Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی لیستی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ژماره‌ 194


په‌یام 

شه‌وی رابردوو ده‌رگای بانگه‌شه‌ به‌رووی حزب و قه‌واره‌ سیاسییه‌كان بۆ هه‌لبژاردنی په‌ڕله‌مانی كوردستان كرایه‌وه‌ و لیستی كۆمه‌ڵی ئیسلامیش به‌ ژماره‌ 194 و به‌ كۆمه‌ڵیك به‌رنامه‌ی تۆكمه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی خۆی ده‌ستپێكرد. 

كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ به‌رنامه‌ی كاریدا بۆ ژوارساڵی داهاتووی په‌ڕله‌مانی كوردستان كارده‌كات بۆ باشكردن و به‌ره‌وپێشبردنی كایه‌ی سیاسی، یاسایی، په‌روه‌رده‌ و فێركردن، ئابووری‌ و خۆشگوزه‌رانی‌، ئاینیی، كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و شه‌فافیه‌ت و دادگه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان. 

هاوكات كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ دروشمی كۆڵناده‌ین و به‌رده‌وامین بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ده‌بات. 


به‌رنامه‌ی‌ لیستی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان ژماره‌ (194)
بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان


هاونیشتمانییانی‌ به‌ڕێز...

ده‌نگده‌رانی‌ ئازیز...

كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان، وه‌كو هێزێكی‌ سیاسیی‌ كاریگه‌ری‌ سه‌ر گۆڕه‌پانی‌ كوردستان، هه‌میشه‌ و هه‌رده‌م خۆی‌ له‌ به‌ره‌ی‌ گه‌ل و خه‌ڵكی‌ سته‌ملێكراو و مافخوراوی‌ كوردستاندا بینیوه‌ته‌وه‌، داكۆكیكارێكی‌ سه‌رسه‌خت بووه‌ له‌ مافه‌ ماددی‌ و مه‌عنه‌وییه‌كانتان، بۆ هێنانه‌دی‌ خۆشگوزه‌رانی‌ و خۆشبه‌ختیی‌ ته‌واوی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌شی‌ له‌ هه‌موو پرۆژه‌ سیاسی‌ و ڕێكخراوه‌یی‌ و حكومی‌ و په‌رله‌مانییه‌كانیدا ڕه‌نگی‌ داوه‌ته‌وه‌.

ئێستاش كه‌ به‌ لیستی‌ ژماره‌ (194) و له‌ژێر دروشمی‌ (كۆڵناده‌ین و به‌رده‌وامین) به‌شداریی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌كات له‌ ڕۆژی‌ (30/9/2018)، له‌ میانه‌ی‌ به‌رنامه‌ی‌ لیسته‌كه‌یدا كارنامه‌یه‌كی‌ واقعی‌ و سه‌رده‌مییانه‌ی‌ بۆ نوێنه‌رانی‌ داهاتووی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئاماده‌ كردووه‌، كه‌ ته‌واوی‌ خاڵ و بڕگه‌كانی‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ ئێوه‌ی‌ هاووڵاتیدایه‌، له‌ پێناو چاره‌سه‌ری‌ ڕیشه‌یی‌ قه‌یرانه‌ سیاسی‌ و ئابووری‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا.

كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان چاوه‌ڕوانیی‌ له‌ ئێوه‌ی‌ ده‌نگده‌ری‌ به‌ڕێز هه‌یه‌ كه‌ به‌ گوڕ و تینێكی‌ زۆره‌وه‌ به‌شداریی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن و ده‌نگتان به‌ لیستی‌ ژماره‌ (194)ی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان بده‌ن، له‌ پێناو سه‌رخستنی‌ ئه‌م به‌رنامه‌یه‌دا.


بڕگه‌كانی‌ به‌رنامه‌ی‌ لیستی‌ (194)ی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان.

