Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

موحەممەد عەلی قەرەداغی: بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا زۆرترین دەستنووسی کوردستانی لێیە


پەیام 

موحەممەد عەلی قەرەداغی نووسەرو وەرگێڕ لە میانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ گروپی گوڵنار کە باس لەوەدەکات:" شوێنێکی وەک بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا زۆرترین دەستنووسی کوردستانی لێیە"

هاوکات باس لە شیعر و شاعیرانی کورد دەکات و پێیشی وایە لە کورددا بێتووشی شاعیر، ھەروەھا مەسعوود موحەممەد دوو عەرەبی زانی بەتوانا بوونە. 

تەواوی گفتوگۆی گروپی گوڵنار لەگەڵ موحەممەد عەلی قەرەداغی، نووسەرو وەرگێڕ کە خۆیان بە دەمەتەقێ ناوی دەبەن. 

دەمەتەقێی چل و شەشەمینی گرووپی گوڵنار
لەگەڵ "موحەممەد عەلی قەرەداغی نووسەرو وەرگێڕ"

Image may contain: 4 people, people sitting, living room, table and indoor

* دەستنووسم لایە کە (نالی) شیعرە بەناوبانگەکەی بۆ (سالم) ناردووە
* لە دیوانی مەولەویدا ٢٣ پارچە شیعر ھەن کە ھی مەولەوی نین
* باوەڕم بە خیلافەتی ئیسلامیی و دەوڵەتی ئیسلامیی ھەیە کە شەریعەتی خودای تێدا حاکم بێت
* کەسم نەدیتووە ھێندەی مامۆستای مودەڕیس ڕقی لە ناوبانگ و دەرکەوتن بێ
* شوێنێکی وەک بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا زۆرترین دەستنووسی کوردستانی لێیە
* سەردەمی مامۆستای مودەڕیس کەسێکی لەو چاکتری بەخۆیەوە نەدیبوو
* ئەو ئایینەی کە زانایانی تێگەیشتووی کورد بانگەشەی بۆ دەکەن، جیاوازی زۆرە لەگەڵ ئەو ئایینەی سەلەفییەت و وەھابییەت دەیانەوێت
* مەولەوی بووەتە بەشێک لە ژیانم و ناتوانم لێی داببڕێم
* مامۆستای مودەڕیس ھۆکاری سەرەکی بزواندنی ھەستی شیعرو ئەدەبی من بوو
* دایک و باوکم ھەر لە سەرەتاوە زۆر مکوڕ بوون لەسەر ئەوەی ھەم بخوێنم، ھەم ببمە زانای ئایینی
ئەو یەکەمین کوردە کە خەڵاتی (فارابی) لە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەلایەن حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئەو وڵاتەوە پێ بەخشرا.. لێکۆڵینەوە ئەدەبییەکانی و عەوداڵی ئەو بۆ گەڕان بە دوای دەیان دەستنووسی شاعیران و زانایانی کورد، ھەروەھا ھەڵدانەوەی لاپەڕە نەزانراوەکانی زانایان و عاریفانی کورد لەڕێی دەستوخەتەکانی خۆیانەوەو، ڕاڤەکردنەوەی دووبارەی شیعری شاعیرە کلاسیکییەکانی کورد ئەویان زیاتر بە خوێنەران و خەڵکی ناساندووە.. پێدەچێت یەکەمین کوردیش بێت زۆرترین ھەوڵی دابێت بۆ کۆکردنەوەی دەستنووس و بەڵگەنامە مێژووییەکانی شاعیران و عاریفانی کورد، ئەگەرچی لە دوورترین وڵاتی دونیاش بن.. میوانی ئەمجارەی گرووپی گوڵنار شێخ موحەممەد عەلی قەرەداغییە.

گوڵنار: کورتەیەک لە پرۆفایلتان؟

قەرەداغی: ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی تەکیەی ناحیەی قەرەداغ لە دایک و باوکێکی مکوڕ لەسەر خوێندن و بوونم بە زانایەکی ئایینی لە دایک بووم.! تا پۆلی سێی سەرەتاییم خوێندووە لە خوێندنگەی حوکمی، پاشتر ڕۆشتمە خوێندنگەی ئایینییەوە، وەک عادەت و نەریتی قوتابی ئەو کات، بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاری چەند قوتابخانەیەک گەڕام، پاشان بەرەو بەغداد ڕۆیشتم بۆ تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی لە پەیمانگەی ئیسلامیی لە (باب الشیخ) ساڵی (١٩٧٠-١٩٧١) دوای ئەوە پەیوەندیم کرد بە کۆلێژی ئیمام ئەعزەمەوە، خوێندن تێیدا پێنج ساڵ بوو، ساڵی (١٩٧٦) کۆلێژم تەواو کرد.
گوڵنار: تا کەی لە کوردستان مانەوە؟

