Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

بەرنامەی هەڵبژاردنی لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان ژمارە 104


بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەرنامەی هەڵبژاردنی
لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان ژمارە (104)
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان/ عێراق بەشداریی دەكات لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی  (2018)  بە لیستی سەربەخۆی ژمارە (104) لە پارێزگاكانی (هەولێر و سلێمانی و دهۆك) و تێدەكۆشێت بۆ هێنانە دیی ئەم بەرنامەیەی خوارەوە:
تەوەری یەكەم: ئازادیی سیاسی:
1. جەختكردنەوە لە جێبەجێكردن و پابەندبوون بە ماددەی (2)ی دەستووری عێراق، كە پارێزگاریی لە پێگەی ئاینی ئیسلامی پیرۆز لە پڕۆسەی یاساداناندا دەكات.
2. كاركردن بۆ چەسپاندنی بنەمای تەوافوقی سیاسی ‌و هاوسەنگیی سیاسی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقدا، بۆ پشتگیرییكردنی ئاشتیی ناوخۆیی و دایەلۆگی نیشتمانیی، بە جۆرێك كە مافی هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق بە شێوەیەكی دادگەرانە مسۆگەر بكات.
3. كاركردن بۆ دانان و جێبەجێكردن و پیادەكردنی ئەو ماددە دەستوورییانەی كە  مافەكانی گەلی كوردستان لەخۆ دەگرن لە رووەكانی سیاسی، ئابووریی و دارایی، رۆشنبیریی و ئیدارییەوە.
4. ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ پارێزگارییكردن لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادیی رۆژنامەگەریی و ڕادەربڕین لە چوارچێوەی یاسا كارپێكراوەكاندا.
5. پاراستنی سەروەریی خاكی عێراق لە دەستێوەردانی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و دانانی سنوورێك بۆ دەستێوەردانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكانی وڵاتانی دەرەوە.
6. پاراستنی پرەنسیپی دراوسێیەتی و پەیوەندییە هاوبەشەكان لەگەڵ وڵاتاندا، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش.
7. كاركردن بۆ كاراكردنی رۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران و پاراستنی لە هەژموونی حیزبی و تائیفی و هەر دەستێوەردانێكی تر.
8. هەوڵدان بۆ یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەرامبەر پرسە هەستیار و نەتەوەییەكان و پارێزگارییكردن لە یەكڕیزیی كورد و دروستكردنی گوتاری سیاسیی هاوبەش بەرامبەر حكومەتی فیدڕاڵ.
9. ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیاندا و بە شێوەیەكی پاك و بێگەرد، لە پێناوی دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات، كە ببێتە مایەی بەرجەستەكردنی ئیرادەی ڕاستەقینەی هاووڵاتیان.

تەوەری دووەم: هاووڵاتیبوون:
1. پێوەری هاووڵاتیبوون ببێتە بنەمایەكی سەرەكی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی مەدەنی و  دامەزراوەیی.
2. كاركردن بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوانی پڕۆسەكانی (بەناو ئەنفال و كیمیاییباران) و راگواستانی زۆرەملێ‌ لە شار و گوندەكانی كوردستان، هەروەها قوربانییانی كردارە جەنگییەكانی هێزە فرەنەتەوەكان و قوربانییانی تیرۆر لە عێراقدا.
3. گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە تەندروستی و فێركارییەكان بێبەرامبەر بۆ هاووڵاتیان.
4. هاندانی پێكهێنانی خێزان و پێدانی پێشینەی هاوسەرگیریی گونجاو بۆ لاوان.
5. كاركردنی حكومەت بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان و قەرەبووكردنەوەی زیانەكانیان.
6. ڕێگرییكردن لە سزادانی سیاسیی هاووڵاتیان و كۆتاییهێنان بە چەوساندنەوە و ستەملێكردن لەسەر بنەمای ئاینی و مەزهەبیی.

تەوەری سێیەم: كرانەوە:
1. دروستكردنی پردی متمانەی دووسەرە و پێكەوەژیانی ئاشتییانە  لەسەر  بناغەی دادپەروەریی لەگەڵ هەموو نەتەوە و ئاین و ئاینزاكانی دیكەی عێراقدا، بە مەبەستی هێنانەدیی و پتەوكردنی رایەڵەكانی تەبایی و كۆمەڵایەتیی.
2. فەراهەمكردنی كەشێكی ئارام لە پێناو بەرجەستەكردن و مسۆگەركردنی مافەكانی گەلی توركمانی و گەلی ئاشووریی كلدانیی سریانی و كەمە نەتەوایەتییەكانی تر لە عێراقدا.
3. كاراكردنی رۆڵی ئافرەت و لادانی ئەو ستەمەی لە سەریەتی، تا بتوانێت ئەرك و رۆڵی كارای خۆی لە كۆمەڵگەدا ببینێت.  

تەوەری چوارەم: شەفافییەت:
1. دروستكردنی هەماهەنگی لە نێوان پەرلەمانی كوردستان و نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، لەبەر ئەو ئەرك و رۆڵە گرنگەی پێیان سپێردراوە، بە مەبەستی پەیوەندیی پێوەكردن و پشتگیرییان.
2. دەركردنی ئەو یاسایانەی دەبنە هۆی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی (ئیداریی و سیاسی و دارایی) و كاراكردنی ئەو یاسایانەی لەو بارەیەوە پێشتر دەركراون.
3. كاراكردنی دەستەی دەستپاكی و ڕاپێچكردنی گەندەڵكاران بۆ بەردەم دادگاكان.
4. جەختكردنەوە لەسەر ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی لە سەرتاسەری عێراقدا، بە مەبەستی ڕێكخستنەوەی زانستییانە و دادگەرانەی بابەتەكانی وەكو بودجەی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئامادەكردنی تۆمارێكی دەنگدەرانی پاك و بێگەرد و زانینی ژمارە و ڕێژەی پێكهاتەكان.

