەردەھێنێ و لە سوریا و عێراق گەشە دەکات ؟ چونکە لە سوریا و عێراق دڕندانەتر لەوەی بینیومانە لە چەوسانەوەی تائیفی و حزبی و پەراوێزخستن و پشتگوێخستن ھەبووە، ئەوەی لە عێراق و سوریا ڕوودەدات کاردانەوەیەکە .
وەک وتم ئەو بۆچوونە لەو بارودۆخە دژوارەوە سەرچاوەی گرتووە کە سەپێنراوە بەسەر مسوڵماناندا . لەو باوەڕەدام کە ئەگەر بارودۆخی ئابوریی و سیاسی پڕ قەیرانی مسوڵمانان بگۆڕێ و لە بارودۆخێکی ئاساییدا بژین نمونەی ئەو بزوتنەوە توندڕەوانەیان لەناودا دروست نابێ.
من لە کتێبی (ھەڵوەشاندنەوەی بیری توندڕەویی) دا داعش و ھەموو تاقم و گروپە توندڕەوەکانم چواندووە بە (کێم و جەراعەت) چونکە جەستەی ئومەتی ئیسلامیی نەخۆشە و کێم و جەراعەتی لێدێت . ئوممەتی ئیسلامیی ئەگەر سەلامەت و پارێزراو بێت، ھیچ کەس بیر لەپەنابردن بۆ ئەم شێوازانە ناکاتەوە کە لەگەڵ ڕوحی شەریعەتدا تێکدەگیرێت .
خوای گەورە لە سورەتی (الأنبیاء)دا بەم جۆرە وەسفی پێغەمبەرمان موحەمەد (درودی خوای لەسەربێ) دەکات کە دەفەرموێ (و ما أرسلناک إلا رحمة للعالمین) پێغەمبەر بە ڕەحمەت ھاتووە بۆ ھەموو جیھانیان، نەیفەرمووە ئەی موحەمەد تۆمان ناردووە تەنھا ڕەحمەت بیت بۆ مسوڵمانان بەڵکو بۆ جیھان واتە مسوڵمان و مەسیحی و جولەکە و زەردەشتیەکان و ئاگرپەرست و بێدینەکان . (جیھانیان)کە وشەیەکی گشتگیرە و تەواوی مرۆڤایەتی دەگرێتەوە، پێغەمبەر ڕەحمەتە ھەروەک خۆی فەرموویەتی (بەدڵنیاییەوە من ڕەحمەت و ڕێنیشاندەرم) .
من بەرپەرچی ئەو گیڕانەوانەم داوەتەوە کە دراوەتە پاڵ پێغەمبەر کە گوایە فەرمویەتی (من بە شمشێرەوە نێردراوم) پێغەمبەر بە شمشێرەوە نەنێردراوە بەڵکو (ھو الذي أرسل رسولە بالھدی و دین الحق)، پەنای نەبردوەتە بەر شمشێر و ھێز تەنھا ئەو کاتە نەبێت کە بەزۆر ناچار کراوە ئەوەش ئەو کاتە بووە کە دەستدرێژی کراوەتە سەر ئیسلام و مسوڵمانان .

صوت الأمة: چۆن دەکرێت ڕووبەڕووی ئەم ڕێکخراوە توندڕەوانە و بیر و ھزریشیان ببینەوە ؟

مامۆستا عەلی باپیر: باشترین ڕێگا ئەوەیە کە ئیسلام وەک ئەوەی خوای گەورە دایبەزاندووە لە قورئان و پێغەمبەر لە سونەتەکانیدا پیرۆزەکانیدا بەرجەستەی کردووە بخەینەڕوو، وە ئەگەر ئیسلام وەک خۆی خرایەڕوو ئەوە ھەموو عەقَل و دەرونێکی ساغ و سەلیم قبوڵی دەکات .