قەرەداغی: ساڵی ١٩٦٧ لەکوردستان بووم، پاشتر چوومە بەغدا، لە خوێندنگەی (شێخ عبدالقادری گەیلانی) ساڵێک خوێندم، ئەو کاتە پێیان دەگوت پۆلی ھەشت، ئەو پۆلەم تەواو کردو لە کولیەی (ئیمام ئەعزەم) وەرگیرام و، ھۆکاری سەرەکی چوونیشم بۆ بەغدادو گیرسانەوەم لەوێ ھەر بۆ خوێندن بوو. 
گوڵنار: کەی ئاشنا بوویت بە مامۆستا مەلا عبدالکریمی مودەڕیس؟

قەرەداغی: ساڵی ١٩٦٦ بەھۆی نەخۆشییەکەوە چووم بۆ بەغداو چوومە خزمەتی مامۆستاو ناسیم، دوای ئەوەش ساڵی ١٩٦٧ بۆ خوێندن چوومە خزمەتی، وەکو خوێندنیش تەنھا ساڵێک و چەند مانگێک لەلای خوێندم، چونکە پاشتر چوومە کولیەی (ئیمام ئەعزەم)، بەڵام ھیچ کات پەیوەندیم لەگەڵی نەپچڕیوەو ماوەی ٣٤ ساڵ لەخزمەتیدا بووم.! 
گوڵنار: کەسایەتی مامۆستای مودەڕیس چۆن ھەڵدەسەنگێنی؟
قەرەداغی: بەڕاستی کەسایەتییەکی تایبەت بوو، مرۆڤ ناتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا کەسایەتی ئەو پیاوە ھەڵسەنگێنێ و، باسی ھەڵس و کەوت و ڕەفتارو ئیشەکانی بکەیت، پیاوێک بوو بە مانای وشە بۆ خودا سوڵحاو بوو، پیاوێک بوو ھەمیشە بەرژەوەندی خەڵکی دەویست، ھەمیشە ھەوڵی دەدا دوور بێت لەوەی ببێتە ئازار بۆ ھیچ کەس، ھەمیشە سوور بوو لەسەر ئەوەی کە خەڵک ئامانجی سەرەکیان بریتی بێت لە خوێندن، ئاواتی ھەرە گەورەی ئەوە بوو کە خوێندنی حوجرە نەپووکێتەوەو نەمرێت.! 
گوڵنار: بەشێک لە زانایانی کوردەواریی ھەوڵیانداوە ئایینێک پێشکەشی کۆمەڵگە بکەن کە بۆن و بەرامەی کوردەواریی لێ بێت، مامۆستای مودەڕیس تا چەند ھەوڵی ئەمەی دەدا؟

قەرەداغی: دەتوانین بڵێین لە کوردستانی خۆماندا، تا ئەم ساڵانەی دواییش (ئەوەی تۆ پێی دەڵێیت ئایینی مرۆڤدۆست) ھەر ئەوە بووەو شتێکی تر نەبووە جگە لەوە، نەمانبیستووە مامۆستایەکی کورد ڕقی لە خەڵک بێ، بچێ بە گژ خەڵکدا، زیانی خەڵکی بووێت، تەنانەت ئەو سەرکردە ئایینییانەی شۆڕشیش ھەر بۆ خزمەتی میللەت ئەو کارەیان کردووە.

گوڵنار: تۆ تا چەند باوەڕت بەو ئایینە مرۆڤدۆستییە ھەیە کە کورد لە زانایانی خۆیەوە وەری گرتووە؟

قەرەداغی: ئایین ئایینی کورد نییە بە تەنھا، ئایینێکی جیھانییە، ئایینی ئیسلام ئایینێکی گشتگیرە!

گوڵنار: بەڵام پێت وانییە ئەو ئایینەی کە مامۆستای مودەڕیس و زەڵمی و سوبحانی و موفتیزادەو نوورسی و مەلای گەورەی کۆیە بانگەشەی بۆ دەکەن، جیاوازترە لەو ئایینەی کە سەلەفییەت و وەھابییەت دەیانەوێت؟

قەرەداغی: بێگومان جیاوازەو جیاوازییەکەشی زۆر زۆرە، تەنانەت لە کوردستان خەڵکی وا ھەیە مزگەوت و وتاری ھەیەو بانگەشە بۆ شتێک دەکا کە توانای ئەو مەیدانەی نییە، بەڵام ھەر ئەوانەش ھەڵگری ئەو ئاڵایەن لە کۆمەڵگەدا، ئەو کەسانە شیاوی ئەوە نین.
گوڵنار: بۆچی لەناو خانەدانی زانایانی کوردەوە کوڕو منداڵەکانیان پێچەوانەی ڕێبازی باوکیان ڕێ دەکەن؟

