Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

بەرنامەی هەڵبژاردنی لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان ژمارە 104

به‌ ناوی‌ خوای‌ به‌خشنده‌ی‌ میهره‌بان
به‌رنامه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌
لیستی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان ژماره‌ (104)
بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق

كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان/ عێراق به‌شداریی‌ ده‌كات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق بۆ ساڵی‌  (2018)  به‌ لیستی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ ژماره‌ (104) له‌ پارێزگاكانی‌ (هه‌ولێر و سلێمانی‌ و دهۆك) و تێده‌كۆشێت بۆ هێنانه‌ دیی‌ ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ی‌ خواره‌وه‌:
ته‌وه‌ری‌ یه‌كه‌م: ئازادیی‌ سیاسی‌:
1. جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ جێبه‌جێكردن و پابه‌ندبوون به‌ مادده‌ی‌ (2)ی‌ ده‌ستووری‌ عێراق، كه‌ پارێزگاریی‌ له‌ پێگه‌ی‌ ئاینی‌ ئیسلامی‌ پیرۆز له‌ پڕۆسه‌ی‌ یاساداناندا ده‌كات.
2. كاركردن بۆ چه‌سپاندنی‌ بنه‌مای‌ ته‌وافوقی‌ سیاسی‌ ‌و هاوسه‌نگیی‌ سیاسی‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقدا، بۆ پشتگیرییكردنی‌ ئاشتیی‌ ناوخۆیی‌ و دایه‌لۆگی‌ نیشتمانیی‌، به‌ جۆرێك كه‌ مافی‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی‌ گه‌لی‌ عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی‌ دادگه‌رانه‌ مسۆگه‌ر بكات.
3. كاركردن بۆ دانان و جێبه‌جێكردن و پیاده‌كردنی‌ ئه‌و مادده‌ ده‌ستوورییانه‌ی‌ كه‌  مافه‌كانی‌ گه‌لی‌ كوردستان له‌خۆ ده‌گرن له‌ رووه‌كانی‌ سیاسی‌، ئابووریی‌ و دارایی‌، رۆشنبیریی‌ و ئیدارییه‌وه‌.
4. ڕه‌خساندنی‌ هه‌لومه‌رجی‌ گونجاو بۆ پارێزگارییكردن له‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ و ئازادیی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ و ڕاده‌ربڕین له‌ چوارچێوه‌ی‌ یاسا كارپێكراوه‌كاندا.
5. پاراستنی‌ سه‌روه‌ریی‌ خاكی‌ عێراق له‌ ده‌ستێوه‌ردانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و هه‌رێمایه‌تی‌ و دانانی‌ سنوورێك بۆ ده‌ستێوه‌ردانی‌ ده‌زگا ئه‌منی‌ و هه‌واڵگرییه‌كانی‌ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌.
6. پاراستنی‌ پره‌نسیپی‌ دراوسێیه‌تی‌ و په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌گه‌ڵ ولاَتاندا، له‌سه‌ر بنه‌مای‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ هاوبه‌ش.
7. كاركردن بۆ كاراكردنی‌ رۆڵی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران و پاراستنی‌ له‌ هه‌ژموونی‌ حیزبی‌ و تائیفی و هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێكی‌ تر.
8. هه‌وڵدان بۆ یه‌كده‌نگی‌ و یه‌كهه‌ڵوێستیی‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر پرسه‌ هه‌ستیار و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و پارێزگارییكردن له‌ یه‌كڕیزیی‌ كورد و دروستكردنی‌ گوتاری‌ سیاسیی‌ هاوبه‌ش به‌رامبه‌ر حكومه‌تی‌ فیدڕاڵ.
9. ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتی‌ خۆیاندا و به‌ شێوه‌یه‌كی‌ پاك و بێگه‌رد، له‌ پێناوی‌ ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ئاشتییانه‌ی‌ ده‌سه‌لاَت، كه‌ ببێته‌ مایه‌ی‌ به‌رجه‌سته‌كردنی‌ ئیراده‌ی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ هاووڵاتیان.

ته‌وه‌ری‌ دووه‌م: هاووڵاتیبوون:
1. پێوه‌ری‌ هاوولاَتیبوون ببێته‌ بنه‌مایه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ بۆ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ مه‌ده‌نی‌ و  دامه‌زراوه‌یی‌.
2. كاركردن بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ زیانلێكه‌وتوانی‌ پڕۆسه‌كانی‌ (به‌ناو ئه‌نفال و كیمیاییباران) و راگواستانی‌ زۆره‌ملێ‌ له‌ شار و گونده‌كانی‌ كوردستان، هه‌روه‌ها قوربانییانی‌ كرداره‌ جه‌نگییه‌كانی‌ هێزه‌ فره‌نه‌ته‌وه‌كان و قوربانییانی‌ تیرۆر له‌ عێراقدا.
3. گه‌شه‌پێدانی‌ خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستی‌ و فێركارییه‌كان بێبه‌رامبه‌ر بۆ هاوولاَتیان.
4. هاندانی‌ پێكهێنانی‌ خێزان و پێدانی‌ پێشینه‌ی‌ هاوسه‌رگیریی‌ گونجاو بۆ لاوان.
5. كاركردنی‌ حكومه‌ت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان بۆ شوێنی‌ نیشته‌جێبوونی‌ خۆیان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ زیانه‌كانیان.
6. ڕێگرییكردن له‌ سزادانی‌ سیاسیی هاووڵاتیان و كۆتاییهێنان به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و سته‌ملێكردن له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئاینی‌ و مه‌زهه‌بیی‌.

