پهیام
ئیدارەی ئەمریکا، بڕیاریدا بڕی ٢٣٠ ملیۆن دۆلار کە پێشتر بەمەبەستی دەستەبەرکردنی سەقامگیری سووریا تەرخانی کردبوو، لە ناوچەیەکی دیکە بەکاربھێنێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ھێزەر ناوێرت بە نووسراوێک ھەڵسەنگاندنی بۆ تەرخانکردنی بوودجەی وڵاتەکەی لە سووریا کرد.
ناوێرت رایگەیاند کە، بڕی ٢٣٠ ملیۆن دۆلار کە پێشتر بۆ مەبەستی دەستەبەرکردنی سەقامگیری سووریا تەرخان کرابوو، بە بڕیارێکی ھاوبەشی وەزیری دەرەوە، مایک پۆمپیۆ و کۆشکی سپی دەرکراوە تیایدا بڕیار دراوە لە ناوچەیەکی دیکە ئەو پارەیە بەکاربھێنرێت.
ناوێرت گوتیشی : "ئەم بڕە پارەیە لە پرسە لەپێشینەکانی دیکەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا خەرج دەکرێت". ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم بڕیارە بە ھاوبەشی لە نێوان کۆشکی سپی، پێنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوە دەرکراوە.
ناوێرت ئاشکراشی کرد کە، لەوەتەی مانگی نیسانی رابردوو، بڕی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار لەلایەن ھاوپەیمانی دژی داعش دەستەبەرکراوە و لەم چوارچێوەیەش سعوودیە ١٠٠ ملیۆن و ئیمارات ٥٠ ملیۆن دۆلاری پێشکەش کردووە.
663 جار خوێندراوەتەوە
18/08/2018