پهیام ـ
ئێڵن مەسک کە ئۆتۆمبێلەکەی لە براندی تێسلا لەگەڵ بەهێزترین رۆکێتی بازرگانیی جیهان رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد، لەرێگەی ئەو کارەوە پڕوپاگەندەی ئەوەی کرد کە پارە ناتوانێت هەموو شتێک بکڕێت.
ئێڵن مەسک کە یەکێکە لە کاربەدەستانی باڵای کۆمپانیای تێسلا، لە ساڵی ٢٠٠٢دا کۆمپانیای سپەیس ئێکسی دامەزراندووە، رۆکێتێکی بەناوی فاڵکۆن هێڤی درووستکرد و رۆژی سێشەممەی رابردوو لە ناوەندیی کێنێدی بۆ بۆشایی ئاسمان لە ویلایەتی فلۆریداوە، بێ هیچ کێشەیەک رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا.
فاڵکۆن هێڤی کە درێژییەکەی ٧٠ مەترە و بایەخێکی زۆری لە سەرکێشییەکانی مرۆڤایەتیی لە بۆشایی ئاسماندا پێدەدرێت، خاوەنی ٢٧ بزوێنەرە و توانای هەڵگرتنی ٦٤ تۆنیهەیە، بەوەش دەبێتە خاوەنی تایبەتمەندیی بەهێزترین رۆکێتی بازرگانیی بە درێژایی مێژوو. هەروەها هێزی ئەوەی هەیە فڕۆکەیەکی بۆینگی ٧٣٧ بە تەواوی کەرەستە و پێداویستی و سەرنشینەکانییەوە، بۆ خولگەیەک لە بۆشایی ئاسمان بگوازێتەوە و بڕی تێچوونی هەڵدانی مووشەکەکە لەسەر کۆمپانیای سپەیس ئێکس، ٩٠ ملیۆن دۆلار بوو.
مەسک لە وەڵامی یەکێک لە فانەکانیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەوەی ''بۆچی ئۆتۆمبێلەکەی لە جۆری تەسلا کردووەتە قوربانیی؟''، رایگەیاندووە : ''بیرکردنەوە لەوەی ئۆتۆمبێلێک کە تا هەتا هەتایە لە بۆشایی ئاسماندا دەسوورێتەوە و لەوانەیە دوای ملیۆنەها ساڵی دیکە لەلایەن کەسانێکی سەربە بۆشایی ئاسمانەوە بدۆزریتەوە، جۆش و خرۆشم پێ دەبەخشێت''.
هاوکات ئاماژە بەوەدەکرێت کە روانگەی مەسک بۆ ژیان لەسەر سەلماندنی ئەوە بنیاتنراوە کە لە جیهاندا "مەحاڵ" بوونی نییە.
1218 جار خوێندراوەتەوە
08/02/2018