ته‌وه‌ری‌ سێیه‌م: كرانه‌وه‌:
1. دروستكردنی‌ پردی‌ متمانه‌ی‌ دووسه‌ره‌ و پێكه‌وه‌ژیانی‌ ئاشتییانه‌  له‌سه‌ر  بناغه‌ی‌ دادپه‌روه‌ریی‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و ئاین و ئاینزاكانی‌ دیكه‌ی‌ عێراقدا، به‌ مه‌به‌ستی‌ هێنانه‌دیی‌ و پته‌وكردنی‌ رایه‌ڵه‌كانی‌ ته‌بایی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تیی‌.
2. فه‌راهه‌مكردنی‌ كه‌شێكی‌ ئارام له‌ پێناو به‌رجه‌سته‌كردن و مسۆگه‌ركردنی‌ مافه‌كانی‌ گه‌لی‌ توركمانی‌ و گه‌لی‌ ئاشووریی‌ كلدانیی‌ سریانی‌ و كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی‌ تر له‌ عێراقدا.
3. كاراكردنی‌ رۆڵی‌ ئافره‌ت و لادانی‌ ئه‌و سته‌مه‌ی‌ له‌ سه‌ریه‌تی‌، تا بتوانێت ئه‌رك و رۆڵی‌ كارای‌ خۆی‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا ببینێت.  

ته‌وه‌ری‌ چواره‌م: شه‌فافییه‌ت:
1. دروستكردنی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌ نێوان په‌رله‌مانی‌ كوردستان و نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراقدا، له‌به‌ر ئه‌و ئه‌رك و رۆڵه‌ گرنگه‌ی‌ پێیان سپێردراوه‌، به‌ مه‌به‌ستی‌ په‌یوه‌ندیی‌ پێوه‌كردن و پشتگیرییان.
2. ده‌ركردنی‌ ئه‌و یاسایانه‌ی‌ ده‌بنه‌ هۆی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ (ئیداریی‌ و سیاسی‌ و دارایی‌) و كاراكردنی‌ ئه‌و یاسایانه‌ی‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ پێشتر ده‌ركراون.
3. كاراكردنی‌ ده‌سته‌ی‌ ده‌ستپاكی‌ و ڕاپێچكردنی‌ گه‌نده‌ڵكاران بۆ به‌رده‌م دادگاكان.
4. جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ سه‌رژمێریی‌ گشتیی‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری‌ عێراقدا، به‌ مه‌به‌ستی‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی‌ زانستییانه‌ و دادگه‌رانه‌ی‌ بابه‌ته‌كانی‌ وه‌كو بودجه‌ی‌ گشتیی عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان و ئاماده‌كردنی‌ تۆمارێكی‌ ده‌نگده‌رانی‌ پاك و بێگه‌رد و زانینی‌ ژماره‌ و ڕێژه‌ی‌ پێكهاته‌كان.

ته‌وه‌ری‌ پێنجه‌م: دادگه‌ریی‌:
1. چڕكردنه‌وه‌ی‌ هه‌وڵه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی‌ مادده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستووری‌ عێراق، به‌ ئامانجی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ دادگه‌رانه‌ی‌ كێشه‌ی‌ كه‌ركووك و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ زیانلێكه‌وتوان و سه‌رجه‌م ناوچه‌ دابڕاوه‌كان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و به‌دواداچوون بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ دۆسێكانیان.
2. رێكخستنه‌وه‌ی‌  سوپای‌ عێراقی‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ نیشتمانیی‌ دوور له‌ بنه‌مای‌ تائیفیی‌، به‌ ڕه‌چاوكردنی‌ مافه‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستووری‌ عێراقدا.
3. دیاریكردنی‌ رێژه‌یه‌كی‌ گونجاو بۆ هه‌رتاكێكی‌ عێراقی‌ له‌ داهاته‌كانی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت به‌ شێوه‌یه‌كی‌ سالاَنه‌.
4. جێگیركردنی‌ ڕێژه‌ی‌ (17%) له‌ بودجه‌ی‌ گشتیی‌ عێراق بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، تا ئه‌نجامدانی‌ سه‌رژمێریی‌ گشتیی‌.
5. پارێزگارییكردن له‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ریی‌ و دوورخستنه‌وه‌ی‌ هه‌ژموونی‌ حیزبی‌ له‌ سه‌ری.
6. ڕێگرتن له‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی‌ موڵك و ماڵی‌ گشتی‌ له‌ لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه‌.

