Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

گرفته‌كانی ڤار له‌مۆندیالی ڕووسیا

شيكارى وه‌رزشی


نووسینی: بێدار عه‌لی

وه‌ك دیاره‌ و به‌رچاوه‌ له‌م مۆندیاڵه‌ گله‌یی و ناڕه‌زاییه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌ سه‌ر شێوازی به‌كارهێنانی ڤار، تایبه‌ت له‌قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان و تایبه‌تریش به‌زیانی هه‌ڵبژارده‌ كه‌م ناسراوه‌كان و به‌قازانجی هه‌ڵبژارده‌ زۆر ناسراوه‌كان. هه‌ندێك پێیان وایه‌ كه‌ ڤار ته‌نیا بۆ قازانجی هه‌ڵبژارده‌ گه‌وره‌كان و دژایه‌تی هه‌ڵبژارده‌ مامناوه‌ند و بچووكه‌كان دانراوه‌. مه‌به‌ستم له‌ گه‌وره‌یی و مامناوه‌ندی و بچووكی هه‌ڵبژارده‌كان ته‌نیا له‌ڕووی مێژووه‌ و نازناوه‌كانه‌.
من وه‌ك خۆم له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی ڤارم به‌ڵام ته‌نیا بۆ حاڵه‌تی ئۆفساید و به‌س، چونكه‌ حاڵه‌ته‌كانی وه‌ك لێدانی سزا و كارتی سوور به‌خاوكردنه‌وه‌ی ڤیدۆیی ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك شتی بچووك زیاد له‌قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌ بكرێن، بۆیه‌ باشتره‌ كه‌ ناوبژیوان له‌نێو یاریگا كه‌ به‌ سرووشتیو له‌نزیكه‌وه‌ حاڵه‌ته‌ ده‌بینێت بڕیار بدات، خۆ ئه‌گه‌ر جار و باریش هه‌ڵه‌ی تێكه‌وت ئه‌وه‌یان بچێته‌ قاڵبی ئه‌و ڕسته‌یه‌ی كه‌ ده‌ڵێن( هه‌ڵه‌ی داوه‌ریش به‌شێكه‌ له‌ یاری) به‌ڵام حاڵه‌تی ئۆفساید ئه‌ركێكی زۆر قورسه‌ بۆ لایمان، غه‌درێكی گه‌وره‌شه‌ ئه‌گه‌ر گۆڵێكی ئۆفسایدی نادروست هه‌ژمار بكرێت یان گۆڵێكی دروست به‌بیانووی ئۆفساید ڕه‌ت بكرێته‌وه‌.
من نازانم له‌ژێر په‌رده‌ چی ڕوو ده‌دات؟ ئایا ڤار مه‌به‌ستێكی خراپی له‌پشته‌ یان نا به‌ڵام به‌پێی تێگه‌یشتنی خۆم بۆ ئه‌و یارییانه‌ی كه‌ بنیومن و ئه‌و شتانه‌ی له‌سه‌ر په‌رده‌ ڕووده‌دن گرفته‌كانی به‌كارهێنانی ڤار ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌م خاڵانه‌:

1ـ په‌له‌ كردن و كه‌م ته‌مه‌نی سیسته‌مه‌ی ڤار:

وه‌ك ده‌زانین سیسته‌می ڤار هێشتا ساوایه‌ و كه‌م ته‌مه‌نه‌، به‌مانایه‌كی تر هێشتا سه‌رجه‌م ناوبژیوانه‌كانی جیهان ئه‌زموونی به‌كارهێنانی ئه‌م سیسته‌مه‌یان نییه‌، هه‌موو شتێكیش له‌سه‌ره‌تادا بێ گومان كه‌موكوڕی هه‌یه‌، بۆیه‌ هێشتا كاتی نه‌هاتبوو، ده‌بوو زیاتر ئارامیان بگرتایه‌ تا له‌ سه‌رجه‌م خوله‌كان به‌كارده‌هات ئه‌وكات هه‌موو ناوبژیوانه‌كانیش ئه‌زموونی به‌كارهێنانیان ده‌بوو.

2ـ نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان ناوبژیوانی یاریگا و ناوبژیوانانی ڤار:

لێك تێنه‌گه‌یشتنی ته‌واوه‌تی له‌نێوان ناوبژیوانی یاریگا و ناوبژیوانانی ڤار ته‌نانه‌ت له‌نێو خودی ناوبژیوانانی ڤاریش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ كام له‌ناوبژیوانه‌كان هه‌ڵه‌ی ئه‌وی تر له‌ئه‌ستۆ ناگرێت بۆیه‌ زۆر جار له‌هه‌ندێك حاڵه‌تی قورسدا ترس له‌نێوانیان دروست ده‌بێت، وه‌ك ده‌ڵێن چێشتی زۆر كابان یان سوێره‌ یان كه‌م خوێیه‌، ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك حاڵه‌ت هه‌بێت دوای ڕوودانی بۆته‌ هێرشی پێچه‌وانه‌، ناوبژیوانی ڤار ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بێت كه‌ یارییه‌كه‌ بوه‌ستێنێت، دواتریش ناوبژیوانی یاریگا ڕه‌تی بكاته‌وه‌.