قەرەداغی: چونکە پلانێکی گەورە دژی خوێندنی حوجرە ھەبوو، ھەموو ھەوڵێکیان بۆ ئەوە بوو لە شکۆی خوێندنی حوجرە بدەن، کە لە شکۆی حوجرەت دا، ئەوە لە شکۆی ئیسلامت داوە.! ھەموو ئەوەش لەسەر ڕێبازی مستەر کوکی بەریتانی دەچوو بەڕێوە لە سەدەی ڕابوردوودا.! بۆ نموونە مەلا دادەمەزرێندرا بۆ ٧٥٠ فلس، یا بە دینارێک، لە ھەمانکاتدا مامۆستایەکی پەروەردە دادەمەزرێندرا بە ٢٥ دینار.! ببینە جیاوازییەکەیان چەندە زۆرە.! قۆناغێکی تریش ھەبوو لە ساڵانی ٩٥٨ – ٩٥٩ خولێک کرایەوە بۆ مامۆستایانی ئایینی و حوجرە، بە جارێک گسگیان دا لە حوجرەکانی کوردستان و چی تیابوو کردیانە مامۆستای پەروەردە، ئەوەش ھەنگاوێکی تر بوو لە دژایەتی حوجرەو زانایانی ئایینی.. بۆیە دەبینیت نەوەکانیان نەیاندەویست ئەو ژیانە کولە مەرگییەی باوکیان و نەبوونی مووچە بگرنە بەر.! لەو کاتەوە کە خوێندنی حوجرە مرێنراوە، بزانرێت یا نەزانرێت کەسانێک دەبن بە مەلا کە شیاو نین، دەیان نموونە ھەن کە یەکێک خزمەتگوزاری مزگەوت بوو، ئەوقاف پێی گوتووە بڕۆ ببە بە ئیمام!

گوڵنار: بۆچی زانایانی ئێمە پێچەوانەی ئەوەی کە گرنگی بە ڕوواڵەت بدەن، ھەوڵیانداوە زیاتر بچنە کرۆک و ناوەڕۆکی ئیسلامەوە؟

قەرەداغی: کەسانێکی وەکو مامۆستا عبدالکریمی مودەڕیس و مەلای گەورەی کۆیەو مەولەوی و نوورسی و ئەوانی تریش بۆ ئایین ژیاون، بۆ خودا ژیاون، خۆیان تەرخان کردووە بۆ ئەو مەبەستەو خزمەتەکەشیان بێ مەبەست بووەو، بۆ ئەوە نەبووە ناو و ناوبانگ و نانێک پەیدا بکەن، ھیچ کەسم نەدیتووە ھێندەی مامۆستای مودەڕیس ڕقی لە ناوبانگ و دەرکەوتن بێ، پێم وابێ ساڵی ٩٦٨ یا ٩٦٩ بوو، یادی یۆبیلی فیجی سوپای عێراقی بوو، بۆ ئەو یادە مامۆستا عبدالکریمی مودەڕیس بانگھێشت کرابوو، کارتی تایبەتی بەدوادا ھاتبوو، بانگی کردم و فەرمووی: عەلی بەخوا من تاقەتم نییەو تۆ ئەم کارتە بەرەو بچۆ بەشداری بکە، من لە بری مامۆستای مودەڕیس چووم کە ئەو کاتە من گەنج بووم و تەمەنێکی زۆر کەمم ھەبوو، چووم لە بری ئەو و لە پەنای زابت و وەزیری گەورەدا دانیشتم و تەمسیلی موفتی عێراقم کردووەو مامۆستا نەچووە، ئەمە نموونەیەکی سادە بوو، زۆر بە کەمی لە کەسی تردا ڕێدەکەوێت، بەڵام کەسی تر ھەبووە (ناوی ناھێنم) ڕۆژێک لە بەغدا بووین، زۆرجار بە زۆر ئێمەیان دەپێچایەوەو دەیانبردین بۆ ئاھەنگی ئایینی لە نەجەف و کەربەلا، ڕۆژێک بانگیان کردین گوتیان: وەرن بۆ ئەوقاف کۆبوونەوەیەکی گرنگ ھەیە، کە چووینە ئەوێ، سواری سەیارەیان کردین بەرەو نەجەف، چونکە ئەگەر پێشتر بیانگوتایە بۆ نەجەفە، نەدەچووین، لە نەجەف لەگەڵ یەک دوو مامۆستای بەڕێزی تر دانیشتین، لە دوای دواوە دانیشتبووین، بەڵام ئەو کەسە کە لە سلێمانییەوە ھاتبوو بەتایبەتی تەکسی گرتبوو بۆ نەجەف، ھات لە پەنای ئێمە دانیشت، بەڵام بە ھاوڕێکانمم گوت: بەخوا ئەمە لەگەڵ ئێمە ھەڵناکاو دانانیشێ! گوتیان: چۆن دەزانی.؟! گوتم: بەخوا سنگ نەنێ بە شاشەکەوە دانانیشێ، وای لێدەخوێنمەوە. کەمێکی پێچوو ھەڵساو چوو لە پێشی پێشەوە دانیشت!

