Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

وته‌بێژی یه‌كێتی: په‌راوێزخستنی یه‌كێتی ئه‌نجامی باشی نابێت


په‌یام

ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ڕێوه‌چوو

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی كرد و به‌ بێ ئاماده‌یی یه‌كێتی، نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانتارانی پارتی و گۆڕان و پێكهاته‌كانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرا.

له‌ پاشتر له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا وته‌بێژی یه‌كێتی له‌ سلێمانی ڕایگه‌یاند: هه‌ر جاره‌ و گرفتێك بۆ دانانی پارێزگاری كه‌ركووك درووست ده‌كرێت..

ڕاشیگه‌یاند كه‌ پارتی گرێ و گرفتی بۆ درووست كردوون و په‌راوێزخستنی یه‌كێتیش ئه‌نجامی باشی نابێت.




 دەقی راگەیەندراوەکە:

وه‌كو ده‌زانن، له‌ماوه‌ی رابردوودا دوای گفتوگۆیه‌كی درێژ و چڕوپڕ و چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆری خه‌ڵك و گرتنه‌به‌ری هه‌موو رێگه‌یه‌ك له‌پێناو گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنێكی گشتگیر بۆ چۆنییه‌تی كاركردن و داڕشتنی دیدگای هاوبه‌ش له‌باره‌ی پرسه‌كانی ناوخۆ و عێراق و ده‌وروبه‌ر، دوو رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئیمزاكرد. رێككه‌وتنێكیان بۆ چه‌سپاندنی پره‌نسیپه‌كانی به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی ناوخۆ و ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندی به ‌عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌. رێككه‌وتنی دووه‌م له‌باره‌ی چۆنییه‌تی دابه‌شكردنی جومگه‌كانی حكومڕانی و فه‌راهه‌مكردنی جۆرێك له‌ هاوسه‌نگیی له ‌ده‌سه‌ڵاته‌ جیاوازه‌كانە. هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌پێناو به‌شداری راسته‌قینه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كورستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی حوكمڕانی و بڕیاردان بوون.

له‌و رێككه‌وتنانه‌دا له‌گه‌ڵ پارتی، مه‌به‌ستمان بوو هه‌ماهه‌نگ بین و به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین له ‌كوردستان بۆ پێكهینانی كابینه‌یه‌كی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی به‌هێز و خاوه‌ن به‌رنامه‌ی چاكسازی و سه‌قامگیر. بیروباوه‌ری یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان و ئیستحقاقی گه‌له‌كه‌شمان وای ده‌خواست به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین له‌ به‌غدا و به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شمان هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا. هه‌ر له‌و رێككه‌وتنه‌دا كه‌ركووكمان كرده‌ سه‌نته‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له ‌كێشه ‌و گرفته‌كانی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان، مه‌به‌ستمان بوو پارێزگارێكی كورد له ‌یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان به ‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا هه‌ڵبژێرین و لانیكه‌م رێگه‌بگرین له‌ هه‌وڵی په‌لاماردان و ته‌عریبكردنی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و رێگربین له ‌هه‌وڵی جیبه‌جێكردنی سیاسه‌تی شۆڤێنیانه‌ی هه‌ندێك لایه‌نی عێراقی.

به‌ بڕوای ئێمه‌ حكومه‌ت ته‌نها پێكهێنانی كابینه‌ نییه‌، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتێكی دوانه‌یه،‌ ئه‌ویش سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌. بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام دوای ئه‌و هه‌موو دواكه‌وتنه‌ و پشوودرێژییه‌ی خەڵك و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و دوو رێككه‌وتنی یه‌ك له‌دوای یه‌ك، هه‌تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێك بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كان له‌لایه‌نی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ نه‌ك نابیرێن، به‌ڵكو هه‌رجاره‌ی گرفتیك بۆ پرسی دانانی پارێزگاری كه‌ركووك له‌ پشكی یه‌كێتی، (وه‌كو رێككه‌وتبووین له‌سه‌ری)، دروست ده‌كه‌ن.

له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ به‌ رای گشتی كوردستان راده‌گه‌یه‌نین، ئه‌و سیاسه‌تی پشتگوێخستن و تاكڕه‌وییه‌ ئاكامه‌كانی باش نابن و ئێمه‌ وه‌كو یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان له‌ هه‌موو ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی كردمانن، گرفتمان دابه‌شكردنی پۆست و به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن نه‌بوو، به‌ڵكو پرسی به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن و شه‌راكه‌تی راسته‌قینه ‌و خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و پرسی دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كه‌ركووك بۆ خزمه‌تی خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ و به‌شه‌ره‌فی ئه‌و پارێزگایه‌ له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی ئه‌جێندای گفتوگۆی ئێمه‌دا بوو، ده‌مانویست بەیه‌ك تیم له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین، به‌ڵام مه‌خابن ئه‌مڕۆ به‌ئێوه‌ی راده‌گه‌ینین: پارتی دیموكراتی كوردستان گرێ و گرفتی جددی بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا دروستكردووه‌ و پابه‌ند نییه‌ پێیانه‌وه‌، بۆیه‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی له ‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان ناكات.

هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمیش به‌بێ ده‌نگی فراكسیۆنی یه‌كێتی، پرسی بڕیاردان و شه‌رعییه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ به‌رده‌م بارودۆخێكی نوێوه‌، هه‌روه‌كو پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئه‌گه‌ر و پێشهاتی تازەوە‌، ئەنجام و لێكه‌وته‌كانی ئه‌و سیاسه‌ته‌ ناواقعییانه‌ هه‌رچییه‌ك بێت، له‌ئه‌ستۆی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان نییه‌ و ئۆباڵه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی لایه‌نی به‌رامبه‌ر.


وته‌بیژی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان

287 جار خوێندراوەتەوە
28/05/2019

بابەتی زیاتر