3ـ وه‌ستان و نه‌وه‌تسانی تۆپ دوای هه‌ندێك حاڵه‌ت:

هه‌ندێك حاڵه‌ت هه‌ن له‌پاش ڕوودانیدا تۆپ ناوه‌ستێت و هه‌ر له‌یاریگادایه‌، به‌ڵام هه‌ندێكی تر دوای حاڵه‌ته‌كه‌ تۆپ ده‌وه‌ستێت، مه‌به‌ست له‌وه‌ستان یان ده‌بێته‌ لێدانی گۆشه‌ یان ئاوت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌وه‌ستێت ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ ناوبژیوانانی ڤار ده‌ڕه‌خسێنیت تا به‌ هێواشی سه‌یری حاڵه‌ته‌كه‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وی تر به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ هێرشی پێچه‌وانه‌ و تۆپ به‌رده‌وامه‌ ده‌رفه‌ته‌كه‌ كه‌متر ده‌بێته‌وه‌ بۆ سه‌یركردن و بریار دان، جا دوای دوو خوله‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حاڵه‌تێك تامی تۆپی پێ ناهێڵێت، ناشكرێت بۆ تۆپێكی گوماناوی هێرشێكی پێچه‌وانه‌ بوه‌ستێنی و دواتریش حاله‌ته‌كه‌ ئاسایی بێت.

4ـ زۆری ژماره‌ی ناوبژیوانه‌كانی ڤار:

چوار ناوبژیوان له‌سه‌ر شاشه‌ وه‌ك ناوبژیوانی ڤار دیاری كراون، جا خۆمان ده‌زانین كه‌ هه‌ر ناوبژیوانێك و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ له لێدانی سزا یان كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریزان، بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌و ناوبژیوانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و شاشه‌یه‌ كه‌ حاڵه‌ته‌كه‌ی تێدا ڕووداوه‌ شته‌كه‌ لای ئه‌و ئاسایی بێت به‌ڵام ره‌نگه‌ گه‌ر ناوبژیوانێكی تر با بڕیاری پێچه‌وانه‌ی بدابا، بۆیه‌ باشتر بوو ته‌نها یه‌ك ناوبژیوان بۆ ڤار دیاری بكرابا له‌جیاتی چوار ناوبژیوان.

5ـ نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان خودی ناوبژیوانانی ڤار:

زۆربه‌ی جاره‌كان ناوبژیوانانی ڤار جیاوازن له‌ڕووی ڕه‌گه‌زنامه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ناوبژیوانی یاریگا یاخود ته‌نانه‌ت ناوبژیوانانی ڤاریش هه‌ر یه‌كه‌ و هی وڵاتێكن جا ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی لێك تێنه‌گه‌یشتن وه‌كو پێویست دروست بێت، بۆیه‌ باشتر وابوو كه‌ ناوبژیوانانی ڤار له‌گه‌ڵ ناوبژیوانی سه‌ره‌كی هی یه‌ك وڵات بان یان پێش وه‌خته‌ هه‌ماهه‌نگی زیاتریان له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌بوایه‌.

6ـ گرفتی خاو كردنه‌وه‌:

هه‌ندێك حاڵه‌ت هه‌یه‌ له‌نێو یاریگا زۆر ئاساییه‌ كه‌ ناوبژیوانی سه‌ره‌كی ده‌یبینێت به‌ڵام له‌كاتی خاوكردنه‌وه‌ی ڤیدۆیی كه‌ ناوبژیوانانی ڤار ده‌یبینن حاڵه‌ته‌كه‌ زیاتر گوماناوی ده‌بێت له‌پێش چاویان و قه‌باره‌ی حاڵه‌ته‌كه‌ گه‌وره‌تر ده‌بێت، چونكه‌ وه‌ك باسم كرد خودی خاوكردنه‌وه‌ ئه‌و شته‌ دروست ده‌كات، بۆیه‌ دیسانه‌وه‌ هاوڕا نه‌بوون دروست ده‌بێت له‌نێوان ناوبژیوانی سه‌ره‌كی و ناوبژیوانانی ڤار، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ بڕیار نادروستی لێ بكه‌وێته‌وه‌.

360 جار خوێندراوەتەوە
14/07/2018

بابەتی زیاتر