گوڵنار: بەر لەوەی بچیتە بەغداد، ھیچ نێوانێکت لەگەڵ ئەدەب و شیعر ھەبوو؟

قەرەداغی: نەخێر ھیچ جۆرە پەیوەندییەکم نەبوو، من تا سێی سەرەتاییم خوێند، لە خوێندنگە شیعریان پێ لەبەر دەکردین، شیعرەکان عەرەبی بوون و وەرگێڕدرابوون بۆ کوردی، پەیوەندیم بە شیعر لەو کاتەوە دەستی پێکرد، بەڵام کە چوومە بەغدا بە تەواوی پێی ئاشنابووم، بەتایبەت لە خزمەت مامۆستا عبدالکریمی مودەڕیسدا، چونکە ئەو ھەمیشە خەریکی ئەدەب و شیعر بوو، ھەروەھا شیعرەکانی خۆی چاپدەکرد وەک (بەھار و گوڵزار)، منیش کتێبەکانی مامۆستام دەنووسینەوە، لەوێوە زیاتر پەیوەندیم لەگەڵ ئەدەب و شیعردا درووست بوو، مامۆستای مودەڕیس ھۆکاری سەرەکی بزواندنی ھەستی شیعرو ئەدەبی من بوو.
گوڵنار: یەکەمین دیوانی شیعری کە خوێندبێتەوە، ھی کام شاعیرە بوو؟

قەرەداغی: مەولەوی بوو، ھەرچەندە من ھەورامیم نەدەزانی، بەڵام بەھۆی ئەوەی کە چووینە بەغدا مامۆستای مودەڕیس لەو کاتەدا دیوانی مەولەوی چاپکردبوو.

گوڵنار: ھۆکار چی بوو زیاتر خۆت بۆ ئەدەب و لێکۆڵینەوەو ڕاڤەی ئەدەبی یەکلا کردەوە؟

قەرەداغی: زیاتر پاڵنەرێکی تاکەکەسی بوو، مرۆڤیش بە سرووشتی خۆی کە چووە شوێنێکی غەریبییەوە، زیاتر ھەستی نەتەوایەتی دەبزوێت، عەرەب ھاوڕێمان بوون و بە جۆرێک لە جۆرەکان دژایەتیان دەکردین، ئەوە وای لێکردین بیر لەوە بکەینەوە کە کەمێک خۆمان بناسین.

گوڵنار: یەکەمین شاعیرێک کارت لەسەر کرد، کام شاعیرە بوو؟

قەرەداغی: یەکەم شاعیر کە کارم لەسەر کرد (وەفایی) بوو، ئەویش بە ڕێکەوت بوو، ساڵی ١٩٧٤ من لە بەغدا ھاتمە دەرەوەو ھاتمە ناو شۆڕشەوە، چوومە خورماڵ پیاوێکی لێ بوو (مەلا ڕەئوف)یان پێدەگوت، کتێبخانەیەکی بچووکی ھەبوو، لە کتێبخانەکەی ئەودا کتێبێکی بچووک و کۆن و دڕاوم بینی، سەرەتاو کۆتاییەکەشی پێوە نەمابوو، سەرپێیانە تەماشام کردو زانیم دیوانی شیعرە، کتێبەکەم لە (مەلا ڕەئوف) کڕی و لەگەڵ خۆم بردمەوە بەغداو لەوێ ئیشم لەسەر کرد، لەبەر ئەوە یەکەم کار کردم لە لێکۆڵینەوەی دیوانی شیعریدا، دیوانی (وەفایی) بوو.

گوڵنار: دوای پەنجا ساڵ تێکەڵاوبوونت لەگەڵ شیعرو ئەدەبدا، شیعری کام شاعیرە زۆرترین کاریگەری بەسەرتەوە جێھێشتووە؟

قەرەداغی: ھەر شاعیرەی کاریگەری خۆی ھەیەو ھەریەکەیان لە بوارێکدا کاریگەرن، ھی وایە لە ناسکی وشەدا، ھی وا ھەیە لە وردەکاریی وشەدا، ھی وا ھەیە لە وەسفی سرووشتدا، ھەریەکەو لە بواری خۆیدا دەستی ھەیە، بەڵام ئەوەی زیاتر کاری لە من کرد مەولەوی بوو، مەولەوی بووەتە بەشێک لە ژیانم و ناتوانم لێی داببڕێم! مەولەوی شاعیرێکە بە بۆچوونی من کە زۆر لە خزمەت دیوانەکەیدا ژیاوم، کەسێکی تایبەتە لە ناسکی ئەدەب، کەسێکی تایبەتە لە وەفاداریی، کەسێکی تایبەتە کەوا ھەست و سۆزێکی پاکی ھەیە، گەلێک لایەنی ھەیە دەتوانم بڵێم لە شاعیرەکانی تردا نییە.! ئەوانە وایان لێکردم کە لە خزمەتیدا بم و کاریگەر بم پێی! زۆربەی شیعرەکانیشی کاریگەرن، ھەرچەندە من شیعر لەبەر ناکەم، بەڵام لە بواری شیوەندا کۆمەڵێک شیعری جوانی ھەیە کە بۆ عەنبەر خاتوونی خێزانی نووسیوە.
گوڵنار: لە دوای مەولەوی بە کێی تر زۆر سەرسامی؟

قەرەداغی: لە دوای مەولەوی، نالی، مەحوی، وەفایی ھەن، کە شیاوی ئەوەن مرۆڤ لە خزمەتیاندا بێت.

