په‌یام
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا گه‌یشته تاران، له پاش سه‌پاندنی سزاكان جێرمی هانت یه‌كه‌م وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتێكی ئه‌ورووپایه كه سه‌ردانی ئێران ده‌كات.
به‌یانیی ئه‌مڕۆ جێرمی هانت، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، گه‌یشته تارانی پایستهختی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
بڕیاره هانت له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و، عه‌لی شه‌مخانی، سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران كۆببێته‌وه.
ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، گفتوگۆیه سه‌باره‌ت به ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی و سزاكانی ئه‌مریكا و شه‌ڕی یه‌مه‌ن و، پرسه هه‌نووكه‌ییه‌كانی دیكه.
جێرمی هانت، به‌ر له سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگه‌یاندبوو "ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی بۆ سه‌قامگیریی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گرنگه، به‌ڵام جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه ده‌بێت تاران به ئاراسته‌ی جێبه‌جێكردنی ورده‌كاریی ڕێككه‌وتننامه‌كه هه‌نگاو بنێت".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه "زیاتر له هه‌موو شتێك دۆسیه‌ی ئازادكردنی هاووڵاتیانی به‌ریتانی به ڕه‌گه‌ز ئێرانی كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه ده‌ستگیر كراون، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی تاران تاووتوێ ده‌كات، له‌نێویشیاندا دۆسیه‌ی نازه‌نین زاغری كه ماوه‌ی دوو ساڵ و نیوه زیندانی كراوه".
325 جار خوێندراوەتەوە
19/11/2018