پهیام
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی دووشەممەی داهاتووی بۆ دەنگدان لەسەر تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی سەرۆکوەزیران، عادل عەبدولمەهدی دیاریکرد.
رۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی رابردوو، عادل عەبدولمەهدی لەبەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەک سەرۆکوەزیران سوێندی یاسایی خوارد، هاوکات پەرلەمان متمانەی بە ١٤ وەزیر لە کۆی ٢٢ وەزیری کابینەکەی دا.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی ئەمڕۆ شەممە لە گوتەیەکیدا لەبەردەم ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند، لە دانیشتنی رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەنگ دەدرێت لەسەر تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی عادل عەبدولمەهدی.
٢٥ی تشرینی یەکەمی رابردوو لەکاتی پێدانی متمانە بە عەبدولمەهدی و کابینە وەزارییەکەی، بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە چەند لایەنێکی سیاسیی لە ئەنجوومەنی نوێنەران متمانەپێدانیان بە هەشت وەزیر رەتکردەوە دیارترینیان وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆ بوون.
261 جار خوێندراوەتەوە
25/11/2018