گوڵنار: تا ساڵی چەند لە بەغدا مایتەوە؟

قەرەداغی: تا ٢٠٠٣ لە بەغدا بووم..

گوڵنار: کۆتا دیدارت لەگەڵ مامۆستای مودەڕیس چۆن بوو؟

قەرەداغی: کە لە بەغدا بووم زۆر لە خزمەتی مامۆستای مودەڕیسدا بووم، وەک باوکێکی ڕوحی لێھاتبوو بۆم، تەنانەت بێ پرسی ئەو ھیچ شتێکم نەدەکرد، تەنانەت ھاتنەوەم بۆ کوردستان بە پرس و ڕاوێژ بوو لەگەڵ ئەو، مامۆستا حەزی نەدەکرد بێمەوە، حەزی دەکرد ھەر لە بەغدا بم، ھەرکاتیش بۆ ھەمان مەبەست دەچوومە خزمەتی، دەیفەرموو: کاتی گەڕانەوەت نییەو مەڕۆرەوەو لێرە خزمەت بکە.! کۆتا جار کە چوومە خزمەتی، فەرمووی: ڕۆڵە من مەبەستم ئەوە نییە کە دەڵێم مەڕۆرەوە بۆ ئەوەی ئیش بۆ من و بۆ کتێبەکانم بکەیت، ھیچ ئەوانەم مەبەست نییە.! بەڵام ئەگەر بچیتەوە سلێمانی لەوەچێ لەوێ ئیسراحەت نەکەیت، من لە سلێمانیدا ژیاوم، شارێکی ئارام نییە، لەوەچێ زیاتر پێم خۆش بێت بچیت بۆ ھەولێر، بەڵام مەچۆرەوە بۆ سلێمانی!

گوڵنار: بۆچوونەکەی مامۆستا ڕاست گەڕا؟

قەرەداغی: ئەوەی ڕاستی بێ کە من ھاتوومەتەوە سلێمانی، کەسێکی گۆشەگیرم و پەیوەندیم بە کەسەوە نییەو خەریکی ئیش و کاری خۆمم، بێدەنگ دانیشتووم بۆ خۆم بۆ ئەوەی بتوانم خۆم بپارێزم لەو وەزعەی کە لە سلێمانیدا ھەیە.
 
گوڵنار: جەنابتان یەکێکن لەو کەسانەی کە دەستنووس دەپارێزن و زیندووی دەکەنەوە، چۆن دەستت بەم کارە کرد؟

قەرەداغی: ساڵانی ١٩٧٣ بۆ ١٩٧٤ کە لە بەغدا بووم، حکومەتیش بڕیارێکی دەرکردبوو لەبارەی (پاراستنی دەستنووس)، خەڵکیش بەردەوام ئەو دەستنووسانەی دەھێناو لە شوێنێکدا دایان دەنا، منیش دەستنووسم بە دەست خەڵکییەوە دەبینی، پاشان تەماشام دەکرد کە زۆربەیان مێژوو و زانیارییان تێدایە، بۆ ئێمەو میللەتەکەمان بەسوودن، لەوێوە سەرنج و گرنگیم چووە سەر دەستنووسەکان.

گوڵنار: یەکەمین دەستنووسێک کە کارت لەسەر کرد کامە بوو؟

قەرەداغی: یەکەم دەستنووس عەقیدەی مەولەویی بوو، عەقیدەیەکی بچووکی مەولەویی بوو، بەدەر لە (عەقیدەی مەرزییە)، کارم تێدا کرد.

گوڵنار: ژمارەی ئەو دەستنووسانەی کارت لەسەر کردوون؟

قەرەداغی: لە شاعیراندا وەفایی، جەفایی، مەولەویی.. وەکو زانایانی تریش کتێبێکم ھەیە بەناوی (بووژانەوەی ژیانی زانایانی کورد لە ڕێی دەستنووسەکانیانەوە) تا ئێستا (٩) بەرگی لێچاپ بووە، لەو کتێبەدا سەدان دەستنووس ھەن کە کارم تێدا کردوون.

گوڵنار: زمانی دەستنووسەکان چ زمانێکە؟

قەرەداغی: عەرەبی و فارسی و بەشێکی کەمیشی کوردی تێدا ھەیە.

گوڵنار: لە ئێستادا تازەترین دەستنووس کامەیە بەردەستت کەوتبێت؟

قەرەداغی: لە ئێستادا بەدوای چەند دەستنووسێکی مەولانا خالیدی نەقشبەندییەوەم، کە بە زۆری ئەو دەستنووسانە لە کتێبخانەی ئەودا بوون، یا لای ئەو بوون بەڵام پاشتر گەیشتوونەتە دەرەوەی وڵات و ئەمریکاو وڵاتانی تر، منیش بە شوێنیانەوەم بەڵکو بەدەستیان بخەم.