ته‌وه‌ری‌ شه‌شه‌م: خۆشگوزه‌رانیی‌:
1. كاركردن بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ ناوچه‌ كودستانییه‌ جێناكۆكه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ فیدراڵ و پارێزگا په‌یوه‌ندیداره‌كان.
2. فره‌چه‌شنكردنی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ ئابووریی‌ عێراق بۆ ئه‌وه‌ی‌ جگه‌ له‌ نه‌وت, كشتوكاڵ و پیشه‌سازیی و بازرگانییش بگرێته‌وه‌.
3. كاركردن بۆ چاكتركردنی‌ بارودۆخی‌ ئابووریی‌ و گوزه‌رانی‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان له‌ رێگه‌ی‌ هاریكاریی‌ میریی‌ و په‌ره‌پێدانی‌ توانای‌ تۆڕی‌ پاراستنی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و بونیاتنانی‌ پرۆژه‌ی‌ نیشته‌جێكردن بۆ هه‌ژاران.
4. كاركردن بۆ چاككردنی‌ بارودۆخ و گوزه‌رانی‌ خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان و خانه‌نشینان و بێوه‌ژنان و فه‌راهه‌مكردنی‌ ژیانێكی‌ ئاسووده‌ بۆیان.
5. هاندانی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ بواره‌كانی‌ ژێرخانی‌ ئابووریی‌، به‌ تایبه‌ت له‌ رووی‌ كشتوكاڵ و پیشه‌سازییه‌ خۆماڵییه‌كان و خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ پاراستن و چاكتركردنی‌ ژینگه‌ی‌ عێراق.
6. لادانی‌ هه‌موو جۆره‌ سوود (الربا)ێك له‌ مامه‌ڵه‌ بانكییه‌كان و ئه‌و قه‌رزانه‌ی‌ به‌ هاوولاَتیان ده‌درێن، ئه‌ویش به‌ په‌یڕه‌وكردنی‌ سیسته‌می‌ بانكیی‌ ئیسلامیی‌.
7. به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ بێكاریی‌ و دابینكردنی‌ هه‌لی‌ كار بۆ لاوان و راهێنانی‌ بێكاران به‌ پێی‌ چه‌ند پرۆگرامێكی‌ مه‌شقپێكردن.
8. پشتگیرییكردن و كاركردن بۆ ده‌رچواندنی‌ ئه‌و یاسایانه‌ی‌ كه‌ ڕه‌هه‌ندی‌ نیشتمانییان هه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق و كاریگه‌رییان ده‌بێت له‌سه‌ر خۆشگوزه‌رانیی‌ زیاتری‌ دانیشتوانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.
9. كاركردن بۆ یه‌كخستنی‌ سیستمی‌ مووچه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌موو عێراق.

ته‌وه‌ری‌ حه‌وته‌م: په‌روه‌رده‌ و فێركردن:
1. هیچ كۆمه‌ڵگایه‌ك ناتوانێ‌ به‌ره‌و ئامانجه‌ به‌رزه‌كانی‌ هه‌نگاو بنێ‌ تاوه‌كو تاكه‌كانی‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی‌ باش نه‌كرێن.
2. كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردیی‌ كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ ڕه‌هایان موسڵمانن، پێویسته‌ تاكه‌كانی‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ بوونناسی‌ و جیهانبینی‌ و عه‌قیده‌ و شه‌ریعه‌تی‌ ئیسلامیی‌ پاك و بێخه‌وش په‌روه‌رده‌ی‌ ڕه‌سه‌ن و هاوسه‌نگ بكرێن.
3. به‌سه‌رده‌مییكردنی‌ ژینگه‌ی‌ خوێندن و دامه‌زراوه‌كانی‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن. 
4. به‌ره‌وپێشبردنی‌ ئاستی‌ بژێویی‌ و گوزه‌رانی‌ مامۆستایان و پێشخستنی‌ پرۆگرامه‌كانی‌ خوێندن به‌ نوێترین زانیارییه‌كانی‌ سه‌رده‌م و سوودوه‌رگرتن له‌ ته‌كنه‌لۆجیای‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن.
5. گونجاندن و هه‌مواركردنی‌ پرۆگرامه‌كانی‌ خوێندنی‌ باڵا له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانی‌ گه‌شه‌سه‌ندنی‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌.
6. دروستكردنی‌ هاوسه‌نگی‌ له‌ نێوان كه‌رتی‌ حكومیی‌ و كه‌رتی‌ تایبه‌ت له‌ بواری‌ خوێندندا.
7. كاركردن بۆ چاكسازییكردن له‌ پرۆگرامه‌كانی‌ خوێندن له‌ سه‌رتاسه‌ری‌ عێراقدا، كه‌ ببێته‌ مایه‌ی‌ پێگه‌یاندنی‌ نه‌وه‌یه‌كی‌ شاره‌زا و هاوچه‌رخ و پابه‌ند به‌ ره‌وشت و به‌ها ئیسلامییه‌ باڵاكان.


لیستی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان ژماره‌ (104)
بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق

555 جار خوێندراوەتەوە
07/05/2018

بابەتی زیاتر