یه‌كه‌م/ سیاسی‌

1. چالاككردنی‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ وه‌ك: (ڕۆڵی‌ چاودێریی‌ په‌رله‌مان، دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ ، ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌) له‌پێناو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و بنه‌بڕكردنی‌ بازرگانیی‌ سیاسی.
2. به‌ دامه‌زراوه‌یی‌ كردنی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و نه‌هێشتنی‌ ده‌ستی‌ حیزب تیایاندا و كاركردن بۆ باشكردنی‌ گوزه‌رانی‌ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان.
3. داكۆكیكردن بۆ چه‌سپاندنی‌ مافه‌ سیاسییه‌كانی‌ هاووڵاتیانی‌ كوردستان، وه‌ك: (مافی‌ خۆپیشاندان و مافی‌ ده‌ربڕینی‌ ئازاد و كۆبوونه‌وه‌ی‌ بێ‌ قه‌ید و مه‌رج).
4. كاركردن له‌سه‌ر ڕێزگرتن و جێبه‌جێكردنی‌ یاسا و ڕێگرتن له‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری‌ دادگاكان.
5. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌ حیزبییه‌كان و دامه‌زراندنی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ نیشتمانی‌ كه‌ كاری‌ ته‌نها پاراستنی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و سه‌ر و ماڵی‌ هاووڵاتیان بێت، له‌ چوارچێوه‌ی‌ یاسادا كاره‌كانی‌ ڕاپه‌ڕێنێت و به‌ هیچ جۆرێك ده‌ست وه‌رنه‌دات له‌ ژیان و مافه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان.
6. كاركردن له‌پێناو دابینكردنی‌ ژیانێكی‌ خۆشگوزه‌ران بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستان، به‌ جۆرێك هه‌موو تاكێك به‌هره‌مه‌ند بێت له‌ سامانی‌ سروشتی‌ و داهاته‌كانی‌ كوردستان به‌ دادگه‌ری‌.
7. ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتی‌ خۆیدا به‌ شێوه‌یه‌كی‌ پاك و بێگه‌رد، له‌پێناو ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ده‌سه‌ڵات، كه‌ ببێته‌ مایه‌ی‌ به‌رجه‌سته‌كردنی‌ ئیراده‌ی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، ئه‌مه‌ش به‌ دیاریكردنی‌ ڕۆژی‌ هه‌ڵبژاردن به‌ یاسا.
8. به‌ دامه‌زراوه‌یی‌ كردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسی‌ و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و دروستكردنی‌ لۆبی‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و نیشتمانییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.
9. ڕه‌تكردنه‌وه‌ی‌ هه‌موو جۆر و شێوازه‌كانی‌ تیرۆر و تۆقاندن، به‌ هه‌ر ناوێكه‌وه‌ و له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌س و تاقمێكه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت.

دووه‌م/ یاسایی‌ 
1. كاركردن بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ببێته‌ خاوه‌نی‌ ده‌ستووری‌ خۆی‌، كه‌ چوارچێوه‌ی‌ یاسایی‌ سیسته‌می‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ له‌ هه‌رێم و ماف و ئازادییه‌كانی‌ هاووڵاتیان تیایدا پارێزراو بێت. 
2. داكۆكیكردنی‌ ته‌واو له‌وه‌ی‌ سیسته‌می‌ سیاسیی‌ هه‌رێم په‌رله‌مانی‌ بێت به‌ هه‌موو ماناكانی‌ كه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌خۆی‌ ده‌گرێت.
3. ڕاگرتنی‌ هاوسه‌نگی‌ و هه‌ماهه‌نگی‌ له‌ نێوان هه‌ر سێ‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ (یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری)دا و هیچ كامیان هه‌ژموونی‌ به‌سه‌ر ئه‌وی‌ دیكه‌دا نه‌بێت.
4. جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر پاراستنی‌ شكۆی‌ دامه‌زراوه‌یی‌ په‌رله‌مان و هیچ كه‌س و لایه‌نێك بۆی‌ نه‌بێت پێشێلی‌ بكات.
5. سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ملكه‌چ بن بۆ چاودێریی‌ په‌رله‌مان.
6. پاراستنی‌ پێگه‌ی‌ یاسایی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ په‌رله‌مانی‌ و به‌ یاسا پارێزگاری‌ له‌ ماف و ئازادییه‌ سیاسییه‌كانیان بكرێت.
7. هه‌موواركردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و یاسایانه‌ی‌ كه‌ دژن به‌ نه‌گۆڕه‌كانی‌ ئایینی‌ ئیسلام و ماف و ئازادییه‌ گشتییه‌كان. 