گوڵنار: چ وڵاتێک زۆرترین دەستنووسی ئێمەی تێدایە؟

قەرەداغی: ناتوانین ئەو سەرژمێرییە بکەین، بەڵام لە شوێنێکی وەک بەرلین زۆرترین دەستنووسی کوردستانی لێیە، لە سعوودیەش دەستنووسی زۆرم پەیدا کردوون، بەڵام بۆ ئاگاداریتان ھیچ وڵاتێک دەستنووسی ئەسڵی ناداتەوەو لای خۆی دەیانپارێزێت، بەڵام دەتوانی وێنەو نوسخەی دەستنووسەکان وەربگریت.

گوڵنار: ھۆکار چییە کە بەشێکی دەستنووسی ئێمە لە سعوودییەن، لە کاتێکدا ھاوسنوورو داگیرکارمان نەبووە؟ 

قەرەداغی: ھۆکارەکەی ئەوە بووە کە دەیان مامۆستای کورد لەوێ ژیاون، لەوێش کۆچی دواییان کردووە، وەکو: (ئیبراھیمی شارانی، موحەممەد عەبدول ڕەسوڵی بەرزنجی، شێخ سولێمانی کوردی، موحەممەد تاھیری کوردی)، دەیان زانامان ھەن لەوێ بوون، ھەیانبووە موفتی و زانای مەککە یا مەدینە بووە، قازی و دادوەری شەرعی بوون.

گوڵنار: ناوەڕۆکی دەستنووسەکان چین.؟ شیعر، نامە، لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، ڕوونکردنەوەی شەرعی؟

قەرەداغی: زۆرینەی شیعرە، بابەتی زانستییە، بابەتی عەقیدەیە.

گوڵنار: دەستنووس ھەیە پچڕ پچڕو ناتەواو بێت؟

قەرەداغی: بێگومان، دەستنووس ھەیە پچڕ پچڕەو فەوتاوە، ھی واشی تێدایە تەواوە.

گوڵنار: دەستنووسی شاعیرانی کلاسیکیشی تێدایە؟

قەرەداغی: تێیدایە، بەڵام کەم.

گوڵنار: ئەو ماددەیەی کە دەستنووسەکەی تیا نووسراوە، کاغەزی ئاساییە، یا لە چی پێکھاتووە؟

قەرەداغی: زۆرینەی زۆری کاغەزە. 

گوڵنار: ھەر لەبارەی گرنگی دەستنووس لە ڕوونکردنەوەو یەکلاکردنەوەی ھەندێ شتی نەزانراو، قسەیەک ھەیە دەگوترێت ئەو چامەیەی کە (نالی) دوورە وڵات بۆ (سالم)ی ھەناردووە، نامە نییەو تایبەت بێ بۆ (سالم)، بەڵکو تەنھا شیعرێکەو بڵاوی کردۆتەوەو (سالم)یش سەربەخۆو لە ھەستی خۆیەوە وەڵامی داوەتەوە، ئەمە تا چەند ڕاستە.؟!
قەرەداغی: نا ئەو قسەیە ڕاست نییە، لەگەڵ ڕێزی زۆریشم بۆ ھەموو مامۆستایان و لێکۆڵەرەوان کە قسەیەکی وەھایان کردبێت، بەڵام ھەرکەسێک شیعرەکەی (نالی) بخوێنێتەوە دەزانێت ئەمە نامەیەکی بەسۆزو بە کوڵی پیاوێکە کە ھەستێکی پڕی ناخییەتی و دەینێرێت بۆ پیاوێک و ھەواڵی نیشتمان و زێدەکەی دەپرسێت.

گوڵنار: ھیچ ئاماژەیەکی تێدایە کە بۆ (سالم) بێت؟

قەرەداغی: من دەستنووسم لایە کە تیایدا نووسیویەتی و بۆ سالمی ناردووە، کە ڕوونی دەکاتەوە ئەمە شیعری (نالی)یە بۆ (سالم).

گوڵنار: ھۆکار چییە کە ھەست دەکەین لەو چامەیەدا (نالی) وەک ئەوەی لە نێو قەفەزدایەو دیلە، لە کاتێکدا ئازادە.؟! یا چی ڕێگر بووە خۆی بێتەوە؟

قەرەداغی: ئەوەتا لەنامەکەدا دەڵێ: ئایا ئەو سولێمانییەی کە من بەجێم ھێشتووە وەکو جارانی خۆی ماوە، کەڵکی ئەوەی ماوە بێمەوە؟

گوڵنار: پەیوەندی شاعیرو عاریفانی ئێمە لەگەڵ سەران و سوڵتانی عوسمانلییەکاندا لەسەر چ پێوەرو بنەمایەک بووە، بۆچی زانایانی ئێمە لەبری ئەوەی لەئاست ستەم و زوڵمی سوڵتانە ستەمکارەکانی عوسمانلییەکان بێنە دەنگ، کەچی دەرباریان بوون؟

قەرەداغی: مەسەلە بێدەنگ بوون نەبووە، تواناکەیان ھەر ئەوەندە بووە. ئیتر چی بکەن.؟! شەڕی کێیان پێ دەکرێ؟

گوڵنار: بەڵام بۆچی یەکێکی وەکو (مەحوی) قبووڵ دەکا خانەقای بۆ بکرێتەوە لەلایەن ستەمکارێکی عوسمانلییەوە؟

قەرەداغی: دەوڵەتی عوسمانی لەو کاتەدا پێیان گوتووە خیلافەتی عوسمانی، خیلافەتەکەش جیھانی ئیسلامیی لە ژێر دەستدا بووە، کوردستانیش بەشێک بووە لە قەڵەمڕەویی خیلافەتی ئیسلامیی.