صوت الأمة: ڕای تۆ چیە لەسەر نوێکردنەوەی گوتاری ئاینی ؟ کێ پێی ھەڵدەستێ و ڕێوشوێنەکانی چین ؟

مامۆستا عەلی باپیر: ئەم دەستەواژەیە ھەڵێنجراوی ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەرە کە دەفەرموێ (إن اللە یبعث لھذە الأمة علی رأس کل مائە سنة من یجدد لھا دینھا أو من یجدد لھا أھل دینھا)، مەبەست لە نوێکردنەوە بریتیە لە نوێکردنەوە و نوێگەریی لە ئاراستەی ئیسلامیی بۆ مسوڵمانان و دواندنیان بە شێوازێکی نوێ . نوێگەریی گوتاری ئاینی دەگەڕێتەوە بۆ وەحی، لە ڕووی بیروباوەڕ و زانینی بوونی خوا و پەرستن و ھەڵسوکەوت و ڕەوشت و فیکر و سیاسەت و حوکم و ئابوریی ھەمووی لە سروشی خواییەوە ھەڵدەھێنجین و وەریدەگرین . بۆ ھەموو ئەو بوارانە دەگەڕێینەوە بۆ وەحی و ھەموو ئەو حوکمانەی لێ ھەڵدەھێنجین کە بارودۆخی ئەو سەردەمەی خۆمان دەیخوازێت کە تیایدا دەژین .
بەڵام کێ بەوە ھەڵدەستێ ؟ ئەوە پێی ھەڵدەستێ کە مسوڵمانان بە مەرجەعی خۆیانی دەزانن و ئیعتیباری بۆ دادەنێن و متمانەیان پێی ھەیە و دەگەڕێنەوە بۆی، وە پێویستە لەسەر ھەمووان بەتایبەتیش حکومەتەکان کە ئیعتیبار بگیڕنەوە بۆ دامەزراوە ئاینییە فەرمییەکان تا دەگەنە ئەو ئاستەی متمانەی خەڵک بەدەستدەھێنن و بە مەرجەعی خۆیانی دەزانن و بۆی دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی خۆیان بەناچار نەبینن پەنا ببەنە بەر ئەملاولا .

صوت الأمة: بنەما و ڕێوشوێنەکانی ئەو نوێگەریی و نوێکردنەوەیە چین ؟ ئایا نوێکردنەوە ڕەھایە ؟

مامۆستا عەلی باپیر: لە بازنەی جیھانی مرۆڤدا ھیچ شتێک ڕەھا نیە بەڵکو ڕێژەییە، پێویستە نوێگەریی سنوردار بێت بە بنەما و ڕێوشوێنەکانی شەرع و زمانی عەرەبی و بنەما ئاینیەکان و بنەماکانی فیقھـ و عەقڵ و مەنتیق و بەرژەوەندی مسوڵمانان و ئیسلام، پێویستە ھەموو ئەوانە لەپێشچاو بگیرێن کاتێک قسە لەسەر نوێکردنەوەی گوتاری ئاینی دەکەین، ئەگەرنا ھەڵە و لادانی زۆر گەورە دەکرێت لەو بوارەدا و ئەوەش کاری ھەموو کەسێک نیە .