سێیه‌م/ ئابووری‌ و خۆشگوزه‌رانی‌
1. هه‌مه‌چه‌شنكردنی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ داهاتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ شێوه‌یه‌ك ته‌نها پشت به‌ داهاتی‌ كه‌رتی‌ نه‌وت نه‌به‌ستێت.
2. ڕێگر كردن له‌ تاڵانفرۆشكردنی‌ نه‌وتی‌ خاو و به‌رهه‌مه‌كانی‌ و ده‌رهێنانی‌ له‌ ده‌ستی‌ كه‌س و حیزب و به‌كارهێنانی‌ له‌ باشكردنی‌ گوزه‌رانی‌ هاووڵاتیاندا، ئه‌مه‌ش به‌ كاراكردنی‌ یاسای‌ نه‌وت و گاز.
3. په‌ره‌پێدانی‌ زیاتری‌ كه‌رتی‌ كشتوكاڵ و توانای‌ جووتیار له‌ پێناو پاراستنی‌ ئاسیشی‌ خۆراك، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌ سه‌ره‌كییه‌ كشتوكاڵییه‌كان هه‌رێمی‌ كوردستان بگاته‌ خوددابینكاری‌ و هه‌نارده‌كردنی‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم.
4. گرنگیدان به‌ سامانی‌ ئاو و پاراستنی‌ ئاوی‌ ژێر زه‌وی‌ و گلدانه‌وه‌ی‌ ئاو له‌ ڕێگه‌ی‌ دروستكردنی‌ به‌نداوی‌ زیاتر، له‌گه‌ڵ دابینكردنی‌ ئاوی‌ پاك بۆ هاووڵاتیان، به‌پێی‌ ستانداره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
5. گرنگیدان به‌ كه‌رته‌كانی‌ بازرگانی‌ و پیشه‌سازی‌ و سازكردنی‌ زه‌مینه‌ بۆ خستنه‌گه‌ڕی‌ سه‌رمایه‌ی‌ ناوخۆیی‌ و نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ مه‌به‌ستی‌ كردنه‌وه‌ی‌ چه‌ندین كارگه‌ و پرۆژه‌ی‌ ستراتیژی‌ و خستنه‌گه‌ڕی‌ ده‌ستی‌ كاری‌ خۆماڵی‌.
6. گرنگیدان به‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت و دۆزینه‌وه‌ی‌ هه‌لی‌ كار بۆ گه‌نجانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ده‌ستی‌ كاری‌ ناوخۆیی‌ شوێنی‌ هێزی‌ كاری‌ بیانی‌ بگرێته‌وه‌.
7. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وتی‌ زۆره‌ملێی‌ مووچه‌ كه‌ به‌ نایاسایی‌ سه‌پێندراوه‌ به‌سه‌ر مووچه‌خۆراندا و گێڕانه‌وه‌ی‌ مووچه‌ی‌ پاشه‌كه‌وتكراویان. 
8. ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ پێشینه‌كانی‌ خانووبه‌ره‌ و هاوسه‌رگیری‌ ‌و كشتوكاڵی‌‌و قه‌رزی‌ بچووك ...، به‌ بێ هیچ (سود) ێك (الربا) و ڕێكخستنی‌ به‌ شێوازێك له‌گه‌ڵ پێویستیی‌ هاووڵاتیاندا بگونجێت.
9. ده‌ستپێكردنه‌وه‌ و چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ پرۆژه‌كانی‌ نیشته‌جێبوون له‌ ڕێگه‌ی‌ هه‌موواركردنه‌وه‌ی‌ یاسای‌ وه‌به‌رهێنان، كه‌ له‌ خزمه‌ت خه‌ڵكی‌ هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌تدا بێت.
10. هه‌وڵدان بۆ بووژاندنه‌وه‌ی‌ كه‌رتی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ گشتی‌ ‌و هه‌مه‌جۆر كردنی‌ هۆكاره‌كانی‌ گواستنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدان به‌م كه‌رته‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ چاككردنه‌وه‌ی‌ ڕێگاوبانه‌كان ‌و ڕاكێشانی‌ ڕێگه‌ و شه‌قامی‌ نوێ‌ ‌و ئه‌نجامدانی‌ چاكسازی‌ له‌و بواره‌دا.
11. په‌ره‌پێدانی‌ كه‌رتی گه‌شتیاری له‌ ڕێگه‌ی‌ گرنگیدان به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان.
12. دامه‌زراندنی‌ سیسته‌مێكی‌ هاوچه‌رخی‌ بانكی‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ دراوی‌ نه‌ختینه‌ و پێشكه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزاریی‌ بانكی‌ به‌ هاووڵاتیان و مووچه‌خۆران.
13. گرنگیدان و ڕێكخستنه‌وه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان و ئاسانكاری‌ كردن بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ و نه‌هێشتنی‌ قۆرخكاریی‌ حیزبی‌ له‌م بواره‌دا.