گوڵنار: باسی خیلافەتت کرد، پێت وایە (پیاوە نەخۆشەکە) خیلافەتی ئیسلامیی بوو؟

قەرەداغی: بەڵێ خیلافەت بووە، ھەرچەندە کەم و کورتی تێدا بووە، ھەر ئەوەندەشیان پێکراوە. 

گوڵنار: باسی خیلافەتت کرد، باوەڕت بە حوکم و دەسەڵاتێک ھەیە پێی بگوترێت دەوڵەت و حوکمی ئیسلامیی و شەریعەتی خودای تێدا جێبەجێ بکرێت؟

قەرەداغی: ئەگەر بێتە سەر کارو دەوڵەتەکە بەڕاستی خیلافەت بێ بەڵێ، بۆچی دەبێ باوەڕم پێی نەبێ.

گوڵنار: پێت وایە لەو بارەدا شوێنێک بۆ ژیان بمێنێتەوە، مرۆڤ بتوانێ تیایا ھەڵکا لەو خیلافەتەدا کە تۆ دەڵێی باوەڕم پێیەتی؟

قەرەداغی: ئەو شتانە لای خودا دوور نین، ئەگەر خودا ئیرادەی ببێ، ئەی بۆچی ناکرێ.؟! دووریش نییە ببێ، بەڵام بە بەرچاوی ئێمەوەو بە دیدی ئێمە ئاسان نییە.
گوڵنار: باسمان لە ستەمی دەوڵەتەکان کرد، ھەڵوێستی مامۆستای مودەڕیس لەکاتی نەھامەتی و چەوساندنەوەکانی کورددا (ھەڵەبجەو ئەنفال) چی بوو.؟ یا بۆچی ھیچی نەکرد؟

قەرەداغی: نەیتوانیوە ھیچ بڵێ، بێگومان دەیانگرت و دەشیانکوشت، بەعس تەنانەت مامۆستاشی نەدەخوێندەوە، من لە خزمەتیا بووم و باسی ئەو باروودۆخەم دەکرد، بەڵام مامۆستا بەو شێوەیە بمایەتەوەو ئاراستەی ئەو باروودۆخەی بکردایە باشتر بوو تا سەدام بئاڵۆزێنێ و ھێندەی تر شێت و ھاری بکا، بەڵام خەڵکانێکی تر ھەبوون کە شتیان پێکراوەو توانیویانە شتیش بڵێن، بەڵام نەیانکردووە.! دوای کیمیابارانی ھەڵەبجە کۆمەڵێک لە سلێمانی و ھەڵەبجەوە ھاتن، من لەگەڵیاندا چووم بۆ لای مامۆستا (مەسعوود موحەممەد)، دانیشتین و بە دوورو درێژی لەگەڵیدا دواین، من گوتم: مامۆستا گیان وەک چۆن تۆ نامەت نووسیوە بۆ (خرۆشۆف) و بۆت ناردووە، شتێکی لەو شێوەیەش بۆ (سەددام) بنووسەو باسی ئەو وەزعەی میللەتەکەتی تێدا بکە، بەڵام مامۆستا (مەسعوود موحەممەد) ھیچی نەکرد.! ئەو کەسانەش کە لەوێ بوون ئێستا ماون و زیندوون. 

گوڵنار: لەبارەی یەکلاکردنەوەی ڕەگەزو نەتەوەی کۆمەڵێک کەسایەتییەوە تۆ لەم بوارەدا کارت کردووە، قسە لەسەر کۆمەڵێک نووسەرو کەسایەتی ھەیە کە باس لە کوردبوونیان دەکرێت و بەتایبەتتر (عەبدولباست عەبدولسەمەد)ی قورئانخوێن؟

قەرەداغی: نابێ ئێمە بیشارینەوە کە ئەو کەسایەتییانەی ھەن زۆربەیان کوردبوون و، خۆیان ئاماژەیان پێکردووە، بەڵام نەیانتوانیوە کاری کوردایەتی خۆیان بکەن، تەنانەت کتێب ھەیە لەژێر سەرباسی (ڕۆڵی کورد لە میسردا)، کە تیایدا ئاماژە بەوە کراوە کە دەیان و سەدان زانای کورد چوونەتە میسرو لەوێ ڕۆڵ و کاریگەری خۆی گێڕاوەو خزمەتی کردووە. لەوانەش لێیان ھەڵکەوتووە بۆ فەرماندەی سەربازی، لێیان بووە بە وەزیر، بە موفتی، بە قازی. یەکێک لەوانە کوڕی مەلا ئەبووبەکری موسەنیف، ئەو کوڕەی کەس ناوی نەبیستووە، منیش لە بەغدا دۆزیمەوە ناوی (عەبدولغەفار)ە، لە یەمەن نیشتەجێ بووە، بەر لەوەش کە باروودۆخی یەمەن تێک بچێت نەوەو کوڕەزاکانی ئەو (عەبدولغەفار)ە بیستوویانە کە کوردن و کوردستان شوێنی نیشتەجێ بوونیانە، ھەوڵیانداوە کە بێنەوەو بەدوای کەس و کاریاندا بگەڕێن.

