داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 10:00 + 12:00 + 14:00 + 17:00 + 18:00 + 19:00 + 20:00 + 22:00 + 23:00 + 23:45
هەواڵی وەرزشی 10:30 + 13:00 شيكارى وەرزشی + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان
بەیانی 3:17
نیوه‌ڕۆ 12:17
عه‌سر 4:05
ئێواره‌ 7:29
خه‌وتنان 8:44

چیڕۆکی‌ ئەو هاووڵاتییە زیندووەی‌ دەڵێت من ٢٠ ساڵە مردووم



لە شارەدێی‌ دینارتە سەربە شارۆچکەی‌ ئاکرێ پیاوێکی‌ تەمەن ٦٢ ساڵ ماوەی‌ دوو ساڵە گۆڕێکی‌ بۆ خۆی‌ هەڵکەندووە و هەر خۆیشی‌ دەڵێت "٢٠ ساڵە من مردووم"، پێنج هەزار دۆلاریشی‌ بۆ رازاندنەوەی‌ گۆڕەکەی‌ خەرج کردووە. وەک خۆی‌ ئاماژەی‌ پێدەدات لەو رۆژەی‌ گیانی‌ سپاردووە زۆر بۆ خۆی‌ گریاوە.


لە رۆژهەڵاتی‌ شارەدێی‌ دینارتە لە ناوچەی‌ نەقەبی‌ سەربە شارۆچکەی‌ ئاکرێ پیاوێک بەر لە مردنی گۆڕێکی بۆخۆی هەڵکەندووە و لەدەوروبەری گۆڕەکەش باخچەیەکی دروستکردووە. لەسەر گۆڕەکەش نووسیویەتی‌ گۆڕی‌ خوا لێخۆشبوو مەشات نافخۆش لە ٢٣ئەیاری‌ ١٩٩٧ کۆچی‌ دوایی کردووە. و رۆژی جارێک سەردانی‌ گۆڕەکەی‌ دەکات و تا درەنگانی‌ شەو بە دیار گۆڕەکەیەوە دادەنیشێت.

مەشات نافخۆش لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی‌ ئه‌نادۆڵ، باس لە هەڵکەندنی‌ گۆڕ و مردنەکەی‌ دەکات و دەڵێت "من حەزم لە تەنیاییە و بە درێژایی ژیانم تەنیا بوومە، بیرم لەوە کردەوە کە لە مردنیشدا تەنیا بم و لەگەڵ کەسدا نەنێژرێم، بۆیە ئەو گۆڕەم بۆخۆم هەڵکەند تاکو بەتەنیا بنێژرێم، گۆڕەکەشم بە گوڵ رازاندووەتەوە تاوەکو ببێتە جێگەی‌ ئارامی‌ و سەبووریم تایبەت لەو کاتانەی‌ بێزار دەبم سەردانی گۆڕەکەم دەکەم".

لەبارەی‌ ئەوەی‌ ئەو بە زیندوویی باس لە مردنی‌ خۆی‌ دەکات! دەڵێت "پێتان سەیر نەبێت، من زیندوو نییم و بە زیندوویی قسەم نەکردووە، بەڵکو من بیست ساڵە مردووم و هیچ پەیوەندییەکم بەو ژیانە نەماوە کە ئێوەی‌ تێدا دەژین. رەنگە مردنی‌ من بە هۆکاری‌ زۆر بچووک بێت، بەڵام بۆ من گەورە بووە. ئەم شتەم بۆ کەس باس نەکردووە و بۆ هیچ کەسێکیش باسی ناکەم".

دووپاتیکردەوە کە هۆکاری‌ مردنەکەی‌ عەشق نییە و گوتی‌: "عەشق نییە کە منی‌ کوشتبێت و گۆڕم بۆ خۆم هەڵکەندبێت، خێزاندارم و چوار منداڵیشم هەیە، مردنی‌ من بە هیچ هۆکارێکی‌ گرێدراو بە کەسێک یان شتێک نەبووە".

وتیشی‌: "لەو کاتەی‌ لە ساڵی‌ ١٩٩٧ من کۆچی‌ دواییم کرد، زۆر گریام بۆ خۆم، چونکە ئەو مردنەم دایبڕاندم لە تەواوی‌ هەستەکانم و هەموو خۆشییەکانی ژیان. ئێستا بیر لە هیچ شتێک ناکەمەوە و خۆشم تێکەڵی‌ هیچ کەسێک ناکەم، چونکە من مردووم، ئەو هەستەی‌ خەڵک هەیەتی‌ لای‌ من ئاسەواریشی‌ نییە".