چواره‌م/ ئایینی‌

1. ڕه‌تكردنه‌وه‌ی‌ هه‌موو جۆر و شێوازه‌كانی‌ تیرۆر و تۆقاندن، به‌ هه‌رناوێكه‌وه‌ و له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌س و تاقمێكه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت. 
2. په‌ره‌پێدان و پاراستنی‌ به‌ها باڵاكانی‌ كۆمه‌ڵگه‌، له‌ ڕێگه‌ی‌ دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانی‌ وه‌كو خێزان، میدیا، مزگه‌وت، قوتابخانه‌ و ڕێكخراو و یانه‌كانه‌وه‌، هه‌روه‌ها گرنگیدان به‌و هۆكار و شێوازانه‌ی‌ ده‌توانن ڕۆڵی‌ گه‌وره‌ ببینن له‌ چه‌سپاندن و په‌ره‌پێدانی‌ ئاكار و ڕه‌وشتی‌ ئیسلامی‌.
3. پارێزگاری كردن له‌ به‌ها به‌رزه‌كانی‌ ئیسلام و پێكه‌وه‌ژیانی‌ نێوان هه‌موو ئایین و مه‌زهه‌به‌ جیاجیاكانی‌ كوردستان، له‌ ڕێگه‌ی‌ چه‌سپاندنی‌ بنه‌ماكانی‌ پێكه‌وه‌ژیان.
4. پارێزگاری كردن له‌ ئازادییه‌ ئایینییه‌كان بۆ هه‌ڵگرانی‌ ئایین و مه‌زهه‌به‌ جیاجیاكان.
5. پاراستنی‌ پیرۆزییه‌ ئایینییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ مسوڵمانی‌ كوردستان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ یاساییانه‌ی‌ هه‌ر بێڕێزی‌ و تێپه‌ڕاندنێك به‌رامبه‌ر  به‌ پیرۆزییه‌ ئایینییه‌كان.
6. كردنه‌وه‌ی‌ شوێنی‌ تایبه‌ت به‌ نوێژكردن له‌ فه‌رمانگه‌ و شوێنه‌ گشتییه‌كاندا ‌و گرنگیدان به‌ مزگه‌وت ‌و شوێنه‌ ئایینییه‌كان، به‌ دابینكردنی‌ پێداویستییه‌كان ‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان.
7. پاراستنی‌ پێگه‌ و كه‌سایه‌تی‌ زانایان و مامۆستایانی‌ ئایینی‌، به‌پێی‌ بنه‌ما یاساییه‌كان و هه‌وڵدان بۆ په‌ره‌پێدانی‌ توانای‌ زانستییان، له‌ ڕێگه‌ی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ ئه‌كادیمی‌ و فه‌رهه‌نگیی‌ تایبه‌ته‌وه‌.