گوڵنار: ژمارەی کتێبە چاپکراوەکانت چەندە؟

قەرەداغی: تا ئێستا ٤٧ کتێبی چاپکراوم ھەیە، لەناو ئەو ٤٧ کتێبەش ھی وایان ھەیە ٩ بەرگە، ھی وایان ھەیە ٨ بەرگە، ھی واشیان ھەیە ٧ یا ٢ یا ٣ بەرگن.! ئەگەر ژمارەی بەرگی کتێبەکانیش ئەژمار بکرێن، لە ٧٠ کتێب تێپەڕ دەکەن. واتە خاوەنی ٤٧ ناونیشانی جیاوازم. ئەوانەشی کە ئامادەی چاپن، بەرگی دەیەمی (بووژانەوەی مێژووی زانایانی کورد) لە ژێر چاپدایە، کتێبێکی تریش لەسەر کەسایەتییەک (شێخ موحەممەد سەلیم) کە پێی دەگوترێت (سالمی سنە) ئامادەی چاپە، شیعری عەرەبیشی ھەیە بەناوی (سەلیم)ەوە، ژیانی و دیوانە عەرەبییەکەیم ئامادەکردووە بۆ چاپ، لەسەر (مەولانا خالیدی نەقشبەندی) کتێبێکم چاپکردووە، ئێستا ئامادەکارییم بۆ کردووە بۆ چاپی دووەمی، کتێبێکی ترم ھەیە بەناوی (کنوز الکرد) بەرگی سێیەمی لە ژێر چاپدایە.

گوڵنار: بواری کتێبەکانت زیاتر چین؟

قەرەداغی: تەفسیر، فەرموودە، لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، مێژوو، بەڵگەنامە...

گوڵنار: خۆشەویستترین کتێبی خۆت کامەیە؟

قەرەداغی: ھەموویان جگەر گۆشەمن و پێیانەوە ماندوو بووم و خۆشم دەون، بەڵام کتێبۆچکەیەکم ھەیە خۆشم دەوێ چونکە خەڵک پێی خۆشحاڵە (کاتت ژیانتە، چۆنی دەگوزەرێنی). 

گوڵنار: کۆتا یادەوەریت لەگەڵ مامۆستای مودەڕیس چی بوو؟

قەرەداغی: کۆتاجار چوومە خزمەتی بۆ خوداحافیزی، چونکە دەگەڕامەوە بۆ سلێمانی، فەرمووی: بیستوومە دەچیتەوە بۆ سلێمانی.؟! منیش ھۆکارەکانم بۆ ڕوونکردەوە. فەرمووی: بەڵام بە مەرجێک لێرە خەریکی چی بوویت لەوێش ھەر خەریکی ئەوە بە. 

گوڵنار: لە دیوانی شاعیراندا شیعر ھەیە ھی ئەو شاعیرە نەبێ و درابێتە پاڵی، وەک کێ؟

قەرەداغی: بەڵێ زۆریش ھەیە، ئێستا من بە نیازی چاپکردنەوەی دیوانەکەی (مەولەوی)م ٢٣ پارچە شیعری تێدایە کە ھی (مەولەوی) نین، ھی شاعیرێکی ترە کە من ناوم ناوە (مەولەوی یەکەم)، کەس نازانێت کێیە.؟! لە سۆزو دەربڕین و ناوەڕۆکدا کت و مت لە (مەولەوی) دەچێت. 

گوڵنار: ھۆکار چییە کە ئەو شیعرانە تێکەڵ بە دیوانی (مەولەوی) بوون؟

قەرەداغی: ھۆکار ئەوەیە ئەو کەسەش نازناوەکەی ھەر (مەولەوی)یە، ئەوانەش کە شیعرەکانی (مەولەوی)یان نووسیوەتەوە لە دیوانەکەی ئەودا دایانناوەو بۆتە موڵکی ئەو!
 
گوڵنار: لە نووسەرەکانی کورددا بە کامیان زۆر سەرسامی؟

قەرەداغی: بە ھەژاری موکریانی.

گوڵنار: لە کورددا کێت دیتووە زۆر عەرەبی زان بێت؟

قەرەداغی: بێتووشی شاعیر، ھەروەھا مەسعوود موحەممەد.

 

499 جار خوێندراوەتەوە
21/12/2018

بابەتی زیاتر