صوت الأمة: ھاوڕای لەگەڵ ئەوانەی داوای جیاکردنەوەی دین لە سیاسەت و دەوڵەت دەکەن ؟

مامۆستا عەلی باپیر: کاتێک بە ڕەھایی وشەی (دین) بەکاردەھێنرێت بۆ چەواشەکردنی خەڵکە – چۆن ؟ کاتێک دەڵێین (دین) ئەوە وشەیەکە ھەموو ئاینەکانی مەسیحی و جولەکە و مەجوسی و ئیسلام و غەیری ئیسلامیش دەگرێتەوە، بەڵکو وشەی (دین) لە قورئان و زمانی عەرەبیشدا بە چەند شێوەیەک بەکارھاتووە، بەمپێیەش عەلمانیەت و لیبرالیەت و ئیشتراکیەت و ھەموو ئەو یاسا و ڕێبازانەی مرۆڤ دایناون بۆ ڕێکخستنی ژیانی خۆیان بە (دین) دادەنرێن، ئیتر دینەکە زەمینی بێت یان ئاسمانیی، کەواتە کاتێک دەڵێین ئایا دروستە دین لە دەوڵەت جیا بکرێتەوە ؟ دەڵێین کام دینە ؟
ئەگەر مەبەستمان جیاکردنەوەی ئیسلامە لە دنیا و سیاسەت ئەوە ستەممان لە ئیسلام کردووە، چونکە بەرنامەیەکە کە قسە لەسەر دەوڵەت و حکومەت و سزاکان و چەسپاندنی دادگەریی و ژیانی شەرەفمەندانە بۆ خەڵک و جەنگ و ئاشتی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و زۆر کاروباری دیکەی ژیانیش دەکات کە مرۆڤ لە ژیانی شەخسی و خێزانیی و کۆمەڵایەتیدا پێویستی پێیان ھەیە . ناکرێت ئیسلام لە دونیا جیا بکرێتەوە بە درێژایی سێ سەد ساڵ دین و دەوڵەت لە ئیسلامدا تێھەڵکیشکراو بوون تا ئەو کاتەی ئەتاتورک جیای کردەوە .


صوت الأمة: بەمدواییە میسر چەند تەقینەوەیەکی بەخۆیەوە بینی، یەکێک لەو تەقینەوانە کەنیسەیەکی کردە ئامانج کە دەیان قوربانیی لێکەوتەوە، بەداخەوە چەند گروپ و ڕێکخراوێکی ئیسلامیی بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی ئەو تەقینەوانەیان لە ئەستۆگرت، بۆچوونی ئێوە چیە ؟

مامۆستا عەلی باپیر: ئێمە ئیدانەی ئەو ڕەفتارە قێزەونانە دەکەین ئیتر بەرامبەر کەنیسەیەک کرابێت یان بازاڕێک، براکەم مرۆڤ ڕێزلێگیراوە لای خوا (و لقد کرمنا بنی آدم)، بەڵکو شکۆی مرۆڤ لای خوا گەورترە لە شکۆی مزگەوت و کەنیسە ھەتا لە شکۆی کەعبەی پیرۆزیش .
تەقینەوەکان لە ھەرجێیەکی پیرۆز بکرێت وەک یەکە ئیتر ئەو شوێنە کەنیسە بێت یان مزگەوت یان بازاڕ یان شوێنی بازرگانیی و کەسابەت یان ھەر شوێنێکی دیکە، لەبەرئەوە تەقینەوە لە میسر بێت یان ھەر شوێنێکی دیکە وەک یەک وایە، مرۆڤ مرۆڤە، مسوڵمان بێت یان نا مسوڵمان پێویستە ژیانی پارێزراوبێت، ئیسلامیش بۆ ئەوە ھاتووە کە ژیان و شکۆی مرۆڤ بپارێزێت .
خوای گەورە لە سورەتی (النساء)دا ڕوودەکاتە مسوڵمانان و دەفەرموێ (ومالکم لا تقاتلون فی سبیل اللە و المستضعفین) .
(المستضعفین) لاوازکراو و ژێردەستەکان پێویستە لە پێناویاندا بجەنگیت تا ئازاد دەبن، لەبەرئەوە ئومەتی ئیسلامیی داوای لێکراوە و فەرمانی پێکراوە کە پارێزگاری لە ژیانی کەسانی بێتاوان و ژێردەستە و لاواز بکات لەسەر زەویدا بە بێ گوێدانە ئینتیمایان مادام مرۆڤن، خوای گەورە لەسەر زەوی دروستیکردون تا تاقییان بکاتەوە لە ژیانی سەر زەویدا بە ئازادانە و بە شکۆوە و لێپرسینەوەشیان لەسەر خوای گەورەیە (إنا إلینا إیابھم ثم إنا علینا حسابھم) لێپرسینەوەی مرۆڤیش لەسەر خوای گەورەیە نەک لەسەر مرۆڤێکی ھاوشێوەی خۆیان .

وەرگێڕان: پێگەی فەرمیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان


2208 جار خوێندراوەتەوە
04/02/2017

بابەتی زیاتر