تەوەری پێنجەم: دادگەریی:
1. چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق، بە ئامانجی چارەسەركردنی دادگەرانەی كێشەی كەركووك و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوان و سەرجەم ناوچە دابڕاوەكان لە هەرێمی كوردستان و بەدواداچوون بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسێكانیان.
2. رێكخستنەوەی  سوپای عێراقی لەسەر بنەمای نیشتمانیی دوور لە بنەمای تائیفیی، بە ڕەچاوكردنی مافەكانی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا.
3. دیاریكردنی رێژەیەكی گونجاو بۆ هەرتاكێكی عێراقی لە داهاتەكانی فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی ساڵانە.
4. جێگیركردنی ڕێژەی (17%) لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان، تا ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی.
5. پارێزگارییكردن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی و دوورخستنەوەی هەژموونی حیزبی لە سەری.
6. ڕێگرتن لە دەستبەسەراگرتنی موڵك و ماڵی گشتی لە لایەن بەرپرسانەوە.

تەوەری شەشەم: خۆشگوزەرانیی:
1. كاركردن بۆ ئاوەدانكردنەوەی زیاتری ناوچە كودستانییە جێناكۆكەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و پارێزگا پەیوەندیدارەكان.
2. فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی ئابووریی عێراق بۆ ئەوەی جگە لە نەوت, كشتوكاڵ و پیشەسازیی و بازرگانییش بگرێتەوە.
3. كاركردن بۆ چاكتركردنی بارودۆخی ئابووریی و گوزەرانی كەمدەرامەتەكان لە رێگەی هاریكاریی میریی و پەرەپێدانی توانای تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی و بونیاتنانی پرۆژەی نیشتەجێكردن بۆ هەژاران.
4. كاركردن بۆ چاككردنی بارودۆخ و گوزەرانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و خانەنشینان و بێوەژنان و فەراهەمكردنی ژیانێكی ئاسوودە بۆیان.
5. هاندانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی لە بوارەكانی ژێرخانی ئابووریی، بە تایبەت لە رووی كشتوكاڵ و پیشەسازییە خۆماڵییەكان و خزمەتگوزارییە گشتییەكانەوە، لەگەڵ پاراستن و چاكتركردنی ژینگەی عێراق.
6. لادانی هەموو جۆرە سوود (الربا)ێك لە مامەڵە بانكییەكان و ئەو قەرزانەی بە هاووڵاتیان دەدرێن، ئەویش بە پەیڕەوكردنی سیستەمی بانكیی ئیسلامیی.
7. بەرەنگاربوونەوەی بێكاریی و دابینكردنی هەلی كار بۆ لاوان و راهێنانی بێكاران بە پێی چەند پرۆگرامێكی مەشقپێكردن.
8. پشتگیرییكردن و كاركردن بۆ دەرچواندنی ئەو یاسایانەی كە ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە لە پەرلەمانی عێراق و كاریگەرییان دەبێت لەسەر خۆشگوزەرانیی زیاتری دانیشتوانی هەرێمی كوردستان.
9. كاركردن بۆ یەكخستنی سیستمی مووچە لەسەر ئاستی هەموو عێراق.

تەوەری حەوتەم: پەروەردە و فێركردن:
1. هیچ كۆمەڵگایەك ناتوانێ‌ بەرەو ئامانجە بەرزەكانی هەنگاو بنێ‌ تاوەكو تاكەكانی پەروەردەیەكی باش نەكرێن.
2. كۆمەڵگەی كوردیی كە دانیشتوانەكەی زۆرینەی ڕەهایان موسڵمانن، پێویستە تاكەكانی لەسەر بناغەی بوونناسی و جیهانبینی و عەقیدە و شەریعەتی ئیسلامیی پاك و بێخەوش پەروەردەی ڕەسەن و هاوسەنگ بكرێن.
3. بەسەردەمییكردنی ژینگەی خوێندن و دامەزراوەكانی پەروەردە و فێركردن. 
4. بەرەوپێشبردنی ئاستی بژێویی و گوزەرانی مامۆستایان و پێشخستنی پرۆگرامەكانی خوێندن بە نوێترین زانیارییەكانی سەردەم و سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆجیای پەروەردە و فێركردن.
5. گونجاندن و هەمواركردنی پرۆگرامەكانی خوێندنی باڵا لەگەڵ پێداویستییەكانی گەشەسەندنی هەمەلایەنەی كۆمەڵگە.
6. دروستكردنی هاوسەنگی لە نێوان كەرتی حكومیی و كەرتی تایبەت لە بواری خوێندندا.
7. كاركردن بۆ چاكسازییكردن لە پرۆگرامەكانی خوێندن لە سەرتاسەری عێراقدا، كە ببێتە مایەی پێگەیاندنی نەوەیەكی شارەزا و هاوچەرخ و پابەند بە رەوشت و بەها ئیسلامییە باڵاكان.


لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان ژمارە (104)
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق


425 جار خوێندراوەتەوە
22/04/2018

بابەتی زیاتر