ئەوەیشی‌ وت: "لەبەر ئەوەی‌ داروبارم لەسەر گۆڕەکەم چاندووە لە هاویناندا زیاتر سەردانی‌ گۆڕەکەم دەکەم، لە سێ رۆژدا جارێک یان دووجار سەردانی‌ گۆڕەکەم دەکەم، هەندێک جار لە بەیانی‌ تا درەنگانی‌ شەو بەدیار گۆڕەکەم دادەنیشم و بەڕاستی‌ بووەتە جێگەی‌ سەبووری‌ و ئارامی‌ بۆ من، هەندێک دۆست و کەسە نزیکەکانم بۆ سەردانی‌ کردنم دێن لەسەر گۆڕەکەم لەگەڵ دادەنیشن. هەموو شتێک باس دەکەین جگە لە گۆڕەکەم و چۆنیەتی‌ مردنم".

مەشات پیاوێکی‌ رەشئەسمەری‌ باڵا مامناوەندە و قژێکی‌ سپی‌ درێژی‌ هەیە، باس لەوە دەکات کە خزم و کەسوکارەی‌ لە سروشتی‌ ئەو تێگەیشتوون و هیچ لەبارەی‌ گۆڕەکەیەوە ناڵێن. دەشڵێت "دەبێت مرۆڤ ئازادە لەوەی‌ کە چۆن بڕیار لەسەر ژیانی‌ خۆی‌ بدات. منیش بڕیار بە دەستی خۆمە و پەیوەندیم بە هیچ کەسێک نییە رێگەیش نادەم کەس دەست وەربداتە نێو ژیانم".

لەبارەی بڕی تێچووی هەڵکەند و رازاندنەوەی گۆڕەکەی، مەشات دەڵێت: "زیاتر لە پێنج هەزار دۆلارم لە گۆڕەکەم خەرج کردووە تاوەکو دیمەنێکی‌ جوان و سەرەنج راکێش و ئارامبەخش ببەخشێت بە خۆم و ناوچەکە، هیچ کەسێکیش یارمەتی‌ نەداوم لە هەڵکەندن و دروست کردنی‌ گۆڕەکەم و ئەو باخچەیەی دەوروبەری. ئەگەر کرێکارێک دە خولەک کاری‌ بۆم کردبێت، شایستەی‌ کارکردنەکەم پێیداوە".

یەکێک لە بەسەرهاتەکانی‌ خەڵک لەگەڵ گۆڕەکەی‌ دەگێڕتەوە و دەڵێت "رۆژێکیان خەریکی‌ پاککردنەوەی‌ چوار دەوری‌ گۆڕەکەم بووم، چوار کەس لە ئۆتۆمبێڵ دابەزین و سەردانی‌ گۆڕەکەیان کردم، لە تەنیشتمەوە فاتیحایان بۆ خوێندم و دوای‌ سڵاو کردن پێانگوتم ئەمە گۆڕی‌ کێیە؟ پێشمەرگەیە شەهید بووە؟ منیش بۆ ئەوەی‌ ئەوان هەست بە شەرمەزاری‌ نەکەن، پێم گوتن لەوانەیە گۆڕی‌ کەسێک بێت کە لەلایەن کەسوکاری‌ خۆشەویست بووبێت، جگە لەم چوار کەسە چەندین کەسی‌ دیکەیش هاتوونەتە سەر گۆڕەکەم لە تەنیشتمەوە فاتیحایان بۆ خوێندم. لە بەهارانیشدا خەڵکێکی‌ زۆر زیاتر سەردانی‌ گۆڕەکەم دەکەن".

ئەو باوەڕی‌ بە قەزاوقەدەری‌ خوا هەیە و دەڵێت "باوەڕم بەوە هەیە لە شوێنێکی‌ دوورەدەست بمرم یان لە دەرەوەی‌ وڵات تووشی‌ رووداوێک ببم و گۆڕەکەم نەمنێژن، بەڵام من وەسیەتم کردووە و کەسوکارەکەم گوتووە کە لەو گۆڕە بمنێژن، ئەگەر نەمنێژن گوناهی‌ منیان دەکەوێتە ئەستۆ".

مەشات نافخۆش دانیشتووی‌ شارۆچکەی‌ ئاکرێیە لە ساڵی‌ ١٩٥٥ لە شارەدێی‌ دینارتە لە دایک بووە، پەیمانگەی‌ تەکنەلۆژی‌ لە مووسڵ تەواو کردووە و ئێستا فەرمانبەرە لە فەرمانگەی‌ چاککردنەوەی رێگا و بانەکانی‌ ئاکرێ. خێزاندارە و باوکی‌ دوو کوڕ و دوو کچە، وەک خۆی‌ دەڵێت زۆریش پەیوەست نییە بە خێزانەکەی‌، تەنانەت یەکێک لە کوڕەکانی‌ لەمێژە نەبینیوە و لەو باوەڕەدایە ئەگەر کوڕەکەی‌ ببینێت نایناسێتەوە. چەند ساڵ جارێک دەگەڕێتەوە لای‌ خێزانەکەی‌ و لەپێش دەرگا گفتوگۆیەکی‌ کورت دەکەن و دەگەڕێتەوە سەر گۆڕەکەی‌.


3945 جار خوێندراوەتەوە
14/02/2017

بابەتی زیاتر