پێنجه‌م/ په‌روه‌رده‌ و فێركردن
 
1. ئه‌نجامدانی‌ چاكسازی‌ له‌ سیسته‌می‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانی‌ سه‌رده‌م و تاك و كۆمه‌ڵگه‌ بگونجێت.
2. دروستكردنی‌ قوتابخانه‌ی‌ نوێ و هاوچه‌رخ كه‌ توانای‌ له‌خۆگرتنی‌ سه‌رجه‌م خوێندكارانی‌ كوردستانی‌ هه‌بێت و كۆتایی‌ هێنان به‌ دوو ده‌وامی‌ و سێ ده‌وامی‌ له‌ قوتابخانه‌كاندا.
3. فه‌راهه‌مكردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی‌ خوێندن ‌و پێداویستیی‌ قوتابخانه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ژینگه‌ی‌ قوتابخانه‌ی‌ هێمن و سه‌لامه‌ت بۆ قوتابیان و مامۆستایان و كارمه‌ندان.
4. بره‌ودان به‌ خوێندنی‌ پیشه‌یی‌ و ئاماده‌كردنی‌ كه‌سانی‌ هونه‌ری‌ و پیشه‌یی‌ و به‌ستنه‌وه‌ی‌ به‌ بازاڕی‌ كاری‌ كوردستان.
5. گرنگیدان به‌ لایه‌نی‌ په‌روره‌رده‌یی‌ له‌ قوتابخانه‌ بنه‌ڕه‌تی‌ و ئاماده‌ییه‌كان و پێداچوونه‌وه‌ به‌ وانه‌ی‌ په‌روره‌رده‌ی‌ ئایینی‌ به‌ جۆرێك له‌ ئاست په‌وره‌رده‌كردنی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێدا بێت و په‌راوێز نه‌خرێت، به‌ ڕه‌چاوكردنی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ر خاوه‌ن  ئایینێكی‌ دیكه‌ په‌روره‌ده‌ی‌ ئایینیی‌ خۆیان بخوێنن و به‌ ڕێنمایی‌ ئایینیی‌ خۆیان په‌روه‌رده‌ بكرێن.
6. فراوانكردنی‌ به‌ش و ده‌رفه‌ته‌كانی‌ وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان له‌ خوێندنی‌ باڵا، كه‌ هه‌موو خوێندكارێكی‌ ئاماده‌یی‌ له‌ هه‌لی‌ ته‌واوكردنی‌ خوێندنی‌ باڵا به‌هره‌مه‌ند ببێت.
7. سه‌ربه‌خۆكردنی‌ زانكۆكانی‌ كوردستان له‌ بڕیار و بودجه‌ و چۆنیه‌تی‌ خه‌رجكردنی‌ و لادانی‌ به‌رپرسی‌ حیزبی‌ و دوورخستنه‌وه‌ی‌ ده‌ستی‌ حیزب تیایاندا.
8. باشكردنی‌ ئاستی‌ گوزه‌رانی‌ مامۆستایان له‌ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی‌ خوێندن و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ كارامه‌یی‌ و لێهاتووییان.
9. كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ كرێی‌ خوێندن له‌ قوتابخانه‌ و زانكۆ و په‌یمانگا ناحكومییه‌كان، به‌ جۆرێك له‌گه‌ڵ ئاستی‌ گوزه‌رانی‌ هاووڵاتیان بگونجێت و ڕه‌خساندنی‌ ده‌رفه‌تی‌ خوێندن بۆ قوتابیانی‌ كه‌مده‌رامه‌ت.
10. په‌ره‌پێدان به‌ ته‌كنه‌لۆژیای‌ فێركردن و تێكه‌ڵكردنی‌ به‌ پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌ له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا و په‌ره‌پێدانی‌ كارامه‌ییه‌كانی‌ ژیان (مهارات الحیاه‌) له‌ قوتابیاندا.
11. جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ خوێندنی‌ بابه‌ته‌كانی‌ ڕه‌وشت، ژینگه‌، مافی‌ مرۆڤ و قووڵكردنه‌وه‌ی‌ گیانی‌ ته‌بایی‌ و لێبورده‌یی‌ له‌ پرۆگرامی‌ خوێندنی‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كاندا.

شه‌شه‌م/ كۆمه‌ڵایه‌تی‌

1. باشكردنی ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان و په‌ره‌پێدانی چه‌مكی مرۆڤدۆستی‌.
2. قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ زیانلێكه‌وتووانی‌ كاره‌ساته‌ سروشتییه‌كانی‌ وه‌كو (بوومه‌له‌رزه‌ و لافاو) و هه‌ر ڕووداوێكی‌ دیكه‌، له‌ ڕێگه‌ی‌ ده‌ركردنی‌ یاسای‌ تایبه‌ته‌وه‌.
3. په‌ره‌پێدانی كلتووری لێبورده‌یی، ئاشتی، یه‌كتر قبووڵكردن، ڕێز و خۆشه‌ویستی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردیدا.
4. ڕێگریكردنی‌ یاسایی له‌ كاركردنی‌ منداڵان و دابینكردنی‌ بژێویی‌ شایسته‌ بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی‌ به‌ ناچاری‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن.
5. په‌ره‌پێدانی‌ كاری‌ خێرخوازی‌ و خۆبه‌خشیی‌ ڕێكخراو، به‌ مه‌به‌ستی‌ هاوكاریكردنی‌ چین و توێژه‌ ئاتاج و كه‌مده‌رامه‌ته‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌.
6. هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاسای‌ (به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ توندوتیژیی‌ خێزانی‌) له‌پێناو پاراستنی‌ زیاتری‌ خێزان له‌ هه‌ڵوه‌شان و ڕێگری‌ كردن له‌ پشێویی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌.
7. پاراستنی مافه‌كانی ئافره‌ت و منداڵان، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ده‌قه‌كانی ئیسلامدا هاتووه‌ و له‌ ڕێكه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ئاماژه‌ی پێ كراوه‌، به‌ تایبه‌تیش توندوتیژی‌ دژی‌ ئافره‌ت و منداڵان.

8. چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ شێوه‌ی ڕێككه‌وتن و ملكه‌چبوون بۆ ده‌قه‌ یاسایی‌ و شه‌رعییه‌كان، دوور له‌ ده‌ستێوه‌ردانی نه‌رێنییانه‌ی‌ مه‌كته‌ب و ده‌زگا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ حیزب.
9. كردنه‌وه‌ی‌ شوێنی‌ حه‌وانه‌وه‌ و خزمه‌تكردن بۆ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی‌ تووشی‌ نه‌خۆشیی‌ ده‌روونیی‌ بێ‌ چاره‌سه‌ر بوون.
10. كردنه‌وه‌ی‌ شوێنی‌ تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ری‌ ئالووده‌بووان به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و سه‌رله‌نوێ‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ ناو كۆمه‌ڵگه‌.
11. هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاسای‌ كار به‌ جۆرێك كه‌ ببێته‌ مایه‌ی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ ماف بۆ كرێكار و خاوه‌ن پیشه‌ و دابینكردنی‌ بیمه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و خانه‌نشینكردنی‌ كرێكارانی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت.

حه‌وته‌م/ شه‌فافیه‌ت و دادگه‌ری 

1. چالاككردنی‌ داواكاری‌ گشتی‌ و پێدانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ته‌واو پێیان به‌ تایبه‌ت له‌ ڕووی‌ چاودێریكردنی‌ جێبه‌جێكردنی‌ یاساكان و بخرێته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ر.
2. یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری كارا و جێبه‌جێ بكرێت، له‌پێناو ده‌ستگه‌یشتنی میدیا و خه‌ڵك به‌ زانیارییه‌كان.
3. یاسای سندووقی داهاته‌ نه‌وتی و گازییه‌كان جێبه‌جێ بكرێت، به‌ دامه‌زراندنی ستافی به‌ڕێوه‌بردنی سندووقه‌كه‌، سه‌رجه‌م داهاته‌كان بگه‌ڕێته‌وه‌ دارایی گشتی و له‌ بودجه‌ی ساڵانه‌دا خه‌رجكردنی دیاری بكرێت.
4. دروستكردنی كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینه‌وه‌ و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت KEPKO  و كۆمپانیای كوردستانی نیشتمانی نه‌وت KNOC و كۆمپانیای كوردستان بۆ به‌بازاڕكردنی نه‌وت KOMO.
5. داهاتی پارێزگاكان به‌پێی ژماره‌ی دانیشتووان و پێداویستییه‌كانیان به‌سه‌ر ناحیه‌ و قه‌زاكاندا دابه‌ش بكرێت.
6. تایبه‌ت به‌ گوزه‌رانی كه‌مئه‌ندامان و خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت، یاسای ماف و ئیمتیازاتی كه‌مئه‌ندامان و خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت جێبه‌جێ بكرێت.
7. سه‌رجه‌م ئه‌و بڕیار و ڕێنماییانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران تایبه‌ت به‌ زیادكردنی باج و ڕسومات و پێبژاردن كه‌ به‌ نایاسایی ده‌رچوون و زیاد كراون، هه‌ڵوه‌شێنرێنه‌وه‌ و به‌پێی یاسا ڕێكبخرێته‌وه‌.
8. به‌ركاركردنی یاسای خانه‌نشینی یه‌كگرتووی عێراق و به‌رزكردنه‌وه‌ كه‌مترین مووچه‌ی خانه‌نشینی و كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی پله‌ باڵاكان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خانه‌نشینیی نایاسایی سه‌ربازی و مه‌ده‌نی.
9. پاككردنه‌وه‌ی لیستی شه‌هیدان و زیندانییانی سیاسی و كه‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر له‌ كه‌سانی ناشایسته‌.
10. پێدانه‌وه‌ی مووچه‌ی سودمه‌ندانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ هاوسه‌ریان زیندانییه‌، یان له‌ ژیاندا نه‌ماوه‌، یان لێك جیابوونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نی هاوسه‌رگیرییان دواكه‌وتووه‌ یان تێپه‌ڕی كردووه‌.
11. گه‌یاندنه‌ ئه‌نجامی دۆسێكانی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕاپۆرته‌كانی دیوانی چاودێریی دارایی.

 

959 جار خوێندراوەتەوە
11/09/2018

بابەتی زیاتر