Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

کریستیانۆ و تاقیکردنەوەی ئەزموونێکی دیکە

راپۆرتی شیكاری

نووسینی / بریار ته‌ها

کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەو کوڕەی لە شاری فونشاڵی هەرێمی مادێرای وڵاتی پۆرتوگال لە دایک بووە، لەسەرەتایی تەمەنیدا یاری بۆ خوار 15 ساڵانی یانەی سی دی ناشناڵی هەرێمی مادێرا کردووە، بەڵام دواتر یاری بۆ سپۆرتینگ لشبۆنەی وڵاتەکەی دەکات و لەوێشەوە هەنگاوەکانی بۆ ژیانی پێشەگەری دەنێت و خۆی لە یەکێک لە هەرە خولە بەهێزەکانی جیهان کە ئەویش خولی ئینگلیزیە دەبینێتەوە، ماوەی شەش وەرز لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد بەردەوام دەبێت و نازناوەی یانە پاڵەوانەکانی لەگەڵ بەدەستدەهێنێت و دواتریش بۆ قەڵای سپی و یانەی خەونەکان هەنگاو دەنێت، ئەویش یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی بوو، پاش نۆ وەرز یاریکردن و پارێزگاریکردن لە درێسی لۆس بلانکۆس دواجار کریستیانۆ لە ئێواری سێشەمەی رابردوو، لە کاتژمێر شەش و نیوی ئەو ئێوارەیەدا کارگێری یانەی شاهانە ناچار دەکات بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوبکەنەوە و تیایادا ئاماژە بەوە بکەن، رێگەیان داوە رۆناڵدۆ یانەکەیان بەرەو یانەی خانمەپیرەکەی ئیتاڵیا جێبهێڵێت، ئەو ئێوارە خەمگینی تەواوی هاندەرانی قەڵای سپی داپۆشی، بەچەشنێک ماڵئاوایی کردنی دۆن تەواوی دەستکەوتەکانی ئەم چەند وەرزەی دوایی یانەی ریاڵ مەدرید لە بیر هاندەران بردەوە.

چوونی رۆناڵدۆ بۆ یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی ئەگەرچی لەسەر داوای خۆیی و پێشنیاری خۆرخێ مێنیدزی بریکارەکەی بوو، بەڵام تەواوی جیهانی تووشی شۆکێکی گەورەکرد، چونکە لە دوو وەرزی رابردوو بەردەوام باس لەوە دەکرا ئەو گۆڵکارەی قەڵای سپی ئەگەر تەختی پاشایەتی یانەی شاهانە جێبهێڵێت ئەوا روو لە خولی ئەمریکی دەکات، کۆتا ساڵەکانی ژیانی وەرزشی لەو خولەدا بە کەمترین ماندووبوون بەرێ دەکات، بەڵام ئەم پیاوە قەلە رەقە هیچ لە قسەی چەند ساڵ پێش ئێستا پەشیمان نەبۆتەوە و رق ئەستورتر دەیەوێت بیسەلمێنێت دەتوانێت تا تەمەنی 40 ساڵی لە یاریگاکان ئەوروپا درێژە بەیاری کردن بدات.

کریستیانۆ لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا و لە ساتی ناساندنی وەک یاریزانی نوێی خانمەپیرەکە وتی: بۆ پشوودان و کات بەسەربردن نەهاتووم بۆ یۆڤانتۆس بەڵکو دەمەوێت لەگەڵ ئەو یانە مێژوو بنووسمەوە، دەزانم خولی ئیتاڵی قورسە و منیش بۆ ئەو سەرکێشییە ئامادەم، قسەکانی دۆن ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە ئەم ئەم یاریزانە ووشەی کۆڵدان لە فەرهەنگیدا بوونی نیە و نایەوێت لەدەرەوەی کێبڕکێکان بێت، کریس مەبەستێتی لەرێگایی یاریکردنی بۆ یۆڤانتۆس چەند ئامانجێک بپێکێت و بیسەلمێنیت جگە لە خولی ئینگلیزی و ئیسپانی دەتوانێت لە ئیتاڵیاش سەرکەوتوو بێت، ئەگەر توانی ئەو کارەش بکات ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەو قسە مێژوویەش تێدەپەڕێنێت کە دەگوترێت هێرشبەری باش کاتێک ناوی دەچێتە مێژووییەوە بە ئاستێکی بەرزەوە لە کاڵچۆدا یاریکردبێت.

دۆن وەک یاریزانێکی کامڵ لەوە تێگەیشتووە یانەی یۆڤانتۆس لە ئیتاڵیا کەمترین فشاری لەسەرە، ئەمەش هاوکارییەکی زۆری دەکات تا ئەوەی کەمترین گرفتی بۆ دروست ببێت، ئەمە لە کاتێکدا خانمەپیرەکە لەم چەند ساڵەدا زۆر نزیکبووە لەوەی نازناوی چامپیۆنس لیگ بباتەوە، لە ئەگەری بەدەستهێنانی ئەم نازناوەشدا راستەوخۆ پشکی شێر دەدرێتە کریستیانۆ و وەک فریادرەسی یانەکە پێناسە دەکرێت.

کریستیانۆ کە لە ئێستادا تەمەنی 33  ساڵ و پێنج مانگی و 11 رۆژی تێپەڕاندووە، ئامانجی گەورەتری لەگەڵ هاڵبژاردەی وڵاتەکەی هەیە، رۆناڵدۆ دەیەوێت یەکێک بێت لە یاریزانەکانی پۆرتوگال لە یۆرۆی 2020 بەتایبەتی و مۆندیالی 2022ش ئەگەر چی تەمەنی تا مۆندیالی قەتەر لە 38 ساڵ نزیک دەبێتەوە، بەڵام دۆخی پێگەیاندنی یاریزان و دەرکەوتنی یاریزانی لێهاتوو لە وڵاتێکی وەک پۆرتوگالدا، ئەوەمان پێدەڵێت ئەستەمە یاریزانە لاوەکانی وڵاتەکەی بتوانێت پێگەی دۆن لە 23 یاریزانەکەی یۆرۆ و مۆندیالی داهاتوو بێبەش بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش کریستیانۆ پێویستی بە یانەیەک بوو لە رووی مەشق و راهێنانەوە بتوانێت درێژە بە تەمەنی یاریکردنی بدات، چونکە وەک ئاشکرایە مەشقی یانەکانی ئیتاڵیا قورسترە و رێگە نادەن کێشی یاریزان زیاد بکات، پاشان لە ئەگەری دابەزینی ئاستی رۆناڵدۆ بەراورد بە چەند وەرزی رابردوو چ لە لایەن کارگێری و چ لە لایەن هاندەرانی خانمەپیرەکەوە کاردانەوەی بەچەشنێک دروست ناکات، کە کاریگەری لەسەر کریستیانۆ هەبێت.













1712 جار خوێندراوەتەوە
17/07/2018

بابەتی زیاتر